هاوڵاتی و هەڵبژاردن

♦ چرای ئازادی

2010-09-29

زاراوەی ‘هاوڵاتی’ لە مێژە بەکاردەهێنرێت و گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە وەک یەکێک لە بەڵگە نەویستەکان تەماشا دەکرێت و لە هزری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا وەها دەبینرێت کە چەمکێکە هەموومان تەواو تێیگەیشتوین و دەزانین مەغزا و دەرکەوتەکانی چین.

بەڵام لەو وڵاتانەی کە مێژووی درێژیان هەیە لەگەڵ ستەمکاریدا، تەنانەت پاش ئەوەی رزگاریشیان دەبێت لە چنگی ستەمکاری، هێشتا پرۆسەی تەواوکامڵبوونی چەمکی ‘هاوڵاتیبوون’ بە شێوەیەکی تەموومژاوی دەمێنێتەوە.

لە سیستەمی دەوڵەتیدا، بە دیموکرات و ستەمکارەوە، ‘هاوڵاتی’ ئەو کەسەیە کە رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە. لە زۆر جاردا ئەم پێناسەیە لێرەدا کۆتایی دێت. ئەوەی کە جێگەی مەترسیە ئەو راستیەیە کە لەو وڵاتانەدا کە سیستەمی فەرمانڕەواییان لە ستەمکاریەوە دەگۆڕن بۆ سیستەمێکی دامەزراو لەسەر پرەنسیپی هەڵبژاردن کە زۆر بە خێرایی ناودەبرێت دیموکراسیەت، فەلسەفەی سیاسی و رەوتی سیاسی لەو وڵاتەدا وەها مەزەندە دەکات کە راستەوخۆی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا کە پێشتر وەک ‘هاوڵاتی’ بەماناکەی سەرەوە ناسراوبوون، راستەخۆ دەگوازرێنەوە بۆ ‘هاوڵاتی’ بەو مانایەی کە لە سیستەمی دیموکراسیەتی راستەقینەدا هەیە. هەر ئەم مەزەندکردنە هەڵەیەشە کە وادەکات سیستەمی هەڵبژاردن نەتوانێت سەرتاسەری فیکری سیاسی ئەو وڵاتە بگۆڕێت و لە جێگەی سیستەمی کۆن، سیستەمێکی نویی دیموکراسی بەرپابکات.

بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ‘هاوڵاتی’ بەو مانایەی کە لە سیستەمێکی دیموکراسی راستەقینەدا هەیە پێویستە لەسەر ئەو خاڵە هەڵوێستەبکەیەن کە گرنگی رۆڵی ئەم پێکهێنەرە گرنگەی کۆمەڵی مەدەنی دەردەخات کە ‘هاوڵاتی’یە. بێگومان تاکەکەسەکان کە ئەندامی کۆمەڵگەن مەرج نیە بە زەرورەت لەڕووی واتاییەوە هاوڵاتی کارابن.

هاوڵاتی کارا ئەو ئەندامەی کۆمەڵگەیە کە تێکەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسیدا بەواتای بەشداری سیاسی. بەشداری سیاسی بەو واتایەی کە ئەندامانی کۆمەڵگە ئاگاداری پرۆسەی سیاسیبن و وشیار و پڕزانیاریبن لەبارەی مەسەلە گرنگەکان و شێوازی بەڕێوەچونیان و پەیوەندی و کاریگەری ئەو مەسەلە و بڕیارەکانی پرۆسەی سیاسی لەسەر ژیان و بەرژەوەندی و ویستەکانی ئەوان.

ئەم جۆرە لە هاوڵاتی کارا دەتوانێت بەڕاستی خاوەنی بڕیاری سیاسی بێت و ببێتە بەشێک لە پرۆسەی دیموکراسی و بونیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی راستەقینە کە تیایدا سەرچاوەی فەرمانڕەوایی لە دواجاردا دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان خۆیان و ئەو کارمەندانەشی کە هەڵدەبژێردرێن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ‌گشتی، تەنها کارمەندی متمانەپێکراو و دەستەڵاتپێدراون لەلایەن خەڵکەوە بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی فەرمانڕەوایی.

لە سایەی دیموکراسیەتی راستەقینەدا کەسە هەڵبژێردراوەکان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن دەستەڵاتی پێبەخشراویان بەشێوەی نایاسایی بەکاربهێنن لەبەر ئەوەی سیستەمێکی تۆکمەی یاسایی بەرقەرارە کە بەرمەبنای دەستورێکی دانراوی ئاشکرای سەروەر دەتوانێت کارمەندە هەڵبژێردراوەکان بەرپرسیاربکات لەبەردەم  ئەو سیستەمە یاساییەدا و لە دواجاریشدا لەبەردەم هاوڵاتیاندا.

