بیری فەلسەفی یۆنان پێش ئەفلاتون

2012-08-15

بیری فەلسەفی یۆنان پێش ئەفلاتون
Greek philosophical thought before Plato

د. حسین حرب
دار الفارابی، بیروت ١٩٨١
وەرگێڕانی: رەفیق غەفور

چەند ووشەیەکی پێویست

ئەم نامیلکەیە  ساڵی 1984 لە عەرەبیەوە کراوەتە کوردی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەی کوردستان و خۆشاردنەوەو کتێب شاردنەوە لەدەست رژێمی بەعس، چەندین دەستنووس بزر بوون، ئەمیش یەکێک بوو لەوان. خۆشبەختانە چەند مانگێک لەمەوبەر کاوەی برام تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی لە بنی دۆڵابێکا دەستنووسێکی تۆمان دۆزیوەتەوە. بەراستی مژدەیەکی خۆش بوو، کە گەیشتە دەستم تێر تێر بۆنی لاپەڕەکانیم کرد. پڕبوون لە یادەوەری ئەو رۆژگارە سەختانە.. ئەو رۆژانەی کە تەمەن دەنکە مرواریەک بوو بە داوێکی قرچۆکەوە، ئەو سەردەمەی کە هەر بستێک لە مەرگ دووربووین، لە وەخت و ناوەختا میوانی بووین و دەرگای لێنەکردینەوە. ئەو ساتانەی کە ژیان وەک کەڕە گەڵا هەڵئەوەری و کۆڵنەدانیش بست بە بست باڵای ئەکرد. من نەوەی ئەو رۆژگارەم و زمانی وەرگێڕان و تێگەیشتنیشم بۆ لێکدانەوەی بیرو فەلسەفە بە بارێکدا لەگەڵ ئەم میتۆدی شیکردنەوەیەی کە ئەم نامیلکەیەی پێ نووسراوە، یەکی ئەگرتەوە. هەرچەند ئێستاش لە چوارچێوەیەکی گشتیدا سەرەڕای کۆمەڵێک سەرنج، نووسینەکەم هەرلا پەسەندە.
هەڵبەت ئێستا کتێبخانەی کوردی لە جاران دەوڵەمەندترە و کۆمەڵیک بەرهەمی بە بایەخی فەلسەفەو بورەکانی تریش دەست خوێندەواری کورد ئەکەون. بەڵام لە هەموو حاڵێکدا هەر بابەتێکی جدی جێگای خۆی ئەکاتەوەو بوونیشی پێویستە. منیش لەو رووەوە بە باشی ئەزانم کە ئەم بەرهەمە لە کتێبخانەی کوردیدا رووناکی ببینێت.
شارستانێتی یۆنان خزمەتێکی زۆری بە بیری مرۆڤایەتی کرد، هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە کە  مێژووی بیری یۆنان بە چەندین مێتۆدی جیاواز راڤە کراوە. راوبۆچوونی بیرمەندو فەیلەسوفەکانی ئەو قۆناغە تا ئێستاش جێی مشتومڕو لێکدانەوەی جیاوازن. کۆمەڵگەی کوردستانیش پێویستیەکی زۆری بە ئەڵتەرناتیڤە جیاوازەکانی بیرکردنەوەو مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی جیهانبینی هەیە، تا لەوڕێیەوە بتوانێ لەلایەکەوە فرە رەنگی و فرە دەنگی قبوڵ بکات و، لە لایەکی تریشەوە جیهانبینیەکی تا رادەیەک تایبەت و گوجاو بە بارودۆخی خۆی بەرهەم بێنێت.
بەهیوام کاتێکی بەسوود لەگەڵ خوێندەوەیدا بەسەربەرن.

رەفیق غەفور
ئۆسلۆ 03.08.2012

پێشەکی نووسەر

بابەتی ئەم لێکۆڵینەوەیە بریتییە لە بیری فەلسەفی یۆنان کە سەرەتا لە ” تالیس ” ە وە وەک بیرێکی سادە دەستی پێکرد. ئەکرێ بە قۆناغی نێوان بیری سەرەتایی و زانیاری زانستیانەش ناوبنێرێت. بەڵام لەگەڵ ئەفلاتون پەرەی سەندوو بووە فەلسەفەیەک کە سیستەمی بۆ دانراو توانی شوێنی شیاوی خۆی بگرێت و دەستکەوتەکانی بپارێزێت.
لەراستیدا موفەکیرانی پێش ئەفلاتوون بە پێڕەوو ئامانجەوە زیاتر لە زاناوە نزیکتر بوون وەک لە فەیلەسوفەوە. ئێمەش لێرەدا لەو روانگەوە ئەڕوانین کە فەلسەفە وەک سیستەمێک تا سەردەمی ئەفلاتون سەری هەڵنەداو جێگیر نەبوو. ئەمەش لە بەشەکانی دواییدا روونئەکرێتەوە.
هەروا لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئەو رێبازەمان گرتە بەر کە بیروڕاو گوتەکان ” کاتیگۆریەکان ” بە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی مێژوویی و بەرهەمی خەڵک دەئەنێت. ئەویش لە ئەنجامی ئەو ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی بەهۆی بەرهەمهێنانی مادییەوە پەیدابوون.
ئەم بیرورایەنە دەربڕینێکی رووتی ” ئەبستراکت ” ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەن.
کەواتە پێویستە لێرەدا لەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە بکۆڵینەوە کە پێش دەرکەوتنی ئەم بیرە بوون وئەوانەش کە هاوکاتی بوون و هۆکاری درووستبوونی فەلسەفەی یۆنانییش بوون.
لەبەر ئەوە سەرەتا لە باسکردنی پەرەسەندنی کۆمەڵگەی یۆنانەوە دەستپێئەکەین، بە لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانەوەو لەمەودای ئەو سەردەمەشدا کە ئەم یا ئەو ئایدیای تیا دەرکەوت. ئەمەش بە مەبەستی بەستنەوەیان بەو واقیعە کۆمەڵایەتیە کە بەرهەمی هێنان و کاریتێکردن.

حسین حرب

بەشی یەکەم

گەشەکردنی کۆمەڵگەی یۆنان لەنێوان سەدەی هەشتەم و چوارەمی ” پ.ز ” دا

کۆمەڵگەی یۆنان لەم سەردەمەدا دوو قۆناغەکەی تری پێش شارستانیەتی بڕیبوو، پێی نابووە قۆناغی دابەشکردنی کارو موڵکایەتی تایبەی هۆیەکانی بەرهەمهێنانەوە. قۆناغێک کە هێزی کاری مرۆڤی تیادا زێدەیەکی ئاشکراو بەرچاوی بەرهەم ئەهێنا و لە پێویستیە تایبەتیەکانی خۆی زیاتربوو. قۆناغێک کە لەمەیدانی بەرهەمهێناندا سەرکەوتنێکی زۆری لە چاو قۆناغەکانی پێش خۆیدا بەدەستهێنابوو.  قۆناغی ئاڵوگۆڕکاری نێوان تاکەکەسان و بە شمەک( کاڵا ) بوونی بەرهەم ـ ئابووری شمەکیی، کە هەر لە منداڵدانی ئەم قۆناغەشدا کۆڕپەلەی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو گەشەی کرد.  قۆناغی سەرهەڵدانی سامانی نوێ، ئەو سامانە گوازراوەیەی کە بەربەرەکانی سامانی کۆنی زەویوزاری کرد و لە مەیدانی دەسەڵاتدا جێی پێلێژکرا.  قۆاناغی ـ ئابووری پارە ـ واتە دەرکەوتنی پارە یان ئەو شمەکەی ئەتوانرا بە هەموو شمەکەکانی تر بگۆڕدرێتەوە.  ئەم پارەیەش ـ کە هێزێکی کۆمەڵایەتی نوێ بوو، هەموو کۆمەڵیش لە بەردەمیدا ئەچەمایەوە ـ بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو لە ـ بیرـ ی ئەم قۆناغەدا رەنگی دایەوە.  بەڵام لە ڕژێمی عەشایەری کۆندا کە نەپارە و نە قەرزی تیا باو بوو نەزانراوبوو.  قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت و دامەزراوەکانی کە دەیتوانی ئەم سامانە نوێیەی خەڵکی بپارێزێ، هەروەها توانیشی موڵکایەتی تایبەتی بێنێتە کایەوە ک لەوەوپێش خەڵکی نەیاندەویست و ڕقیان لێی دەبووەوە.  هاوکات چەسپاندنی سەرەتای دابەشکردنی چینایەتی کۆمەڵی گرتە ئەستۆی خۆی و، مافی ئەوەشی بە چینی موڵکداردا کە چینی بێ موڵک بچەوسێنێتەوە و سەرکردایەتی بکا.
قۆناغی ڕژێمی دیموکراسی کە توانی دەسەڵاتی دەوڵەت لە دەستی ئەرستۆکراسییە زەویدارەکان بگوێزێتەوە بۆ دەستی چینێکی نوێ کە بازرگانەکان بوون. هەروەها توانیشی بەشداریکردنی چینە میللییەکان لە هەڵبژاردنی فەرمانڕەواکان و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیاندا مسۆگەر بکات.
قۆناغی کۆیلایەتی کە لەسەرەتادا کەس ناویشی نەبیستبوو.  بەڵام لەم کاتەدا بە شێوەیەک گەشەی کرد، بەرهەمهێنان هەمووی کەوتە سەرشانی کۆیلە. هەر ئەم کۆیلایەتیەش بوو لە دواییدا بووە کۆسپ لە ڕێی پێشکەوتنی بەرهەمهێناندا، چونکە هیچ هۆیەک نەبوو مرۆڤی کۆیلە هانبدا بەرهەمهێنان گەشەپێبدا.  لەبەرئەوەی خۆی هیچ سوودێکی لەم گەشەپێدانە نە ئەدی. جگە لەوەش مرۆڤی کۆیلە لای یۆنانییە ئازادەکان مرۆڤێکی سووک و نزم بوو.  بەهۆی ئەم تێڕوانینەشەوە، بەسەریا سەپێنرابوو کە تەنیا کاری بەرهەمهێنانی دەستی بەڕێوەبەرێ.
ئایا ئەم گەشەکردنە لە کۆمەڵی یۆنانی ئەو سەردەمەدا چۆن هاتەدی؟.
پێویستە ئەوە بڵێین کە ئێمە لێرەدا نامانەوێ مێژووی ئەو کۆمەڵگەیە بنووسین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە باسێکی کورتە سەبارەت بە گەشەکردنی ئەم کۆمەڵگەیە و ئەو قۆناغە جیایانەی پیایدا تێپەڕبووە، هەتا قۆناغی دیموکراسییەت.  ئەمەش لە هەندێ شاری وەک (ئەسینا)دا بە مەبەستی تێگەیشتن لە فەلسەفەی ئەفلاتون کە لە تێڕوانینێکی چینایەتی ئەرستۆکراسیانەی داخ لە دڵەوە بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕژێمە نوێیەی خستە ئەستۆی خۆی و، هەوڵی  دامەزراندنی سیستەمێکی ئەرستۆکراسی ئەدا کە جێگای ئەم بگرێتەوە. ئەمەش لە فەلسەفەکەیدا کە پڕیەتی لە بەڵگەی میتافیزیکی بۆ ئەم مەبەستە و بۆ خستنەڕووی لایەنە خراپەکانی ئەم دیموکراسییە، دەرئەکەوێت.
ئەتوانیین بڵێین کۆمەڵی یۆنان لە سەدەی هەشتەمی(پ.ز)دا بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئابوورییەکی کشتوکاڵی ڕاوەستابوو کە چینێکی کێڵگەدار(زەویدار) دەسەڵاتی تیادا گرتبووە دەست. نمونەباڵای مرۆڤیش لەم کۆمەڵگەیەدا سەربەستی ئابووری بوو کە بۆ مسۆگەرکردنی سەربەستییە ئاکاری و ئەدەبییەکان پێویست بوو. بەڵام ئەم سەربەستییە بۆ چینی زەویدار نەبێ بەدینەهات. ئەوانیش یان پاڵەوانانی جەنگەکان بوون، یا وەچەی ئەم پاڵەوانانە بوون.
هەروها لەگەڵ ئەم موڵکدارە گەورانەدا کۆمەڵێک جووتیاری بچوکیش هەبوون کە خاوەنی هەندێک زەویوزاربوون، ئەمانە ژیانێکی سەخت و ناخۆش دەژیان، زەویوزارەکەشیان زۆر بێبڕشت و بێپیت بوو، بە جۆرێک کە گەرم و وشکی نەیئەهێشت بەرهەمەکەیان لە سنوورێکی تەسک دەرچێت، هاوکات  ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لادێکان لە کێڵگەی خاوەن زەویوزارە فراوانەکاندا کەوتنە کارکردن.
بەمجۆرە هەر موڵکدارە گەورەکان ئەیانزانی ئاسوودەیی چییە و هەر ئەوانیش تامی کامەرانییان چەشتبوو. نەک هەر ئەمەش بەڵکو بەشێکی داهاتەکەشیان بۆ تێرکردنی ئارەزووە تایبەتیی و شەهوانییەکانیان تەرخان کردبوو، هەموو هۆیەکانی ژیان و ڕابواردنیان بۆ ڕەخسابوو، بایەخێکی زۆریشیان دابووە درووستکردنی چەک و جۆرەکانی و چۆنیەتی بەکارهێنانی و داهێنانی نوێ تیایاندا، لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک کۆیلەیان بۆ خزمەتکردن لە ماڵەکانیاندا ڕاگرتبوو.
ئەوەی شایانی باسە لێرەدا، دابەشکردنێکی نوێی کۆمەڵایەتی بە پێی سامان و هێز دەرکەوت، لەگەڵ دابەشکردنەکەی تردا کە بە گوێرەی بنەچەو ڕەچەڵەک بوو. هاووڵاتیانیش لە شارەکاندا کۆمەڵ کۆمەڵ خۆیان ڕێکخست و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ژمارەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵانە کەم دەبوونەوە، واتا کۆمەڵەکان بچووکتر دەبوونەوە.  لەسەرەتاوە(خێڵ) دەرکەوت و دوایی (فێرارتری) کە لە خێڵ بچوکترە و ئنجا (جینۆس) کە ڕاستەوخۆ لە سەرووی خێزانەوە دێت.  واش دەرئەکەوێ کە (خێڵ) و (فێراتری) لە زۆر شوێن هەبوون، بەڵام(جینۆس) لە چەند شارێکی دیاریکراوا نەبێ دەرنەکەوتبوو.
ئەم بنەچەو بنەچەکارییە گراناییەکی زۆری خستە سەر دابەشکردنی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی هاووڵاتییان.  لەبەر ئەوە وردە وردە لەبەردەم دابەرشکردنێکی نوێدا سیفەتە دیاریکراوەکەی خۆی ونکردوو جێی پێی لێژبوو.  دوای ئەوەش سامانی شازادەیی و شەرەف یەکیانگرت و بوونە سەربەشی دەوڵەمەندەکان، چوونکە نەوەی پاڵەوانان بوون، نەک هەر ئەمەش بەڵکو خۆیان بە نەوەی خواوەندەکان ئەزانی و دەیانویست ببنە بوونەوەرێکی ئەفسوناوی و بەخەڵکیشی بسەلمێنن کە ئەو خوێنەی بە خوێنبەرەکانیانا ئەڕوا خوێنێکی پاک و بێ گەردە و لە خۆینی خەڵکی تر جیایە.
بەم جۆرە سەرۆک خێزانە گەورەکان بە گوێرەی شوێنی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ئابوورییان دەسەڵاێکی بێ هاوتایان هەبوو.
ئێستاش لە قۆناغی یەکەمی ئەو سێ قۆناغەداین کە کۆمەڵگەی یۆنانی پیادا تێپەڕی، واتا (ئۆلیگارکی) حوکمی ئەرستۆکراسی، دوای ئەویش فەرمانڕەوایی دیکتاتۆری ئینجا دەوڵەتی دیموکراسی.

دەوڵەتی ئەرستۆکراسی

ئەم دەوڵەتە ڕێکخستنێکی تەواوو پتەوی نەبوو، بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی ئەوتۆش لە ئارادا نەبوون کە ڕێکیبخەن و سەرپەرشتی بکەن. بەڵکو تەنیا خەزێنەیەکی دیارکراوو چەند کەسێکی دیاریکراو هەبوون کە سەرپەرشتی ئەو خەزێنەیان ئەکرد و هیچیتر، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە تێچوون و پارە خەرجکردن تەنیا تێچوونی پەرستگاکان بوو.  سووپایەکیش نەبوو کە پێویستی بە پارەیەکی زۆر بێ، چوونکە سەرباز لە سەرخۆی پێویست بوو کە خۆی چەکەکەی و تفاقی جەنگیی دابین بکا.
ئەم جۆرە ڕێکخستنەش زیاتر دەسەڵاتی چینە بەرزەکانی بەهێز ئەکرد، بە جۆرێک کە کەسی تر نەیئەتوانی بێتە سەر ئەم شانۆ مێژووییە و شان لە شانیان بدا و بەر بەرەکانیان بکا، دەوڵەت هەمووی هەر لە چنگی خۆیاندا بوو. ڕاستە، هەندێ جار لە هەندێ شاردا پاشایەک یان فەرمانڕەوایەک دائەنرا، بەڵام چینی شەریفەکان دەسەڵاتی ئەمانەیان ئەوەندە کەم کردبۆوە کە پاشایەتیەکەیان لە نازناوەکەیان تێ نەئەپەڕی، هەندێ جاریش هەر لەسەر کورسی فەرمانڕەوایی لایان ئەبردن، خۆ ئەگەر لاشیان نەبردنایە ئەوا وەک قازییەک ئەمانەوەو لە چەند کاروبارێکی ئاینی بەولاوە هیچ تریان بە دەست نەبوو.  شەریفەکان بە تەنیا حوکمیان ئەکرد و کۆمەڵەی هاووڵاتیانیش تەنیا شتێکی بە ڕواڵەت بوو”1″.  چونکە دەسەڵاتی ڕاستیینە بە دەست ئەنجومەنەوە بوو، کە لە ئەندامە میراتگرەکان یا ئەوانەی لە لایەن شەریفەکانەوە هەڵبژێردرابوون پێک هاتبوو، بە تایبەتی گەورەپیاوانی ئەم چینەش.  سنووری دەسەڵات و دەسکەوتیان بۆ هیچ یاسایەکی نووسراو نە ئەگەڕایەوە بەڵکو بۆ ڕەچەڵەک و ڕەسەنایەتییان کە خواوەند پێیبەخشیبوون.  ئەم دەسەڵات و دەسکەوتانەش لە باوکەوە بۆ کوڕ ئەمانەوە بە تایبەتیش لە ناو خێزانە گەورەکاندا کە نزیکییان لە خواوەندەکانەوە و، ڕەچەڵەک و ناوبانگ و داناییان ئەم گەورەییەی پێ بەخشیبوون.
کەواتە ئەم چینە؛ چینی خاوەن سامان ـ چینی شەریفەکان ـ ئەو چینە بوو کە دەستی گرتبوو بەسەر کورسی حوکمدا و دادگا و تەنانەت کاروباری ئاینیشی بۆ خۆی قۆرخ کردبوو.  ئەمەش لەبەرئەوەی توانیبووی دەسەڵاتی خۆی لە جەنگ و ژیانی ئابووری کۆمەڵگە دا بسەپێنێ، چونکە وەک وتمان ئەمانە دەوڵەمەندترین چینی کۆمەڵ بوون.” 2 ”  بەم جۆرە ئەمە حاڵی هەموو شارەکانی یۆنان بوو (ئەوەندە نەبێ هەندێک جیاوازی بچووک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر هەبوون)، واتا حوکم هەر حوکمی ئەرستۆکراسییەکان بوو، حوکمی پیاوچاکان بەگوێرەی ڕەچەڵەک و شوێنی چینایەتییان.
بەڵام میکانیزمی پەرەسەند دەسەڵاتی ئەم چینەی خستە مەترسییەوە و کۆڵەکەی فەرمانڕەوایەتیانی خستە لەرزین، چینێکی نوێی بۆ سەر شانۆی مێژوو بەرزکردەوە کە بەرهەمی ئەو نوێ بوونەوانە بوو لە مەیدانەکانی ئابووری و سامانی زۆر و جەنگدا بەدی هاتبوون.
هەروەها پەرەسەندنی تەکنیکی جەنگیش پاڵەیەکی (فاکتەر) کاریگەربوو لە دابڕینی بەشێکی زۆری دەسکەوتەکانی چینی شەریفان. لە بەرژەوەندی چینی ناوەند کە (هۆبلێت)یان پێ ئەوت.  (هۆبلێت) واتا پیاوی چەکدار، ئەمیش هاونیشتمانییەک بوو سەر بە چینی ناوەند، خەرجی پێویستییەکانی جەنگی خستبووە ئەستۆی خۆی و خزمەتکارێکیشی هەبوو لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیدا یارمەتی ئەدا.  ئەمەش سنوورێکی بۆ دەسەڵاتی شەریفەکان سەبارەت بە بەرگریکردن لە شارەکەیان دانا، لەبەرئەوە ئەم شەریفانە ناچاربوون بەشێکی دەسکەوتەکانیان بدەن بە چینی(هۆبلێت)، لە هەمان کاتیشا وازیان لە بەشێکی کەمتر هێنا کە وردە وردە بووە بەشی هەژارەکان.
بەڵام ئەوەی یارمەتی چینی ناوەندی ئەدا، لەجەنگدا پێشبڕکێی چینی شەریفەکان بکا و بەشێکی زۆری دەسکەوتەکانی ئەم چینەش زەوتبکا.  سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی بوو لە مەیدانی سامان و بەرهەمهێناندا.  با بزانین ئەمە چۆن هاتە دی؟
بێگومان ئەگەر سامانی زەویوزار پاڵپشتی شەریفەکان بووبێ ئەوا سامانی نوێ کە سامانێکی گوازراوەیە، لەگەڵ گەشەکردنیدا دەسەڵاتێکی زۆری بۆ خاوەنەکەی مسۆگەر کرد، ئەم سامانە نوێیەش بەرهەمی ئابوورییەکی نوێ بوو کە ئابووری شمەکی(کاڵا)و بازرگانی بوو.
لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی (پ.ز)وە بە شێوەیەکی گشتی پەرەسەندنێکی ئابووری هاتە دی، ((لەڕاستیدا)) نەک هەر پەرەسەندن بەڵکو شۆرشێک بوو لە منداڵدانی کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا گەشەیکردبوو. لێرەدا (ئەرستۆ) بەم شێوەیە وەسفی ئەم سەرەتایەمان لە (ئەسینا)دا بۆ ئەکا: بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان جەماوەری گەل و فەرمانڕەواکاندا لە ئارادا بوو، ئەمەش لەبەرئەوەی سیستەمی سیاسی سیستەمێک بوو کە کەمایەتی حوکمی ئەکرد.  جگە لەوەش هەژارەکان خۆیان و ماڵ و منداڵیان ژێردەستەی ساماندارەکان بوون و پێیان ئەوترا پیشەگەرەکان و- شەش یەک ـ چونکە بەو کرێیە کێڵگەی دەوڵەمەندەکانیان بەرهەم ئەهێنا.
بەڵام زەوی بە گشتی موڵکی چەند کەسێک بوو. خۆ ئەگەر جووتیارەکانیش کەمێک سستییان یا دوودڵییان لە بەڕێوەبردنی کارەکانیاندا بکردایە، ئەوا خۆیان و مناڵەکانیان، یان ئەفرۆشران یان ئەبوون کۆیلە و مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵ ئەکرا. لە ڕاستیدا هەرواش بوو چونکە ئەوەندەی پێ نەچوو جەستەی ئەم هەژارانە بووە برێتی قەرز و ئەم حاڵەش هەروا مایەوە تا زەمانی (سۆلۆن)، هەتا ئەو پیاوە هات کە یەکەم سەرکردەی گەل بوو.
بەم جۆرە کۆیلایەتی بەردەوام بوو، زۆربەی گەل لە ژێر سایەی یاسا و ڕژێمیکی دڕندەدا ژیانیان بەسەر ئەبرد،(3) لە ئاکامی ئەم ئاژاوە و پێکدادانەشدا (کۆڵۆنیالی)(4) یۆنانی سەری هەڵدا و لە سەرەتادا شێوەیەکی کشتوکاڵی ڕووتی بەخۆوە گرتبوو.  ئەمیش لە ئەنجامی ئەوەوە بوو کە زۆر کەس لە ترسی زەبر و زەنگ و لە دەست هەژاری و نەداری کە لە سایەی ئەو ڕژێمە کۆمەڵایەتی و ئابووریانەدا چەشتبوویان هەڵاتبوون و کۆچیان کردبوو. توانیان کۆنترین ئاوایی(کۆڵۆنیالی) لە خوارووی ئیتالیا و لە نزیک گەرووی بسفۆڕەوە دامەزرێنن، بە تایبەتی لەو ناوچانەدا کە خاکەکەی زۆر بە پیت بوو.
بە هۆی ئەم ئاوەدانکردنەوەشەوە کاروباری ژیان گۆڕا، پێویستییە سەرەکییەکان زیاد بوون و کەرەستەی سەرەتایی بۆ پیشەسازییەکان دابینکرا.  ئیتر کاروباری بازاڕ بە فراوانی ڕاپەڕی و بازرگانی گەشەی کرد و پێشبڕکێ دەسیپێکرد.
ئەمەش لە کاتێکا بوو فینییقیەکان ئەو رۆڵەیان نەمابوو کە لەوەوبەر ئەیاندی ـ واتا پەیوەندی کردنیان بە ڕۆژهەڵاتەوە ـ بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئێرانیەکان بە سەریانا سەرکەوتن و شکاندیانن.  بەڵام یۆنانییەکان توانیان بەرپەرچی هێرشی ئێرانیەکان بدەنەوە و بیانشکێنن، بەمەش بە تەواوی لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئاسیای بچوکدا ـ کە وڵاتی (لێدی) ئەکەوتە پشتیەوە ـ جێگیر بوون، توانیشیان دەست بەسەر دورگەکانی ئیجە و ڕۆدس و قوبروسدا بگرن و جێپێی خۆشیان لە دەڵتای نیلدا بکەنەوە.  لەم رێیەشەوە توانیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بگەنە شارستانێتیەکانی ڕۆژهەڵات و کەرەستەی خاوو بابەتی پیشەسازی درووستکراوو تەکنیک و زاننستیان لێ وەرگرن و هاوکاتیش بە ئاسانی درووستکراوەکانی خۆیان لەو ناوچانەدا ساغ بکەنەوە.
ئەم ئابوورییە شمەکییە بازرگانییەش بووە هۆی دەرکەوتنی پارە ـ واتا شمەکی گشتی ـ کە ئاڵوگۆڕی ئاسانکرد، ئەمەش لەسەرەتای سەدەی حەوتەمی(پ.ز)دا بوو.
گۆڕانی بەرهەم بۆ شمەک و دەرکەوتنی پارە ـ ئەو هێزە گەورە و کۆمەڵایەتییە نوێیە ـ و پەرەسەندی ئاڵوگۆڕکاری، ئەوانە هەموویان کارێکی زۆریان کردە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگە،  ئەم دۆخە جۆرە پێوەندییەکی نوێی هێنایە کایەوە کە بنچینەی کۆمەڵ و ڕژێمە سیاسیەکەی گۆڕی و چەشنە هەڵسوکەوت  و پێوەندییەکی نوێی لە ناو خەڵکیدا درووستکرد کە بووە هۆی تێکەڵبوونی چینەکان و هەڵچوونی ئەوانەی دژی ئەم تێکەڵبوونە بوون و داکۆکیان لە بنەچەو ڕەچەڵەک ئەکرد.  بە تایبەتیش کە بۆیان دەرکەوت سامان چ کارێکی سیحری ئەکاتە سەر گۆڕینی پێوانە کۆنەکان و داهێنانی پێوانەی نوێ بۆ جیاکردنەوەی چینەکان و، هەروا چ کاریگەریەکیشی لە پەرەسەندنی دابەشکردنی کار لە نێوان خەڵکدا و دابەشکردنیان بە گوێرەی شوێنی هەریەکەیان لە بەرهەمهێناندا بۆ چین  و دەستەی جیاواز، کە کەسانی هەریەکە لەم دەستە و چینە جیاوازانە کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەش کۆیان ئەکاتەوە و بە یەکیانەوە ئەبەستێ. یارمەتی دانیش لە سەر ئەو بنچینەیە درووست ئەبێ، نەک لەسەر بنچینەی خێڵ و عەشیرەت.  بەم جۆرە ئابووری شمەکی بازرگانی ـ کانزاکردن، ڕستن و چنین، گڵکاری ـ سەرکەوتنێکی مەزنیان لە گەلێک شاردا بە دەستهێنا، بێ ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژانیش کشتوکاڵ پشتگوێ خرابێ.
ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ئاسیای بچوکدا هاتە دی، بە تایبەتیش لە ناوچەی ناوەڕاستی کەناری ئیجەدا.  واتا شاری (ئایۆنیا) شاری (میلەش) ئەوکاتە چالاکترین شاری ئەم ناوچەیە بوو کە توانیبووی بە زۆر دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێ و بە زەبری هێز رێکەوتننامە بە بە شاری (سارد) مۆر بکات.  هەروا توانیشی سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی فروان و بەربڵاو بەرەو گەروەکان و دەریای ڕەش بکات، هەتا بە ڕای هەندێ کەس گەیشتنە دامەزراندن و ڕێکخستنی 90 شار و بازاڕی بازرگانی لە ناوچەکەدا.  هەروەها لە ڕێگای “سیباریس”شەوە بەرهەمەکانی خۆیان لە ئاسیادا ساغ ئەکردەوە.  ئەوەی ئاشکراشە ئەم شارە بەو سامان و توانا ئابووری و بازرگانییە ئەفسانەییەوە کە هەیبوو وای لە دراوسێکانی کردبوو چاوی لێبکەن،  بۆ نمونە شاری (مەرسیلیا) کە (ئەیونیو) لە ساڵی(٦٠٠ ی پ.ز)دا درووستیکرد  پێوەندییەکی بازرگانی پتەوی لەگەڵ ئایۆنیادا هەبوو، هەتا هاتنی ئێرانیەکان و داگیرکردنی ئایۆنیاش ئەم پێوەندییە هەروا مایەوە.  بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە ئەوروپادا کەمتر فراوان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشی ناوەەڕاستی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی یۆناندا چالاکی دەستی پێکرد، بە تایبەتیش لە شاری (کۆرنتۆس) کە شوێنێکی  لە باری هەبوو بۆ سەوداگەری و ئاڵوگۆڕکاریی لە نێوان ڕۆژهەڵات و، ڕۆژئاوادا و کەوتبووە سەر چەقی ڕێگای نێوان ئاسیای بچووک و ئەو شوێنانەی لە ئیتالیا و سقلیەدا ئاواکرابوونەوە.  ئەم چالاکییەش بە جۆرێکی ئەوتۆ لە دەوروپشتی کۆرنتۆس فروان بوو تا شاری (سکیونی) لە ڕۆژئاواو (میگارا) و (ئیجینا)ی لە ڕۆژهەڵات گرتەوە.(5)
بەڵام لە یۆنانی نوێدا کە بە هۆی کۆلۆنیالیەوە ڕووناکی بە خۆیەوە دیبوو تەنیا شارە ئاواکراوەکانی (سیسێلیا) و (ئیتالیا) ڕۆڵێکی ئابووری ئەوتۆیان ئەگێڕا کە شایانی باس بێت. بە تایبەتیش(تارنتا) لە ئیتالیا و (سرکستە) لە سیسێلیا گەیشتنە ڕیزی مەڵبەندە چالاکەکان. ئەوەش بە هۆی پەرەپێدان و زیادکردنی پیشەسازی ناوخۆییەوە بوو.

