برنج: کوردستان و هیندستان

♦ پێشواز سەعدوڵڵا فەیزوڵڵا

2010-09-24

رۆژی سێشەممە ٩ی شوبات، دوو هەواڵی جیاواز لە دوو وڵاتی جیاوازەوە لەبارەی هەمان بابەت سەرنجیان راکێشام: برنج.

هەواڵی یەکەم باسی برنج چاندن دەکات لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە روو لە کەمبوونە و هەندێک هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ کەمی ئاو و هەندێکیش بۆ هەبوونی برنجی چینی بە نرخی هەرزانتر.

هەواڵی دووەمیش تایبەتە بە بەرهەمهێنانی جۆرێک لە برنج لە هیندستان کە پێویستی بە کوڵاندن نیە. زانایانی پەیمانگای ناوەندی توێژینەوەی برنج لە کوتاک لە ئۆریسیا لە وڵاتی هیندستان توانیان جۆریک لە برنج بەرهەم بهێنن کە پێویستی بە کوڵاندن نیە و تەنها بە خوساندن لە ئاوی ئاساییدا بۆ ماوەی ٤٥ خولەک و لە ئاوی گەرمیشدا بۆ ماوەی ١٥ خولەک ئامادە دەبێت بۆ خواردن.

ئەم دوو هەواڵە بە جیا هەریەکەیان گرنگی و خوێنەری خۆیانیان هەیە، بەڵام بەراوردکردن لە نێوانیاندا چەند راستیەکمان بۆ دەردەخات.

جیاوازیەکی سەرەکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستاندا ئەوەیە کە هیندستان پەیڕەوی سیستەمی ئابوری ئازاد دەکات و بەو پێیەش لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا توانیویەتی ببێتە دووەم وڵات لە جیهاندا، لە دوای چینەوە، کە گەورەترین گەشە و پشکەوتنی بەخۆیەوە دیوە و ئێستا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر بەم شێوەیە بەردوام بێت لەسەر گەشەی ئابوری دەبێتە یەکێک لە ئابوریە مەزنەکانی جیهان. هیندستان یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی برنج لە دنیادا.

سەرەتا بۆ دەرخستنی جیاوازیەکی زۆر گرنگ ئاماژە بە دوو دراوی هەر یەک لە هەواڵەکان دەدەین. لە ویلایەتی ئۆریسیا لە هیندستان پەیمانگایەکە هەیە تایبەت بە تویژینەوەی برنج. زانایانی هیندستان خەریکی داهێنانی بەرهەمی نوێی برنجن و باشترکردن و زیادکردنی بەرهەمی ئەوانەشی کە هەیانە تاوەکو وڵاتەکەیان بتوانێت لە ئاسی پێداویستی و خواستی بازاڕی ناوخۆیی و دەرەکیدا بێت و رکابەری بەرهەمهێنەرانی چین و تایلاند بکات لە زیادکردنی بری بەرهەم و باشترکردنی جۆر و کەمکردنەوەی تێچوون تاوەکو بتوانێت رکابەری بکات لە بازاڕی نرخەکاندا.

لە کاتێكدا لە هەریمی کوردستان، لە بەشەکانی کشتوکاڵ لە زانکۆ سەرەکیەکانی کوردستان مامۆستای زانکۆ لەبری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی، داوای سەپاندنی گومرگی زیادە و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی برنج دەکات تاوەکو بەرهەمی برنجی ناوخۆیی زیاد بکات.

بە وتەی یەکێک لە مامۆستاکان پێویستە حکومەت بیری ئیرتیوازی لێبدات بۆ ئەوەی جوتیارەکان ئاویان هەبێت بۆ برنج چاندن و گومرگ بخاتە سەر هاوردەکردنی برنج تاوەکو برنجی ناوخۆیی بفرۆشرێت. ئەمەش بە گوێرەی ئەو مامۆستایە و ئەو ماڵپەڕەشی کە راپۆرتەکەی بڵاوکردۆتەوە چارەسەری کێشەی برنج دەکات و چیتر چێشتخانەکانی سلێمانی برنجی خڕی چینی لێنانێن کە نرخەکەی ١٣٠٠ دیناری عێراقیە لەبەرامبەر برنجی کوردیدا کە نرخەکەی ٤٠٠٠ دیناری عێراقیە بە گوێرەی راپۆرتەکە.

ئەم هەواڵە مایەی ئەوەیە کە چەندین وانەی لێوە فێربین.

یەکەم وانە ئەوەیە کە سەرشێتیە و هەڵەیەکی ئابوری یەکجار گەورەیە بەرهەمهێنانی برنج شەڕێکی دۆڕاو بکات لەگەڵ نرخی برنجدا. برنج هیچ بەهایەکی ئەفسانەیی و نەتەوەیی هێندە گەورەی نیە لەلای کورد تاوەکو هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ بۆ هێشتنەوەی و پاراستنی لە لەناوچوون. نەمانی ئەو پێشەیە هیچ مەترسی و زەرەرێکی گەورە نادات لە مرۆڤی کورد و ئابوری کوردستان.

