بیمەی کۆمەڵایەتی یاخود بێبەشکردنی کۆمەڵایەتی؟

♦ چرای ئازادی

2010-09-28

یەکێک لەو پڕۆژە یاسایانەی کە خراونەتە بەردەمی پەرلەمانی کوردستان بریتیە لە “پێشنیازى یاساى بیمەى کۆمەڵایەتى بۆ ژنى ماڵەوە”، کە داوای دابینکردنی موچەیەک دەکات بۆ سەرجەم ئافرەتان (بە شووکردوو و شوونەکردوەوە) کە تەمەنیان لە ١٦ ساڵ زیاترە بێجگە لەو ئافرەتانەی کە شوویان نەکردوە و تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ٤٠ ساڵدایە. ئامانجی ئەم موچەیەش بەگوێرەی پرۆژە یاساکە بۆ ” ئازادکردنى ئافرەتە لە پاشکۆیى پیاو”.

ئەم پرۆژە یاسایە دەیەوێت ئافرەتان ئازادبکات لە پاشکۆییبوونی پیاو، بەڵام بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئافرەتان دەکاتە پاشکۆی حکومەت و دەوڵەت کە لە باشترین حاڵەتیدا هیچی لە پاشکۆیەتی پیاو کەمتر نیە.

پارتە سیاسیە دەستەڵاتدارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە ساتی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیانکردوە بە دامەزراندنی خەڵک و موچەبڕێنەوە بۆ خەڵک، کە یەکێک لە مەترسیە گەورەکانی ئەو دیاردەیە بریتیبووە لە کۆنترۆڵکردنی ئازادی ئەو کەسانە لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی بژێویانەوە. هەر لێرەشەوە توانیویانە دەنگی ئەو کەسانە بۆ خۆیان زامن بکەن. ئەم دیاردەیە وایکردوە کە هەر کەسێک ویستبێتی لە کەرتی گشتیدا دامبەزرێت، پێویستی بە تەزکیەی حیزبی دەستەڵاتدار هەبوو (ئەم دیاردەیە تاوەکو رادەیەک کەرتی تایبەتیشی گرتۆتەوە ئەگەر ئەو حیزبە دەستەڵاتدارە دەستەڵاتی راستەوخۆی هەبێت بەسەر لایەنی دامەزرێنەر لە کەرتی تایبەتدا).

دووبارەکردنەوەی ئەم سیناریۆیە لە ژێر هەرناوێک و هەرپاساوێکدا بێت، جارێکی تر خەڵک کێشی ناو هەمان ئەو ئەزمونە سیاسیە سەرکوتکەرە دەکاتەوە کە رەنگە هەندێک لە دارێژەرانی ئەم یاسایە دژایەتیشی بکەن. چونکە ئەم یاسایە جارێکی تر ئەرکی راعی دەداتەوە بە حکومەت و لە ئەنجامیشدا سودمەندەکان دەکاتەوە بە رەعیەتی ژێر دەستی. ئەوکات ئەوەی کە یاساکە بە دەستی دەهێنێت بریتی دەبێت لە گواستنەوەی پاشکۆبوونی ئافرەتان، لە ژێر دەستی پیاوەوە بۆ ژێر دەستی حکومەت.

مەترسیەکی دیکەی ئەم یاسایە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە بریتیە لە هێشتنەوەی ئافرەتان لە چوارچێوەی ماڵدا کە کۆمەڵگە هەر لە سەرەتاوە بە پاساوی ئەوەی کە ئەرکی ئەوان تەنها منداڵ بەخێوکردن و چێتشلێنانە رێگەی لە هاتنەدەرەوەی ئافرەتان گرتوە و بێبەشیکردون لە کارکردن.

ئەمەش فیکری ئەو هێز و رێبازە کۆنەپارێزانەیە کە دژی بەشداری ئافرەتن لە کاروباری ناو کۆمەڵدا، و ناوماڵ بە تاقە شوێنی رەوای ئافرەتان دەزانن. ئەم هێشتنەوەیەی ئافرەت لەناو ماڵدا مەودای جیهانبینی و ئاگاداربوونی ئافرەتان لە رەوتی کۆمەڵگە بە سنورداری دەهێڵێتەوە و بەو پێیەش ملکەچتریان دەکات بۆ هێزە کۆنترۆڵکەرەکانی کۆمەڵگە کە تەنها لە کەسێتی مێرد و باوک و برادا خۆی نابینێتەوە، بەڵگو دەشگوازرێتەوە بۆ کۆنترۆڵی دەستەڵات و هێزە فەرمانڕەواکانی ناو کۆمەڵگە.

دارێژەرانی ئەم پرۆژە یاسایە بەبێ ئەوەی هیچ داتایەکی زانستی و پشتپێبەستراویان خستبێتە ڕوو، گریمانەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر ئافرەت داهاتی هەبێت، ئەوا لەڕووی ئابوریەوە ئازاد دەبێت. ئەم گریمانەیە هێندەی خەیاڵی و خۆشباوەڕانەیە، هێندە زانستی و راست نیە. زۆرن ئەو ئافرەتانەی لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و بە دیاریکراویش لە هەرێمی کورستانی عێراقدا، کە خاوەنی داهاتی دارایی خۆیانن، بەڵام داهات بە تەنها نەیتوانیوە بیانکات بە بونەوەری ئازاد لە کۆمەڵگەدا تاوەکو بتوانن خۆیان بەرپرسیاربن لە بڕیار و هەڵبژاردەکانی ژیانی خۆیان.

