تێگەیشتنی وەزارەتی بازرگانی لە نرخ

♦ پێشواز سەعدوڵڵا فەیزوڵڵا

2010-09-29

بڕیاربوو ناونیشانی ئه‌م وتاره‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت “هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنی وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ نرخ”، کاتێک  رۆژی هه‌ینی رابردوو ده‌ستمکرد به‌ نوسینی. وتاره‌که‌ش تایبه‌ت بوو پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ ئابوریانه‌ی که‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ کۆنترۆڵکردنی نرخه‌کاندا تێیکه‌وتبوو. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌به‌ر هۆکاری ته‌کنیکی و گۆڕینی سیسته‌می کۆمپیوته‌ره‌که‌م، ئه‌و وتاره‌م ته‌واو نه‌کرد. ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ر وتاره‌که‌ به‌نیازی ته‌واوکردنی، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستبکه‌مه‌وه‌ به نوسینی، بڕیارمدا هه‌واڵه‌کانی کوردستان بخوێنمه‌وه‌. له‌ یه‌کێک له‌ هه‌واڵه‌کانی ماڵپه‌ڕی هاوڵاتیدا، له‌سه‌ر زاری وه‌زیری بازرگانیه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ “له‌دونیادا هیچ یاسایه‌ك نییه‌ كه‌ حكومه‌ت نرخ له‌بازاڕه‌كاندا دابه‌زێنێت.” خوشبه‌ختانه‌ وه‌زیری بازرگانی هه‌واڵه‌که‌ی راستکردبوه‌وه‌ و راستی پرۆژه‌که‌ی وه‌زاره‌تی خستبوه‌ روو.

ئه‌وه‌ی که‌ من لێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بوه‌ستم دوو شتن:

یه‌که‌م، ئه‌رکی حکومه‌ته‌ که‌ ئاگاداری جۆری که‌لوپه‌لی هاورده‌کراو بێت به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ هینانه‌ ناوه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ی خراپ بۆ ناو بازاڕه‌کان. له‌وه‌ زیاتر حکومه‌ت هیچ توانایه‌کی نیه‌ له‌ دیاریکردنی نرخدا.

سه‌رباری ئه‌وه‌ش هێشتا حکومه‌ت ده‌توانێت کاری جدیتر بکات بۆ دابه‌زاندنی نرخ. ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی خۆبه‌دورگرتنی حکومه‌ته‌وه‌ دێت له‌ سه‌پاندنی گومرگ به‌سه‌ر که‌ره‌سته‌ و به‌روبوومی هاورده‌دا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک حکومه‌ت گومرگ له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی هاورده‌کراو زیاد ده‌کات، له‌ ئه‌نجامدا نرخی ئه‌و که‌ره‌سته‌ و به‌روبوومانه‌ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ و دواجاریش به‌کاربه‌ر باجی ئه‌و نرخ به‌رزیه‌ ده‌دات.

خاڵی دووه‌میش تایبه‌ته‌ به‌و چه‌وتباوه‌ڕیه‌ له‌باره‌ی نرخه‌وه‌ که‌ له‌ناو خه‌ڵکدا باوه‌ و پاشماوه‌ی تێگه‌یشتنی ده‌وڵه‌ت سالاری و بیری ئابور‌ی سوشیالیستانه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ پیاده‌ی ده‌کرد. ئه‌و هه‌رزانیه‌ی که‌ له‌ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا هه‌بوو وه‌های له‌ خه‌ڵک کردبوو وا هه‌ست بکه‌ن که‌ حکومه‌ت توانای ره‌های هه‌یه‌ له‌ کۆنترۆڵکردنی نرخه‌کاندا و هێشتنه‌وه‌یاندا به‌ نزمی. به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکانه‌ ئاگاداری ئه‌و زه‌ره‌ره‌ ئابوریه‌ گه‌ورانه‌ نه‌بوون که‌ حکومه‌ت ده‌یخسته‌ ئه‌ستۆی خۆی به‌مه‌به‌ستی هێشتنه‌وه‌ی نرخه‌کان به‌ نزمی، که‌ دواجار به‌جۆرێکی تر ده‌بوو قه‌ره‌بوویان بداته‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا یه‌ک فه‌رده‌ شه‌کری په‌نجا کیلۆیی نرخه‌که‌ی ته‌نها 10 دینار له‌سه‌ر کڕیار ده‌که‌وت، به‌ڵام حکومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌کره‌ به‌و نرخه‌ هه‌رزانه‌ بخاته‌ بازاڕه‌وه‌، ناچاربوو خۆی به‌ نرخی گرانتر بیکڕێت و ئه‌و زه‌ره‌ره‌ی که‌ له‌ فرۆشتنیدا به‌ نرخێکی هه‌رزان ده‌یکرد، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پڕبکاته‌وه‌‌. له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و فه‌رده‌ شه‌کره‌ له‌سه‌ر هه‌موو وڵات گرانتر ده‌که‌وت، به‌ڵام کڕیاری تاکه‌که‌س هه‌ستی پێنه‌ده‌کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دڵشادبوو به‌و سیناریۆیه‌. ئه‌مه‌ش وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و تێزه‌ گرنگه‌یه‌ که‌ ئابوریناسی فه‌ره‌نسی فرێدریک باستیا له‌ وتاری ‘ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و ئه‌وه‌ی نابینرێت’ باسی ده‌کات (بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ بڕوانه‌ به‌شی په‌رتوکه‌کانی چرای ئازادی.)