تەنگوچەڵەمەی سیاسی و کۆمەڵایەتی
بەم چەشنە سامانێکی نوێ هاتە کایەوەو شان بە شانی سامانی زەویوزار وەستا، ئەمەش ئەو سامانە گوازراوەیە بوو کە کەمجار نەبێت دەست شەریفەکان نە ئەکەوت، چونکە ئەوان هەندێک نەریت و ڕەوشتی کۆن لە بازرگانی و پیشەسازی دووری خستبوونەوە. مەگەر کاتێک کە هەستیان بکردایە پیویستیان بە نوێکردنەوەی سامانەکەیان هەیە.
بەڵام چینی دەوڵمەندی نوێ و نامۆ بە ڕەچەڵەکی ئەرستۆکراسی هاتە سەرشانۆ و بەسەر چینی فەرمانڕەوایدا سەپاند کە ئەبێ لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا حسابی بۆ بکرێ، چونکە کاتێک کە دەسەڵاتی ئابووری تەنیا لە دەست شەریفەکاندا نەمایەوە، بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسیش تەنیا لە دەستی ئەواندا نەمێنێتەوە، ئەمەش لە کۆمەڵگایەکی فرەچیندا شتێکی ئاساییە، چونکە هەموو سەرکەوتنێک لە مەیدانی سامانداریدا ئەبێتە هۆی سەرکەوتن لە مەیدانی سیاسی و حوکمداریدا.
٥
چینی سامانداری نۆێ، چینی بازرگان، داوای بەشی خۆی لە ژیانی سیاسیدا ئەکرد، بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامانی چینی ناوەند پشتیان گرت، بە تایبەتیش ئەو ئەندامانەی خەریکی کاروباری دەوڵەت بوون.
ئەوەی ئاشکراشە ئابووری نوێ بەو پێوەندییە نوێ و گەشەکردوانەوە کە هێنانییە کایەوە و بە هۆی چالاکی و فروانییەوە ئیتر لەگەڵ ڕێکخستنی قەزایی کۆن و سیستەمی عەشایەریدا نەئەگونجا، بەڵکو پێویستی بە ڕێوشوێن و کۆمەڵێک یاسای دیاریکراو بوو کە دووربێ لە خواست و ئارەزووی قازیەوە، پێویستی بە یاسادانانێکی نوێ بوو کە لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا بگونجێ، ئەمانەش هەموویان بوونە هۆی توندوتیژبوونی ناکۆکیەکان و بەرامبەریەک وەستانی چینەکان، ئەم هەڵوێستەش لەسەرەتادا شێوازی ڕەخنەگرتن و تانە ڵیدانی لە خۆگرتبوو کە چینی بازرگان دژی چینی ئەرستۆکراس پەیڕەوی ئەکرد.
لە ڕاستیدا دژایەتی ناوکۆمەڵگە هەر لە نێوان ئەم دوو چینەدا نەبوو، بەڵکو چینی سێیەمیش لەسەر شانۆ بوو کە دژی هەردووکیان بوو، بەڵام ئەوەندە هەبوو دژایەتیەکەی لەگەڵ چینی ئەرستۆکراسیدا توندتر بوو وەک لەگەڵ چینی خاوەن سامانی گوازراوەدا.  ئەمەش لە ئەنجامی ئەو تاڵاو و ناخۆشییەوە بوو کە لە ژیانیدا چەشتبووی و ئەو بارە ئابووری و ئاکارییە نالەبارەی کە خاوەن زەویوزارەکان بەسەریاندا سەپاندبوو.  ئەم چینە، چینی جووتیاری بچووک بوو، کە بەەست زەویدارەکانەوە ڕووبەرڕووی دڕندانەترین چەوساندنەوە بووبووەوە.
لێرەدا ئەگەینە ئەو تابلۆیەی کە ئەرستۆ سەبارەت بەم چینە ـ جەماوەری گەل ـ لە ئەسینادا کێشاویەتی ـ هەرچەندە باری ژیانیان لە دەرەوەی ئەسیناش لەمە باشتر نەبوو ـ قەرزاری و پارەوەرگرتن بە سوو، چی تریش لە ئەنجامی ئەمانەوە دێ لە کڵۆڵی و داماوی، هەروا بەربەرەکانیکردنی بەروبوومەکانیان بە هی لە دەرەوە هێنراو، ئەمانە هەموویان ببوونە بارێکی گران و نیشتبوونە سەر شانی جووتیارە بچووکەکان.
هەروا لە لادێکاندا تەنگ و چەڵەمە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆریک خەست بووبوونەوە کە هیچ چارەیەکیان لە بەردەم ئەم چینەدا ـ کە بەهۆی قەرزارییەوە هەموو زەویوزارەکانیان  زەوتکرابوو (6) نەهێشتبووەوە، ئەوە نەبێ، یان ئەبوایە بچوونایە ڕیزی ئەوانەوە کە لەکێڵگەی دەوڵەمەندەکانا بەکرێ کاریان ئەکرد و مامەڵەیاکی هەتا بڵێی دڕندانەیان لەگەڵا ئەکرا، یان ئەبوایە کۆچبکەن و ڕوو بکەنە ئەو شارە نوێیە دوورانەی تازە درووستکرابوون، یان ئەبوایە ببوونایە بە پیاوی سوپای بێگانە.
ئەم تەنگوچەڵەمانەش گەلێک جەنگی ناوخۆیی ترسناکیان لە زۆر ناوچەدا بەرپاکرد.  لە ئاکامی ئەمەشدا دەسەڵات لە دەستی شەریفەکانەوە گوازرایەوە بۆ دەستی چینێکی نوێ ـ بازرگانەکان ـ کە تا ڕادەیەکیش توانیبووی دەست بەسەرسامانی زەویوزاردا بگرێ کە جێ بە خاوەنەکەی پێشووی لێژ ببوو.  ئەمەش ڕق و کینەیەکی زۆری کردە دڵی ئەم خاوەن دەسەڵاتە کۆنانەوە.  خۆ ئەگەر سەرنجی ئەم پارچە کۆنەی (پیوگنیس)ی ئەرستۆکراسی بدەین، کە وەک خۆی ئەڵێ ئەگەر بیتوانیایە خۆینی دوژمنەکانی ئەخواردەوە، ئەوا بە ئاشکرا ئەم ڕاستییەمان بۆ دەرئەکەوێ.
پیوگنیس ئەڵی: (( شارەکەمان هەر شارەکەی جارانە، بەڵام خەڵکەکەی گۆڕاون، بەڵێ ئەوانەی جاران نەیانئەزانی ماف  و یاسا چییە و بە کەڵکی هیچ نەئەهاتن، ئەوا ئێستا ئەمانە باشن شەریفە کۆنەکانیش شوێنی خۆیان ون کردو بە کەڵکی هیچ نایەن. …. نازانم چۆن تۆڵە لەوانە بسێنمەوە کە موڵکەکانیان لێ زەوت کردم … ئاخ! ئەگەر بمتوانیایە خوێنی ڕەشیانم ئەخواردەوە)) (7)
بەم جۆرە لەم پارچەیەی (پیۆگنیس)دا دەرئەکەوێ کە ئەو بارودۆخە کۆنە گۆڕاو، ئەرستۆکراسی مڵکداریش بە جۆرێک تێکشکا کە موڵکەکانی لێ داگیرکراو شوێنی یاسایی و ئاکاری خۆی لەبەردەم ئەو چینەدا ونکرد کە لە (ڕەچەڵەکی خواوەندەکان نەبوو)!، نەک هەرئەمەش بەڵکو تاوانباریش کران و ڕاکێشرانە بەردەم دادگای (مس و ئاسن) تا مێژوو حوکمی خۆی بە سەریانا بدا، ئەم گۆڕانکاریەش گەلێک شاری گرتەوە و بە چەند شێوەیەکی جیاواز هاتە دی.  هەندێ جار لە ڕێگایەکی یاساییەوە و هەندێ جار شێوەیەکی توندوتیژی لە خۆ ئەگرت … ئەنجامی ئەمەش دەرکەوتنی یاسای نووسراوی یۆنانی بوو کە چەند پیاوێکی بڕواپێکراو دایاننان و ئەوەندەش گوێیان نەدایە خوڕەوشتی کۆن و، قازیش ئەو سەربەستییەی نەما کە بە ئارەزووی خۆی یاسا دانێ، هەر وەک لەوەوبەر ئەیکرد.  ئەم یاسا نوێیانە ئەوەندە خوو نەریتی کۆنیان لە خۆ نەگرتبوو، بەڵکو زیاتر بایەخیان بە گۆڕانی ئەو بارودۆخ و ئەو پێوەندییە نوێیانە دابوو کە هێزە چینایەتیەکان هێنابوویاننە کایەوە، بە جۆرێکیش کە خزمەتی ئەو بەرژەوەندییە نوێ و سەرکەوتانەیان ئەکرد ئەمەش لە لایەن خەڵکییەوە بایەخێکی تەواوی پێدرا چونکە بە شێوەیەک نەبوو کە هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵات و توانای خواوەندەکانا کۆبکاتەوە. بەڵکو پێویسیتیە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە نوێیەکانی دەرئەبڕی. بەم چەشنە خەڵکی بە چاوێکی نوێ بۆ یاسایان ئەڕوانی، کە بەرهەمی مرۆڤە و چارەسەری بارودۆخێکی دیاریکراو ئەکات.  هەر کاتێکیش ئەوبارودۆخەی ئەو یاسایانەی هێنابووە کایەوە گۆڕا، ئەوا پێویستە یاساکانیش بگۆڕێن، بەم پێیە یاساکان پیرۆزی خۆیان ونکرد و بوونە کردارێکی مرۆڤانە نەک خواوەندانە.  ئەمەش سەرەتای قۆناغێکی ئەقڵانی بوو کە لەمەودوا باسی ئەکەین.

قۆناغی فەرمانڕەوایی ئۆتۆکراسییەکان یان قۆناغی نێوان ئەرستۆکراسی و دیموکراسی.
ئەو ئاژاوە و تەنگوچەڵەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە و ئەو ململانێیەی لە نێوان سامانی ئەقاری و سامانی گوازراوەدا و، لە نێوان ئەم دوانە پێکەوە و جەماوەری گەلدا هەبوو هەلێکی لە باری بۆ چەند سەرکردەیەک ڕەخساندو توانیان سوود لەو بارە ئاڵۆز و پڕ مەترسییە وەرگرن کە ئەرستۆکراسیەتی تیا ئەژیا. هەروا توانیشیان جووڵەیەک بخەنە ئاوات و ئامانجی چینە هەژارەکانەوە. بەمەش پاڵپشتێکی باشیان بۆ خۆیان مسۆگەرکرد و تا ڕادەیەکیش ئەو بارە ئاڵۆزەیان هێمن کردەوە.  ئەم سەرکردانە بەشی زۆریان سەر بە ئەرستۆکراسی بازرگانی بوون. کە بە ڕووی ڕق و کینەی ئەرستۆکراسی ئەقاریدا وەستانەوە و، سۆز و سەرنجی گەلیشیان بۆ لای خۆیان ڕاکیشا کە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان پێویستیان پێ بوو.
هەروا ئەم سەرکردانە بڕوایان وابوو کە ئەبێ وڵات بە پێی دەستوور بەڕێوەبچێ و، خۆشیان بەردەوام چاودێری بەڕێوەچوونی هەموو دەزگا سیاسییەکانیان ئەکرد، هەوڵیشیان دا هەندێک لە دەردو ئازاری کۆمەڵایەتی کەم بکەنەوە. بەڵام هەر بە ڕاستی گوێیان نەدایە داخوازییە بنچینەییەکانی گەل، کە لابردنی قەرز و دابەشکردنی زەویوزار هەر وەک خۆی مایەوە.
فەرمانڕەوایی ئۆتۆکراسیەکان ـ لێرەدا وشەی (ئۆتۆکراسی) بە مەبەستە سادەکەی پێشووی نەمایەوە، بەڵکو هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ وشەی پاشادا نەبوو ـ توانی جۆرە هێمنی  و ئاسایشیەک بۆ ژیانی یۆنانیەکان مسۆگەر بکات، توانیشی تا ڕادەیەک جووتیارە بچوکەکان لە کۆت و پێوەندە کۆنەکانیان ڕزگاربکاو لە جاران سەربەستتربن بەرامبەر موڵکدارە گەورەکان و دراوسێکانیان.  جا ئەم چاکەکاریانەش بوونە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک باری ژیانی خەڵکی بەرزتر بێتەوە.
لە ڕاستیدا حوکمڕانیی ئۆتۆکراسیەکان جۆرە ئاشتیەکی چینایەتی بەدیهێنا و توانی تا ڕادەەیک توندوتیژی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان هێمن بکاتەوە و ئەنجامی ململانێ چینایەتیکەش ماوەیەک دوابخات.  ئەمەش بەوەی کە کاری بۆ خەڵکی ڕەشوڕووت دۆزییەوەو بایەخێکی زۆری بە خانووبەرە درووستکردن داو هەوڵیدا ئەدیب و هونەرمەندان بپارێزێ و لە خۆیانی نزیک بکاتەوەو، بایەخی بە جەژنە ئاینییەکان داو، هەروا هەندێک کاری گەورەی لە مەیدانی فراوانکردنی ئابووریدا بە دەستهێنا.
ئەم پەرەسەندەش زۆربەی شارەکانی یۆنانی گرتەوە، بەڵام هەندێک شار مابوون کە لە سنووری ژیانی لادێیانە دەرنەچووبوون و پشتیان هەر بە ئابوورییە کشتوکاڵییەکە بەستبوو و لە ژێر دەسەڵاتی موڵکدارە گەورەکاندا مابوونەوە.(8) چونکە ئەم پەرەسەندەی باسماکرد ئەو شوێنانەی گرتبوەوە کە گەشەکردنێکی ئابوورییان بە خۆیانەوە دیبوو هەروا پێشەسازی و بازرگانی تیایاندا برەوی سەندبوو.
ئەو چینەش کە توانی ئەم دەسکەوتانەی ئەرستۆکراسیزادەکان زەوتکا، یا هەر هیچ نەبێ بەشداریان تیابکا، چینی بازرگانی خاوەن سامانی گوازراوە بوو، کە لەهەمان کاتا بە ڕووی داخوازی چینە میللییەکانیشدا تەقییەوە و زێتر کەوتە چەوسانەوەیان.  تا ئەوکاتەی کە مافی هەڵبژاردن و دانانی دەزگاکانی دەوڵەت دانرا، واتا تا سەرهەڵدانی دیموکراسیەت.
بۆ نمونە لە شاری(میلە) لە سەرەتای سەدەی شەشەمی(پ.ز)وەو بە درێژایی ٦٠ ساڵ پێکدادان و لێدان لە نێوان ئەوانەدا کە بەدەست شەریان ئەکرد ـ واتا ئەو هەژارانەی چەکیان نەبوو ـ و ئەوانەی سواری دەریا ئەبوون ـ ساماندارەکان ـ ڕوویدا.
لەگەڵ ئەمانەشدا جار جار هەژارەکان هەندێک مافیان بەدەستهێنا و بەشداری ژیانی سیاسیان ئەکرد.  هەروا چینی ناوەڕاستیش بە چەند ئەندامێک لەو ژیانەدا بەشداربوو، ئەمەش لەسەرەتای سەدەی شەشەمی (پ.ز)داو لەو دامەزراوەنەدا کە ڕژێمی دیموکراسی بە ڕێوەی ئەبردن، بۆ نمونە لە شاری کیوس و دوای ئەویش بە ماوەیەکی کەم لە شاری ئەسینا ئەمە بەدیهات.

