زیندانیکردن لە ژوری تاکەکەسیدا بەهۆی ئیحراجکردنی دەوڵەتەوە

♦ دەیڤد بەوز

2011-02-07

ستیڤن جەی رەسڵ و برادلی مانینگ چ خاڵێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە؟

مانینگ ئەو سەربازەی سوپای ئەمەریکایە کە تۆمەتبارکراوە بە دزەپێکردنی بڕی زۆری نامەگۆڕینەوەکانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ماڵپەڕی ویکیلیکس.

رەسڵ ئەو پیاوە فریودەرەیە لە فیلمی “خۆشم دەوێیت فیلیپ مۆریس” دا دەردەکەوێت. مانینگ لەبەردەم سزادانێکدایە کە رەنگە ٥٢ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنیت. رەسڵ تاوەکو ئێستا نۆ ساڵە لە زیندانە بۆ سزایەک کە زیندانی ١٤٤ ساڵی بەسەردا سەپاندوە. (٤٥ ساڵی بۆ پارەخواردن، و ٩٩ ساڵیش بۆ هەڵهاتن لە زیندان)
رەسڵ وردە تاوانکارێکە و بەقسەی خۆی بێت شەیدا خۆشەویستیە. مانینگ، بەگوێرەی تێڕوانینی لایەنەکە، یان ئەوەتا پاڵەوانی درکاندنی نهێنیەکانە، یان ئەوەتا خیانەتکارێکی مەترسیدارە.
کەواتە چ خاڵێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە؟
یەکێک لەو شتە هاوبەشانەی کۆیان دەکاتەوە ئەوەیە کە هەردووکیان لە زیندانی تاکەکەسیدا بەندکراون بە درێژایی ٢٣ کاتژمێر لە رۆژێکدا. گلێن گرینۆڵد لەبارەی مانینگەوە دەنوسێت “بەدرێژایی ٢٣ سەعات لە ٢٤ سەعاتی شەو و رۆژ و و بەدرێژایی حەوت مانگ و بەردەوامیشە، بە تاقی تەنیا لە ژورێکدا ژیان بەسەردەبات. تەنانەت لەناو ژورە تاکەکەسیەکەشیدا چالاکیەکانی سنوردارکراو. تەنانەت رێگەی ئەوەشی لێگیراوە کە وەرزش بکات و بەردەوام لەژێر چاودێریدایە بۆ سەپاندنی ئەو سنورداریانە. لەبەر هەندێک هۆکاری کە پێدەچێت تۆڵەخوازانە بن، بێبەشکراوە لە زۆرێک لەو خزمەتە سەرەتاییانەی کە زیندانی شارستانی لەخۆی دەگرێت، بە سەرین و چەرچەفیشەوە.”
رەسڵ دەڵێت تەنها تەوقەکردنێک تاقە بەرکەوتنی مرۆییانەیە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا هەستیپێکردوە. بۆی نیە باوەش بکات بە کچەکەیدا و بۆی نیە سینی خواردن لەدەستی پاسەوانەکان وەربگرێت.
نە رەسڵ و نە مانینگ بە تاوانی توندوتیژی تۆمەتبار نەکراون. نە ئەوەشە لە زیندانیەکانی دیکە بپارێزرێن. ئیتر بۆچی لە زیندانی تاکەکەسیدان؟
زیندانی تاکەکەسی لە بیستی ساڵی رابردوودا زۆر زیاتر بڵاوبوونەتەوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکان، بەڵام هەڵسوڕێنەرانی زیندانەکان دەڵێن کە تەنها بۆ زیندانییە زۆر توندوتیژ و مەترسیدارەکانە. ئەمەش رەسڵ و مانینگ ناگرێتەوە.
ئەو دوانە دوو خاسیەتی هاوبەشی دیکەشیان هەیە. هەردوکیان نێربازن، ئەمەش لە بەرژەوەندیان نیە لەبەرامبەر سوپا و فەرمانگەی دادپەروەری تاوانکاری تەکساس دا. بەڵام رەنگە لەوەش گرنگتر ئەمە بێت: هەردووکیان دامەزراوەیەکی گرنگی دەوڵەتیان ئیحراجکردوە. مانینگ بە دەرخستنی ئەو لاوازییە گەورەیەی کە لە سیستەمی سێکیوریتی وەزارەتی بەرگریدا هەیە و رەسڵیش بە چوار جار هەڵهاتن لە زیندانەکانی تەکساس. دەوڵەت حەزی بە ئیحراجبوون نیە و حەزی بەوە نیە ببێتە مایەی گاڵتەجاری جەماوەر.
دەرونناسانی رێکخراوی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لە نامەیەکی کراوەیاندا بۆ ‘رۆبەرت گەیتس’ ی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەیخەنە ڕوو کە زیندانی تاکەکەسی “مامەڵەیەکی دڕندانە و ناپەسەند و نامرۆڤانەیە.” رەنگە هەندێک دڕندە هەبن کە ئەو جۆرە لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا پێویست بێت، بەڵام نە مانینگ و نە رەسڵ هیچیان ئەو دڕندەیە نین. پێویستە لە زیندانی تاکەکەسی دەربهێنرێن و لە زیندانی گونجاودا بەندبکرێن.
پێویستە زیندانیکردنی نامرۆڤانە ببێتە مایەی ئیحراجکردنی حکومەتەکەمان زۆر لەوە زیاتر کە کەموکورتیەکی سێکیوریتی کە بە شێوەی جیاواز لەلایەن رەسڵ و مانینگەوە ئاشکراکراون.

(ستیڤن جەی رەسڵ چەندین جار خۆی لە کۆمپانیاکان گۆڕیوە و وەک پسپۆڕ و شارەزا قەناعەتی پێهێناون کە لە پۆستی بەرز دایبمەزرێنن و پاشان پارەی لێخواردون، و چەندین جاریش بە فرت وفێڵ لە زیندان هەڵهاتووە.)

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.