باستیا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌موو کرده‌یه‌کی ئابوری دوو ئه‌نجامی هه‌یه‌، ئه‌نجامێکی دیار (نرخی فه‌رده‌یه‌ک شه‌کرد به‌ 10 دینار) له‌گه‌ڵ ئه‌نجامێکی نادیار (فه‌رده‌یه‌ک شه‌کرد زیاتر له‌سه‌ر حکومه‌ت ده‌که‌وێت و ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌و زه‌ره‌ره‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ که‌ له‌ دواجاردا له‌سه‌ر سامانی گشتی نه‌ته‌وه‌ حسابه‌).

ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ که‌ حکومه‌تی عێراق له‌ کۆتایی هه‌شتاکاندا نزیک بووه‌وه‌ له‌ قلوچبوون، راده‌ی قه‌رزه‌کانی عێراق و دابه‌زینی سامانی وڵات به‌ڕاده‌یه‌ک بوو وڵاتی به‌ره‌و قه‌یرانی ئابوری نه‌وه‌ده‌کان برد و تاوه‌کو ئێستاش وڵات باجی ئه‌و هه‌ڵه‌ ئابوریانه‌ی سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی سه‌دام ده‌داته‌وه‌ که‌ به‌ته‌نها له‌ شه‌ڕه‌کاندا کورت نابنه‌وه‌ به‌ڵکو له‌و کرده‌وه‌ ئابوریه‌ حساببۆنه‌کراوانه‌ی که‌ ئه‌نجامه‌که‌یان زیادکردنی قه‌رزی نه‌ته‌وه‌یی و قلوچبوونی ئابوری وڵات بوو.

پێویسته‌ هاوڵاتی ئاسایی له‌وه‌ تێبگات که‌ بازاڕ سیسته‌مێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و هیچ حکومه‌تێک نیه‌ له‌ دنیادا بتوانێت کۆنترۆڵی بکات و نرخ دیاربکات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ زه‌ره‌ربدات له‌ کۆی سیسته‌مه‌که‌. بێگومان ئه‌و زه‌ره‌رانه‌ په‌رده‌پۆش ده‌کرێن و دواجار ده‌که‌ونه‌ ئه‌ستۆی هه‌موان.

جێگای خۆشحاڵیه‌ که‌ وه‌زیری بازرگانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌و راستیه‌ تێده‌گات و هه‌وڵنادات ئه‌و هه‌ڵه‌ ئابوریانه‌ دووباره‌ بکاته‌وه‌ که‌ پێشتر ده‌کران.

ئه‌و ئازادیه‌ رێژه‌ییه‌ی له‌ بازرگانیکردندا له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ به‌ڕوونی له‌ فه‌راهه‌می که‌ره‌سته‌ و به‌رووبوم و نزمی نرخه‌کانیان به‌ شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی ره‌نگی داواته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش تاقه‌ رێگه‌ی دروسته‌ بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و که‌وتنه‌وه‌ی رکابه‌ری بازرگانی و هێنانه‌خواره‌وه‌ی نرخه‌کان.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.