ـ دەوڵەتی دیموکراسی ـ
ئەو چەشنە موڵکداریەی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکاندا بە تەواوی بەسەر چووبوو، تەنیا لە هەندێک ناوچەی دوور لە یۆنان نەبێ کە پێوەندی توندیان بە ڕۆژهەڵاتی موڵکدارییەوە هەبوو.
لە دوادوای سەدەی شەشەمەوە ڕژێمی ئۆتۆکراسی لە زۆربەی شارەکانی یۆناندا بە هۆی دەوڵەتی دیموکراسییەوە جێی پێلێژبووبوو، چونکە ئەو ڕژێمە کۆنە ببووە کۆسپێک لەبەردەم پەرەسەند و جێگیربوونی دەسەڵاتی چینی دەوڵەمەندی نوێ کە خاوەن پیشەسازی و بازرگانەکان بوون، لە بەرئەوە پێویست بوو بەرەو پووکانەوە بچێ.  لێرەشەوە پێویستە ئاگاداری گەشەکردنی ئەم ڕژێمە نوێیە بین بۆ ئەوەی لە فەلسەفەی ئەفلاتون  بگەین کە دژی دیموکراسیەت ڕاوەستاو پێی وابوو خراپترین جۆری ڕژێمی حوکمە.
ئەم پەرەسەندەی باسمانکرد لە سەرەتادا لە ئەسینا دەستی پێ نەکرد تا سەدەی شەشەمی (پ.ز) لەوێ دەرنەکەوت، بەڵام ئەوەندە هەبوو لێرە پەرەسەندنەکە خێراتر و قوڵتر بەرەوپێشەوەچوو و لە ماوەی سەدەیەکدا لە چاو شوێنەکانی تردا گەلێک ئەنجامی باشی بەدەستهێنا.  هەر لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمەوە، بگرە پێشتریش دەوڵەت گەلێک هەنگاوی گەورەی لەبارەی بەهێزکردنی دامەزراوەکانییەوە نا، ئەمەش لەسەر حسابی تەسک کردنەوەی دەسەڵاتی عەشایەری بوو.
(ئەزراکن)یش لەم کاتەدا لەسەردەمی دەسەڵاتی (ئەرێستخس)دا لە ساڵی ٦٢١دا پ.ز یاساکانی داناو هەوڵیدا مۆنۆپۆڵی دەسەڵات لە دەست ئەندامە کۆنەکان نەهێڵێ.  دەقی یاساکانیش داوای ئەوەیان ئەکرد کە پێویستە ئەنجومەنی شورا لە (٤٠١)ئەندام پێکبێت و لەو هاووڵاتیانەی کە مافی مەدەنییان هەیە و ناویان لە قورعەدا دەردەچێ. هەروا پێویست بوو تەمەنی هەموو هاووڵاتیەکیش لە ٣٠ ساڵ تێپەریبایە ئینجا ناوی ئەچووە قورعەوە، هیج کەسێکیش بۆی نەبوو پێش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکە دووجار شوێن وەرگرێ.  یاساکانیش لەسەیرانگای (ئاریس باگس)دا دانراوبوون و هەرکەسەش ناڕەزاییەکی هەبوایە یان هەستی بکردایە مافی خوراوە دەیتوانی بچێتە ئەو سەیرانگایەو ئەو یاسایە دەستنیشانبکا کە زیانی پێگەیاندوو.
بەمجۆرە ئەبینین مافی میللی لەسەر ئاستی سیاسی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەی ئەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵکێکی زۆر هەر لە ژێر باری قەرزدا بوون و زەویوزارەیش هەمووی بەدەست چەن کەسێکەوە بوو. لەم بارودۆخەدا و لە سایەی یاساکانی (ئەزراکن)ەوە بازرگانە سووخۆرەکان زۆر دڕندانە کەوتنە چەوساندنەوەی جووتیارکان بە جۆرێک کە ڕادەی سوو وەرگرتن گەیشە ٥٠% ئەمەش بووە هۆی تیژبونەوەی تەنگوچەڵەمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و جووتیارەکانیشی خستە بارێکەوە کە یاخیبن و داوای دابەشکردنی زەویوزار بکەن.
بەڵام شازادەکان زوو لەوە گەیشتن کە بۆ ئەوەی لە یاخی بوونی جووتیارەکان ڕزگاربن پێویستە لەگەڵ بازرگانەکان یەک بگرن، چونکە ئەگەر موڵکایەتی تایبەتی بکەوێتە مەترسییەوە ئەوانیش وەک ئەمان زیانیان پێئەگا.  بەم جۆرە لە دەوروبەری ساڵی ٥٩٢دا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەیان دایە دەست(سۆلۆن) بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بارە ئاڵۆزە، هاوکاتیش توانیان کانگای زیوی(لۆریۆن) بهێنەبەر چونکە بنچینەیەکی ماددی بەهێزبوو بۆ پێشکەوتنی ئەسیناو دەسەڵاتەکەی.
(سۆلۆن) دەستی خستە پێوەندییە موڵکایەتیەکانەوەو قەرزەکانی لابرد. هەروەک لە شیعرەکانی خۆیا دەرئەکەوێ بەردێکی ڕەهن کراوی لە پارچە زەوی قەرزارەکانا نەهێشت.  ئەوکەسانەش کە بە بێگانە فرۆشرابوون، یان لە تاو قەرزاری هەڵاتبوون هەموویان گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.
بەمجۆرە ـ سۆلۆن ـ قورسایی ئاژاوەو نالەباریی دۆخەکەی خستە ئەستۆی شازادەکان و، هەندێک لە دەسکەوتەکانی لێ سەندن، بەڵام هەر نەیتوانی زەویوزار دابەشبکا.(9)
بە شێوەیەکی گشتی ئەتوانین بڵێین چاکسازیەکانی(سۆلۆن) لەبەرژەوەندی بازرگان و پیشەگەرەکان بوو، توانیشی باری ژیانی چینی ناوەڕاست ڕێکبخات، لە هەمانکاتیشا گەلی ئازادکرد، بەوەی کە نابێ چیتر جەستەی خەڵکی لە بری قەرزبێت و قەرزەکانیشی لابردن.  بەم شێوە دەستووری نوێی بۆ ئەسیناییەکان داناو پێڕەوی نوێی بۆ داڕشتن، بە جۆرێک کە هیچ پێویستییەکیان بە یاساکانی (ئەرزراکن) نەمێنێ. تەنیا یاسای مرۆڤ کوشتن نەبێ کە بۆ پێرەوکردن ئەشیا.
(سۆڵۆن) هاونیشتمانیەکانی بۆ چوار دەستە ـ چوار چین ـ دابەشکرد، ئەمەش بە گوێرەی موڵکایەتی ئەقاری و داهاتیان، ٥٠٠ و ٣٠٠ و ١٥٠(مزمن) ـ کە ١ مزمن ئەکاتە (٤١)لیتر دانەوێڵە، ئەمەش نزمترین سنوور بوو کە شوێنی هەریەکەی لە سێ چینەکەی پێشوو پێ دیاری ئەکرا.
بەڵام ئەوانەی کە داهاتیان لەم ڕادەیە کەمتر بوو، یان هەر هیچیان نەبوو چینی چوارەمیان پێک ئەهێنا.
پێویستیش بوو کە هەموو کاروبارو دەسەڵاتەکان بە دەست نوێنەرانی سێ چینەکەی یەکەمەوە بێت، چینی چوارەمیش مافی دەنگدان و قسەکردنی لە کۆبوونەوە میللییەکاندا هەبوو، هەر لێرەشەوە هەموو فەرمانبەرەکان هەڵئەبژێردران و حسابی چالاکی خۆیان پێشکەش ئەکرد و، هەر لێرەشەوە هەموو یاساکان دائەنران و هەر لێرەشەوە دەرکەوت کە چینی چوارەم زۆربەی گەل پێک ئەهێنێ.
بەم چەشنە(سۆلۆن) جێپێی چینە میللیەکانی لە حوکمداریدا کردەوە، ئەسیناییەکانیش زۆر بە خێرایی و سیاسیانە خۆیان پەروەردە کردو لەوەش گەیشتن کە پاراستنیان لە دەست ڕژێمێکی خراپ و لە دەست ستەمی ستەمکاران لەوەدایە کە خۆیان حوکمی خۆیان بکەن. ئەوەش کە هۆشیاری سیاسی لای یۆنانییەکان پەرەپێداو وایلێکردن کە هەموویان بایەخێکی تەواو بە چاودێریکردنی دەسەڵاتی سیاسی بدەن، ئەو یاسایە بوو کە (سۆلۆن) داینا.  ئەمەش لە کاتێکا بوو کە کڵپەی ئاگری شۆڕش لە ناو دەوڵەتا گڕی سەندبوو و ، سەرنجی دا هەندێک لە هاووڵاتیان بێلایەن ئەوەستن و چارەنووسیان ئەدەنە دەست قەدەر.
دەقی یاساکەش ئەمەیە:
” لە کاتێکا کە ئاگری شۆڕش لە ووڵاتا هەڵگیرسا، ئەوانەی کە دەست نادەنە چەک لەگەڵ لایەکدا، بێ کەرامەتن و پێویستە لە هەموو مافێکی مەدەنی بێ بەشبکرێن.”(10)
ئەگەر سەرنج بدەین لە دەستوورەکەی(سۆلۆن)دا هەندێک دەسکەوتی ئەرستۆکراسی بە شێوەی سامان ئەچەسپێنرێ.  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەل توانی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێ، چونکە ئەوەی کە خاوەنی سەرەکی دەنگدان بێ ئەبێ خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیش بێ، واتا خاوەنی حوکمیش بێ.  لەمەشەوە هەندێک دەسکەوتی گرنگتر دابینکران، وەک ئەوەی کە نە ئەبوو ئیتر جەستەی خەڵکی لە بریتی قەرزبێت و هەموو کەسێکیش بۆی هەبوو داکۆکی لە زۆر لێکراوان بکاو مافی تێهەڵچوونەوەش لە دادگادا جێگیرکرا.
بەمجۆرە سنوورێک بۆ پرۆسێسەکانی قەرزکردن و سووەرگرتن و زۆر رۆیی لە چەقەبەستنی(تمرکز) زەویوزاردا دانرا.  هەروا بازرگانی و پیشە و پیشەی هونەری کە لەسەرەتای گەشەکردنێکی باشدا بوون بە پاڵپشتیی کاری کۆیلە کەوتنە چالاکییەکی فراوان و بەربڵاو.  خەڵکی زیاتر بەرەو شارستانێتیی و ڕووناکی ڕۆیشتن و، بە پێچەوانەی جارانیشەوە کە دەوڵەمەند و بازرگانە ئەسیناییەکان هاونیشتمانەکانی خۆیان زۆر بە توندی ئەچەوساندنەوە، ئەوە بوو ئەم وەبەرهێنان و چەوساندنەوەیان خستە سەر کۆیلەو کڕیارە بێگانەکانی شمەکە ئەسیناییەکان (11).
هەروەها سامانی گوازراوەش ـ وەک سامانی پارەو کۆیلە و کەشتی وـ هتد، زیاتر گەشەی کردو بە شێوەیەکی گشتی بووە ئامانجی خەڵکی. لە هەمان کاتیشا ململانێی حزبەکان هەر بەردەوام بوو، ئەرستۆکراسیەکان بە هەموو جۆرێک هەوڵیان ئەدا دەسکەوتەکانی جارانیان بگێڕنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش شاری(سپارتە) پشتگیری کردن، بەڵام گەل بەسەرکردایەتی (کلیستن) توانی بەرەوڕوویان بێتەوە و لە ساڵی ٥٠٩ پ.ز دا بیانشکێنێ و سەرکردەی حزبی ئەرستۆکراسیەکانیش کە (ئیزراگۆس) بوو بەدیل بگرێ.
(کلیستین) بەرێوەبردنی بەشێوەیەکی نوێ ڕێکخست و دانیشتوانیشی بە پێی شوێنی دانیشتنیان دابەشکرد، بەم جۆرە دەورە سەرەکییکەی ڕەچەڵەک لە خوێن و خزمایەتییەوە گۆازرایەوە بۆ (شوێنی دانیشتنی هەمیشەیی) ئەم شوێنانەش لە شێوەی پارێزگاکانی ئەمڕۆدا بوون.
(کلستین) هەموو هاونیشتمانەکانی بۆ (دە) هۆزی ناوچەیی دابەشکرد، ئەمەش لە جیاتی چوار بەشەکەی پێشوو هەر هۆزێکیش بۆ (دە) (دیمۆس) واتا (بازنە) دابەشکرد.
بەمجۆرە ناوچەی (ئەتیک) بۆ سەد دیمۆس دابەشکرا، ئەوهاونیشتمانانەی لە دیمۆسێکدا ئەژیان سەرۆکێکیان هەڵئەبژاردو هەروەها خەزێنەیەک و سێ قازیش کە دادوەری تەنگوچەڵەمە بچووکەکانیان ئەکرد.  بەڵام دەسەڵاتی باڵا یان وشەی کۆتایی لە دیمۆسدا بۆ کۆمەڵەی دیمۆسیەکان بوو، هەموو هۆزێکیش ٥٠ نوێنەری خۆی بۆ ئەنجومەنی ئەسینا هەڵئەبژارد کە لە ٥٠٠ ئەندام پێکهاتبوو، و نوێنەری (دە) هۆزەکە بوون، واتا تێکڕای ئەسینایییەکان.
بەم جۆرە دیمۆکراسیەت لە ئەسیناو گەلێک شاری تری یۆناندا سەرکەوت، بەڵام دەسەڵاتی ئۆلیگارکی (کەمایەتی)و ئەرستۆکراسی لە هەندێک شاری وەک سپارتە دا هەرمایەوە، جا پێش ئەوەی کۆتایی بەم کورتە مێژووە بێنین پێویستە شتێک دەربارەی کانگای زیوی (لۆریۆن) بڵێین:
لێرەدا وێنەیەکی وەک ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونمان دێتەوە بەرچاو، کۆیلە زۆر بە پەلەو لە لە ژێر چاودێرییەکی بەردەوامدا کار ئەکا، هیچ گوێ نادرێتە مانەوەی وزەی کارکردنی، کانگاکان وەک داڵانێکی تەسکی تاریکن، هەندێک چرای دوکەڵاوی کەمێک رووناکی کردوونەوە، ئالێرەدا مرۆڤی کۆیلە بەو ئامێرە ساکارانەی بە دەستیانەوە بوو کاریان ئەکرد، دوای کارکردنیش لە ئۆردوگایەکدا ـ کە هەرگیز جێی مرۆڤ نەبوو ـ کۆ ئەکرانەوە، نە ئەبوو خێزانەکانیان لە گەڵدابێ چونکە خواردنێکی زیتریان پێویست ئەبوو، بە هۆی ئەو گازانەشەوە کە لە کانزا تواوەکانەوە بەرز ئەبوونەوە هیچ شوێنەوارێکی ڕووەک لە دەوروپشتیان نەمابوو، سروشتێکی وشک و برینگ دەوری دابوون. ئەم ژیانە سەختەش بووە هۆی هەڵاتنی زۆر لە کۆیلەکان و سەرهەڵدانی شۆرشە کرێکارییەکان، کە سەرەتا بوون بۆ ئەوانای لە ڕۆما و سیسلیا و ئیتالیادا روویان دا.
بەمجۆرە ناوچەی (لۆریۆن) لە یۆنانی کلاسیکیدا زروفێکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆمان دێنێتە پێش چاو، لە زروفی هەندێ ناوچەی پیشەسازی ئەمڕۆ ئەچێ، کە کرێکاران کاری تێدا ئەکەن.
ڕاستییەکی تریش هەیە پێویستە بیڵێین، ئەویش ئەوەیە کە هاونیشتمانە ئازادەکان بە تەواوی پەرەیان بە چالاکی ئابووری دا. (بریکلیس)یش لەسەدەی پێنجەمی(پ.ز)دا بڕیاری دا موچە بە قازییەکان و ئەندامانی ئەنجومەن و دادگا میللیەکان و سەربازەکان بدا. لە سەرەتای سەدەی چوارەمدا ئەم مووچەیە ئەوانەشی گرتەوە کە لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گەلدا بەشداریان ئەکرد. ئەمەش بە مەبەستی بەشدارکردنی هاونیشتمانە هەژارەکان لە خزمەتکردنی شاردا. بەڵام ئەم لە مووچەدانە لەگەڵ ئەوەش کە کەم بوو، بووە هۆی دوورکەوتنەوەی هاووڵاتیان لە پیشەگەریی، چونکە لە سایەی ئاکاری جیاکردنەوەی کاری بیری و بازوویی، بەشداری کردن لە کاروباری دەوڵەت ئاسانتر بوو لە پیشە دەستییەکان، جگە لەوەش کاری بیرلە سایەی ئەو ڕژێمەدا جێگای ڕێزو گەورەیی بوو، بە پێچەوانەی کاری بازووییەوەکە سووکی و نەنگی بوو، نزم بوونەوە بوو بۆ ئاستی کۆیلایەتی، جا لەم زروفەدا کە لەم کورتەیەدا لێی دواین فیکری یۆنانی گەشەی کردو هەوڵی دا بە شێوەیەکی زانستیانە لە سرووشت بکۆڵێتەوە، هەروا گەشەکردنی ئەم بیرەش لەگەڵ تێکشکانی ئەرستۆکراسی خاوەن زەویوزاردا لەبەردەم چینی بازرگانی خاوەن سامانی گوازراوەدا هاوکات بوو.
لەگەڵ دەرکەوتنی دیموکراسیەت دا فەلسەفەی ئەفلاتونیزم سەری هەڵدا کە ململانێیەکی ئایدیۆلۆژیانەی دژ بە دیموکراسیەت و ئەم ڕووخانە مێژووییەی ئەرستۆکراسیەت بوو.
هەروا لە سایەی ئەم ڕژێمەدا کاریگەری چینە میللیەکان ـ مس و ئاسن ـ (12) زێتر پەرەی سەند.
فەلسەفەی یۆنانیش لەگەڵ ئەفلاتون دا تەواو گەشەی کرد و بووە وەجاخ زادی چینی زێڕین واتا چینی ئەرستۆکراسی و لە خزمەتی ئەم چینەشدا بوو. ئاواتی سەرەکی ئەفلاتونیزم ئەوەبوو کە بیسەلمێنێ گوایە حوکمی باش و دادپەروەرانە نابێ حوکمی دیموکراسی بێ، نابێ حوکمی گەل بێ، نابێ حوکمی ئاسن و مس بێ؛ بەڵکو حوکمی باش و درووست لای ئەفلاتون حوکمی ئەرستۆکراسییە، حوکمی دەستەیەکی نایابە، حوکمی زێڕە، حوکمی ئەوانەیە کە نمونەی باڵای(المپل العلیا) ماف و چاکە و دادپەروەری و جوانی دەبینن و کاروباری زەویش لەم تێڕوانینەوە ڕێک دەخەن.

