هەڵبژاردن و دەنگدان

♦ چرای ئازادی

2010-09-29

له‌و شوێنانه‌ی که‌ دیموکراسیه‌ت ئه‌زمونێکی نوێیه‌، دیارده‌یه‌ک به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌ هه‌میشه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رباری‌ جیاوازی شوێن و ئاستی رۆشنبیری و کرانه‌وه‌ی سیاسی له‌و جێگه‌یه‌دا. ئه‌و دیارده‌یه‌ش بریتیه‌ له‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی جاره‌کان له‌و شوینانه‌ خه‌ڵکی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌جه‌معی ده‌نگ ده‌ده‌ن.

ده‌نگدانی ده‌سته‌جه‌معی بریتیه‌ له‌و جۆره‌ له‌ وێکچوونی ده‌رونی و عه‌قڵی، که‌ وا ده‌کات زۆربه‌ی دانیشتوانی شوێنێک (هه‌نده‌ێک جار سه‌رجه‌م دانیشتوان) له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک پێوه‌ر ده‌نگ بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن که‌ بۆچی ده‌نگ به‌ کاندیدێكی دیاریکراو یاخود حیزبێکی دیاریکراو ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ که‌ دیموکراسیه‌ت له‌و شوێنانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر زۆر سست گه‌شه‌ ده‌کات و ماوه‌یه‌کی زۆری پێده‌چێت تاوه‌کو ده‌گاته‌ ئاستێک له‌ موماره‌سه‌کردنی دیموکراسیه‌ت و مافی ده‌نگدان که‌ تیایدا ئه‌و مافه‌ مانای تایبه‌ت و به‌هاداری خۆی ده‌بێت.

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دیده‌ زیاتر روون ببێته‌وه‌، واباشه‌ نمونه‌یه‌کی زۆر زیندووی وڵاتێکی دیموکراتی بهێنینه‌وه‌.

له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا چه‌ندین جۆر هه‌ڵبژاردن هه‌ن. به‌ڵام سیان له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ زۆر گرنگن. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک، هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی کۆنگرێس ( خانه‌ی نوێنه‌ران و خانه‌ی پیران)، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری ویلایه‌ته‌کان ‌یاخود سه‌رۆکی شاره‌وا‌نی شاره‌کان.

له‌ تشرینی دووه‌می 2008دا، ده‌نگده‌رانی  ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ڵبژاردنێکی نمونه‌ییدا به‌شدارییانکرد له‌ دیاریکردنی سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کاندا. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ زۆر خاسیه‌تی تایبه‌تی هه‌بوو که‌ جودای ده‌کاته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێش خۆی، به‌ڵام گرنگترینی ئه‌و جیاوازیانه‌ بریتیه‌ له‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌رچاو و بێوێنه‌یه‌ی که‌ باراک ئۆباما به‌ده‌ستیهێنا له‌سه‌ر پلاتفۆرمی پارتی دیموکراتی ئه‌مه‌ریکا. له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان هه‌ر چوار ساڵ جارێک هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک ده‌کرێت.

له‌ سه‌ره‌تای تشرینی دووه‌می 2009 دا، له‌ هه‌ندێک له‌ ویلایه‌ته‌کان هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و داواکاری گشتی و سه‌رۆک شاره‌وانی هه‌ندێک له‌ شاره‌کان ئه‌نجامدران. ئه‌وه‌ی که‌ جێگه‌ی سه‌رنج بوو، له‌ هه‌ردوو ویلایه‌تی ڤێرجینیا و نیوجێرزی (که‌ هه‌ردوکیان له‌ که‌ناری خۆرهه‌ڵاتی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکان) دوو پارێزگاری کۆماریخواز هه‌ڵبژاردنه‌کانیان برده‌وه‌.

