میسر: سەرەتاکانی زەمینلەرزەی عەرەبی

♦ شەفیق غەبرا

2011-02-07

ساڵی رابردوو، زیاتر ئاشنای جیاوازییە هەڵکشاوەکانی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندانی میسر بووم، هەروەها بە جیاوازیی نێوان چینە سیاسیەکانی میسر لەلایەک و سەرتاپای کۆمەڵ لەلایەکی دیکە. ئەمەشم لە میانی چەندین سەردان و دیداری هاوڕێیان لە میسر بۆ دەرکەوت. دەمەو ئێواران دەچمە یەکێک لە چێشتخانە گرانەکان و دەبینم کە دنیایەکی ئەفسوناوی لە خۆشگوزەرانی دەگوزەرێت. بەسەر جادەکاندا و لە نێو خەڵکیدا پیاسەدەکەم، هەست بە نەهامەتییەک دەکەم کە باڵیکێشاوە بەسەر شار و شەقامەکانیدا. لە هەموو سەردانێکیشمدا هەست بە جێدەستی دکتاتۆریەت دەکەم لەسەر گەلێک کە بە بەخشندەیی و مەزنی مێژووی ناسراوە. لەخۆم دەپرسم “ئایا من لە ئێرانی سەردەمی شا دام؟”

لە کاتی مانەوەمدا لە قاهیرە، لە کانونی دووەمی ساڵی پاردا، لەگەڵ زۆر کەس قسەمکرد. راستگۆترین گفتوگۆکان لەگەڵ شۆفێری تەکسیەکاندابوو. چەندین چیرۆکم بەرگوێ کەوت، وەهاش پێدەچوو کە هەموو چیرۆکەکان هاوشێوەبن لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی لەسەدا چواری گەلی میسر بەسەر سەرتاپای ئابوری لە سەدا نەوەت و شەشەکەی دیکە و لەبارەی گەندەڵی و سەرۆک و دەستەڵاتی میراتگیری.

لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا، لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکان چاومکەوت بە ژمارەیەک لە ئەندامانی “پارتی نیشتمانی” دەستەڵاتدار کە هاتبوونە واشینتۆن بۆ بەشداری لە کۆنگرەیەکدا. پرسیار و مەترسیەکانمم بۆ باسکردن لەبارەی ئەوەی کە لە میسر بەدیمکردبوون، بەڵام وەڵامەکان توشی سەرسوڕمانیان کردم. یەکێکیان وتی “تۆ گەلی میسر ناناسیت، ئەو گەلە لە روباری نیل هێمنترە.” و دووەمیشیان ووتی “ئەگەر ئەتەوێت لە میسر تێبگەیت، دەستەڵاتی راستەقینە لە دەستی سوپادایە نەوەک میلەت.” بە هاوڕێکانمم وت “بەڵام من گۆڕانێک لە مەیلەکاندا بەدی دەکەم. گەلان لە ساتگەلێکدا دەجوڵێن کە کەس وادەیان نازانێت. میسر لەبەردەم کاروانی شتێکی گەورەدایە ئەگەر چاکسازی راستەقینە نەکرێت. رەنگە وادەی ئەو چاکسازیانەش بەسەرچووبن.”

پاش قسەکانم، یەکێک لە لاوەکان کە گوێی لە گفتوگۆکان ببوو، بردمیە پەنایەکەوە. ئەو تەمەنی لە ئەوانەی تر کەمتر بوو، و رۆژنامەنووس بوو، سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد، سەیرێکی پشتەوەی کرد، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکاین، نەوەک لە میسر. منیش لێمپرسی “بۆچی ئاوا سەیری چواردەوری خۆت دەکەیت؟” بەخێرایی وەڵامیدایەوە “بۆ ئەوەی هیچکام لە هاوڕێکانم نەمبینن، لەبەر ئەوەی ئەترسم جوداخوازیم بەرامبەر بکرێت.” پاشان وتی “میسر لە تەقینەوەدایە، ئێمە بەرەو نادیار ملدەنێین.”

لە پاش تیرۆرکردنی ئەنوەر ساداتی سەرۆک لە ساڵی ١٩٨١دا، میسر بە یاسای تەنگەتاو فەرمانڕەوایی دەکرێت و لاوازبوونێکی گەورەی بەخۆوە دیوە لە رووی رۆڵی هەرێمایەتییەوە. تێبینی دەکرێت کە ژمارەی پیاوانی ئاسایش لە ساتی تیرۆرکردنی سەرۆک سادات دا لە دوو سەد هەزار تێپەڕی نەدەکرد، لە کاتێکدا ژمارەی پیاوانی سوپا لە ئەوپەڕی هێزیدا بوو و ژمارەی لە ملیۆن و نیوێک زیاتر بوو. بەڵام ئێستا، ژمارەی پیاوانی ئاسایش ملیۆن و نیوێکە، لەکاتێکدا کە ژمارەی سەربازانی سوپا دوو سەد و پەنجا هەزارە. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە لە سایەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، دوژمنێکی نوێ سەریهەڵداوە: ئۆپۆزیسیۆن و گەل.