بەشی دووەم

سەرهەڵدانی هوشیاری تیۆری و تەسک بوونەوەی میتۆلۆژیا
قوتابخانەی ئایۆنا  Ionic School(13)
تالیس ـ ئەناکسیمەندەر ـ ئەناکسێمانس: Thales، anaximander، Anaximenes
سەرهەڵدانی ئەم قوتابخانەیە هاوکاتی گەشەکردنی ئابووری شمەکی و پەرەسەندی سامانی گوازراوە و دەرەکەوتنی پارە بوو.
لەسەر ئاستی سیاسیش ئێستا لە قۆناغی تەسک بوونەوەی شوێنی شەریفەکان و گەشەکردنی دەسەڵاتی چینی بازرگانی نوێداین، لە قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنی مافی میللی و نووسینی ئەم مافە لە یاسا مرۆییەکانی سەر زەوی دا، نەک لە یاساکانی ئاسمان و خواوەندا.
ئێستا لە سەدەی شەشەمی پ.ز.داین، سەدەی توێژنیەوەی ئەقڵانی سەبارەت ڕووداوو دیاردە سرووشتی و کۆمەڵایەتیەکان، ئەو توێژینەوەی کە جێی بە میۆلۆلژیا  لێژکرد، ئەمەش لە ئەنجامی پاشەکشەی ئەرستۆکراسی و ئایدۆیۆلۆژییەکدا بوو.  ئێستا لە گەڵ سێ موفەکیرین کە کاریان بازرگانیی بوو، مامەڵەیان بە پارە ئەکرد، بەو شمەکەی هەموو شمەکەکانی تری پێ ئەپێورا ـ پارە شمەکێک بوو بە هەر ڕێگایەک بوایە شمەکەکانی تری ڕێک ئەخست ـ بێ گومان ئەم ڕووتکاریەش “Abstraction” ـ لە سەر ئاستی ئابووری کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر گەشەکردن و دەرکەوتنی ڕووتکردنەوە لە ئاستی هۆشیاری فیکری دا هەبوو.  ئەمەش لە بیرڕاو بۆ چوونەکانی ئەم سێ بیرمەندەدا ئەبینین.
تالیس ـ 624 ـ 546 پ.ز:  Thales
تالیس زانایەکی ئەستێرەناس و ماتماتیک زانێکی لێهاتوو بوو، سەری لە ڕۆژهەڵات داوە و شارەزای شارتانیەتیەکانی بووە، وای لێ ئەگێڕنەوە پێشبینی ئەو خۆرگیرانە هەمەکیەی کردووە کە لە 28 ئایاری ساڵی 585 پ.ز ڕووی داوە. هەوڵی داوە میتۆلۆژیا بخاتە لاوە و دیاردە سرووشتییەکان بە شێوەیەکی زانستی و لەسەر بنچینەی تێبنیکردن و تاقیکردنەوە لێک بداتەوە.
لە ڕاستیدا ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ڕاست و تەواویی لێکدانەوەکانی نییە، بەڵکو زانین و توانای بۆچوونەکانیەتی، چونکە لەم قوتابخانەیەدا جارێ لە وە دوورین کە ماتریالیزم و ناماتریالیزمی یان سرووشتی و سەروسرووشتی لێک جیا بکەینەوە.
لای ئەم قوتابخانەیە مەسەلەی خواوەند وەک جاران نەمایەوە، خۆ ئەگەر شاعیرانی پێشتر باسی خواوەندیان کردبێ ئەوا لێرە ئەم مەسەلەیە بۆتە وتنەوەی پێویستی ماتەر “Matter ” بەمەش توانیان تا ڕادەیەک ڕێ لەبەردەم زانستە سرووشتییەکاندا خۆشبکەن.
بە ڕای تالیس هەموو شتەکان بۆ یەک سەرچاوە ئەگەڕێنەوە، واتا هەموو دیاردەکان هەرچەندە لێک جیاوازبن بەڵام هەر یەک دیاردەن و جیاوزی نێوان شتەکانیش بۆ جیاوازی ئەو دۆخانە ئەگەڕێتەوە کە بنیچە سەرەکییەکەیان پیا تێپەڕیوە ـ ئەم سەرچاوەیەش ـ یا ئەم بنچینە سەرەکیەش(ئاو)ە.
شتەکان هەموویان زیندوون چونکە ئەبزوێن، بزووتنەوەش ڕۆحی شتەکانە و بە شێوەیەکی هەمەکی چۆتە ناخی گەردونەوە .
ئەوەی سەرنج ڕائەکێشی لای (تالیس) ئەوەیە کە بایەخێکی زۆری بە وەڵام دانەوەی ئەم دوو پرسیارە داوە:
شتەکان لە چی درووست بوون؟ چۆن درووست بوون؟ هەروەک ئەرستۆ باس ئەکا تالیس سەرنجی ئەوەی دابوو کە ڕووەک و ئاژەڵ لەسەر (شێ) (تەڕی) ئەژین، ئاویش سەرچاوەی شێ و تەڕییە، هەموو شتێکیش لەو شتە درووست ئەبێ کە پێی ئەژی.  نەک هەر ئەوەش بەڵکو خاک(خۆڵ)یش لە ئاوێکی وەستاو پێک هاتووە، هەروا زەویش بە گشتی لە ئاو پێک هاتووە و وەک پەپکەیەکیش  وایە بەسەر ئاوەوە، ئەگەر جوڵایەوە بومەلەرزە ڕووئەدا، ئەگەر شی بوەوە ئەبێتە هەوا و ئاگر و دوکەڵ و هەڵم .. هتد، بەم جۆرە ئەمانە هەموویان لە ئاو پێک دێن، ئەویش بە هۆی ئەو گۆڕانانەوە کە بەسەر دۆخەکانی ئاودا دێن، ئەم دۆخانەش هەمیشە لە گۆڕاندان.
لە ڕاستیدا ئەوە پوختەی بیری تالیسە، بەڵام شتێکی تر هەیە کە پێیوستە سەرنجی بدەین، ئەویش ڕێباز و ڕووی ئەم بیرەیە و ئەو کێشانەیە کە ڕووبەڕووی بوونەوە، چونکە لێکدانەوەی سرووشت بە سرووشت، یان بە یەکێک لە توخمە سرووشتیەکان، واتای خستنە لاوەی هەموو هێزە دەرەکیەکان ئەبەخشێ و بریتیە لە سەلماندنی یەکێتی شتەکان کە لە دوای زۆرەتییەکی ڕووکەشەوە شاردراوەتەوە.
ئەمانەش هەموو بوونە هۆی ئەوەی کە چەشنە گۆڕانکاریەک لە لێکۆڵینەوەی بیری یۆنان دا بێتە دی، بە جۆرێک کە ڕێخۆشکەر بێ بۆ گەشەکردنی زانستە سرووشتییەکان، هاوکاتیش هەندێک گیروگرفتی تر بخاتە ڕوو، کە قوتابخانەکانی دوای خۆی بە جۆرەها شێوە وەڵامیانداوەتەوە.
ئەناکسێمەندەر(610 ـ 546 پ.ز). Anaximander
ئەمیش وەک تالیس خەڵکی شاری مالتیایە، ماڵتیاش لەم سەردەمەدا شارێکی بازرگانی بە برەو بوو، ژمارەیەکی زۆریش کۆیەلەی تیا ئەژیا.  لەم شارەدا ململانێیەکی توندوتیژ لە نێوان شەریفەکان و بازرگانەکاندا و لە نێوان ئەم دوو چینە پێکەوە و چینی هەژارە ئازادەکان بەردەوام بوو.  بەڵام هەندێک جار بە هۆی کۆڵدانی هەریەکە لەم چینە دژ بەیەکانە ململانێیەکە کەمێک هێدی ئەبوەوە و ئاشتییەکی کاتیی باڵی بەسەر شاردا ئەکێشا. کەچی ئەوەندەی پێ نەئەچوو ئەم ئاشتییە لە ژێر کاریگەریی دژایەتی و ململانێ نوێیەکاندا تێک ئەشکایەوە و شار ئەگەڕایەوە دۆخی جاران.  ئەم بارودۆخەش بە شێوەیەکی ئاشکراو بەرچاو لە بیری ئەم بیرمەندانەدا ڕەنگیان دایەوە، ئەمەش لە باسەکانیاندا سەبارەت بە سرووشت و پەێوەندی شتەکان پێکەوە و ململانێی نێوانیان و ئەو حوکمەی یاسای (کات) لە سەریان ئەیکا، دەرئەکەوێ.
ئەناکسێمەندەریس بە بازرگانیەوە خەریک بوو، هاوکاتیش لە بارەی سرووشت و جوگرافیاییەوە ئەینووسی و، توانیشی نەخشەی زەوی بکێشێ. بەڵام ئەوەی زیاتر بایەخ بە لێکۆڵینەوەکانی ئەدا پەیڕەوە ئەقلانی و ڕێکخستنە لۆژیکییەکەیەتی.
ئەمیش وەک تالیس بە دوای سەرچاوەیەکدا ئەگەڕا کە هەموو بوونەوەرەکانی بچنەوە سەر، بەڵام ئەم سەرچاوەیە نابێ (ئاو)ە کەی تالیسی بێ، یا هیچ ماتریالێکی دیاریکراوو سنوورداربێ، چ لە لایەنی چۆنێتی و چ لە لایەن چەندێتییەوە، چونکە سنووردار و دیاریکراو ناتوانن بە تەواوی گٶڕان و زۆرێتی سرووست لێک بدەنەوە. کەواتە ئەناکسێمەندەریس بە دوای سەرچاوەی بوونەوەرەکاندا ئەگەڕێ و لە ئەنجامدا سەرچاوەیەکی دیاری نەکراوو بێ سنوور و بێ کۆتایی ئەدۆزێتەوە، ئەم سەرچاوەیەش پێی ئەوترێ(ئەپیرۆن) واتا (بێ سنوور) یا ( دیارینەکراو).
ئەم ئەپیرۆنە هەمیشەییە و ئەزەلییەو نەمرە و لە ناو ناچێ، هەموو شتەکان لەوەوە درووست بوون و هەر بۆ ئەویش ئەگەڕێنەوە، هەمیشە بزێوە و بزووتنەوەکەش ئەبێتە هۆی دیاری کردن و سنووردانان؛ لەم ڕێگایەشەوە جیهان و ئاسمانەکان درووست بوون و هیچ هۆیەکیش لە دەرەوەی ئەپیرۆن و بزووتنەوەکەی دەستی لەم درووست بوونەدا نییە.  کاتێک کە ئەپیرۆن و بزووتنەوەکەی هەمیشەیی بن، ئەوا جیهان و ئاسمانەکان هەمیشەیی و ئەزەلیین.
بەڵام ئایا چۆن جیهانەکان لە ئەپیرۆنەوە پەیدابوون؟
لێرەدا ئەناکسێمەندەریس ئەڵی: یەکەم شتێک کە بزووتنەوەی شتەکانی دیاریکرد، دژەکان بوون، گەرم و سارد، تەڕ و وشک…هتد
بزووتنەوە و ململانێی ئەم دژانەش بووە هۆی لێک جیابوونەوەی هەندێکیان و پێکەوە کۆبوونەوەی هەندێکی تریان، لە ڕێگای ئەم بزووتنەوە و لێک جیابوونەوە و کۆبوونەوەیەشەوە هەموو تەنە جیاوازەکان درووست بوون.  یەکەمینی ئەم دژانەش کە دیاری کران گەرم و سارد بوون، لە گەرمی و ساردیشەوە هەواو ئاگر درووست بوون… کاتێک کە ساردی چڕبوەوە بووە ئاو و دوایی چڕتربوەوە بووە خاک و خۆڵ و لەوەشەوە زەوی و ئاسمان ئەستێرەکان پەیدا بوون.
هەروا ئەڵێن گوایە ئەنکسێمەندەریس بیری لەوەش کردۆتەوە، کە گیانەوەرە زیندووەکان لە تەڕی زەویەوە پەیدا بوون، ئەمش کاتێک کە خۆر ئەو تەڕییەی کردووە بە هەڵم، بەیەک جاریش لەم شێوەیدا پەیدا نەبوون، بەڵکو بە زۆر قۆناغی جیاجیادا تێ پەڕیون تا ئەم شێوەیەی ئەمڕۆیان وەرگرتوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ئەوا ئەتوانرێ ئەناکسێمەندەریس بە یەکەم دانەر و پێشەوای تیۆری پەرەسەند دابنرێ بەر لە داروین بە ماوەیەکی زۆر.
بنچینەکانی تیۆری ئەناکسێمەندەریس لە بارەی سرووشتەوە سیانن:
1/  یەکێتی سەرچاوە.
2/  بزووتنەوەی هەمیشەیی
3/  ململانێی دژەکان
گۆڕانی شتەکان ئەزلی و هەمیشەییە، دەرئەکەوێ و ون ئەبێتەوە، بەمەش بە گوێرەی یاسای” کات ” ناڕێکییەکانی  ڕێک ئەخاتەوە.
ڕەگەزەکانی ئەم لێکدانەوە ڕووت “ئەبستراکت ” و مەوزوعیەش لە بزووتنەوەی ئەو کۆمەڵگەیەدا دیار بوو کە ئەناکسێمەندەریسی تیا ئەژیا.
چینی شەریفەکان لە ڕێی قەرزو سوو خواردنەوە ڕەنج و سامانی جووتیارە بچووکەکانیان ئەمژی تا کار گەیشتە ئەوەپەڕی چەوسانەوە و هەڵئاوسان، بەمەش ناچار بوون ـ واتا شەریفەکان ـ کە بە خۆیانا بچنەوە و واز لە هەندێ لە دەسکەوتەکانیان بێنن بۆ چینێکی نوێ، چینی بازرگانی خاوەن سامانی گوازراوە.  هاوکات ئەم چینەش لە ژێر کاریگەریی بزووتنەوە جەماوەرییەکانی هەژارە ئازادەکاندا ناچاربوو واز لە هەندێ لە دەسکەوتەکانی بێنێ.
ئەم حەتمیەتە کۆمەڵایەتیەش کە حوکمی ململانێی چینەکانی ئەکرد، لە سەر ئاستی هۆشیاری رووت بووە یاسای کات ـ قانون الزمان ـ کە هەموو شتە سرووشتیەکان  ملکەچی بوون و حوکمی دەرکەوتن و ونبوونیانی ئەکرد.
هەروا ئەو دژبەیەکانەی کە لە بزووتنەوەیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتیدا لە کۆمەڵگەی یۆناندا یەکتریان ڕەت ئەکردەوە، ئەو تەسەور و سەرنجەی کە ڕەنگدانەوەی پێوەندیە نوێیەکانی بەرهەمهێنان بوو لە هۆشیاری مرۆڤدا، لای ئەم بیرمەندە بە شێوەیەکی دایالێکتیکی و لەسەر بنچینەی ڕاستینەیی بەڵگەنەویستەکان (کە بزووتنەوە و گۆڕان و ململانێی ڕەهان) بەسەر سرووشتدا شکێنرایەوە.
بزووتنەوە، ڕەمزی ژیانە لە هەموو ئاستەکانیدا، شێوەی بوونی ماتەرە، هیچ هێزێکی بزوێنەریش لە دەرەوەی نییە.
بێ گومان ئەم گوتانەی ئەناکسێمەندەریس کە ڕەنگدانەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکانن ڕاستیەکی زۆریان تێدایە، چونکە وێنەی بارە کۆمەڵایەتیەکەن کێشراون، کۆمەڵیش بە شێکە لە سرووشت و ئەو گوتانەش کە مرۆڤ بە هۆیانەوە لە سرووشت ئەگا، گوتەی کۆمەڵایەتین، جا توانای ئەم بیرمەندەش لەوەدایە هەمەلایی( ئەو یاسایانەی دۆزییەوە کە حوکمی سرووشت و کۆمەڵ ئەکەن، لەوەشدا کە ڕێبازی پەرەسەندنی ژیانی هێنایە گۆڕێ و وای دانا کە هەموو بوونەوەرەکان لە سەرەتادا ماسی بوون و دوای ئەوەی بە گەلێک قۆناغی پەرەسەندندا تێپەڕیون ئینجا گەیشتوونە ئەم شێوەیەی ئەمڕۆیان).

ئەناکسێمانس، (580 ـ 548 پ.ز).  Anaximenes
ئەناکسێمانس سێیەم بیرمەندی قوتابخانەی ئایۆنیا و قوتابی و هاونیشتمانی ئەناکسێمەندەریس بوو. لە نێوان چارەکەی یەکەمی سەدەی شەشەمی(پ.ز) و چارەکەی کۆتایی ئەو سەدەیەدا ژیاوە). ئەمیش هەروەک بیرمەندەکانی پێش خۆی لە بارەی سەرچاوەی بوونەوەر دواوە، بەڵام نە (ئاو)ەکەی تالیس و نە (ئەپیرۆن)ەکەی ئەناکسمەندەریسی پەسەند کردوە.  بەڵکو بە ڕای ئەم مژادی یەکەم کە هەموو بوونەوەرەکانی لێ درووست بوون (هەوا)یە، کە ماتەرێکی دیاریکراوو بێ کۆتایی و بزێوە. هۆکاری ژیانە لە هەموو جیهانەکان و هەموو شتە بزێوەکاندا، بە هۆی چربوون و شاش بوونیەوە هەموو شتەکانی لێ درووست ئەبن.
بەمجۆرە ئەبینین ئەناکسێمانس هەر بەوەوە ناوەستێ بڕیاری مژادی یەکەم بدات و هیچی تر، بەڵکو باسی لایەنی چۆنێتی درووست بوونی جیهانەکانیش ئەکا.  ئەمیش بە گەڕاندنەوەی چۆنێتی بۆ چەندێتی.  بە ڕای ئەناکسێمانس شتەکان بۆیە لێک جیاوازن چونکە چەندێتییەکی جیاوازیان لە هەمان شت، یان هەمان ڕەگەز کە لێی درووست بوون لە خۆگرتووە، نەک لەبەر ئەوەی لە چەند ڕەگەزێکی جیاواز پێک هاتوون.
بزووتنەوەی هەوا ئەبێتە هۆی گۆڕانی هەواکە، شاش ئەبێ و ئەبێتە ئاگر، دوای چڕتر ئەبێتەوە و بە پێی پلەی چڕێتییەکەی (با) و (هەور) و (خۆڵ) و (بەرد) درووست ئەبێ.
لە ڕاستیدا لێکدانەوەی پڕۆسێسی گۆڕانی بوونەوەرەکان و جیاوازی نێوانیان بە هۆی چڕبوون و شاش بوونەوە هەنگاوێکی پێشکەوتوو بوو بە گوێرەی لێکدانەوەی زانستیەوە، ئەگەرچی لە ڕێباز و چوارچێوە گشتییەکەیدا شتێکە و خراوەتە سەر ئەوەی کە ئەناکسێمەندەریس لە بارەی بەردەوامیی بزوتنەوە و ململانێی دژەکان بە پێی(یاسای کات) دۆزیبوویەوە، بەڵام هاوکات سەرەتایەکی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستیانەی سرووشت داڕشت.
تالیس و ئەناکسێمەندەریس ڕایان وابوو کە بزووتنەوە خاسیەتی مژادی یەکەمەو، ئەناکسیمانیسیش ئەڵێ: بزووتنەوە سیفەتێکی خۆڕسکی هەوایە، لەبەر ئەوە هەوا هۆکاری یەکەم بزووتنەوەیە لە سرووشتدا و هۆکاری ژیانە لە هەموو بوونەوەرە زیندوەکاندا.  شتێێکی ئاشکراشە کە ژیان لەسەر هەناسەدان وەستاوە، کەواتە بە نەمانی هەناسەدان ـ واتا نەبوونی هەوا ـ ژیان نامێنێ.
بەم جۆرە ئەوەی گرنگ بوو لای ئەناکسێمانس زانیمان، ناشمانەوێ زێتر بچینە ناو باسەکانەوە، کە سەبارەت بە زەوی  و خۆر و..هتد،  لە هەندێک بۆچوونەکانیدا جەربەزەیی و هەنگاونانی ئازایانەی تیا بەدی ئەکرێ، وەک ئەوەی کە ئەڵێ: خۆر زەوییەکە زۆر بە خێرای ئەبزوێ، خێرایی بزووتنەوەکەشی سەرچاوەی گەرمییەکەیەتی. کەواتە خۆر لای ئەم خواوەند نەبووە بەڵکو بوونەوەرێکی سروشتییەو هیچی تر.

چەند سەرنجێک لەسەر بیرمەندانی (ئایۆنیا)
1/  بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیەمان پشتمان بە تێکستەکانی ئەم بیرمەندانە نەبەستووە، بەڵکو بە وانەی کە دراوەتە پاڵیان و لە نێوان کتێبەکانی ئەرستۆدا دۆزیوماننەوە.
2/  ئەوەی ئەم بیرمەندانە پێکەوە بوونە کۆ ئەکاتەوە ڕێبازەکەیانە کە پشت بە تێبنی و بەڵگە ئیستیدلال ” Inference” ئەبەستێ و گیانێکی زانستیانەی گەشەکردوو دەرئەخاو میتۆلۆژیا ڕەت ئەکاتەوەو، هەوڵ ئەدا بە هۆی ڕەگەزە سرووشتییەکانەوە سرووشت لێک بداتەوە.
3/  هەوڵدان و باسکردنی دۆزینەوەی یەکەم سەرچاوە بۆ هەموو شتە جیاوازەکان. کە لە ڕێگای بزووتنەوە هەمیشەیی و ئەزەلییکەی ئەم سەرچاوەیەوە جیاوازی و زۆرەتی ڕوو ئەدا.  ڕیشەی ئەم جۆرە یاسایانە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و لە دەرکەوتنی ئەو چینە نوێیانەدا دیارە کە بۆ بە دیهێنانی ئامانجەکانیان پشت بە ڕەچەڵەک و شازادەیی نابەستن، بەڵکو بە (سامان). هەر ئەم جوڵانەوەیەشە کە خەڵکی لێک جیا ئەکاتەوە.
بەڵام شازادەکان دان بە یەکێتی سەرچاوەو بنچینەدا نانێن و بە ڕای ئەوان ئەم جیاوازییە شتێکی ئێتنۆلۆژییە و لەوێشەوە دیاریکراوە. لەبەرئەوەی سەرهەڵدانی ئەم بیرە نوێیە لەگەڵ تەسکبوونەوەی شوێنی شازادەکان و دەرکەوتنی پێوانەیەکی نوێی گەشەیکردوو دەرکەوت کە لە زەویەوە سەری هەڵداو پشتی بەو پێودانە کۆمەڵایەتی و ئابووریانە بەست کە هەمیشە لە بزووتنەوەدا بوون، وەک بزوتنەوەی ڕەگەزی یەکەم کە هەموو جیهانەکانی لێ درووست بوون.
کۆمەڵگەی ئایونیا لەم سەردەمەدا بڕوای بە هیچ جیاوازییەک نەبوو، تەنیا ئەو جیاوازییە نەبێ کە بزووتنەوەی پارە درووستی کردبوو، چونکە پارە سەرچاوەی یەکگرتن و جیابوونەوە بوو لە کۆمەڵدا وەک مژادی یەکەم لە سرووشتدا.
بەم چەشنە ئەتوانین بڵێین ئەو گوتە بیرییە ڕووتانەی ئەم قوتابخانەیە کە لەسایەی پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا درووست بوون، پێوەندییەکی دایالێکتکی یان بەم پێوەندییە کۆمەڵایەتیانەوە هەیە.

بەشی سێیەم
ئۆرفیزم Orphism
لە ڕاستیدا نهێنییەکانی ئۆرفیز لە پیش سەدەی شەشەمی  پ.ز.دا دەرکەوتن، بەڵام لەو سەدەیەدا بڵاوبوونەوە و گەیشتنە دەستی فیساگۆراس، کە هەر لە ڕێی ئەویشەوە کاریان لە فەلسەفەی ئەفلاتونیزم کرد، لەبەر ئەوە پێوستە بایەخێکی تەواو بە لێکۆڵینەوەیان بدرێ.
نهێنیەکانی ئۆرفیزم بریتین لە نەریت و خوی چینی وجوتیارە هەژارەکان کە زۆر مەینەتی ژیانیان بە دەست موڵکدارە گەورەکانەوە چەشتبوو.
ئەم نهێنیانەش کە ئاوات و ئارەزووی ئەم چینە هەژارەیان دەرئەبڕی ئەدرێنە پاڵ (ئورفیوس)ی شاعیر کە بە ڕای هەندێ کەس کابرایەکی ئەفسانەیی بووە. هەروا ئەم نهێنییانە زۆر شتیان لە ئاینە کۆنەکانی ڕۆژهەڵات وەرگرتووە، بە تایبەتیش ئاینە میسرییەکان. شیعرەکانی(هزیود)ی شاعیریش کە ئازارو ژانی جوتیارەکانیان دەرئەبڕی کاری خۆیان لەم نهێنییانە کردبوو.
خۆشەویستی لای ئۆرفیزم هێزێکی داهێنەرو بابەتێکی گرنگە، بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی بیری ئەرستۆکراسیەوە، کە پێی وابوو شتێکی ترسانکە و ئارەزوو ئامانجی بەرزێتی لای خەڵکی درووست ئەکا.
بەڕای ئۆرفیرم خۆشەویستی ئەو یەکێتیە دێنێتەدی کە لەوەوپێش پەرتەوازەکرابوو. ئەوەش ئەدۆزێتەوە کە لەوەوبەر ون ببوو، ئامانج و مەبەستی ئەم نهێنیانە ئامادەکردنی مرۆڤ بوو بۆ جیهانێکی
تر، بۆ جیهانی ڕاستیینە، چونکە بەختیاری و ئاسودەیی مرۆڤ لەم ژیانەداو لەسەر زەوی نایەتە دی، ژیان بەندیخانەو تۆڵە لێسەندنەوەیە، لەبەرئەوە لەسەر مرۆڤ پێویستە خۆی لەم بەندیخانەیە ڕزگاربکات. لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونانە بۆچوونی ئەو دەستە هەژارو چەوساوانە بوون کە هیچ هیوایەکیان بە ژیان نەمابوو، تەواو نا ئومێد بووبوون، بۆیە ئەبوایە هەوڵ بدەن لە جیهانێکی ئاسودەدا جێگای خۆیان بکەنەوە.
ئیتر لێرەوە و لە نهێنییەکانی ئۆرفیزم دا دووالیزمی نەفس و جەستە دەرکەوت کە لەوەوپێش لە قوتابخانەی ئایۆنیادا باس نەکرابوو.
بەم پێیە لە مرۆڤدا دوو لایەن کۆبوەتەوە، خوایی و شەیتانی، لەبەرئەوە لەسەر مرۆڤ پێویستە لایەنی خوایی لە شەیتانی پاک بکاتەوە.  تا خۆی بگەیەنێتە کاروانی خواوەند لە جیهانێکی تردا، چونکە ئەو بەشە نەمرەی مرۆڤ کە ئەمێنێ و لە ناو ناچێ لەو بەشەدایە کە نامێنێ و لە ناو ئەچێ، نەفس لە لەشدا بەندکراوە و لەش گۆڕی نەفسە، ئێمەش موڵکی خواوەندین و هەر ئەویش لە بەندیخانەی ژیان ڕزگارمان ئەکات، ئەوەش کاتێک خۆی بیەوێت، چونکە ئێمە ناتوانین خۆمان ڕزگاربکەین.  خۆکوشتنیش تاوانە و هەرکەس خۆی بکوژێ خواوەند سزاری ئەدا، چونکە پێویستە ژیان بە شێوەیەکی هەمەکی (کلی) ئامادەی مردن بێت. ئەو مردنەی کە نەفس لە بەندیخانەی لەش و لە خەوشەکانی ڕزگار ئەکا، ژیان مردنە و مردنیش ژیانی ڕاستییە، نەفس لە دوای مردنی لەش مەحکەمە ئەکرێ، جا ئەگەر لەش کاری تێکردبێ و پیسی کردبێ ئەوا ئازار و سزایەکی هەمیشەیی ئەدرێت و ئەگێڕدرێتەوە بۆ بەندیخانەی زەوی، بەڵام ئەگەر خۆی پاک کردبێتەوە و بێ لەکە بێت ئەوا هەتا هەتایە ڕزگاری بووە و لە ئاسمانا لەگەڵ پاک و بێگەردەکانا ئەژی.
بێگومان ئەم زانیاریانە باری ژیانی چینێک دەرئەبڕن کە بێبەشبێ لە هەموو ئاسوودەییی و خۆشیەک و ژیانێکی سەخت و مەمرەومەژی بە سەربەرێ.  هاوکاتیش رەنگە بۆ سەرکوتکردن و دەستەمۆکردنی ئەم چینە هێنرابێتە ئاراوە.  بەو مەبەستەی کە دەست لە خۆی بشوا و هەوڵی خۆ ڕزگارکردن لە ژیانی سەر زەویدا نەداو بە هەموو شتێکەوە خەریک بێ تەنیا بیرکردنەوە لە گۆڕینی باری ژیانی نەبێ.
لەگەڵ ئۆرفیزدا یەکێتی خودو بابەت (subject and object) تێکشکێنراو وایان دانا کە مرۆڤ بوونەوەرێکی سەربەخۆیە لە سرووشت. کەواتە ئەمانە بابەت (subject) ڕەت ئەکەنەوە و ڕێ لە بەردەم ئایدیالیزمی خودگەراییداخۆش ئەکات. لە بیرمانە لە بەشی یەکەمدا هاتنیە سەرباسی باری ژیانی جووتیارە بچوکەکان و ئەو ئازارو چەوسانەوەیەی بە هۆی قەرزو سووەوە ئەیانچەشت، هەروا باسی ئەوەشمان کرد کەوا چۆن هەندێکیان بە ماڵ و منداڵەوە بوونە کۆیلەی موڵکدارە گەورەکان، لە بەرئەوەی  نەیانتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە و چۆن ئەم بارەش ڕێی بۆ شۆرشی دیموکراتی خۆش کرد کە لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پ.ز دا سەری هەڵدا. ئەو جووتیارانەی کە زەوییەکانیان نەمابوو و ناچار بوون بە شەش یەک لە کێڵگەی شازادەکانا کاربکەن، ئەبێ چۆن ژیانێکیان بەسەر بردبێ!
جا ئایا ئەوەی لە ئۆرفیزم دا باسمان کرد باری ژیانی ئەم جوتیارانە و هەرکەسێکی تریش نییە کە نەتوانێ سوود لە کەمترین بەشی بەری ڕەنجەکەی وەرگرێ؟