ئەگەر بارودۆخی کوردستان چێتر لەبار نەبێت بۆ چاندنی برنج و پێشەی فرۆشتنی برنجی کوردی نەیتوانیبێت لە ئاست رکابەری بەرهەمەکانی دیکەدا ئاستبەرزی خۆی پیشانبدات، وەک ئەوەی بازرگانێک باسی دەکات کە بە شێوەیەکی باش ناخرێتە بازاڕەوە، ئەوا ئەو بەرهەمە هیچ ئومێدێکی بەردەوامی لێناکرێت.

دووەم، بە شەرعی چ حاکمێک رەوایە گومرگی زیادە بخرێتە سەر برنجی هەناردە تاوەکو بەرهەمی ناوخۆیی رەواجی زیاتر بێت؟ بۆچی دەبێت بەکاربەری ئاسایی ئەرکی ئەو نرخە زیادەیەی بەرهەمێک بگرێتە ئەستۆ کە لە ساڵێکدا توانیویەتی دوو هەزار تەن برنجی خۆماڵی بەرهەم بهێنێت کە بەهیچ شێوەیەک بەشی بەکاربردنی ناوخۆیی ناکات؟

سەردەمێکی درێژە برنجی کوردی بووە بە بابەتێکی دانسقە و لە ماڵەکاندا بە دەگمەن بەکار دەهێنرێت. تەنها لە چێشتخانەکانی سلێمانیشدا برنجی کوردی بەکارهێنراوە، چونکە چەندین ساڵە لە چێشتخانەکانی هەولێر و دهۆک برنجی کوردی بەکار نایەت و ئەو مەیل و داواکاریە زۆرەی لەسەر نیە. بۆیە ئەم گرفتە تەنها گرفتێکی تایبەتە بە شاری سلێمانی. و باشترین پێوەریش کە چیتر برنجی کوردی ئەو کاریزمایەی نەماوە کە پێشتر هەیبووە ئەو راستیەیە کە چێشتخانەکان لەبری ئەوە برنجی چینی خڕ بەکار دەهێنن.

کەمبوونەوەی ئاو و هاتنی برنجی بیانی تاقە هۆکار نین بۆ نەمانی بازاڕی برنجی کوردی. بەڵکو ناکارامەیی لە بەرهەمهێنان و خستەبازاڕی ئەو بەرهەمە وایانکردوە کە خەڵی چیتر بەکاری نەهێنن، ئەمە سەرباری گرانی نرخەکەی.

یەکێک لە کێشە زۆر عەمەلی و سادەکان کە هەموو برنج لێنەرێک رووبەڕووی دەبێتەوە بریتیە لە تێکەڵبوونی زیخ و مەوادی دیکەی نا پێویست لە برنجی کوردیدا کە ئەرکێکی زیاتر دەخاتە ئەستۆی لێنەری برنجەکە چونکە پێویستی بە بژارکردنە. کەم نین ئەو کەسانەی لە کاتی خواردنی برنجی کوردیدا زیخ دەکەویتە ژێر ددانیان. برنجی بیانی بۆیە توانیویەتی سەرکەوتوو بێت چونکە لانی کەم پێویستی بە ئەرکی زیادەی بژارکردن نیە. هۆکاری ناخاوێنی برنجی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کارامەیی لە خستنەبازاڕی ئەو بەرهەمەدا و بەو پێیەش ناتوانێت رکابەری بەرهەمی پاکتر و خاوێنتر بکات.

نرخ یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکیەکانی گۆڕینی خوی بەکاربردن. کاتێک نرخی بەرهەمێک کەمتر بێت لە رکابەرەکەی، خەڵکی بەشێوەیەکی سروشتی هەرزانترەکە دەکڕن چونکە دەتوانن زیاتری لێ بەکاربهێنن. ئەمەش نەک تەنها سودی بۆ ئەو خێزان و کەسانە هەیە کە بەو نرخە هەرزانە دەتوانن برنجی زیاتر بکڕن، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەشی کە برنج دەفرۆشن بازاڕیان زیاتر دەبێت و خەڵکی زیاتر دادەمەزرێنن و بەرهەمی زیاتر ساغ دەکەنەوە. چیشتخانەکان موشتەرییان زیاتر دەبێت و کاتەکانی کاردنیان زیاد دەکەن و خەڵکی زیاتر دادەمەزرێنن. ئەو کەسانەی کە برنج دەگوێزنەوە کاری زیاتریان دەبێت، ئەوانەی کە برنج دادەگرن و باری دەکەن کاریان زیاتر دەبێت.