بۆ مانەوەی حیزبێک و سەرۆکێک و دەستەیەکی بچووک لە دەستەڵاتدا بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ، پێویست بە هەبوونی سەرکوتکردنێکی زۆر و پێشێلکردنی ئازادیەکان و لەبەریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵ و لاوازکردنی دامەزراوەکان دەکات. هەروەها پێویستیش بە گۆڕینی یاساکان دەکات بۆ لەبەریەکهەڵەوەشاندنی هێزە ناوەندیە سەربەخۆکان، هەروەها دەرخستنی بارودۆخەکە وەک ئەوەی کە جەنگێکی گەورە لە ئارادا بێت لە نێوان رژێم و توندڕەویی ئیسلامیدا. بەڵکو رەوشەکە گەیشتە ئەوپەڕی کەنار دوای هەڵبژاردنی ئەمدواییانەی ئەنجومەنی نیشتمانی کە پڕبوو لە ساختەکاری.

دەکرێت بڵێین کە مەسەلەی میراتگیری دەستەڵات بە تایبەت بووە مایەی هەڵچوونەکە. بیرۆکەی ئەوەی کە میسرییەکان ناچاربن بۆ ماوەی سی چل ساڵی دیکە لەژێر سایەی فەرمانڕەوایەکدا بژین کە هەڵیان نەبژاردووە لە دەنگدانێکدا کە کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش هۆکارێکی تر بوو بۆ تەقینەوەی شۆرشەکەیان.

کاتێک شۆڕشی گەورەی وەک ئەوەی میسر و تونس لە نەڕەی ملیۆنانەوە روودەدەن، میللەت وەک کەسێکی لێدێت کە تای لێهاتبێت و ئارەقی زۆر بکاتەوە. شۆڕش بریتیە لە گەشبینی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی، هەمان شێوەی ئەو نەخۆشەی کە بەرەنگاری نەخۆشیەکەی دەبێتەوە و هەوڵی چاکبوونەوە دەدات. شۆڕش تەنها لە نێو گەلانی بەهێزدا روودەدات کە بڕوایان بە خۆیانە و دەرواننە داهاتوو. هەوڵی سەرکوتکردنی شۆڕش لەڕێگەی هێزەوە ئاگرەکەی زیاتر دەکات، هەروەها هەوڵدان بۆ بێبەهاکردنی داواکارییەکان دەبێتە مایەی بەهێزکردنی باڵە زیاتر توندرەوەکان.

گۆڕانە گەورەکان لە مێژوودا هێورنابنەوە تاوەکو گۆڕانکاری جۆرایەتی گەورە نەهێننە دی. ئەو دامەزراندنانەی بەم دواییە رویاندا، بە دامەزراندنی سیمبۆلی هەرە پاکی رژێمیشەوە، وەک دامەزراندنی عومەر سلەیمان وەک جێگری سەرۆک، نابنە مایەی لاوازکردنی تینی شۆڕش و قوڵیی ئەو گۆڕانکاریانەی کاتژمێر دوای کاتژمێر روودەدەن. دامەزراندنەکانی دواییین کاتژمێر و دواییین رۆژەکان رۆژگاری شای ئێرانمان دێنێتەوە یاد کە شاپور بەختیاری راسپارد بە گرتنەدەستی سەرۆکایەتی وەزیران بەر لە روخانی رژێم.

سوربوونی خۆپیشاندەران لەسەر وازهێنانی سەرۆک موبارەک بۆ دەستپێکردنی گۆڕانکاری سیاسی مانای زۆر لەخۆ دەگرێت لەمەڕ سروشتی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە میسر روو دەدەن. هەرچەندە بیروڕای ناوەندخوازیی لەنێو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا سەرهەڵدەدات، بەڵام لە بزاوتی لەم جۆرەدا دوایین قسە بۆ ئەوانەیە کە رای بنەبڕییان هەیە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بێمتمانەیی بە رژێمی پێشوو و گومانکردن لە بەڵێنەکانی. پەنابردنی رژێم بۆ میلیشیا و باندە توندوتیژەکان و پیاوانی ئاسایش بە بەرگی مەدەنییەوە بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرە بێوەیەکان، پێشێلکاری مافەکانی کۆمەڵە و تەعداکردنێکی ئاشکرایە بۆ سەر خۆپیشاندەرە لاوەکان. هەروەها ئەمە رەنگدانەوەی لاوازی بەرچاوی رژێمە و چنگتوندکردنی لە هێشتنەوەی ئەوەی بەدەستیەوە ماوە.

هەستێکی بەربڵاو هەیە لە نێو چالاکوانەکاندا بەتایبەت پاش ئەو هێرشە دڕندانانەی کرانە سەریان کە وازهێنان پێش گەیشتن بە هێنانەدی داواکارییە سەرەکیەکانیان بە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکیشەوە رەنگە بیانخاتە بەردەم ئەگەری تۆڵەی رژێم. هەربۆیە رووبەڕووبوونەوەکە لە میسر بۆتە مەسەلەی یەکلاکەرەوە.