بەشی چوارەم
فیساگۆرس و فیساگۆرییەکان Pythagoras and Pythagorans
فیساگۆریەکان هەروەک بە ناوەکەیانا دیارە ئەو کۆمەڵەن کە فیساگۆرس دامەزرێنەرو پێشەوایان بوو.  فیساگۆرس(572 ـ 497 پ.ز) خەڵکی شاری سامۆس بووە و هاوچەرخی (بۆلێکرات)ی ستەمکار بووە کە ئێرانیەکان لە ساڵی(523 پ.ز)دا کوشتوویانە.
فیساگۆرس هەر لە سەرەتاوە خۆی بە باسی زانستییەوە خەریک کردووە، بە تایبەتیش ژمارەو بابەتەکانی ماتماتیک.  دوای ماوەیەکیش سامۆس جێدێڵێ و لە شاری کرۆتۆنی خوارووی ئیتالیا نیشتەجێ ئەبێ، ئەوکاتەش کرۆتۆن شارێکی بازرگانی بە برەو بوو، بە هۆی قوتابخانە پزیشکییەکەشیەوە ناوبانگێکی زۆری هەبوو، چونکە دوو نوژداری گەورەی لێ دەرچووبوون کە (دیموکیدس) و (ئەلکیمون) بوون.
فیساگۆرس کۆمەڵەیەکی ئاینی نهێنی پێک هێناو توانیشی بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی سیاسی لە (کرۆتۆن)و چەند شارێکی تری دراوسێیدا بگرێتە دەست، بە تایبەتی کە شەڕی سیباریدا هەڵگیرساو بووە هۆی ڕوخانی شاری سیباریس لە ساڵی (510 پ.ز)دا دوای ئەوەش فیساگۆرس کرۆتۆنی بە جێهێشت و چووە شاری میتابۆنت، ئیتر لەوێ مایەوە تا مرد.
یامبلیخۆس ئەڵێ: فیساگۆرس پێش ئەوەی بچێتە کرۆتۆن سەری لە شاری ماڵتیا داوەو تالیسی بینیوە و شارەزای زانیارییەکانی بووە، دوای ئەوەش جۆتە فینیقیا و میسر و ئەندازەو ئەستێرەناسی خوێندووە، ئنجا چۆتە بابل و ژمارە و مۆسیقای خوێندووە، هەروا شارەزای نهێنیەکانی مەجوسیەکانیش بووە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ئەویش ئەوەیە کاتێک کە فیساگۆرس کۆمەڵەکەی لە کروتۆن و شارەکانی تری خوارووی ئیتالیا دەسەڵاتی سیاسیان گرتبووە دەست، چ بەرنامەیەکیان بە جێ ئەهێناو چ چینێک پشتی ئەگرتن؟
ئەوی ڕاستی بێ لە کتێبی مێژوو نووسەکان دا وەڵامێکی ڕوون و تەواومان سەبارەت بەم پرسیارە بە چنگ ناکەوێ، چونکە هەندێکیان وادائەنێن کە فیساگۆرس ئەرستۆکراسی بووە و هەندێکی تریان ڕایان وایە دیموکراسی بووە.  بەڵام ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان بۆ سەلماندنی  هیچ یەکێک لەم ڕایانە بە دەستەوە نییە.
بەڕای (دیۆجین لایرتۆس) دۆستەکانی فیساگۆرس حوکمێکی ئەرستۆکراسیانەیان دەکرد، بۆ ئەمەش هەندێک وای بۆ ئەچن کە فیساگۆرییەکان نوێنەری بەرژەوەندی شازادەکان بوون کە خاوەن سامانی مڵکداریی بوون.  بەڵام وادیارە  لێرەدا وشەی ئەرستۆکراسی زیاتر بە مانا فەلسەفییە ڕووتەکەی بەکار هاتووە نەک بەو مانا سیاسییەی کەوا باوە، چونکە مانا فەلسەفییەکەی واتا حوکمی باشەکان(پیاوچاکان).  بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ناتوانین بڵێین فیساگۆریەکان نوێنەری بەرژەوەندی موڵکدارە گەورەکان بوون، چونکە نابێ و ئەستەمە کۆچ کردوویەکی شاری سامۆس بکەوێتە سەرووی ئۆلیگارکیی میراتگری کرۆتۆنەوە، بە تایبەتیش لە دەوڵەتێکدا کە دوو سەدە بەر لە چوونی فیساگۆرس دامەزرابوو.
(ئەپۆلۆنیوس) لە زمانی یا مبلیخۆسەوە ئەڵی: فیساگۆرییکان دوو دوژمنیان هەبوو، یەکەمیان لە شازادەکان بوو پێیان ئەوت(سیلۆن) و دووەمیشیان دیموکراسی بوو ناوی (نینۆن) بوو.  ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ کە فیساگۆریەکان دیموکراسی ناوەندگر بوون، واتا لە نێوانی دیموکراسیەکان و ئەرستۆکراسیەکاندا بوون.  وەک سۆلۆن لە ئەسینادا، ئەوەندە هەیە سۆلۆن بەرەچەڵەک ئەرستۆکراسی بوو، بەڵام فیساگۆرس وانەبوو.
لە کاتێکدا ئەم بیروڕا دژ بەیەکانە هەبن سەبارەت بە فیساگۆرس و فیساگۆریەکان هیچ چارێک نییە چ لە گەرانەوە بۆ مەزهەبەکەیان، لێرەشدا کۆسپێکی تر دێتە ڕێمان ئەویش ئەوەیە کە فیساگۆرس هیچ کتێب و نوسراوێکی بەجێ نەهێشتووە، بەڵکو ئەوەی هەیە هەر ئەوەیە کە فیساگۆریەکانی دوای خۆی لەگەڵ بیروڕای خۆیان تێکەڵیان کردووە، ئەویش لە بەرئەوەی  ئەم تیپە (واتا کۆمەڵەی فیساگۆریەکان) نهێنی بووە و هەرکەسەش نهێنیەکانی بۆ یەکێکی تر لە دەرەوەی خۆیان بدرکاندایە سزا ئەدرا.
بەڵام لەم دواییەدا و بەهۆی هەندێک دەسکەوتی ئارکیۆلۆجیەوە کە دۆزرانەوە و (سێڵتمان)پشتیان پێ دەبەستێ توانرا تیشکێک بخرێتە سەر ئەم مەسەلەیە.
بە گوێرەی بۆچوونی سێڵتمان ئەگەینە دوو ئەنجام :
یەکەم/ سەردەمی حوکمی فیساگۆریەکان هاوکاتی سەرهەڵدانی پارە بوو، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەو چینەی فیساگۆریەکان نوێنەریان بوون ئەبێ چینی دەوڵەمەندو پیشەساز و بازرگانە گەورەکان بووبن.  ئەم پارە نوێیەش کە سێڵتمان باسی دەکا دوای ئەوەی فیساگۆریەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست دەرکەوت، واتا ئەمان خۆیان خاوەنی ئەم دەستپێشخەرییە بوون.  بەم جۆرە فیساگۆرس لە بیرمەندە ئیۆنیەکان جیائەکرێتەوە و زیاتر لە سۆلۆن نزیک ئەبێتەوە، ئەویش بە بەشداریکردنی لە ململانێی سیاسیداو لە پێناوی پێشکەوتن و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی شمەکیدا.  هەروا لە سۆلۆن و ئایۆنیەکانیش بەوە جیا ئەکرێتەوە کە ڕەگێکی میلل هەبووە.
کەواتە ئەو پێوەندییە پتەوەی هەیانبووە بە بزووتنەوە میللیەکانەوە ئەم جیاوازییەمان بۆ دەرئەخا هەروەک لە ئامۆژگاریەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
دووەم: فیساگۆریەکان توانیان بۆ ماوەیەکی کەم چەن سەرکەوتنێک لە شارە سەربەخۆکاندا بەدەست بێنن، شاری (تیۆس)یشیان کردە پایتەختی ئەم فێدراڵییەی کە وەک بەڵێنێک وابوو دایە ئێرانیەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم یەکێتیە تەمەنی زۆر درێژ نەبوو، تەنیا پێکهاتنی ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ئەم شارە ئیالیایانە لەو سەردەمەدا پێشڕەوی یۆنان بوون.
ئێساتش دەگەیەنە ئەو ئەنجامەی کە زانای بە ناوبانگی ئەمریکایی گەیشتۆتێ و ئەڵێ: فیساگۆریەکانی کرۆتۆن تەنیا بە هێرشکردنە سەر کەلەپور و بیروباوەری ئەرستۆکراسیە خاوەن زەویوزارە فروانەکان نەوەستان، بەڵکو توانیشیان دەسەڵاتی سیاسیان لێ زەوتبکەن و لە جێی ئەوان دەسەڵاتێکی تر دامبەزرێنن کە ڕێخۆشکەربێ بۆ پەرەسەند و پێشکەوتنی بەرهەمی شمەکی.

ئاینی فیساگۆری
ئەگەر سەرنجی هەردوو ئاینی ئۆرفی و فیساگۆری بدەین زۆر لایەنی لێکچوو لە نێوانیاندا ئەبینین، وەک شێوەی ڕێکخستنی هەردووکیان کە لە کۆمەڵە و ڕێکخراوی نهێنی ئەچوون.  ئەگەر کەسێک بیویستایە بچێتە سەر ئەم ئاینە، ئەوا لە سەرتاوە بە شێوەیەکی تایبەتی پەروەردە ئەکراو هەندێک دروشمی ئایینیان فێر ئەکرد کە نە ئەبوو لای یەکێکی دەرەوەی ئەم کۆمەڵەیە بیدرکێنێ؛ هەمووشیان بەرگی سپییان ئەپۆشی و ژیانێکی سادەو دەروێشانە ئەژیان، بەڕێکوپێکی و سەرنجدانێکی بێ دەنگەوە وتەی مامۆستاکانیان ئەوتەوە بە جۆرێک کە کەس لێی نەئەبیستن، نە ئەبوو گۆشت بخۆن و ئازاری ئاژەڵ بدەن، ئەمەش بەگوێرەی بیروڕای چوونەیەک (Reincarnation) کە لای وابوو نەفسی مرۆڤ لە دوای مردنی ئەچێتە ئاژەڵەوە. بەمجۆرە فیساگۆررییەکان لە ژێرکاریگەریی هەندێک نەریت و بیرباوەڕی تەوتەمی (Totem) کۆندا مابوون، ئەمەش لە سەرێکەوە بۆ ئەو پێوەندییە ئەگەڕایەوە کە بە گەلانی دەوروپشتیانەوە هەیانبوو، ئەو گەلانەش لەمان دواکەوتووتر بوون و هەر دەزگاو دامەزراوە عەشایەریەکان بەڕێوەی ئەبردن.
فیساگۆرییەکان لە خواردن و خواردنەوەدا زێدەڕۆییان نەئەکردو، سۆێندیان نەئەخواردو بڕواشیان وابوو کە هەرکەسە خۆی لێپرسراوی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری خۆیەتی، لەبەرئەوە لەسەر هەموو ئەندامێکی ئەم گروپە پێویست بوو کە دەچووەوە بۆ ماڵەوە بە کردەوەکانیدا بچوایەتەوە کە بەڕۆژ کردبوونی.  بڕوایان بە نەرمی نەفس و بڵاوبوونەوەی گیان لە هەوادا هەبوو، ڕایان وابوو کە ئەم گیانە شەوانە لە کاتی خەوتندا ئەچێتە لای مرۆڤ.  هەروها مۆسیقایان وەک هۆکارێک بۆ پاکگردنەوەی نەفس لە پیسیی لەش بەکار ئەهێنا.  یەکەم کەسیش بوون کە پەیوەندی نێوان مۆسیقاو ماتماتیکیان خستە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوەوە، مامۆستاش تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆوە قوتابیەکانی فێرئەکردو ئامۆژگاری و زانیارییەکانیشی نەئەنووسرانەوە، هیچ بەڵگەیەکیش نییە باسی ئەوەبکات کە فیساگۆرس کتێبێکی دانابێت. بیروڕاکانیشیان هەر بە نەنووسراوی مانەوە تا سەردەمی فیساگۆرییەکان دوایی.

تیۆری ژمارەو لێکدانەوەی ئەقڵانی:

لای فیساگۆرییەکان ژمارە ڕاستییەکی بنچینەییەو گەوهەری هەموو شتە زیندوو و مردوەکانی گەردونە. نەفسیش ڕێککەوتن یان پێکەوەگونجانە لە نێوان تەنە دژ بەیەکەکاندا، وەک: گەرم وسارد، تەڕ و وشک..هتد، ئەم پێکەوەگونجانەش لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی تەواو لەم دژبەیەکانە دێتە دی، وەک چۆن لە ژێیەکانی گیتاردا ئەمە ئەبینین.  ئەم وتەیەش بۆچوونێکی فیساگۆریانەی تەواو جیاواز لە ئۆرفیزم دەردەبڕێ. چونکە ئەگەر وای دابنێین کە نەفسیش جۆرە گونجاندنێکە ئەوا ناتوانین بڵێین نەمرەو دوای مردنی لەش ئەمێنێتەوە.  چونکە هەموو پێکەوەگونجانێک دوای نەمانی رەگەزە پێکەوەگونجاوەکاننامێنێ و لەناوئەچێ، رێک وەک ئەوەی لە گیتاردا درووست ئەبێ و دواییش بە تێکچوونی هاڕمۆنیی ژێیەکان پێکەوەگونجانەکەش نامێنێ.  بەڵام ئایا فیساگۆرییەکان بڕوایان بە لە ناوچوونی نەفس هەیە؟ بێگومان نەخێر، لەبەرئەوەی ئەم ئەنجامە لەگەڵ تیۆرییەکەیان سەبارەت بە چوونەیەک یەکناگرێتەوە، بەڵام لای ئەمان نەفس هۆی پێکەوەگونجانە، تەنە دژ بەیەکەکان پێکەوە ئەگونجێنێ. ئەم پێکەوە گونجانەی دژەکانیش بەندە بە مانەوەی نەفس لە لەشدا.  خۆ ئەگەر نەفس و لەش لەیەک جیاببنەوە ئەوا پێکەوەگونجانەکەش نامێنێ و هەڵئەوەشێتەوە، چونکە نەفس رەگەزی خێرە لە مرۆڤداو جەستەش رەگەزی شەڕە. ئەم دوانەش دوو لای دژ بەیەکن.
نەفس و لەش لە ژمارە پێکهاتوون، هەروەها جیهانیش تێکڕا بەرهەمی ژمارەیە و هەرچی تیایە هەر لە سیستەم و پێکەوەگونجان و یاسا و ..هتد، هەر هەموویان لە ژمارەو ڕێژەی ژمارە پێکهاتوون.
کەواتە ژمارە یان(ئایدیا) نەو بنچینەیەیە کە هەموو شتەکانی تری لێپێکدێت، جیاوازی نێوان شتەکانیش بۆ جیاوازی ڕێژەی ئەو ژمارانە ئەگەڕێتەوە کە شتەکەی لێپێکهاتووە، هەروەک لە ئاوازە مۆسیقاییەکاندا دیارە کە بە گوێرەی ژمارە ئاوازەکان لێک جیا ئەکرێنەوە.
فیساگۆرییەکان(دە)کۆمەڵە دژیان دیاریکردووە، کە ئەمانەن:  سنوردارو بێسنوور، تاک و جوت، یەک و زۆر، ڕاست و چەپ، نێر و مێ، جێگیر و بزێو، ڕاست و چەوت(خوار)، ڕوناکی  و تاریکی، خێر و شەڕ، چوارگۆشە و لاکێشە.  بێگومان ئەم لیستەیە بێپایانە، بەڵام ئەوەی فیساگۆرییەکانی لێرەدا ڕاگرت پیرۆزی ژمارە(دە)بوو، چونکە لە کۆی چوار ژمارەی یەکەم پێکهاتووە،(1،4.3.2).
لای فیساگۆرییەکان هەموو دژبەیەکەکانی ئەم لیستەیە هەمان بایەخیان نییە، بەڵکو گرنگترینیان چوار کۆمەڵەن ئەوانیش: سنوردارو بێ سنوور، تاک و جووت، یەک و زۆر، خێر و شەر.  لەبەرئەوەی کە تاک و یەک و خێر، هاوبەشی سنوردارن و، جوت و زۆر و شەریش هاوبەشی بێ سنوورن ئەوا ئەتوانین بڵێین ئەم سیستەمەش هەمووی لە ناکۆکی سەرەکی نێوان سنوردارو بێ سنوردا کۆ ئەبێتەوە ئەم کۆمەڵەیەش(سنوردارو بێ سنوور) کە سەرچاوەی هەموو شتەکانن وەک ڕەگەزی بنچینەیی وایە لای بیرمەندانی قوتابخانەی ئایۆنیا، (ئاو،ئەپیرۆن، هەوا).
ئەوەی کە زیاتر لێرەدا دەرئەکەوێ ئەوەیە کە دووالیزمی ئورفیزم بە یارمەتی کەلەپوری ئایۆنیایی لای فیساگۆرییەکان گەیشتە لوتکە.  شتێکی ڕێکەوتیش نییە کە وتەی دووەم لە کۆمەڵەی بنچینەیی دا لای فیساگۆرییەکان، هەرهەمان  وتەیە کە ئەناکسێمەندەر بەکاریهێناوە، واتا((بێ سنوور)).  گۆڕینی یەکێتی  ئایۆنیایەکانیش بە دووالیزمی سەرچاوە و بنەڕت لای فیساگۆرس یەکەم هەنگاو بوو بۆ تەسەوری جیهان بە شێوەیەکی نا ماتریالی و نا زەمانی.
ئەو گۆڕانە نوێیەش کە فیساگۆرییەکان هێنایانەدی، ئەوەبوو کە ژمارەیان کردە گەوهەری یەکەم و وایان دانا کە کۆمەڵەی سنوردار و بێ سنوور بە هەردوو بارەکەیەوە، واتا تاک و جووت ـ بریتین لە ژمارە.  ژمارەش توانای درێژبوونەوەی (امتداد)ی هەیە، گەردونیش کەڵەکەبوونی چەندایەتی ژمارەیە بە ڕێژەی جیاواز.
یەکدانەی یەکەم برێتییە لە خاڵ(نقگە)، دووەم هێڵ، سێیەم سێگۆشە …هتد، ئەم مەسەلەیەش ـ واتە گەڕانەوەی گەردون بۆ چەندێتییەکی ژمارەیی و کەڵەکەبوونی ئەو ژمارانە بەڕێژەی جیاواز، یەکەمجار لە بیری ئەناکسێماند دا دەرکەوت، چونکە لای ئەویش جیهان هیچ بنچینەیەکی چۆنێتی نییە، بەڵکو لەسەر چەندێتی وەستاوە، ئەویش بەهۆی شاش بوون و چڕبوونی هەواوە ڕووئەدا.
کەواتە فیساگۆرییکان هەروەک ئەرستۆ لە کتێبی(میتافیزیکا)دا ئەڵێ: تەنیا خاسیەتی تەنە ماتماتیکییەکانیان زانیوە، نەک سروشتییەکان هەروا ئەو شتانەی کە کێش(وزن)یان هەبووە، بەستبوویاننەوە بەوانەوە کە کێشیان نەبوو.  لەبەرئەوە فیساگۆرییەکان شتێکی ئەوتۆیان لەبارەی زانستی سروشتەوە بە ئەنجام نەگەیاندووە کە شایانی باس بێت.  ئەو بنچینەیەش کە قوتابخانەی ئایۆنیا دایڕشت ئەمان تەواویا نەکرد.
جا دەبێ لێرەدا ئەوە بڵێین کە ئەو بۆچوون و بیروڕایانەی فیساگۆرییەکانی فەرمانڕەوای کرۆتۆنی گەیشتنێ رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانە بنچینەییەی پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بوو لە هۆشیاری خەڵکدا.
ئەو هۆکارە بنچینەییەش کە فیساگۆرییەکانی گەیاندە ئەم پلەیە لە ڕووتکاری دا بەڕای(تۆمۆن)١٥ لە پەرەسەندنی کۆمەڵێکدا خۆی ئەبینێتەوە کە خۆی لەسەر بەرهەمهێنانی بەها (قیمە)ی ئاڵوگۆڕکاری ڕاگرتبێ و سنووری ئەو پێوەندییە کۆنانەی کە لەسەر بەرهەمهێنانی بەهای بەکارهێنان و بەکاربردن وەستابوو، تەسک کردبێتەوە.

یەکەی ناوەندی(الوەحدە الوسگیە) بەرهەمی یەکێتی دژەکانە
چەمکی ناوەند، بایەخێکی زۆری لە بۆچوون و بیری فیساگۆریزم دا هەیە و بەستراوەتەوە بە چەمکی ململانێی دژەکانەوە، ئەمەش جیاوازیەکی تەواو لە نێوان ئەم قوتابخانەیە و ئەناکسێمەندەردا دەرئەخات، ململانێ ڕەهایە جیهانیش لە ڕێگەی ـ جیابوونەوەی دژەکان لە بێ سنوور ـ پێک دێت و بەهۆی هەڵەی بوونەوەرەکانیشەوە لە ناو ئەچێ و جارێکی تر لە بێ سنووردا نقوم ئەبێتەوە، کەواتە لای ئەناکسێمەندەر پرۆسەی پێکهاتنی شتەکان هاوکات لە ناوچوونی شتەکانیشی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە بەڵام لای فیساگۆرس بە پێچەوانەی ئەمەوە تێکچوونی دژەکان بەهۆی بارێکەوە یە ئەویش ئەوەیە کە دژەکان بەناویەکدا ئەچن و دوو دژەکە نامێنن، بە جۆرێک کە یەکێتیەکی پتەوی ناوەند ـ وسگ ـ پێکدێنن ئەم ناوەندەش یان ئەم یەکێتیە نوێیەش لەو ململانێیە وە درووست ئەبێ کە ئەم یەکێتیە ڕەت دەکاتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین لێرەدا پێوەندییەکە لە بارەی یەکگرتنی دژەکان لای فیساگۆریز پێچەوانەیە.  یەکەتی ڕەهایە و ململانێ ڕێژەییە، ململانێی دژەکانیش بە یەکگرتن و چوونە ناویەکیان لە یەکەیەکی ناوەندییا کۆتایی دێت.  ئەم ناوەندەش کە دێتەدی شتێکی هەمیشەیی و ئەبەدییە و جارێکی تر و لەسەر ئاستێکی بەرزتر نوێ نابێتەوە.  بێگومان بنچینەی چینایەتی لەم ناوەندەدا کە کۆتایی بە ململانێ دێنێ ئاشکراو ڕوونە، بە تایبەتی ئەگەر لەم چینە نوێیە بکۆڵینەوە کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو ئەم هێناویەتیە کایەوە چونکە ئەم چینە بازرگانە پڕۆپاگەندەی ئەوەی ئەکرد کە کۆمەڵگە بۆتە یەک و ململانێی نێوان دژەکان، نێوان شازادەکان و هەژارەکان کۆتایی هاتووە.
لە ڕاستیشدا پارە توانیبووی جۆرە پێکهاتن و تێکەڵاوبوونێکی چینایەتی بخوڵقێنێ، هەروەک (تیوگنیس)ی ئەرستۆکراسی بە توڕەیی و ڕقەوە باسی دەکات کە چۆن پێکەوەلکانی شازادە و تێکڕای گەل بە هۆی ئەو پارەیەوە ڕەچەڵەکەکان تێکەڵ بەیەک ئەکات.15
یەکەی ناوەندی، کە بەرهەمی ململانێی دژەکانە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی ئەو چینە نوێیەیە کە لە نێوان ئەرستۆکراسی و چینی جووتیاردا بوو.  ئەم چینە وای ڕادەگەیاند کە گوایە دەسەڵاتی ئەم توانیویەتی دیموکراسی بەدیبێنێ و ململانێی نێوان چینەکان چارەسەر بکات.
لەبەرئەوەش کە ململانێ ڕێژەییە و یەکێتی ڕەهایە، ئەدوا ئەم چینە ئەتوانێ بەردەوام بمێنێتەوە و درێژە بەم بارە بدات. کەچی ئەم دەسەڵاتە ناوەندییە تەمەنی زۆر درێژ نەبوو، ئەوەندەی نەخایاند کە کۆمەڵەی فیساگۆرییەکان تێکچوو، ئەندامەکانیشی لە کرۆتۆن دەرکران، بەڵام چەمکی (ناوەند)ی فیساگۆریزم بووە بنەڕەتێکی ئاکاریی (ئەخلاق) لای ئەرستۆ، بە تایبەتی لە کتێبەکەیدا (زانستی ئاکار بۆ نیکۆماخۆس)دا بە ڕوونی دەردەکەوێ.