ئه‌و وانه‌یه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ فێری ده‌بین گرنگیه‌که‌ی له‌وه‌دایه‌ که‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ویلایه‌تانه‌ ( که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی 2008دا ده‌نگیان به‌ باراک ئوباما دابوو) له‌سه‌ر بنه‌مای بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان و له‌به‌ر رۆشنایی سیاسه‌تیکاری کاندیده‌کانی پارێزگار له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاردا ده‌نگیاندا نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبایه‌تی و مه‌یلی سۆزداری به‌رامبه‌ر به‌ پارتێکی دیاریکراو. بێگومانیش کاریزمای باراک ئوباما نه‌یتوانی ئاراسته‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ بگۆڕێت.

له‌ 2008 دا دیارده‌یه‌کی نوێ هاته‌ ناو گۆڕه‌پانی سیاسیه‌وه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا که‌ به‌ دیارده‌ی ئۆباما ده‌ناسرێت که‌ ئۆبامای له‌ کاندیدێکی ئاسایی سه‌رۆکایه‌تیه‌وه‌ کرده‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی ناوداری وڵات. هه‌ندێک چاودێران پێیانوابوو که‌ کاریگه‌ری بردنه‌وه‌ی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ری ئۆباما، کۆمه‌کی کاندیده‌ دیموکراته‌کان ده‌کات له‌وه‌ی که‌ پۆستی پارێزگاری ئه‌و دوو ویلایه‌ته‌ به‌رنه‌وه‌ (که ساڵی رابردوو باراک ئوباما زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی ئه‌و دوو ویلایه‌ته‌ی برده‌وه‌)‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ باراک ئوباما له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاردا کۆمه‌کی هه‌ردوو کاندیدی دیموکراتی ئه‌و دوو ویلایه‌ته‌ی‌ کردبوو تاوه‌کو کاربکاته‌ سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ 2008دا ده‌نگیان پێدابوو، له‌ 2009 دا ده‌نگبده‌ن به‌و کاندیدانه‌ی که‌ ئه‌م پشتگیریان ده‌کات.

به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڵاتی ده‌نگده‌ر شاره‌زای مافی ده‌نگدانه‌ و به‌رچاوی کراوه‌یه‌ و هه‌رگیزیش به‌شێوه‌یه‌کی ره‌ها پابه‌ندی حیزبێکی دیاریکراو نابێت. جێگای باسه‌ له‌ سه‌رجه‌م ویلایه‌ته‌کان زۆربه‌ی ده‌نگده‌ران خۆیان به‌ دیموکرات یان کۆماریخواز یان سه‌ربه‌خۆ تۆمارکردوه‌. زۆرجار سه‌ربه‌خۆکان بڕیار ده‌ده‌ن ده‌نگ به‌ ئه‌م یان ئه‌و کاندید بده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌ی سیاسه‌تیکاری ئه‌و کاندیده‌ نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنامه‌ی ئینتیمای حیزبایه‌تی. له‌و نێوه‌نده‌شدا زۆرجار بردنه‌وه‌ی ده‌نگی بێلایه‌نه‌کان زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌ر کاندیدێک.

ئه‌م دیارده‌یه‌ ئاماژه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی تازه‌ پێگه‌یشتوو و تازه‌ راگه‌یشتوو به‌ دیموکراسیه‌ت ده‌نگ ده‌ده‌ن، که‌ ده‌نگه‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئاگاداربوون له‌ سیاسه‌تیکار و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژادنی کاندیده‌کان بێت نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای سۆزداری و ترس و هه‌ندێک له‌و خورافانه‌ی که‌ زۆرجار له‌و وڵاتانه‌ له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌وه‌ ده‌درێن به‌ گوێی ده‌نگده‌راندا.

ئه‌وه‌ی که‌ زامنی سه‌رکه‌وتنی دیموکراسیه‌ت و گه‌شه‌ی وڵات ده‌کات‌ بریتیه‌ له‌ هاوڵاتی چالاک و هوشیار. هاوڵاتیه‌ک که‌ پێگه‌ی خۆی و به‌های ده‌نگه‌ی خۆی بزانێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا خۆی به‌ به‌شێک له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداره‌کردنی کاروباری وڵات بزانێت تاوه‌کو بتوانێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌وه‌ کاندیدی شایسته‌ ئاراسته‌ی ئه‌و پێگه‌ و پایانه‌ بکات که‌ کاروباری وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.