بەڵام زۆرێک لەو کەسانەی کە قسە لەسەر ئەو بابەتانە دەکەن و ئەو رۆژنامەنوسانەش کە ئەو راپۆرتانە دەنوسن و بڵاو دەکەنەوە، بەشێوەیەک لە خەڵکی دەگەیەنن کە بۆ زیادکردنی بەرهەمێکی  خۆماڵی پێویستە هەمان بەرهەمی بیانی گومرگی زیاتر بکرێت. بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن کە ئەم جۆرە لە رەفتاری ئابوری لە زەرەری گەورە لە ئابوری وڵات و لە دواجاریشدا بەکاربەر و هەژاران زیاتر هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.

بێگومان ئەو کەسانەی کە وا دەزانن بە زیادکردنی گومرگ دەتوانرێت بەرهەمی ناوخۆیی زیادبکرێت لەوە تێناگەن کە بەرزکردنەوەی نرخی هەر بابەتێک، بەشیک لە بەکارهێنەرانی بێبەشدەکات لە توانای کڕینی ئەو بابەتە و ئەمەش هەمیشە زەرە لە هەژاران دەدات پێش هەموو کەسێکی تر چونکە ئەوان یەکەمین کەسن کە دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە ئابورییە چەوتانە. بۆ نمونە ئەگەر خێزانێکی هەژار هەفتانە ١٠ هەزار دینار بدات بە برنج، بە نرخی ١٣٠٠ دینار بۆ هەر کیلۆیەک، دەتوانێت هەفتانە (٧ کیلۆ و ٧٠٠ گرام) برنج بکڕێت. بەرزبوونەوەی نرخی برنج بەبڕی  ٥٠٠ دینار بۆ هەر کیلۆیەک (زیادکردنی گومرک و زەریبە کە بێگومان بازرگانەکانی راستەوخۆ ئەو تێچوونە زیادەیە دەگوێزنەوە بۆ بەکاربەر واتە نرخی بابەتەکان لە بازاڕدا زیاد دەکات) ئەو خێزانە ناچار دەبێت تەنها (٥ کیلۆ و ٥٠٠ گرام) برنج بکڕێت. بێبەشکردنی ئەو خێزانە لە خواردنی نزیکەی دوو کلیۆ برنج لە هەفتەیەکدا لە خۆشگوزەرانی ئەو خێزانە کەمدەکاتەوە. لە ئەنجامیشدا فرۆشیارەکانی برنج کەمتر دەفرۆشن و کەمتر خەڵک دادەمەزرێنن و خەڵکی کەمتر لە چێشتخانەکان نان دەخۆن و خاوەنەکانیان کەمتر قازانج دەکەن و ناتوانن بیر لە فراوانکردنی چێشخانەکانیان و نوێکردنەوەی کەرەستەکانیان و دامەزراندنی خەڵکی زیادە بکەنەوە. بەو پێیەش هەموان زەرەرمەند دەبن.

ئەوەی کە پێویستیشە بوترێت ئەوەیە کە تەنانە بەرهەمهێنەرانی برنجی خۆماڵیش ناتوانن قازانج بکەن چونکە بە زیادکردنی گومرگ تێچوونی بەرهەمهێنانەکانی ئەوانیش زیاتر دەبێت چونکە هەر زیادبوونێکی نرخ لە هەر گۆشەیەکی سیستەمێکی ئابوریدا بێت وەک فڕێدانی بەردێک بۆ ناو ئاوێکی مەنگ شەپۆلەکانی بە هەموو لایەکدا بڵاودەبێتەوە. و لە باشترین حاڵەتیشدا ئەگەر نرخەکانیان زیادیش نەکات ئەوا هەر لەو ٤٠٠٠ دینارەدا دەمێنێتەوە کە راپۆرتەکە باسی دەکات و بەو پێیەش ئەو کەسانەی کە هەژارن ناتوانن بیکڕن و لەبری برنج ساوەر دەخۆن.

بەگوێرەی ئەلف و بێی ئابوری کە خواست کەمبێتەوە بەرهەمهێنان کەمدەبێتەوە و نرخیش دادەبەزێت و خوی بەکاربەرانیش دەگۆڕێت و ئەمەش زیان بەو بەرهەمهێنەرانەی برنج دەگەیەنێت کە لە بنەڕەتدا گوایە ئەم زیادکردنی گومرگە لەپێناوی ئەواندا کراوە.

لێگەڕێن گەشەی ئابوری بە شێوەیەکی سروشتی رێرەوی خۆی بگرێت و بەرهەمێنەران و بەکاربەران خۆیان ئەو مەسەلانە ساغ بکەنەوە و بڕیار لەسەر نرخ و خواست و دابینکردن بدەن و حکومەت تێوەمەگلێنن لە کارێکەوە کە لە زەرەر زیاتر هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە چونکە بەخشینی ئەرکی رێکخستنی ئابوری بە حکومەت لە سیستەمێکی پلاندانانی ناوەندی زیاتر هیچی دیکەی لێ سەوزنابێت و پلاندانانی ناوەندیش لە کارەساتی ئابوری زیاتر هیچی دیکەی بەو وڵاتانە نەگەیاند کە پێڕویان لێکردوە.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.