بەشی پێنجەم
هیراکلیتس (530 ـ 470)  Heraclitus
هیراکلیتس لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی شەشەم و چارەکی یەکەمی سەدەی پێنجەم پ.ز دا ژیاوە، لە شاری ئەفسوس لە دایک بووەو سەر بە خێزانێکی شازدەی ڕەسەن بووە، هاوچەرخی تێکشکانی ڕژێمی ئەرستۆکراسی و سەرهەڵدانی شۆڕشی دیموکراسی بووە، ئەو شۆڕشەی کە چینی بازرگانی هێنایە سەرحوکم و هاوکات بەشداری کردنی میللیشی لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتی سیاسی دا فراوان کرد.
کۆیلایەتیش لەم کاتەدا زۆر بە فراوانی پەرەی سەند، بە جۆرێک کە هەموو یەکێک لە هاونیشتمانە ئازادەکان، هەتا هەژارەکانیش خاوەنی چەند کۆیلیەک بوون، هەر ئەم کۆیلانەش بەتەنیا بەرهەمهێنی شمەک بوون و کاروباری دەست و پیشەییان بەڕێوە ئەبرد، بەڵام ئازادەکان ئەمەیان لە چارە نەنووسرابوو !!
کەواتە لێرەدا ململانێکە بە شێوەیەکی خەست لە نێوان چینی کۆیلە و چینی ئازددا دیاربوو. ببووە ململانێی سەرەکی و ململانێی نێوان دیوکراسی و ئۆلیگاریەکان چووبوە پلەی دووەمەوە.
هیراکلیتس زۆر بە توندی دژی ئەم گۆڕانکارییە وەستایەوەو بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ڕقی لە تێکڕای گەلە و دوژمنی دیموکراسیە، هێرشێکی توندی کردە سەر شاعیر و پیاوە ئاینییەکانی پێش خۆی و بەوە تاوانباری کردن کە هەر بە ڕووکەش لەمەسەلەکان دواون و بەووردی لە شتەکان نەگەیشتوون.  هەروا کەسیان نەیانتوانیوە پەی بە لۆگۆس (قانون) بەرن کە هەمووشتە سروشتی و مرۆییەکان بەڕێوە ئەبا.
بابزانین ئەو چەمکانەی ئەم بلیمەتە هێنانییە کایەوە کامانەن؟
بەرلەوەی بێینە سەرباسی ئەو چەمکانە پێویستە ڕاستییەک بڵێین، ئەویش ئەوەیە کە ئەفلاتۆن و ئەرستۆ ڕێباز(مەزهەبی) (هیراکلیتس)یان شێواند بوو.  بۆیە ئێمە لێرەدا ئەگەرێینەوە سەر ئەو پارچە نووسراوانەی خۆی کە لەم سەردەمەدا بڵاوکراوەنەتەوە.
ئاشکرایە کە ئایدیای بزووتنەوە و گۆڕانی بەردەوام ئایدیایەکی کۆنی یۆنانیە و لەوەوبەر لە باسی بیرمەندانی قوتابخانەی ئایۆنیادا لێیان دواین، لەبەرئەوە بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی هێراکلیتس دانانرێن، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە ئەم بیرمەندە بایەخی بە بزووتنەوە و گۆڕان نەداوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئایدیای سەرەکی لای ئەم پرەنسیپی یەکێتی دژەکان وهاوتایی بونیەوییە ” Structural ” کە حوکمی ئەم بزووتنەوەو گۆڕانە بەردەوامە ئەکات.
هەموو شتێک لە گۆڕاندایە، ئەو ڕووبارەی یەکەمجار ئەچینە ناوی هەر ئەو ڕووبارە نییە کە بۆ جاری دووەم ئەچینە ناوییەوە.  ئێمە هەین و نین، هەموو شتەکان و هەموو وەچەکان ملکەچی بزووتنەوە و گۆڕانن، دەرئەکەون و ون ئەبنەوە، کۆئەبنەوەو لێک جیائەبنەوە.  ڕۆیشتنێکی بەردەوام کە ئاڵوگۆڕی شتەکانی تیادا دێتەدی، بزووتنەوە و گۆڕانی بەردەوام گەوهەری بوونن.  ئێستا، ئێستا نییە،کات هەیە و نییە، ئەمڕۆ دوێنێیەو دوێنێش سبەینێیە، چرکەیەک، دووبارە نابێتەوە ـ ئەگەر لە ڕووی کاتەوە وەریبگرین ـ هەموو شتێک ئەڕواو تێئەپەڕێ و ون ئەبێ بێ گەڕانەوە.
هەریەکە لە دژەکان لە ناوخۆیدا ئەوی تر دیاری ئەکا، مردن شتێکی نامۆنییە بە ژیان و لە دەرەوە بۆی نایەت، بڵکو بەشێکە لە خۆی و ڕەگەزێکە لێی جیاناکرێتەوە.  چەند سەری مرۆڤ لە ئاست شتە بینراوەکانا ئەخەڵەتێ؟!  بۆ نمونە خەڵک هەموو بەیانیەک خۆر ئەبینن و وا تێ دەگەن هەر هەمان خۆرە هەڵهاتوەتەوە، بێ ئەوەی هەست بەو ڕۆیشتن و گۆڕانە بەردەوامە بکەن.
کەواتە پرۆسەی لێکبوون (ێیرورە) بریتییە لە گەشەکردن، هەمووشتێک لە خودی خۆی تێئەپەڕێ و بەرەوپێشەوە ئەڕوا، سروشتیش شتەکان بۆ ئەم مەبەستە هان ئەدا.
چالاکی و پەرەسەندن گەوهەری ژیان و گەردونن، جیهانیش کۆمەڵە شتێکی هەبووی(موجود) بزێوە، ئەوەی ئەبزوێ ئەژی و ئەوەی ئەژی ئەبزوێ.  ڕاوەستان و جێگیربوون خەسڵەتی مردوون.  بەڵام بزووتنەوە و جێگربوون دوودژن و هەریەکەیان ئەوی تریان دیاری دەکەن.  هاوکاتیش بەشێوەیەکی ڕێژەیی ـ نەک ڕەها ـ یەکتر ڕەت ئەکەنەوە، کەواتە هەموو شتێک جێگیرە لە گۆڕاندا.  خۆ ئەگەر بزووتنەوە بە شێوەیەکی ڕەها جێگیربوونی ڕەتبکردایەتەوە، ئەوا نەئەتوانرا شتەکان دیاری بکرێن و لێ تێگەیشتنیشیان زۆر گران ئەبوو، نەک ئەمەش بەڵکو باسکردنیشیان گران ئەبوو، ئەو ڕووبارەی کە جاری دووەم ئەچینە ناوی جیاوازییەکی ڕێژەیی لەگەڵ ئەوەی جاری یەکەم هەیە، نەک جیاوازییەکی ڕەها، ئەم جێگیربوونەش کە قۆناغێکە لە قۆناغەکانی بزووتنەوە، یارمەتی ئەوەمان ئەدا کە لە شتەکان بگەین و لێیان بدوێین.  کەواتە هیراکلیتس لە بزووتنەوەیەک نادوێ کە لە دەرەوەی شتەکان بێ، کە لە دەرەوەی جێگیربوونی ڕێژەی و بوونی زەمان دا بێ.
بەمجۆرە بزووتنەوە، کە شێوەی شتەکان لە جێگیربوونە ڕێژەییەکەیدا دەرئەئەخا، وا دەرئەکەوێ کە ڕێژەیی و کاتیی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە نەمرو ڕەهایە، ڕێژەیی و ڕەهاییش دوو دژن و هەریەکەیان ئەوی تریان ئەسەلمێنێ دژایەتیش لە ناوخۆی بوون(وجود)دایە.  دژەکان گەوهەری شتەکانن و لە یەکێتیەکی (بونیەوی) دان و هەریەکەیان ئەوی تریان دیاری دەکا.  ئەم یەکێتییەش بەرهەمی پێکەوەگونجان و هاوتایی دژەکانە.  بەڵام پێکەوەگونجانیش ڕێژەیی و سەر پێییە، ئەوەندە ناخایەنێ کە بەهۆی ململانێی دژەکانەوە هەڵئەوەشێتەوە، ئەم ململانێیەش هۆی لێکبوونە (ێیرورە) و لە ناوخۆی ئەو پێکەوە گونجانەدایە کە دیاردە جیاواز و دژ بەیەکەکانی کۆکردۆتەوە. ئەویش یەکیتی پێکەوەگونجان و ململانێیە، ئەمانیش دوو دژن، هەریەکەیان ئەوی تریان دیاری ئەکا، پێکەوەگونجان بەبێ ململانێ ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەش کە زۆربەی خەڵک لەمە تێناگەن، تەنانەت بە شێکی کەمیشیان.  بۆ نمونە هۆمیرۆسی شاعیر کە ئەیویست جیاوازی و ململانێی نێوان خواوەندەکان و خەڵک فەرامۆش بکا و گوێی نەداتێ، لەو ڕاستییە نەگەیشتبوو کە ململانێ سەرچاوەی هەموو بوونێکە و بە نەبوونیشی هەموو شتێک ون ئەبێ.
هەروا فیساگۆرس ئەیویست ململانێ لە پێکەوەگونجاندا دوایی پێ بێنێ و ڕای وابوو کە یەکێتی، یان ناوەند، کۆتایی هەموو شتێکە، ململانێش کاتییە و بە پێکەوەگونجانی دژەکان کۆتایی دێت.  ئەم یەکێتییەی فیساگۆرس باسی ئەکات یەکێتییەکی مردووی نەبزێوە، هەرگیز نە لە سرووشت و نە لە ژیانی مرۆڤدا بەدی نایەت.  ململانێ ئەو یاسا حەتمیەیە کە حوکمی بوون و هەموو گەردوون ئەکاو هەر وەک وتمان لە دەرەوە نایەتە ناو ژیان و جیهانەوە، بەڵکو لە ناوخۆیاندا دەرئەکەوێ و سەرهەڵئدا و لە شێوەی گونجانێکی تایبەتیدا دەرئەکەوێ.  کەواتە پێکەوەگونجان و ململانێ، چیەتی (ماهیە)ی یەکێتی و دژەکانن.
لۆگۆس(یاسا)
بنەمایەک “مەبدەئێک” هەیە کە دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووەو، حوکمی هەموو بوون و گۆڕانێک ئەکات، حوکمی سرووشت و مرۆڤ و خواوەند ئەکا.  هیراکلیتس ئەم بنەمایەی ناو ناوە (لۆگۆس) واتا ـ یاسا ـ و بڕواشی وایە کە تاکە سیستەمێکی نەمرو جێگیری گەردوونە لە ناو هەموو بوونەوەرەکاندا.  لۆگۆس ئەو ڕێژە جێگیرەیە کە بنەمایەکی ماتریالی ڕەسەن لە هەموو دۆخە جیاوازەکانیدا وەریئەگرێ.  لۆگۆس ڕێگایەکە بەرەو بەرزی و بەرەو نزمی، لە یەکەتیزۆرەتی و لە زۆرەتی یەکەتی درووست ئەکات، حوکمی ئەو ئاگرە ئەکا کە بە پێوانەیەک دەسووتێ و بە پێوانەیەکیش دائەمرکێتەوە، ئەم ئاگرە ئەبێتە هەموو شتێک و هەموو شتێکیش بۆ ئەو ئەگەڕێتەوە ئەویش بە پێی سیستەمێک کە لۆگۆسە و بریتییە لە ململانێ و پێکەوە گونجانێک کە بەشێوەیەکی ڕێژەیی هەموو دژە ململانێکەرەکان ڕێک ئەخاو هاوتایان ئەکا، پێوانەیەکە حوکمی هەمەک ئەکا و خۆی هەمەکە.
کەواتە لۆگۆس و ئاگر، دوو ڕووی بوونێکن کە ناتوانرێ ئەم بوونە نە بۆ بنەمایەکی ماتریالی و نە بۆ چییەتیەکی (ماهیە) ئایدیالی بگێڕدرێتەوە.  بەڵکو بۆ یەکێتی دینامیکیی دژەکان ئەگەڕێتەوە.  لەگەڵ ئەوەشا کە لۆگۆس بە هەموو شتەکانەوە بەندە بەڵام لە هیچیان ناچێ؛ یاسایەکی گشتییەو هەروەک وتمان حوکمی گۆڕانی شتەکان ئەکا، گۆڕانیش لە بنەمای یەکەمدا نەبێت نابێ، ئەو بنەمایەی کە بە هەموو گۆڕانکارییەکان هەڵئەستێ، ئەم بنەمایە بنەڕەتییەش لای هیراکلیتس ئاگرە، هەروەک چۆن لای تالیس ئاو و لای ئەناکسێمەندەر ئەپیرۆن و لای ئەناکسێمانس هەوا بوو.
بە ڕای هیراکلیتس خواوەند هیچ ڕۆڵێکی لە پرۆسەکانی گەردوون دا نییە. هەروا ئەم بیرمەندە هەموو ئایدیایەکیش لەبارەی درووستکردنی گەردوونەوە ڕەت ئەکاتەوە.  سا بەڵگەکەی هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، چونکە جیهان لە کونەوە هەیە و پڕۆسەیەکی هەڵگیرسان و کۆژانەوەی ئاگرە.  بۆ ئەم مەبەستەش هیراکلیتس دەڵێ: ((هیچ یەکێک لە خەڵک و لە خواوەند ئەم جیهانەیان درووست نەکردووە، بەڵکو هەر لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتا هەتایە ئاگرێکی زیندوو هەمیشەییە و بە پێوانەیەک ئەسووتێ و بە پێوانەیەک ئەکوژێتەوە)).
هەموو دیاردەیەکیش هەر بەهۆی خودی خۆیەوە لێک ئەدرێتەوە، نەک بە هۆی هێزێکی دەرەکییەوە.  لەگەردووندا گەلێک شت هەن، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ کە هەر شتە خۆیەتی و شتێکی تر نییە، بەڵام لێکچووونی شتەکە لەگەڵ خودی خۆی دا سەر پێییەو ڕێژەیی، چونکە هەموو شتێک بەردەوام بەرەو دژەکەی لە ڕێدایە.  ئەو شتە تاکەش کە هەمیشەیی و ڕەهایە، نەمرە و لە ناو ناچێ، ململنێی دژەکانە، یا وردتر بڵێین ئەو یاسایەیە کە حوکمی ئەم ململانێیە ئەکا، جا ئەگەر ئەمە مۆرکی ڕاستیی بێ، ئەوا تا ڕادەیەک دۆزینەوەی ئاسان نییە، چونکە حیکمەت ژمارەیەکی زۆری زانیاری نییە کەم و زیاد بکا، بەڵکو تێگەیشتنی سەربەخۆی گەوهەری شتەکانە و لە ئەنجامی خوێندنەوەی کتێب و نووسراوی ترەوە بە دەستنایەت، بەڵکو نیشانەی سەرەکیی حیکمەتی ڕاستینە لە تێگەیشتنی یەکێتی جیهاندایە، هەرچەندە جیاوازی گەوهەری و ڕووکەشیش لە نێوان شتەکاندایە.
کاتێک کە ئەڵێین دۆزینەوەی ڕاستیینەی شتێک ئاسان نییە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە شتێکی ئەستەم بێ و دەست نەیگاتێ، بەڵکو ڕاستینە سەربە واقیعی ماتریالیە و هەستکارەکان هەستی پێ ئەکەن.  بەڵام سەرنجدانێکی ورد و قووڵی ئەوێ چونکە لە ڕووکەشی شتەکاندا نییە و لە ناوەوەیە، لەبەر ئەوە هەمووکەسێک لێی تێناگا و نایدۆزێتەوە.
لێرەدا پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە یەکەمێتی ئاگر لای هیراکلیتس جیایە لە یەکەمێتی بنەمای بنچینەیی لای بیرمەندانی قوتابخانەی ئایۆنیا، چونکە هەموو سەرەتایەک لای هیراکلیتس کۆتاییەو هەموو کۆتاییەکیش سەرەتایە، کەواتە سەرەتا و کۆتایی نییە.  جیهانیش هەمیشەیی و ئەزەلییە و دژەکان لە ناویا ئەژین و لە جەنگێکی بەردەوامدا هەریەکە مەرگی ئەوی تری هەڵگرتووە، بە بێ ئەمەش بوونی گەردوون مەحاڵە.  ئەم ململانێیەش لای هیراکلیتس دادپەروەرییە، نەک جەورو ستەم وەک ئەناکسێمەندەریس ئەڵێ .
هیراکلیتس لە پارچەی (80)دا ئەڵێ:(( پێویستە بزانین کە جەنگ جیهانی و هەمەلایییە و (شامل) شەرەکەش دادپەروەرانەیە.)). کەواتە هۆمیرۆس هەڵەی کردووە کە پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی جەنگ لەسەر زەوی نەمێنێ، چونکە بە کۆتایی جەنگ هەموو شتێک کۆتایی دێت.  لەبەر ئەوە هیچ شتێک ڕاست و دادپەروەری نییە، خێر و شەر یەکێتی پێکدێنن، ئا ئەمەیە پێکەوەگونجانی شاراوەی ناو شتەکان کە دانا نەبێ کەس پەی پێ نابا.
لای هیراکلیتس خواوەند یەکێک لە لایەنە دژەکان پێک ناهێنێ، یان یەکێک نییە لە لایەنەکانی ململانێکە، بەڵکو یەکێتیەکی هەمەکی(کلی)هەموو دژەکانە، خوا ڕۆژ و شەوە، هاوین و زستانە، جەنگ و ئاشتییە، تێری و برسێتیە…هتد.
ئەگەر سەرنج دەین دەرئەکەوێ کە لۆژیکی فۆرمی (Formal Logic) بە پێی مێژوو، لۆژیکی هیراکلیتس ڕەت ئەکاتەوە، ئەو لۆژیکەی کە ئەرستۆی وروژان، بەڵام لۆژیکی نوێ و بە تایبەتی لۆژیکی زانستەکان و فیزیای ڕێژەیی گەلێک لە گوتە(Category) زانستی و ڕاستەکانی هیراکلیتسی لە خۆ گرتووە. لێرەدا مەزنی و بلیمەتی ئەم بیرمەندە دەرئەکەوێ، بەرهەمی بیری ئەم فەیلەسوفە زۆر پێشکەوتووتر بووە لەوانەی پێش خۆی، لە بیرمەندانی قوتابخانەی ئایتۆنیا و فیساگۆرییەکان.  ئەم بەرهەمەش ئاستێکی بەرزمان لە مێژووی رووتکاری و بەدەستهێنانی دایالێکتیک دا بۆ دەرئەخا.
شوێنی چینایەتی هیراکلیتس وەک دوژمنێکی دیموکراسی وای لێکرد بوو کە زۆر بە زوویی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی دیموکراسیەت بدۆزێتەوە، ئەو ناکۆکیانەی کە هەرەس بەم دیموکراسییەت دێنن، بە پێچەوانەی ئەوەوە کە فیساگۆرس لە شوێنی چینایەتی خۆیەوە ئەیگوت.  تۆمسۆن ئەڵێ: ((ئەم پێشکەوتنەی هاتەدی بەهۆی پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی شمەکییەوە بوو)).  ئەم بنکە ئابوورییەش لە تیۆری هیراکلیتس دا بە ئاشکرا دیارە، چونکە چەمکی(بازنە) یان سوڕانەوە گۆڕانکارییە هەمیشەییکانی ماددە کە هەر ماددە خۆی ڕێکیان ئەخات ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیانەی ئابوورییەک کە لەسەر بنچینەی بەرهەمهێنانی شمەکی ڕاوەستابێت. پێوەندی ئاگریش بە شتەکانی ترەوە، بە تەواوی وەک پێوەندی پارە وایە بە شمەکەکانی ترەوە، ئەمانە دوو هاوکێشەی گەردوونین، ئەمەش لەم گوتەیەی خوارەوەی دا دەرئەکەوێ کە ئەڵێ: ( هەمووشتێک ئەگۆڕێ بۆ ئاگر و ئاگریش ئەگۆڕێ بۆ هەموو شتێک، بە تەواوی وەک ئاڵوگۆڕی شمەک بەزێڕ و زێڕ بە شمەکەکانی تر))16
لە ڕاستیدا هاوارەکەی هیراکلیتس کە ئەم چەمکانەی خستە ڕوو ـ ململانێ، بزووتنەوە، گۆڕان -، لە جیهانی ئەمڕۆماندا و لە زۆر ئاستی جیاوازدا دەنگیداوەتەوە و کارێکی وایکردووە کە ئەم بیرمەندە شوێنێکی بەرز و بایەخداری لە لێکۆڵینەوەی مێژووی بیری مرۆڤدا هەبێ .

بەشی شەشەم
قوتابخانەی ئیلیا Elida school
دایلێکتیک لەگەڵ هیراکلیتسدا گەیشە ئاستێکی بەرز و وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژووی بیری یۆنانیدا هێانەیەدی .  ئەمە دوای ئەوەی کە بنچینەکەی لە بیری کۆنی یۆنانیدا و لای بیرمەندانی قوتابخانەی ئایۆنیا نەخشەی کێشرا، لای هیراکلیتس گەیشتە ئاست و پلەیەکی ترو کامڵتر دەربڕرا.  هەر لە منداڵدانی ئەم دایالێکتیکەشدا کۆرپەلەی میتافیزیکا کەوتە گەشەکردن و دواییش بانگەوازی مردن و لە ناوچوونی بزووتنەوە و ململانێ و گۆڕانی ڕاگەیاند.
قوتابخانەی فیساگۆریزمیش کە ڕایگەیاند ئایدیا یان ژمارە بنچینەی جیهانی سروشتیە و جێگیربوون و یەکێتی هەمیشەییە، بەمە یەکەم هەنگاوی بەرەو میتافیزیکا نا.  لە وەودواش (پارمەنیدس) هات و چەند هەنگاوێکی تری لەم ڕووەوە نا و کۆڵەکەی ئەم ڕێبازەی زیاتر داکوتا.  ئەویش بە رووتکاریەکی ڕەها و نازەمانیانەی بیری فەلسەفە. پارمەندیس بزووتنەوە و ململانێ و گۆڕان و زۆرەتی ڕەت ئەکاتەوەو لەسەر (بوون)ێکی ئەزەلی و هەمیشەیی و جێگیر پێ دائەگرێ، بەمەش ڕێ بۆ دارشتنی چەمکی گەوهەر(Substance) خۆش دەکا.
قوتابخانەی ئیلیا بە ناوی شاری (ئیلیا)وە ناو نراوە کە یۆنانییە کۆچکردووەکان دوای داگیرکردنی شاری (ئایۆنیا) لەلایەن ئێرانیەکانەوە ئاوەدانیان کردبوەوە.
ئەکسانۆفان کە یەکێک بوو لەو کۆچکردوانەی لە دەست زەبروزەنگی ئێرانیەکان هەڵاتبوون، ئەم قوتابخانەیەی دامەزراند؛ ئەکسانۆفان گۆرانیبێژێکی بە ناوبانگ و بەرەچەڵەک سەر بە شازادەکان بوو لە نێوان ساڵانی ٥٧٠ و ٤٨٠ پ.ز دا ژیاوە.  ئەم بیرمەندە ڕای وابوو کە خوایەکی گەورە هەیە و گەورەترە لەو خواوەندانەی لەوەوبەر باسایان کراوە.  ئەم خوایەش نەبەشێوە و نەبەسیفاتە ئاکارییەکانی لە مردوو ناچێ.  هیچ کارێکی نابەجێش ناکا وەک بەرتیل وەرگرتن و مەی خواردنەوە کە شاعیرەکان داویانەتە پاڵ خواوەندەکان. ئەم خوایە بەهۆی ئەقڵییەوە هەموو شتێک ئەبزوێنێ و بە هەمەکییەکەوە بیر ئەکاتەوە و ئەبینێ و ئەبیستێ، نەک وەک مرۆڤ کە بە بەشێکی یان هەستێکی ئەبینێ و ئەبیستێ، کۆن و جێگیرو نەبزێوە، چونکە بزووتنەوە نیشانەی ناتەواوییە، ئەویش تەواوە(کامڵە)، تاک و تەنیایە و هیچ خوایەک لە پێشیەوە نەبووەو هیچیش لە دوایەوە نایەت، خزمەتکار و بەردەستیشی نییە.
ئەکسانۆفان هەموو ئەو تەسەورو ئایدیایانە ڕەت ئەکاتەوە کە خەڵکی لە بارەی خواوەندەکانەوە پەیدایان کردبوون، وای دانا کە ئەم شتانە هەموویان بۆچوونی مرۆڤن، ئەویش بە پێی ئەو بارەی مرۆڤەکەی تیادا ئەژی.  بۆ نمونە لای زنجیەکان خواەوند قژی ڕەشەو  لوتی فشە، بەڵام لای تراقییەکان چاوشین و قژ زەردە، خۆ ئەگەر ئاژەڵیش توانای تەسەورکردنی هەبوایە لە شێوەی خۆیدا تەسەوری خوای ئەکرد.  بەڵام لە ڕاستیدا خوا لە هیچ کام لەم وێنانە ناچێ کە مرۆڤ لە خەیاڵی خۆی دا کێشاونی، خواو سروشت لای ئەکسانۆڤان یەک شتن، (بوون)یش جێگیرە و ناگۆڕێ، کۆنە و لە هیچ شتێکیش نەبووە، نەمرە و هەمیشەییە و نافەوتێ.  کەواتە نە درووست بوون هەیە و نە لە ناوچوون.  بەڵام هەستکارەکان ناتوانن پەی بەم ڕاستییە بەرن و بیگەنێ، لەبەرئەوە ئەبینین زۆربەی خەڵک بڕوایان بە گۆڕان و سەیرورە هەیە. بەمشێوەیە ڕاستی لای ئەم بیرمەندە ڕاستییەکی ئەقلییە، هەر ئەقلیش پەی پیئەباو تەواو تێی ئەگا، هەروەک پارمەنیدس لە قەسیدەکەیدا باسی ئەکا.
ئەم بیروڕایانەش سەبارەت بە کۆنی و جێگیری و یەکێتی بوون، لای پارمەنیدس تەواو پەرەی پێدراو بە جۆرێک کە میژوو نووسان بە دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیەی لەقەڵەم دەدەن و مێژووی فەلسەفەش وای ناساندووە کە فەیلەسوفی یەکێتی و جێگیرییە بەڕامبەر هیراکلیتس کە فەیلەسوفی زۆرەتی و گۆڕانە. پێویستە لێرەدا پەنجە بۆ ئەوە ڕاکێشین کە یەکێتی نێوان خواو سرووشت لای ئەکسانۆفان کارێکی تەواوی کردۆتە سەر مەزهەبی(پانتیزم) Pantheism کە لەسەدە نوێیەکاندا ولەسەر دەستی سپینۆزا پەرەی سەندو سوودی لە دەسکەوتە زانستییەکانی ئەو سەردەمە وەرگرت.