ئۆپۆزیسیۆنی میسری و ئەو هێزە نوێیانەی کە شەقامی میسری بەرهەمیاندێنێت دەکەونە گفتوگۆ لەگەڵ دامەزراوەی سەربازیی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆک، بەڵام شەقام بەکەمتر لە وازهێنانی سەرۆک رازینابێت لەم قۆناغەدا و هەروەها کارکردن بۆ بەڕیوەبردنی قۆناغێکی گواستنەوەیی کە تێیدا دەستورێکی نوێ پێکبهێنرێت و ئەنجومەنەکانی نیشتمانی و راوێژگاری هەڵبوەشێنرێنەوە و یاسای تەنگەتاوی لەکاربخرێت. میسریەکان رازینابن بە کەمتر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکایەتی و ئازادی راستەقینە و ئاڵوگۆڕی سەرتاسەری دەستەڵات. ئەمەش ساتی حەقیقەتە لە میسر، ساتی نەوەیەک.

سوپا رۆڵی سەرەکی خۆی دەبینێت وەک یەکخەری میسر، بەڵام ناتوانێت بەر بە رەورەوی گۆڕان بگرێت، ئەمەش پاڵ بە سوپاوە دەنێت بۆ گێڕانی رۆڵێکی جیاواز لە قۆناغی داهاتوودا. رۆڵی سوپا، گەر پاش ماوەیەکیش بێت، رۆڵێک دەبێت بۆ دورکەوتنەوەی سوپاسالاران لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە سیاسەت. مەگەر بێت و یەکێک لەوان لە هەڵبژاردنی ئازاد و کراوەدا کە میللەت سەرچاوەیەتی، هەڵببژێردرێن.
ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات تەنها سەرەتایەکە بۆ دیموکراسیەتی راستەقینە کە بە تێپەڕبوونی کات پەرەدەسێنێت لە گەورەترین و گرنگترین وڵاتی عەرەبیدا، ئەم مەسەلەیەش کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی وڵاتە عەرەبییەکان.

بێگومان لە ئەنجامی ئەوەی لە میسریش روودەدات، لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لایەنی دۆڕاویش دەبێت. ئیسرائیل لە بارێکی ئاشکرای دڵەڕاوکێدا دەژی. میسری داهاتوو زۆر سەربەخۆتر دەبێت، و زیاتر وابەستی مەسەلە عەرەبی و فەلەستینیەکان دەبێت. هەرچی ویلایەتە یەکگرتوەکانیشە، رەنگە بۆ یەکەمجاری بێت درک بەوە بکات کە گەلانی عەرەب لە قۆناغی داهاتوودا گوزارشت لەخۆیان دەکەن و ئەو بزاوتانە دەخاتە ناو دەستەڵات کە بە رەهایی دژایەتی ناکەن و لەهەمان کاتیشدا شوێنی ناکەون. رۆحی سەربەخۆیی عەرەبیی لە بزاوتەکانی داهاتوودا سەرەکی دەبێت لە رابەریکردنی جیهانی عەرەبیدا. رەنگە گۆڕانکاری لە میسردا لە هەمان کاتدا ببێتە پێشەکی گۆڕانکاری لە دیدی ئەمەریکاییدا بەرامبەر بە جیهانی عەرەبی.

رەشەبای میسری هەڵدەکاتە سەر جیهانی عەرەبی و لەگەڵ خۆیدا نەوەیەکی عەرەبی نوێی هەڵگرتوە کە بە دەوای پێگە و ژیانی ئارام و ئازاد و بەشداریکردن لە بونیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسیدا دەگەڕێت. نەوەی “فەیسبووک” و ئینتەرنیت و جیهانگیری و ئازادیەکان و بەشداریکردن لە دەرگای سەرجەم وڵاتە عەرەبیەکان دەدات. روداوەکانی تونس و ئێستاش میسر، رێگەخۆشکەرن بۆ چاکسازی راستگۆیانە و گشتگیر لەلایەن باڵە رۆشنگەر و کەمتر تێوەگلاوەکان لە گەندەڵی رژێمە عەرەبیە فەرمانڕەواکان. هەروەها شکستهێنانی رێگەی چاکسازی و شکستی رۆشنگەرەکان لە هێنانەدی گۆڕاندا، رێگەخۆشدەکات لەبەردەم شۆڕشی نوێدا کە ئەو رژێمە سیاسیانە دەروخێنیت کە رێگریدەکەن لە بەشداریکردن و ئاڵوگۆڕی دەستەڵات. هەروەها بۆشمان دەردەکەوێت کە هەندێک رژێم توانای دامەزراوەییان لەدەستداوە بۆ چاکسازی و لەسەر رێگەی لەناوچوندان بەهۆیەوە. لە نێوان باری چاکسازی و شۆڕشگێڕیدا، رەوشی عەرەبی لەگەڵ نەوەیەکدا دەژی کە یاخیبوونی خۆی راگەیاندووە.

سەرچاوە: ئەلحەیات

چەمک و زاراوە

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.