هاوڵاتی ناکارا، واتا ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگە کە تەنها لەڕیگەی هەڵگرتنی رەگەزنامەی وڵاتێکەوە ناوی هاوڵاتیان لێدەنرێت، ناتوانن ببنە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی و بەو پێیەش ناتوانین دەنگ و ویستی خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا دەربخەن و لە دواجاریشدا وەک مەرجەعی کۆتایی بڕیاردان بەکاری بهێنن. هەرئەمەشە دەبێتە مایەی پێشنەکەوتنی سیستەمی دیموکراسی لەو ناوچانەدا کە تازەبەتازە بە پرۆسەی دیموکراسی گەیشتوون و لەبەر کاریگەرنەبوونی ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگەیە کە دیموکراسیەت تەنها لە پرۆسەی دەنگدانی ناکارادا پەنگدەخواتەوە و وەهمی ئەوە لەلای ئەندامانی کۆمەڵگە دروستدەکات کە لەبەر ئەوەی دەنگدان هەیە کەواتە بوونی ئەمان کاریگەرە لەسەر پرۆسەی دیموکراسیەت و فەرمانڕەوایی.

بەڵام ئەوەی کە راستیە ئەوەیە کە ئەو دەنگانە لەوەتێناپەڕن کە ژمارەی بێواتا و بێبایەخ بن و تەنها وەک روکاری ئەو پرۆسەیە بن کە تەنها دیموکراسیەت لە هەڵبژاردندا دەبینێتەوە و بەوپێیەش کەسانی هەڵبژێردراو یاخود پارتە سیاسیەکان تەنها و تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بایەخ بە دەنگدەران دەدەن و سەرجەمی پرۆسەی پڕوپاگەندکردنەکانی هەڵبژاردنیان ئاراستەدەکەن لەبەر ئەوەی لەوەتێگەیشتوون کە هاوڵاتی ناکارا تەنها لەوکاتەدا بایەخدەدات بە مەسەلەکان و دەنگیشی لە تەنها ژمارەیەک زیاتر هیچ بەهایەکی نیە و ناتوانێت پرۆسەی سیاسی بگۆڕێت.

دەنگدانی وشیارانە، واتە ئەو دەنگەی کە تاکەکەسێک پاش ئاگاداربوونی لە بەشی زۆری ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندیان بەو هەڵبژارندنەوە هەیە دەیدات، دەتوانێت کاربکاتە سەر پرۆسەی سیاسی. ئەو کاریگەریەش هەر خێرا لەو پرۆسەیەدا دەردەکەوێت چونکە دەنگبۆدراوا (پارتە سیاسیەکان و کەسە هەڵبژێردراوەکان) بۆیان ئاشکرا دەبێت کە چەند و لەبەرچی دەنگیان لەدەستداوە و گروپ و کەسانی دیکە شوێنیان گرتونەتەوە.

گرینگیدان بەو مەسەلە گرنگانەی کە پەیوەندیان بە ژیانی و داهاتوو و بیر و ویستی دەنگدەرەوە هەیە خاڵی بنەڕەتیە لە دامەزراندنی سیستەمێکی کارادا کە تێیدا فەرمانڕەوایی بە شێوەیەکی راستەقینە دەگەڕێتەوە بۆ خەڵک چونکە ئەمە نەک تەنها دەنگبۆدراوان (کەس و پارتە هەڵبژێردراوەکان) بەرپرسیاردەکات لەبەردەم یاسا و شەرعیەتی دەنگدەراندا، بەڵکو ناچاریشیان دەکات کە بەردەوام لەکاردابن بۆ راستگۆبوون لەگەڵ پەیام و کاری سیاسیاندا و لەوەشگرنگتر بەردەوام خەریکی نوێکردنەوە و سازاندنی سیاسەتیکار و پەیامەکانیان بن لەگەڵ ویست و ئارەزوەکانی دەنگدەراندا.

بەم جۆرەش پارت و کەسایەتیە هەڵبژێردراوەکان بەدرێژایی وادەی کارکردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵکدا خۆیان لە پێشبڕكێیەکی بەردەوامدا دەبیننەوە بۆ سەلماندنی خۆیان لەبەردەم خەڵکدا، نەوەک هەر کە چونە سەر کورسیەکانیان ئەوەیان لەبیر بچێتەوە کە بە دەنگی خەڵکی هاتونەتە ئەو شوێنە و دەستبکەن بە خەمخواردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و تێوەبگلێن لە گەندەڵی و ناکارایی ئیداری و بەفیڕۆدانەوە و لە دواجاریشدا لەوە دڵنیابن کە دەنگدەرە ناکاراکان لە خولی داهاتوودا دەنگیان پێدەدەنەوە

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.