پارامەنیدس: (515 ـ پ.ز) Parminedes
ئەگەر ئەکسانۆفان بە دامەزرێنەر و بناغەدانەری مەزهەبی جێگیر و پاپانسێزم دابنرێت، ئەوا پارمەنیدس ئەو فەیلەسوفەیە کە وێنەی تەواوی ئەم ڕێبازەی کیشاوە، ئەم بە جۆرێک دایڕشت کە کاری کردە سەر ئەفلاتون و ئەوانەی لە دوای ئەمەوە هاتن، دوای ئەویش(زینۆن) هات و بەبەڵگە دایلێکتیکییەکانی زیاتر پشتگیری ئەم رێبازەی کرد.  (میلیسۆس)یش دەورێکی هەبوو لە زیاتر ڕێکخستنی دا.  بەڵام ئێمە لێرەدا تەنیا بەوەی لای پارمەنیدس هەیە وازی لێدێنین.  چونکە ئەو هەرچی شتی گرنگ و بنەڕەتی هەیە لەم رێبازەدا ئەم ئەیداتە دەستمان.
پارمەنیدس لە (ئیتالیا)و لە دوا چارەکی سەدەی شەشەمی(پ.ز)دا لە دایک بووە. زۆر چالاکانە بەشداری ژیانی سیاسی کردووە، چەند یاسایەکیشی بۆ شارەکەی داناوە، هەر لەسەرەتای ژیانیەوە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمیناسی فیساگۆری دا هەبووە، ڕایەکی واش هەیە کە یەکێک بووبێ لە ئەندامانی کۆمەڵەی فیساگۆرییەکان… بەڵام ئەوەندەی نەخایاند کە لەم تاقمە جیابووە و قەسیدە درێژەکەی نووسی کە هەڵوێستە ئایدیاییەکانی خۆی تیادا دەربڕی و بەڕاشکاوی بەرەنگاری فیساگۆرییەکان و هەموو زێبازەکانی  پێش خۆی بوەوە.
لە ڕاستیدا قەسیدەکەی وەک ڕۆمانێک وایە سەبارەت ئەزموونی ئاینی و، شێوەی پەروەردە کردنێکی سۆفیانەشی لەخۆگرتوەوە، پارەمەنیدس لەبەشی یەکەمی قەسیدەکەی دا داواکارییەکانی فیساگۆرییەکان ڕەت ئەکاتەوەو زۆر بە تووندی بەرپەرچیان ئەداتەوە.  بەشی دووەمی قەسیدەکەش دووپارچەیە، یەکەمیان سەبارەت بە ڕێی ڕاستیینە یەو دووەمیش سەبارەت بە ڕێی ڕووکەش یان ڕێی گومان. پارمەنیدس لە (ڕێی ڕاستیینە)دا تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت سرووشتی گەردوون ئەخاتە ڕوو و، زۆر بە توندیش ئەوزانیارییانەی بەهۆی هەستکارەکانەوە گەیشتوونە مرۆڤ ڕەت ئەکاتەوە و لەسەر ئەوە پێ دائەگرێ کە هەستکارەکان جیهانێکی خەیاڵی ئەخەن ڕوو.
لە (ڕێی ڕووکەش)دا یان(ڕێی گومان)دا کە لەدوای ڕێی ڕاستییەوە دێت، پارمەنیدس دان بە دەسکەوتەکانی هەستکارەکاندا ئەنێ و ئەم دانپیانانەش لە زمانی ئەو خۆواوەندەوەیە کە ڕێی ڕاستی دیاریکردووە، هەر ئەم خواوەندەش وای ڕاگەیاند کە ئەو زانیارییانەی لە ڕێی هەستکارەکانەوە دێن ڕاست نیین و خەڵەتێنەرن، بۆیە(پارمەنیدس)ی ئاگادارکرد کە ئەگەر زۆر بە باشی گوێ لە زانیارییە ئەقڵییەکان بگرێ و بایەخیان پێبدا، لە هەمان کاتیشا بایەخ بە زانیاریی هەستکارە خەڵەتێنەرەکان بدا، بە مەرجێک ئاگای لە کەم و کوڕییەکانیان بێت، ئەوا بێگومان بەسەرهەمووان دا سەردەکەوێ و ئەبێتە ئاقڵترین و زاناترین کەس.
بە گوێرەی ڕێی ڕووکەش گەردوون لە دوو گەوهەری دژ بەیەک و ململانێکەر ـ ڕووناکی و تاریکی ـ پێکدێت.  لە ناوەندی ئەم گەردوونەشدا خواوەندێک هەیە کە ناوی (ئیمانکیا) یە و ڕێڕەوی هەموو شتەکان دیاری دەکات.  ئامانجیش لە جیاکردنەوەی ئەم دوانە لە یەکتر ـ ڕووناکی و تاریکی ـ کە لەسەرەتای ڕێی ڕووکەش دایە، ئەوەیە کە ڕێی ڕاستیمان بیربکەوێتەوە، ئەو ڕێیەی کاتێک لەبەردم مرۆڤدا ئەکرێتەوە کە ئەگاتە بەردەرگای شەو و ڕۆژ.  هەر بە چوونە ناو دەرگای ڕاستیشەوە خواوەندی دادپەروەری (دیکیا) پێشوازی لە مرۆڤ ئەکا و فێری ئەوەی ئەکا کە دنیا بۆ شەو و ڕۆژ و تاریکی و ڕووناکی دابەش نابێ؛ بەڵکو ئەم دابەشکردنە خەیاڵی هەستکارەکانە و جگە لە ڕووناکی هیج شتێکی تر نییە.  ئەم ڕووناکییەش دەلالەت لە هەموو ئەو شتانە دەکا کە هەن. کەواتە ئەتوانین بڵێین(ڕێی ڕووکەش) خۆ ئامادەکردنێکە بەرەو ڕێی(ڕاستیینە)،  قۆناغی یەکەمە لەبەردەم ئەوکەسەدا کە ئەیەوێ ڕێی ڕاست بگرێ، چونکە بەمە دڵنیا ئەبی کە جیهانی بەرهەست (محسوس) خەیاڵییە و واشی لێدێ کە بۆ پێشوازیکردن لە ڕووناکی ڕاستیینە ئامادە بێت.  با بزانیین پارمەنیدس دوای ئەوەی کە ڕێی ڕاستی گرت، واتا ڕێی ئەقڵ چی بۆ دەرکەوت؟
پارمەنیدس لەو بەشەی قەسیدەکە دا کە تایبەتە بە ڕێی ڕاستیی، ناوەڕۆکی تیۆرییەکەیمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە، کە لەگەڵ هیچ یەکێک لە تیۆریەکانی پێش خۆیدا ناگونجێ. بەڵام ئەو هێرشە توندەی ئەیکاتە سەر ئەم تیۆرییانە، لەو بەشەی قەسیدەکەی دا دەرئەکەوێ کە تایبەتە بەڕێی ڕووکەش و تیایدا ڕایەکانی فیساگۆرییەکان ڕەت ئەکاتەوەو، دژی دووالیزمی فیساگۆرس ئەوەستێ، بڕواشی بە بزووتنەوەو گۆڕان و ململانێ و سەیرورە نییە، نەک هەموو ئەمەش بەڵکو بڕوای بەوەش نییە کە یەکەم ڕەگەزی بنچینەیی باس بکرێت.  جیهان چەند دانەیەکی پێکەوە بەستراوو دژ بەیەک نییە، چونکە دژەکان ناتوانن پێکەوە کۆببنەوە، خۆ ئەگەر ڕووناکی هەبوو ئەوە تاریکی نابێ، ئەگەر خێر هەبوو ئەوا شەر نابێ و، ئەگەر بوونهەبوو ئەوا نەبوون نابێ، گاڵتەی بەو گوتەیەی هیراکلیتس دێ کە ئەڵێ: هەموو شتێک هەیە و هاوکاتیش نییە، تاکە ڕاستی بەڕای پارمەنیدس(بوون)ە کە یارمەتی دیاریکردن و دەربڕین و سیفات دانان بۆ شتەکان ئەدا، ئەو بوونەی کە هەر ئەقڵ ئەتوانێ درێژەی پێبداو، بابەتێکە هەر ئەقلی ڕووت لێی ئەکۆلێتەوە و دەرکی پێئەکا.  بەم جۆرە پارمەنیدس ئەبێتە دامەزرێنەری میتافیزیکا.
ئەم بوونە پاک و پوختە و نەبوونی (عدم)ی تێکەڵ نییە، چونکە نەبوون ناتوانرێ وەسف بکرێ و ناتوانین تێیبگەین، هەتا ناتوانین هیچ قسەیەک لە بارەیەوە بکەین چونکە نییە.  بەڵام ئەم وتەیەی پارمەنیدس لە سەر دەستی ئەفلاتوون هەڵئەوەشێتەوە و لە یەکێک لە دایەلۆگەکانیدا ئەفلاتوون واقیعییەتی(نەبوون) ئەسەلمێنێ، چونکە هەرچی لە بارەی بوونەوە ئەکرێ و ئەوترێت ئاسانترنییە لەوەی لە بارەی نەبوونەوە ئەکرێ و ئەوترێت، ئەم ڕایەش لە دایەلۆگی (سۆفستایی)دا ئەسەلمێنێ.
بوون هەیە و، نەبوون نییە، ئەمەیە کە ئەقڵی پارمەنیدس دۆزییەوە و پەی پێبرد، ئەم بوونە سادەیە و هیچ ئاوێتەیەکی (Mounting) تیا نییە و ملکەچی بزووتنەوە و گۆڕانیش نییە، چونکە گۆڕان یان ئەبێ لە بوونەوە بۆ بوون بێت، کە ئەمەش گۆڕانێکی ڕاستیینە نییە، یان ئەبێ لە بوونەوە بۆ نەبوون و لە نەبوونەوە بۆ بوون بێت کە ئەمەشیان هەر مەحاڵە، چونکە بەڕای پارمەنیدس نەبوون نییە و لە بوونەوە هەر بوون بەرهەم دێ، بەم جۆرە گۆڕان نییە.
بوون لای پارەمەنیدس جێگیرە و هەموو شتێکە، پڕەو هیچ شتێک لە دەرەوەی نییە، بە شێوەیەکی (هەمەکی) هەیە و یەکەو، نەڕابوردوو پاشەرۆژ و نە لە دایک بوون و مردن و نە سەرەتاو کۆتایی هەیە، نە درووستببوون و نە لە ناوچوونیشی هەیە، بەڵکو بوونێکی جێگیر و هەمیشەییە، دادپەروەرییش حوکمی بوون ئەکاو جڵەوی گرتۆتە دەست خۆی و، ڕێگا بە هیچ شتێک نادا لە دایکبێ و لە ناوبچێ.  بەڵکو بە شێوەیەکی چەسپاو پارێزگاری لەو بوونە ئەکا کە هەیە.
بوون یەکەو ڕەهایە و هەرگیز دابەش نابێ، پڕەو لە هەموو لایەکەوە پێگەیشتووە و هیچ بۆشاییەکی تیا نییە.  جگە لەم بوونەش هیچ شتێکی تر نییە بتوانێ دابەشیکاو زۆریکا، هیچ شتێکی بۆ زیاد ناکرێ، یان لێی کەم ناکرێتەوە، چونکە هەمەکە (Total)ە.
بوون یەکێکە و جێگیرە و سادەیەو نا گۆڕێ و کۆنە و سەیرورەی نییە و لە هیچ شتێک درووست نەبووە و هەمیشەییە و نافەوتێ.
ئەمە ئەو بۆچوونەیە کە تیشکی ڕاستیی بۆ پارمەنیدسی دۆزییەوە، خۆ ئەگەر خەڵکیش لەم ڕاستییە تێناگەن، ئەوە لەبەرئەوەیە کە تا ئێستا لە ڕێی ڕووکەش تێنەپەڕیون، ئەو ڕێیەی کە شتەکان لە بزوونتەوە و گۆڕان و زۆرەیەتیدا دەرئەخا.
ئەم ناکۆکییەی نێوان هەستکارەکان و ئەقڵ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەرەسەندنی بیری یۆنانی هەبوو، لەوەودواش مەسەلەی ئەپستمۆلۆژیا(Epistemology) و مەسەلەی (بوون)ی پێکەوە لە فەلسەفەی ئەفلاتوون و ئەرستۆدا دەربڕی.
پارمەنیدس کە بە شێوەیەکی ڕەها دایالێکتیک ڕەتدەکاتەوە و، بیرکردنەوەش لە سنووری ئەقڵدا دوور لە دەسکەوتی هەستکارەکان تەسک دەکاتەوە، بەمە بناغەی میتافیزیکا دائەڕێژێ و ڕێ لەبەردەم بیری ئایدالیدا خۆش ئەکات.  لەگەڵ ئەمەدا بۆ یەکەمجار تێڕوانینی میتافیزیکی لەسەر شانۆی مێژوو ـ لە بارەی بوونەوە ـ سەری هەڵدا و ڕووبە ڕووی تێڕوانینی دایالێکتیک بوەوە، کە تەنیا تێڕوانینی دەسەڵاتدارو بێهاوتا بوو تا سەردەمی پارمەنیدس.
بیروڕاکانی ئەم فەیلەسووفە تا ڕادەیەکی زۆر کاریانکردۆتە سەر داڕشتنی بنەماکانی لۆژیکی فۆرمی ئەرستۆیی، بە تایبەتی بنەماکانی (Identity) ـ واتا هەرشتە خۆیەتی و شتێکی تر نییە ـ بنەمانی کۆک(عدم التناقچ non-contradiction) ـ ، لە هەمانکاتیشا بیروڕاکانی هیراکلیتس بوونە کۆڵەکەی لۆژیکی دایالێکتیکی نوێ و هاوچەرخ.
ئەم دوو بیرمەندەش لە مێژووی فەلسەفەدا هەریەکەیان لە گۆشەیەکەوە دیارن و دوو هێڵی دژ بەیەکەیش دیاری ئەکەن، هێڵی هیراکلیتس و هێڵی پارمەندیدس، زۆر لە فەیلەسوفەکانیش لەوەودوا هەوڵیان دا کە ئەم دوو هێڵە ـ دوو ڕێبازە ـ پێک بێنن و یەکیان بخەن.

بەشی حەوتم
ـ ئەمبادۆکلیس ـ  Empedocles
ئەنبادۆکلیس سیسەتمەدارێکی دیموکرات بوو، زۆر بە تووندیش دژی زۆردارەکان و حزبی ئۆلیگارکیەکان وەستایەوە و پێوەندییەکی پتەوی بەگەلەوە هەبوو، خەڵکی حەزیان ئەکرد ببێتە فەرمانڕەوایان، بەڵاما ئەم خۆی ئەوەی ڕەت ئەکردەوە و ڕازی نەئەبوو. ئەوەش کە زیاتر وای لێکردبوو لای خەڵکی خۆشەویست بێ، ئەو داکۆکییەی بوو کە لە یەکسانیی ئەکرد و، دابەشکردنی سامانەکەی بوو بەسەر هەژارانی شارەکەی دا، شاری (ئەگراگاس).  ئەنبادۆکلیس لە نێوان سەرەتای سەدەی پێنجەم و چارەکەی کۆتای ئەو سەدەیەدا ژیاوە.
بیروڕاکانی ئەم بیرمەندە لە زانستەوە نزیکترن وەک لە فەلسەفەوە و جۆرە پێکهاتەیەکیشە لە نێوان مەزهەبی هیراکلیتس و پارمەنیدس دا، لە نێوان گۆڕانی بەردەوام و زۆرەتی لە لایەک و جێگیری و یەکێتی لە لایەکی ترەوە.
ئەنبادۆکلیس لە بارەی پەرەسەندن و مانەوەی باشترینەوە دواوەو، زانستیانە سەرنجی خۆڕاگیرانی داوەو وەک دیاردەیەک لێکیداوەتەوە، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی نوژداری (پزیشکی) ئیلالیاش ئەژمێردرێ.
ئەنبادۆکلیس یەکەم کەسە بۆ لێکدانەوەی گۆڕان لە گەردوندا باسی چوار ڕەگەزەکەی کردووە. ئەم چوار ڕەگەزەش (ئاگر و هەواو ئاو و خاک)ن، هەمووشیان ئەزلی و هەمیشەیین و لە لایەنی چۆنایەتییەوە ناچنە ژێر ڕکێفی گۆڕانەوە، هەروەک (یەک)ەکەی پارمەنیدس.  بەڵام ئەوگۆڕانەی لە بووندا ڕوویداوە بە لێکدانەوەیەکی چەندێتی لێکی داوەتەوە و لە ژێر کاریگەری دوو پرەنسیپی تردا کەناوی ناون خۆشەویستی و کینە (Love and Hate) ڕوونی ئەکاتەوە.
ئەم چوار ڕەگەزە خۆشەویستی کۆیان ئەکاتەوە و کینەش لە یەکیان جیا ئەکاتەوە.  لە ئەنجامی کاری خۆشەویستی و کینەشدا، واتا لە ئەنجامی هەردوو پڕۆسێسی کۆبوونەوە و لێکجیابوونەوەدا، هەموو گۆڕانە جیاوازەکان ڕووئەدەن  و هەموو جیهان و شتەکانیش درووست ئەبن.
گەردوون بریتیە لە یکگرتنی ڕەگەزەکان بەڕێرەوی جیاواز، هەڵوەشان و لە ناو چوونیش جیا بوونەوە و بڵاو بوونەوەیەو ئەو ڕەگەزانەیە لە (هەمەک)ە گەوەرەکەدا کە زیادوکەم ناکا.  کەواتە با بزانین چیەتی (ماهیە)ی ئەم دوو مەبدەئە چین؟.  لە ڕاستیددا ئەنبادۆکلیس بە تەواوی ئەمەمان بۆ ڕوون ناکاتەوە، ئەوەندە نەبێ کە ئەڵێ: خۆشەویستی هۆی رێکخستن و خێر و جوانییە و کینەش هۆی پەشێوی و شەڕە و ناشیرینییە، ئەم دوو بنەمایەش (خۆشەویتی وکینە) بە نۆرە سەردارێتی گەردوون ئەکەن.  جا ئەگەر خۆشەویستی سەرداربێ ئەوا یەکێتی و جێگیری دەسەڵاتدارن و، ئەگەر کینەش سەرداربێ ئەوا زۆرەتی  و شێواوی دەسەڵاتدار ئەبن.  جیهانیش لە ئەنجامی ملمالنێی ئەم دوو بنەمایەدا بە سووڕانەدا ئەڕوا، جارێک بوونەکەی هیراکلیتس دێتەدی و یەکێتی ئەبێتەوە زۆرەتی، کەواتە دوو سووڕ هەیە کە بە پێی سەردارێتی بنەماکان ئەگۆڕدرێن بۆ یەکتر، ئەنبادۆکلیس بەم جۆرە مەسەلەی یەکێتی و زۆرەتی و گۆران و جێگیربوون چارەسەر ئەکات.
کەواتە چوار ڕەگەزەکە و خۆشەویستی وکینە ئەو شەش ڕاستییەن کە هەموو گۆڕانەکانی گەردوون لێک ئەدەنەوە، ئەمانەش بە شێویەکی میکانیکی و بێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی ئاقڵانەیان هەبێ کاری خۆیان ئەکەن.  هەمووشیان کۆنن و هیچ ڕەگەزێکیش لە گۆڕانی ڕەگەزێکی ترەوە دروسست نابێ، هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و مرۆڤ و خواوەندەکانیش بەڕێژەی جیاواز لەم ڕەگەزانە پێک هاتوون.
بەم شێوەیە نەفس و ئەقڵەکان ماتریالن، بە گوێرەی ئەو بنچینەیەی کە ئەڵێ: شتە لێکچووەکان بەیەکتر ئەناسرێنەوە.. واتا بۆیە لە بوونەوەرەکان تێ ئەگەین و ئەیانناسینەوە چونکە لە ڕەگەزی لێکچوو درووست بوون ـ ئەمەش بە هۆی یەکێتی پێکهاتنیانەوە، بۆ نمونە، خاک بە خاک ئەناسینەوە و ئاگریش بە ئاگر…هتد، هەروەها بەو ئاوێتەیەی کە لەمانە پێکهاتووە ئاوێتەکانی تر ئەناسینەوە.  ئەو زانیاریانەش کە هەستکارەکان بە دەستیان دێنن زانیاری ڕاستن، بەڵام زانیاری تەواو ئەوەیە کە بەرهەمی ئەقڵ و هەستکارەکان بێ.
ئەنادۆکلیس ڕای وابوو کە مرۆڤ بە هۆی خوێنەوە بیرئەکاتەوە. زیرەکترین کەسانێکیش ئەوانەن کە ڕێژەی ڕەگەزەکان لە خۆینینادا هاوتایە.  دڵیش مەڵبەندی ئەقڵە چونکە کانگای خوێنە.  ئەوەی سەرنج ڕائەکێشێ ئەوەیە کە بۆچوونەکانی ئەنبادۆکلیس تاڕادەیەک گەڕانەوەیەک بوو بۆ دواوە ـ لە چاو بیرمەندەانی قوتابخانەی – ئایۆنیا ـ ئەمەش زیاتر لەوەدا دەرئەکەوێ کە وای دائەنێ چوار ڕەگەزکە جێگیرن و بزوونتنەوەکەشیان لە ناو خۆیاندا درووست نابێ، بەڵکو لە دەروەی خۆیانەوە بە هۆی خۆشەویستی و کینەوە دێتەدی.  جاران بزووتنەوە یەکێک بوو لە تایبەتمەندیەکانی ماتەر، بەڵام لای ئەنبادۆکلیس و ئەوانەی لە دوای ئەمەوە دێن ئەم بزووتنەوەیە لە دەرەوە دێت. هەروەک لە ئەقڵەوە لای ئەنکاساگۆراس و لە بزوێنەری یەکەمەوە  لای ئەرستۆ.  بەم جۆرە ئەوەی کە نوێبیە و ئەنبادۆکلیس خستبێتیە سەر بیری فەلسەفەی یۆنان ئەوەیە کە ئەڵێ: چوار ڕەگەزەکە مادەی گۆرانکارییەکانن، خۆشەویست و کینەش دوو هۆکارن گۆڕان لێک ئەدەنەوەو بە هۆیانەوە ڕەگەزەکان کۆئەبنەوە و لێکجیائەبنەوە، بەم چەشنەش هەموو بوونەوەرەکان درووست ئەبن.

