یۆنان ئیفلاسی کرد (لانی کەم لەڕووی ئاکارییەوە)

♦ تاکیس میخاس

2010-09-24

لە یۆنان، وەک هەر شوێنێکی دیکە، ئەگەر بەڕێوەبەرێتی کۆمپانیایەک ژمارە و زانیاری چەواشەکارانە لەبارەی رەوشی دارایی کۆمپانیاکەیەوە بخاتەڕوو بەمەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکەی و باشترکردنی فرۆختی زەمانەتەکانی، ئەوا ئەو بەڕیوەبەرێتیە دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە. لە سەرتاسەری دنیادا، بە یۆنانیشەوە، ئەمە پێی دەوترێت فروتوفێلی زەمانەتەکان.

بەڵام لە یۆنان، بەجیاواز لە هەر جێگەیەکی دیکە، ئەگەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم فریودانە ئەندامانی کابینەی پێشووتری حکومەت بن و قوربانیەکانیش “بێگانە” بن، ئەوا دووچاری هیچ نابنەوە. ئەوەی بەرامبەریان دەکرێت رەنگە ئەوپەڕی بگاتە ئەوەی چاوێکیان لێ سور بکرێتەوە و پێیان بوترێت “تکایە جارێکی تر ئەمە دوبارە مەکەنەوە.”

ئەمە بە کورتی و بە پوختی وەسفی ئەو رەوشەیە کە ئێستا لە یۆنان دەگوزەرێت. هەرچەندە لە ئێستادا ئاشکرایە کە حکومەتی ‘دیموکراسیەتی نوێ”ی پێشوو دەستکاری ئامارەکانی کردوە بەمەبەستی گەشاندنەوەی دیمەنی ئابوری لە یۆنان لە چاوی وەبەرهێنەراندا، بەڵام رووبەڕووی هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایی نەبونەتەوە، نە ‘کۆستاس کارامانلیس’ ی سەرەک وەزیرانی پێشوو و نە دارودەستە ئابوریەکەی.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شێواندنی بەئاگایانەی ئەو ژمارانەی کە پەیوەستن بە کورتهێنانی بودجەی ساڵانەی یۆنانەوە بە ئاشکرا فریودانی کڕیارانی قەرزەکانی یۆنانە. ئەو کڕیارانە وەهایان لێکراوە کە داوای پێشەکی زۆر لەوە کەمتر بکەن، کە ئەگەر زانیاریە دروستەکانیان بە تەواوەتی بزانیایە، داوای زیاتریان دەکرد.

هەرچەندە سەرەک وەزیرانی ئێستا، جۆرجی پاپائەندریۆ ئازایەتی ئەوەی تێدابوو (بەگوێرەی پێوەری یۆنانی) کە گەورەیی قەبارەی ئەو زانیاریە چەوتە داراییانە ئاشکرا بکات کە ئیدارەی پێشووتر کردوونی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی نەدا لەقەرەی ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێروتەسەل لەبارەی ئەو فریودانەوە بکات.

نەویستن و بێتوانایی سیستەمی سیاسی و یاسایی یۆنان بۆ گەڕان بە دوا و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم کردەی  زانیاری هەڵە بەخشینە، بۆتە مایەی خستنەوەی بۆشاییەکی ئاکاریی کە لە سایەیدا هەموو جورێک لە تیۆرەی پیلانگێڕی دەکرێت گەشەبکات. هەموو ئەو تیۆرانەش لە یەک خاڵدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە کە هەموویان لۆمەی قوربانیەکان دەکەن (ئەوانەی کە خاوەنی قەرزەکانی یۆنانن) بەوەی کە سەبەبکاری ئەم رەوشەی ئێستای یۆنانن. رۆژانە میدیای یۆنانی پڕیەتی لە نوسین و وتار لەبارەی “قازانجخواز” و “بانکچیەکان” و “داراییمەندان” و “شایلۆکە*” قێزەونەکان کە سەبەبکاری ئەو بێسەروبەرییە ئابوریەن کە وڵاتی تێکەوتوە.