گریمانەکردنی ئەوەی کە بە هەبوونی داهاتێکی دیاریکراو، ئافرەت ئازاد دەبێت لە خەیاڵێکی بێبنەما زیاتر هیچی تر نیە، و دەبێتە زیاتر پاشکۆکردنی ئافرەتان چونکە هەمیشە چاویان لە دەستی خێر و بەرەکەتی ئەوانیتر دەبێت تاوەکو کۆمەکیان بکەن.

هەروەها ئەم پرۆژە یاسایە دەمانباتەوە لای گریمانەیەکی دیکە کە وەهای دادەنێت کە پارەی گشتی موڵکی هەموانە و بەو پێیەش مافی هەمووانە وەریبگرن. ئەم گریمانەیەش خۆی لە خۆیدا پڕیەتی لە گرفتی ئابوری. سادەترین پرسیاریش لێرەدا ئەوە دەبێت کە ئەگەر داهاتی گشتی موڵکی هەموانە، و بڕیاریشە دابەشبکرێتەوە، ئەوا دەبێت بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەشبکرێت بەبێ جیاوازی. کە بێگومان ئەمەش گوژمەیەک لە ئاڵۆزی و هەڵەی ئابوری لێدەکەوێتەوە.

یەکێکی دیکە لە هەڵەکانی ئەم پرۆژە یاسایە بریتیە لە دابڕاندنی بەشێکی دیاری کۆمەڵگە لە سیستەمی ئابوری و پرۆسەی بەرهمهێنانی ناو ئەو سیستەمە بەوەی کە وادەکات کۆمەڵگە بێبەش بکات لە هێزی کاری کەرتێکی گەورە.

بازاڕی کار لە ئێستای کوردستانی عێراقدا هەلی زۆری تێدایە بۆ زۆرێک لەو ئافرەتانەی کە لە ڕووی جەستەییەوە توانای کارکردنیان هەیە، سەرباری خوێندەواری و نەخوێندەواریان. بۆیە هەڵە و زیانگەیاندنێکی گەورە دەبێت بە ئافرەتان کە لە کونجی ماڵدا قایمبکرێن هاندەریان بخرێتە بەردەم بۆ کارنەکردن. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە بڕێکی زۆری ئەو ئازادیە نیسبیەی کە ئافرەتانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەدەستیانهێناوە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان لە سیستەمی ئابوریدا لە ڕێگەی کارکردنەوە نەوەک وەرگرتنی کۆمەک لە حکومەت.

یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەو بێبەشیکردنە ئابوریەی کە بەلایەوە باشە ئافرەتان کارنەکەن بریتیە لە دیاردەی هێنانی ئافرەتانی بیانی بۆ کارکردنی لەناو ماڵەکاندا (جلشتن، خواردن دروستکردن، چاودێریکردنی منداڵ). ئاشکرایە کە لە کوردستاندا بازاڕێک هەیە بۆ ئەم جۆرە لە دەستی کار، کەواتە بۆچی ئافرەتانی ناوخۆیی سودی لێنابینن؟

ئافرەتە ناوخۆییەکان زۆر شیاوترن بۆ ئەو جۆرە کارانە چونکە زمانی خاوەن ماڵەکان دەزانن، دەتوانرێت لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە زیاتر جێگەی متمانە بن (بەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی ناسیاوی و دۆستایەتیەوە) هەروەها ئەرکێکی کەمتر دەبن لەسەر خاوەن ماڵەکان بەو پێیەی کە ناچارنابن شوێنی خەوتنیان بۆ دابینبکەن چونکە ئەگەر خەڵکی هەمان ناوچەبن، دەتوانن شەوان بچنەوە ماڵەکانی خۆیان.

یەكێک لە ڕیگریەکان لە ئازادبوونی ئافرەتان بریتیە لەو رەوشە کۆمەڵایەتیەی کە کارکردن بە نەنگی دەزانێت و کارکردنی ئافرەتانیش بە نەنگیەکی گەورە. لەبەر ئەوە فەراهەمکردنی هاندەر بۆ ئافرەتان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ماڵەکاندا بمێننەوە زیان  بە ئافرەتان و سەرجەم کۆمەڵگەش دەگەیەنێت.

یەکێکی دیکە لە کاریگەریە مەترسیدارەکانی ئەم پرۆژە یاسایە بریتیە لە برەودان بە تەمبەڵی و کارنەکردنی ئەندامانی کۆمەڵگە. کارکردن و بەرهەمداری یەکێکە لە رێگە هەرە سەرەکی و گرنگەکان بۆ سەلماندنی خود و بونیاتنانی مرۆڤگەلێک کە توانایان هەبێت بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی کۆمەڵگەدا و دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لەسەر رەوتی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی.

نیەتی داڕێژەرانی ئەم پرۆژەیە یاسایە هەرچیەک بوبێت، گرنگە لەوە تێبگەن کە دەرئەنجامە نەویستراو و پێشبینی نەکراوەکانی ئەم کردارەیان زۆر بە سەختی لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەتیش لەسەر ئافرەتان دەکەوێتەوە.

پێویستیشە ئافرەتان لەوە ئاگاداربن کە مەرج نیە ئەو کردارەی لە مەودای نزیکدا وەک سودبەخش دەردەکەوێت، لە مەودای دوریشدا هەروابێت.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 819 access attempts in the last 7 days.