ئافرەتان خەریکە دەبنە نیوەی هێزی کار لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا

♦ چرای ئازادی

2010-09-28

بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست، لە چەند مانگی داهاتوودا رێژەی ئافرەتانی بەشدار لە هێزی کاردا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەچێتە سەروو نیوە و بەو پێیەش ئافرەتان ژمارەیان زیاتر دەبێت لەهێزی کاردا لە چاو پیاواندا. هەروەها لە ئێستادا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە لە زانکۆکان دەردەچن لە سەروو ژمارەی پیاوانەوەیە لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاری ئابوری و گەشەسەندن، کە بیجگە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک و ژاپۆن و کۆریای باشور و ئۆسترالیا و نیوزیلەندا و تورکیاش ئەندامن تێیدا.

بێگومان ئەم هەواڵە ئەو راستیەش دەخاتە روو کە ئەم گۆڕانەی کە گۆڤارەکە بە “شۆرش” ناویدەبات تەنها لە ٥٠ ساڵی رابردوودا رویداوە. لە پێش جەنگی جیهانی دووەمدا رێژەی ئافرەتان لە هێزی کاردا زۆر زۆر نزم بووە و بە هاتنی جەنگی جیهانی دووەم و سەرقاڵبوونی زۆربەی پیاوان بە جەنگەوە بازاڕی کار داواکاری زیاتری لەسەر هێزی کاری ژنان دروستکردوە و بەو پێیەش رێژەی بەشداریان لەو کاتەوە لە هەڵکشاندایە.

ئەم گۆڕانە گەورەیە بەشداریەکی یەکجاری دیار و بەرچاویکردوە لە یەکسانکردنی ئافرەتان بە پیاو لەبەرئەوەی کە ئافرەتان توانیان ئەو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیانە بشکێنن کە دەیخواست ئافرەت تەنها لەماڵەوە بێت و خۆی سەرقاڵی کاری ماڵ و منداڵ بەخێوکردن بێت. بەڵام سوربوونی ئافرەتان لەسەر هەوڵەکانیان بۆ هاتنەدەرەوە لە ماڵ و باشترکردنی گوزەرانیان وایلێکردن لە ئەمڕۆدا سەرۆکی هەندێک کۆمپانیای گەورەی وەک بیبسی لە ئەمەریکا ئافرەت بێت.

بێگومان بەرزبونەوەی پێگەی ئافرەت لە کەرتی ئابوری و بەرهەمهێناندا ئەگەر بەهادارتر نەبێت لە بەشداریان لە بواری سیاسەتدا، ئەوا هیچی کەمتر نیە.

لە هەمان راپۆرتی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستدا هاتووە کە “ملیۆنان ئافرەت ئێستا کۆنترۆڵی ژیانی خۆیانیان بەدەستە. هەروەها ملیۆنان مێشک خراونەتە بواری کاری بەرهەمدارترەوە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەم رەوتە دەدەن (دیارترینیان وڵاتە عەرەبیەکان، هەروەها ژاپۆن و هەندێک وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات) باجی گەورەی ئەم کارەیان دەدەن لەرێگەی بەفیڕۆدانی بەهرەکان و بێهیواکردنی هاوڵاتیەکانیان.”

بێگومان زۆرێک لەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ناوەراست کە نوقمی پەیوەندی کۆمەڵایەتی خێڵەکین و لایان نەنگییە ئافرەتان بچنە هێزی کارەوە چەندین بەهانەی ئاینی و کەلتوری دەهێننەوە بۆ رێگرتن لە بەشداری ئافرەتان لە بوارەکانی بەرهەمهێناندا. ئەم بەشدارینەکردنەش دوو کاردانەوەی سەلبی گەورەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا.

یەکەمیان ئەوەیە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بێبەشدەکات لەوەی کە بەهرە و توانا و دەستوبازوی ئافرەتان دوربکەوێتەوە لە بەرهەمهێنان و بەو پێیەش رەوتی بەرەوپێشبردنی ئابوریی وڵاتەکانیان و بەرزکردنەوەی رادەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەکان دوادەکەوێت.

دووەمیشیان ئەوەیە کە ئافرەتان بە پاشکۆیەتی پیاو دەهێڵێتەوە و بەو پێیەش کۆمەڵگا گەشەی سروشتی خۆی ناکات و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشناکەوێت.

ئەوەی کە جێگەی مەترسیە ئەوەیە کە هەندێک جار تەنانەت ئەو سیاسەتمەدارانەش کە خۆیان بە پێشکەوتوخواز و لایەنگری ئافرەتانیش، دەکەونە هەڵەی گەورەوە لەوەی کە درێژە دەدەن بە هێشتنەوەی ئافرەتان لە چوارچێوەی ماڵدا و هاندەریان پێدەبەخشن بۆ کارنەکردن. لە سەرنجێکی پشتردا بە وردی قسەمان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە کرد کە بڕیارە بخرێتە بەردەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەناوی “بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ژنی ماڵەوە”.

یەکسانبوونی ئافرەتان لەگەڵ پیاوان تەنها لەو کاتەدا بەرجەستە دەبێت کە ئافرەتان وەک پیاوان بەشداربن لە بەرهەمهێناندا، واتە لە وەرگرتنی داهات لەبەرامبەر ئەو کارانەدا کە دەیانکەن، بێگومان ئەمەش پرۆسەیەکی سادە نیە و تەنها لەوەدا خۆی نابینێتەوە کە ئافرەتان موچەیەکیان هەبێت. بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی فیعلی بەشداربن لە پرۆسەی ئابوریدا و ببنە خاوەنی بڕیار لەبارەی رەوتی ئابوری و بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانەی کە کاریان تێدا دەکەن.

رەنگە زۆرێک لە نەیارانی یەکسانی ئافرەتان پاساوی ئەوە بهێننەوە کە سروشتی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان. ئەم پاساوە بەرگەی هیچ تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی ناگرێت و تەنها پەردەپۆشکردنی راستیەکانی مێژووە. ئەو جۆرە لە پاساو وەهای مەزەندەدەکات کە ئەو وڵاتانەی کە ئێستا پێشکەوتوون و تیایاندا ئافرەتان یەکسانن بە پیاوان، هەر لە سەرەتاوە بەم شێوەیە بوون بە هێچ شێوەیەک گەشەیان نەکردوە. ئەگەر ئەو کەسانە تەماشای سادەترین راستیەکانی مێژوو بکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە سەرجەم کۆمەڵگاکانی دنیا بە پرۆسەی پێشکەوتندا تێپەڕێوون و هێشتاش بەردەوامن. ئەو دەنگانەی کە بەو شێوەیە دەرواننە دنیا تەنها دەیانەوێت بەربگرن لە بەرەوپێشچوونی مێژوو و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کۆمەڵگاکانی دیکە. بەڵام ئەوەی کە رێگەی پێناگیرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان هەموویان لە گەشەکردندان و ئەگەر بەشێوەی سروشتی خۆشیان گەشەبکەن، ئەوا کۆمەڵگاکان بەرەو باشتر هەنگاو دەنێن، مەگەر هێزە کۆنەپارێزەکان بیانگێڕنەوە بۆ سەردەمانی دواتر کە ئەوەش ئەگەرێکە مێژوو نمونەی زۆری لەو جۆرەی تێدایە.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.