بەگوێرەی تیۆرەی پیلانگێڕی باڵادەست، یۆنان ئێستا لە شەڕێکی مەزندایە بۆ رزگارکردنی شەرەفی ناوچەی یورۆ. “هێرشی کڕیارە عەمبارکەرە بیانیەکان” لە دژی یۆنان خۆی لە خۆیدا هێرشێکە بۆ سەر یورۆ لەلایەن هەموو “هێزە تاریخوازەکان”ەوە. یەکێک لەوانە دەڵێت “ئەوە ئەمەریکیەکانن کە نایانەوێت یورۆ گەشەبکات و شوێنی رەوای خۆی بگرێت لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا.”

بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە، هەموو پارتە سیاسیەکانی یۆنان بەردەوام خیتابی “دژە ئیمپریالیان” دەرخواردی ئەو تیۆرانە داوە. بەگوێرەی ئەو تیۆریانە، نەهامەتیەکانی یۆنان هەمیشە بەهۆی بێگانەوە بووە و لەڕێگەی بەئامێربوونی ‘قازانجخوازە نیۆلیبرالەکانەوە’. لەبەر ئەوە زۆر سەیر نیە ئەگەر گوێبیستی تیۆرەی پیلانگێڕی لەم جۆرە ببین.

لە راستیدا، کاتێک کە گوێبیستی کەسێکی یۆنانی دەبێت  دەڵێت “تەنها دەتوانین لۆمەی خۆمان بکەین” بۆ ئەم قەیرانە، لە راستیدا بەشێوەیەکی گشتی مەبەستی لەوەیە کە یۆنانیەکان زەرەر بەخۆیان دەگەیەنن لەڕێگەی ئاشکراکردنی قەبارەی راستەقینەی کورتهێنانی بودجەکەیان لەبەردەم “بێگانەدا”.

ئەگەر بهاتایەو ئەم حکومەتەی ئێستا قەبارەی ئەو فریودانەی بۆ جیهان ئاشکرا نەکردایە، بەگوێرەی قسەی ئەوانە، یۆنان دەیتوانی بەردەوام بێت لە دۆشینی “خۆرئاواییە گەمژەکان” بۆ ماوەی چەندین ساڵی دیکەش. بە واتایەکی دیکە، کێشەکە لە قەبارەی فریودانەکەدا نیە، بەڵکو ئەوەی کە حکومەتی ئێستای یۆنان بڕیاریداوە کە بۆ جیهانی ئاشکرا بکات. بە واتایەکی دیکە، گرفتی یۆنان تەنها ئابوری نیە، بەڵکو ئاکارییە.

جۆرجی بیترۆ، مامۆستای زانکۆی ئەسینا لە بەشی ئابوری و بیزنس دەڵێت “یاریکردن بە زانیارییە ئامارییەکان نەریتێکی کۆنە لە یۆنان و تەنها بەهۆی دەستێوەردانی حکومەتەوە نیە.” هەروەها دەڵێت “ئەمە شکستێکی سیستەماتیکی جدییە و رەگوڕیشەی لەناو شکستی سیستەمی سیاسیدایە هەروەها لە بونیاد و نەبونی روونبینی لە کەرتی گشتیدا.”

شکستهێنان لە سزادانی ئەوانەی کە بەرپرسیارێتی سیاسیان لەئەستۆیە لەم فریودانە مەزنەدا، هیچ سودێکی نابێت لە گێڕانەوەی متمانە بۆ یۆنان لە دیدی وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتیەکاندا. لەلایەکی دیکەشەوە، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لەدژی ئەوانەی کە بەرپرسیارن رەنگ نیە بە زەرورەت بازاڕ هێور بکاتەوە بەڵام بێگومان ئەوە پیشان دەدات کە لە یۆنان لێبوردەیی نیە بۆ فریودان، تەنانەت ئەگەر قوربانیەکانیشی بێگانەکان بن.

* شایلۆک یەکێکە لە کارەتەرەکانی شانۆگەری “بازرگانی ڤینیسیا” لە نوسینی ویلیەم شکسپیر. شایلۆک جولەکەیەکی پارەدارە کە پارە بە سوویەکی زۆر دەدات بە خەڵک.

سەرچاوە:

The Wall Street Journal Europe
10 February 2010

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.