بەشی هەشتەم
قوتابخانەی ئەتۆمیی Atomistics
ـ لۆکیبۆس  و دیموکریتس ـ Leucippus and Democritus
ئەم دوو بیرمەندە ڕێبازێکیان هێنایە ئاراوە کە لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا بە ڕێبازی ئەتۆمی(Atomism)، ناسراوە. ڕاو بۆچوونەکانیشیان بە جۆرێک لێکەوە نزیکن کە ناتوانرێ بە ئاسانی لێک جیابکرێتەوە. لۆکیبۆس مامۆستای دیموکریتس بووە و هەردووکیان لە بیرمەندەکانی سەدەی پێنجەمی (پ.ز)ن.
لۆکیبوس لە ماڵتیا لە دایک بووە، دوایی چۆتە نیشتمانی دیموکریتس و لەوێ قوتابخانەکەی دامەزراندووە، بەڵام دیموکریتس(460 ـ370 پ.ز) کە لەم قوتابخانەیەدا پێگەیشتووە زۆر شوێن گەڕاوە و شارەزا بیروڕای زۆر لە زاناکانیان بووە، چۆتە بابل وهیندستان و میسر و شارەزای بیروباوەڕی مەجوس و دانایی هیندی و زاننستی میسریەکان بووە، لە گەلێک مەیدانا کتێبی داناوە، بەڵام زۆربەیان ون بوون و نەگەیشتوونە دەستمان جگە لە هەندێ پارچەیان نەبێ.
ڕێبازی ئەتۆمی هەوڵدانێکی تر بوو بۆ پێکهاتنێک لە نێوان ڕێرەوی هیراکلیتس ـ گۆڕان و زۆرەتی ـ و ڕێڕەوی پارمەنیدس ـ جێگیری و یەکێتی ـ جگە لەوەش ڕێبازێکی ماتریالییە و زیاتر لە هەموو ڕێبازەکانی تر لە زانستیی سرووشتەوە نزیکە. بابزانین ئەم ڕێبازە چۆن ڕوانیویەتییە گەردون و گەشەکردنی بوونەوەر؟
هەموو شتێک لە ئەتۆمی ماتریالی زۆر ورد پێکهاتووە، کە بەرێکو پێکی ئەبزوێن و بەهۆی ئەم بزووتنەوەیەشەوە بەریەک ئەکەون و یەک ئەگرن، لە ئەنجامی ئەمەشدا گەردوون و هەموو شتە جیاوازەکان درووست بوون، دواییش ئەم ئەتۆمانە لێکجیائەبنەوە و دورئەکەونەوە، بەمەش هەڵوەشان یان لە ناوچوون دێتەدی.
ئەم ئەتۆمانە زۆر بچوکن و لەوەش زیاتر دابەش نابن، ژمارەیان یەکجار زۆرە و بە بزوونتەوەیەکی خۆییش لە بۆشایدا (الخلاء) دەجوڵێنەوە، لە ئەنجامی ئەم بزووتنەوەشدا هەموو شتەکان درووست ئەبن، هەتا مرۆڤیش.
ئەم ئەتۆمانە دابەشنابن و بە پێی شێوە (Form) و ڕیزبوون و بار(Position) لێکجیاوازن، بۆ نمونەی ئەمەش ئەم دوو بیرمەندە چەن پیتێکیان هێناوە بۆ سەلماندنی ئەم جیاوازییانە، پیتی A و B  لە شێوەدا جیاوازن و پیتی  A و B و A،Bلە ڕێزبووندا جیاوازن و پیتی A  و V لە باردا جیاوازن ئەم ئەتۆمانە ناوە ناوە لە پڕی (الملڕ) و لە بۆشاییدا ئەبزوێنەوە و ئەم بزووتنەوەیەش بریتییە لە درێژبوونەوەیەکی پێکەوە نووساو و پێکەوە گونجاو.  ئەگەر ئەم بۆشایەش نەبوایە ئەوا نە بزووتنەوە و زۆرەتی ئەبوو، نە گەوهەرەکانیش لێک جیائەکرانەوە. هەروەها وەک چۆن بزووتنەوە و زۆرەتی شتێکن و نکۆڵی لە بوونیان ناکرێ، بەو جۆرەش بوونی بۆشایی ( چۆڵایی ) پێوستەو هۆکارێکی ماتریالییە وەک پڕیی (ملاء).
بزووتنەوەی ئەم ئەتۆمانە سیفەتێکی پێویست و ناچار(چرورە)ی ئەتۆمەکانە و دەرەکی نییە.  بەم جۆرە بزووتنەوەو ئەتۆم هەردووکیان ئەزەلین و ئافریدە نەکراون و لە ناویش ناچن.
لە ڕاستیا ڕێبازی ئەتۆمی درووست بوون و لە ناوچوون میکانیکیانە لێک ئەداتەوە، بە جۆرێک کە دوورن لە هەموو تەگبیر و مەبەستێکەوە؛ ئەتۆمەکان ئەتوێنەوە و کۆئەبنەوە و بە هۆی جیاوازی شێوەیانەوە بەناویەکدا ئەچن، لە ئەنجامدا هەموو شتەکان درووست ئەبن، ئەمەش ئەوەندە بەردەوام ئەبێ تا بەرئەتۆمی تر ئەکەویت و جارێکی تر هەڵئەوشێتەوە و ئەتۆمەکان لێک جیائەبنەوە.
لێرەدا ئێمە لەبەردەم تیۆرێکی حەتمی (Determinate)داین سەبارەت بە گەردوون، کە بڕوای وایە هەموو دیاردە و ڕوداوەکان بەرهەمی ناچارییەکن(چرورە) کە پێوەندییە میتۆلۆژییەکان ڕەت ئەکاتەوە؛ بە جۆرێک کە ئەبێتە یاسایەکی ڕووت و لە چەمکە زانسییەکانی یاسا سرووشتییەکان ئەچێ.  جیاوازی نێوان هەموو بوونەوەرێکیش ئەگێڕیتەوە بۆ جیاوازی شێوە و بڕی ئەو ئەتۆمانەی کە ئەو بوونەوەرەانەی لێپێکهاتووە، هەروەها بۆ جیاوازی بارو ڕیزکردنی ئەو ئەتۆمانەی کە لە شێوەدا لەیەک ئەچن.
کەواتە لێرەدا دوو جۆرە بوون هەن، بوونی ناوەوە بریتییە لە ئەتۆم و ئەو جوڵەیەی کە ئەقڵ دەرکی پێ ئەکا؛ بەڵام بوونی دیار(ڤاهر) هەموو ئەو شتانەن کە لە بوونی یەکەم بەرهەم هاتوون و هەستکارەکان بە بیری مرۆڤیان ئاشنائەکەن. ئەم دوو جۆرە ڕاستیییەش دوو جۆرە زانیاری بەرهەمدێنن، جۆرێکی ئەقڵی کە پێوەندی بە بوونی یەکەمەوە هەیە و جۆرێکی هەستی کە پێوەندی بە بوونی دووەمەوە هەیە.
ئەوەی سەرنج ڕائەکێشێ ئەوەیە کە ئەم ڕێبازە پرۆسیسی هەستکردن ماتریالییانە لێک ئەداتەوە و وای دائەنێ کە بەرهەمی بزووتنەوەی ئەتۆمەکان و کاریگەرییانە لە سەر ئەندامە هەستکارەکان (The senses)، هەستکارەکانیش لە ئاژەڵ و مرۆڤ و خواوەندەکانا لە پێنج زیاترن.
خواوەندەکانیش وەک خەڵکی تر و هەموو بوونەوەرەکان لە ئەتۆم درووست بوون، بەڵام جۆرە ئەتۆمێکی ئاگرین و هیچ دەسەڵاتێکییان بەسەر جیهاندا نییەو، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەرمان نییە، هەردوەها بوونیان بێ سوودە و هیچ مەترسییەکیشیان لی ناکرێ.  هەرچییک لە جیهاندا هەیە بەگوێرەی هۆکاری سرووشتیی ڕووئەدا، خواوەندیش وەک هەموو بوونەورەکانی تر ئەچێتە ژێر ڕکیفی درووست بوون و لە ناوچوونەوە.
هەروەها نەفسیش هەر لە ئەتۆم درووست بووە، بەڵام وردترین گەوهەر و خێراترینیان لە بزووتنەوەدا، ئەم گەوهەرەش لە هەوادا بڵاوبۆتەوە، لەبەرئەوە نەفس لەگەڵ هەناسەداندا نوێ ئەبێتەوە، ئەوهەناسەدانەی کە ژیانی ڕاگرتووە.  خۆ ئەگەر وەستا ئەوا مردن ڕووئەدا، واتا ئەو ئەتۆمانەی کە ژیانیان لێ درووست بووە لێک جیائەبنەوە.  ئەمەیە ڕێبازی ئەتۆمی کە هەموو شتێک بە بنەما سرووشتی و ناچارییە میکانیکییەکان لێک ئەداتەوە.
دوای ئەم دوو بیرمەندەش ئەپیکۆرس پەرە بەم ڕێبازە ئەداو گوتەی لادانی ئەتۆمەکان دێنێتە کایەوە، کە تاڕادەیەک لەو چارەنووسە ڕزگارمان ئەکا کە بیرمەندە سرووشتییەکان بە سەریانا سەپاندووین.

بەشی نۆیەم
ئەناکساگۆراس Anaxagoras
ئەناکساگۆراس لە ساڵی (500 پ.ز) لە شاری (کلازومینا)ی سەر بە ئایۆنیا لە دایک بووە، لە تەمەنی بیست ساڵیداچۆتە شاری ئەسیناو هاوچەرخی(بیرکلیس)فەرمانڕەوای ئەو شارە بووە، لەوێ لە ساڵی(460پ.ز)بە دواوە ناوبانگی تەواو بڵاو بوتەوە و توانیویەتی سەر لە هەموو ئەو باسە فکری و زانستیانە دەرکا کە تا ئەوکاتە بیری یۆنان بە دەستی هێنابوون.
شاری ئەسینا لە سەردەمی بیرکلیس دا گەیشتبووە ئەوپەڕی پێشکەوتن و ئاوەدانی و هەوڵیشی دا کە بیکاتە شارێکی ئەوتۆ کە مەڵبەندی ڕۆشنبیری و زانستی سەردەمەکەی  بێ، بە تایبەتی دوای سەرکەوتنی بەسەر ئێرانیەکاندا.  لە سەرەتادا ئەناکساگۆراس بایەخێکی زۆری پێدراو بیرکلیسیش ڕێزێکی زۆری لێ نا؛ بەڵام  ئەوەندەی نەخایاندا کە دوژمنانی ڕژێم بە بێباوەڕیی (‌ Atheism) تاوانباریان کرد، لەبەرئەوە لە ساڵی (450 پ.ز)ئەسینای بەجێهێشت و چووە شاری (لەمپساک) ئیتر هەر لەوێ مایەوە تا لە ساڵی 428 پ.ز مرد.
بێگومان تاوانبارکردنی بە بێباوەڕیی بە هۆی چاوقایمی و ڕا زانستیەکانییەوە بوو، ئەمەش زیاتر لەوەدا دەرئەکەوێ کە ڕایگەیاند خۆر و مانگ و ئەستیرەکان تەنی کڵپەدار و گڕگرتوون و شاخ و دۆڵ و دەشتیان تیاییە و هیچ جیاوازییەکییان لەگەڵ تەنەکانی زەوی دا نییە، هەموویان بوونەوەری سسرووشتین و خواوەند نین.
ئەم بۆچوونانەش بوونە هۆی هەڵچوونی ئەرستۆکراسییەکانی ئەسینا و تاوانبارکردنی بە بێباوەڕیی.
بەڵام ئایا ئەناکساگۆراس چۆن ڕووداوو دیاردە سرووشتییەکان لێک ئەداتەوە؟ ئایا بەڕای ئەو درووست بوون و لە ناوچوون چۆن ڕووئەدەن؟ بزووتنەوە لە کوێوە دێتەدی؟
بەڕای ئەناکساگۆراس نکۆڵی کردن لە گۆڕان مەحاڵە، چونکە یەکێکە لە دەسکەوتەکانی تاقیکردنەوە خۆڕسکەکان “عەفەوییەکان “؛ زۆریش شتێکی بەڵگە نەویستە و قسەی پێناوێ، بەڵام ئایا چۆن گۆڕان رووئەداو ئەم زۆرەتیەش لە کوێوە دێت؟
ئەناکساگۆراس بڕوایەکی تەواوی بە چۆنیەتی و چەندێتی زۆرەتی هەبووە؟ بەلای ئەمەوە سیفاتی چۆنیەتی شتەکانن ولە هەموو ئەتۆمێکدا هەن، هەموو جیهانەکانیش لەم ئەتۆمانەی کە بە ژمارە بە بچوکی و بە چۆنیەتی لە بن نەهاتوون، پێک هاتووە، چونکە ئەمیش بڕوای بە بوونی وردیلەی(Molecules)بنچینەیی و ئەتۆمی لە بن نەهاتوو هەبووە، وەک فەیلەسوفە ئەتۆمیەکان.  ئەم ئەتۆمانەش بە بڕی جیاواز لە تەنە جیاوازەکاندا کۆبوونەتەوە و، بۆ هەموو تەنێکیش چەشن و سیفەتێکی ئەوتۆیان دیاری کردووە، کە هەرشتە سرووشتێکی تایبەتی نوێی ببێ و هاوکاتیش سیفەتەکانی تری بە شێوەیەکی شاراوە پاراستبێ، کەواتە هەموو تەنێک جیهانێکی لە بننەهاتووە و هەموو سیفاتە جیاوازە دژبەیەکەکانی تیا کۆبوەتەوە، هەموو شتێکیش بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە شتێکی تردا هەیە، بۆ نمونە بەفر سپیشەو ڕەشیشە، بەڵام ڕەنگەسپییەکەی بەسەر ڕەنگە ڕەشەکەیدا زاڵە و ئەمەش وامان لێ ئەکات کە بڵێێین بەفر سپییە، هەروەها هەموو بوونەوەرەکانی تریش هەر بەو جۆرە.
بە ڕای  ئەناکساگۆراس گۆڕان بریتی نییە لە ـ بوونەوە بۆ بوون ـ یان پەیدابوونی بوون لە نەبوون؛ ئەم بیرمەندە بە تەواوی ئەمە ڕەت دەکاتەوە، چونکە بوون لە نەبوونەوە پەیدا نابێ و تیاشیا ون نابێ؛ بەڵکو(هەمەک) پەیدا دەبێ؛ گۆڕانیش بریتییە لە دەرکەوتنی چەند سیفەتێکی نادیار، یان شاردنەوەی چەند سیفەتێکی دیار، لەبەر ئەوە هیچ ناخرێتە سەر بوون و هیچیشی لێ وەرناگیرێ، کەواتە نە کەم ئەکاو نە زیاد.
بەڵام چۆن هەموو بوونەوەرەکان لەم ئەتۆمانە یان لەم وردیلانە پێکدێن؟
ئەتۆمەکانی ئەناکساگۆراس بزووتنەوەیەکی خۆییان(ژاتی) نییە، ئەمەش وای لێکردوون جیابن لەوانەی دیموکرایتس باسیان ئەکا.  ئەمە جگە لە سیفات و چۆنیەتییە لە بن نەهاتووەکەشیان.
بزووتنەوەی ئەتۆم بەڕای ئەناکساگۆراس لە هۆیەکی دەرەکییەوە پەیدا ئەبێ کە ناوی دەنێ (نۆس) واتا ئەقڵ، ئەم (نۆس)ە ش ئەوەیە کە بوون ڕێک ئەخا و ئەتۆمەکان ئەبزوینێ، تا بەیەک بگەن و کۆببنەوە و هەموو بوونەوەرە جیاوازەکان پێکبێنن، واتا ئەقڵ ئەتۆمەکان کۆئەکاتەوە و لێکیان جیا ئەکاتەوە ، بەم کۆبوونەوەیە و لێکجیابوونەوەیەش هەموو شتەکان دەرئەکەون و ون ئەبنەوە. واتا درووست بوون و لە ناوچوون ڕووئەدا.  بەم جۆرە ئەقڵ لای ئەناکساگۆراس سەرچاوەی بزووتنەوەی ئەتۆم و هۆکاری ڕێکخستنە لە گەردووندا، لە ڕووی  مەبدەئیشەوە ئەقڵ هۆکاری بکەر و هۆکاری مەبەستە(علە فاعلە وعلە غائیە) بەڵام ئەفلاتون و ئەرستۆ لەسەر بەکارهێنانی گوتەی ئەقڵی بزوێنەر و ڕێکخەر ڕەخەنەیان لە ئەناکساگۆرس گرتووە، واتا ئەو گوتە بە پیتەی کە ئەم دوو فەیلەسوفە مەزنەی یۆنان سودێکی زۆریان لێدی.
لە ڕاستیدا ئەناکساگۆراس ئەوەندە بایەخی بە ئەقڵ نەداوە، جگە لەوەی کە یەکەم پاڵنەر یان بزوێنەری ئەتۆمەکانە.  دواییش لێکدانەوەیەکی سرووشتیی شوێنی ئەگرێتەوەو هیچ شوێنەوارێکی مەبەستدار(غائی) دیار نامێنێ.
بەڵام ئەوەی کە ئەم بیرمەندەی هێنایە گۆڕێ، لای ئەرستۆ بایەخێکی تایبەتی هەبوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو وای دانا کە ئەناکساگۆراس یەکەم بیرمەندە پارێزگاری لە دەسکەوت و پێگەیشتنی خۆی کردووە، بەرامبەر وڕێنەی ئەوانەی کە لە پێشییەوە هاتبوون.
گەردوون لای ئەناکساگۆراس بە گوێرەی ئەتۆم کۆنە و بە گویرەی پێکهاتووەکانی ئەتۆم نوێیە، ئەوەش ئەوەیە کە ئەقڵ پەی پێ ئەباو زانیارییەکی ڕاستیینەشمان ئەداتێ، ئەم زانیارییەش بایەخ بە بوونی یەکەم (The first Being)، واتا بە ئەتۆم و بزوێنەرەکەی ئەدا.  بەڵام زانیاری هەستی، تەنیا توانای دەرک پێکردنی ئەوشتانەی هەیە کە ئەکەونە ژێر ڕکێفی درووست بوون و لە ناوچوونەوە.  لای ئەناکساگۆراس لێکچووەکان دەرک بە یەکتر ئەکەن (واتا دووشت لێک بچن ئەتوانرێ یەکێکیان بەوی تریان بناسرێتەوە، بەڵام لای ئەناکساگۆراس ئەمە پێچەوانەیەو هەستکرنیش نایەتەدی ئەگەر ئەم لەیەکنەچوونە نەبێ).

بەشی دەیەم
سۆفستاییەکان Sophists
لەگەڵ سەرهەڵدانی سۆفستاییەکان ئەگەینە قۆناغی سەرکەوتنی دیموکراسیەت و پتەوبوونی بنەماکانی، ڕێبازی سۆفستاییش وەڵامدانەوەی ئایدیۆلۆژیانەی ئەو پێویستیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەیە کە بە هۆی ئەم دیموکراتیەوە هاتوونەتە کایەوە.
کەواتە با بزانین سرووشتی ئەم پێویستییە چییە کە سەرهەڵدانی سۆفستاییەکان وەڵامدەرەوەی بوو؟
سەرکەوتنی دیموکراسیەت زەبرێکی توند بوو لە چەمکە سیاسی و یاساییەکانی ئەرستۆکراسییە شازادەکان و، بووە هۆی بەهێزکردنی دامەزراوەکان و هاوبەشیکردنی تەواوی هەموو هاونیشتمانە ئازادەکان لە بەرێوەبردنی فەرمانڕەواییدا.
دەرکەوتنی سۆفستاییەکان لە ئەسینادا لە کاتێکا بوو کە دەستوورەکەی (کلیستین) مافی هەڵبژاردنی سەرکردە و قازییەکانی بۆ هاونیشتمانیان مسۆگەرکردبوو. کۆمەڵەی میللیش بایەخێکی تەواوی لە دیاریکردنی ڕووی ڕژێم و دەستنیشانکردنی فەرمانڕەواکاندا هەبوو، بەجۆرێک کە بە گوێرەی ئەوکردەوانەی ئەیانکرد ڕائەکێشرانە بەردەم دادگاو لێیان ئەپرسرایەوە، ئیتر فەرمانڕەوا پێوەندی بەخواوەندەوە نەما و چیتر لەوەوە فەرمانی وەرنەئەگرت و بە گوێرەی ویست و ئارەزووی ئاسمان حوکمی نەئەکرد.  چەمکی سەرکردایەتیش تەواو گۆڕاو لەسەر سەرکردەکان پێویست بوو بیر لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و شارەکەیان بکەنەوە، ئەگیانا بە گوێرەی ویستی گەل لائەبرێن.
کەواتە دیموکراسیەت هاوبەشیکردنی تەواوی هاونیشتمانە ئازادەکانی لە ژیانی سیاسیدا مسۆگەر کرد، جا لەبەرئەوە لەسەریان پێویست بوو کە بە زوویی پەرە بە پەروەردەکردنی سیاسیانەی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن باشترین کەس هەڵبژێرن و داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن و هەرخۆیان حوکمی خۆیان بکەن.  ـ لێپرسینەوەی سەرکردەکان و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی و پێشبڕکێ ـ ئەمانە هەموویان لە کاتێکا دیموکراسیەت هێنابوونییە دی کە بنچینە قەزاییەکان پەنابردنە بەر پارێزەریان قەدەغە کردبوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لەسەر خەڵکی پێویستبێ لە قسەکردنا زمانپاراو بن و توانای وتاردان و قایلکردنی بەرامبەرەکەیان هەبێ؛ چونکە ژیانی سیاسی و بەشێکی زۆری بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکانیش کەوتبوونە ژێر ڕکێفی ئەو بڕیارەوە کە لە دوای وتووێژە وتارییەکانەوە ئەهات.  ئەمە ئەو پێویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە بوون کە سۆفیستاییەکانیان هێنایە گۆڕێ.  هەرروەها پەرەسەندنی ئایدۆیۆلۆژیش هاوکات پێویستی بە سەرهەڵدانی سۆفستاییەکان بوو کە گۆڕانێکی چۆنییەتی بوو لە مێژووی بیری یۆنانیدا.
هەروەک لەوەوپێش باسمانکرد زۆربەی بیرمەندەکان بایەخیان بە توێژینەوەی سرووشت و گەردوون ئەداو باسی بنەمای یەکەم و بزووتنەوە و چۆنیەتی درووست بوون و لەناوچوونیان ئەکرد، مرۆڤیان بە پێوانەی سرووشت ئەپێواو لە پێناوی بەرژەوەندی بابەت دا(Subject) خود (Object)یان ڕەت ئەکردەوە، بەڵام بە هاتنی سۆفستانییەکان، دژبەر بۆ ئەم ڕێڕەوە پەیدا بوو، سۆفستاییەکان لە پێناوی بەرژەوەندی خوددا ” ژات ” بابەتیان ڕەت ئەکردەوە و مرۆڤیان کردە تەوەری بیرکردنەوەیان و تەوەری هەموو شتێک.
کەواتە سەرهەڵدانی سۆفستاییەکان وەڵامدانەوەی پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆیۆلۆژی بوو کە پەرەسەندنی بیر یۆنان ئەیخواست.
ئێمەش لیرەدا لە هەریەکە لە سۆفستاییەکان نادوێین و سەربەخۆ باسی هەریەکەیان ناکەین، بەڵکو لە ڕێی دوو سۆفستایی گەورەوە (پرتاگۆراس و گۆرگیاس) هەوڵ ئەدەین ئەم ڕێبازە بخەینە ڕوو.
ڕێبازی سۆفستاییەکان:
پێویستە لێرەدا ڕاستیەک بڵێین ئەویش ئەوەیە کە ئەفلاتون زۆر داخ لە دڵانە ڕێبازی سۆفساتییەکانی شێواند، ئەوەش زیاتر لەبەرئەوەی کە ئەفلاتون زۆر ڕقیی لە دیموکراسیەت ئەبووەوە.  هەروەها ئەرستۆش بەشی بەحاڵی خۆی دەستی لە شێواندنی ڕووی ڕاستینەی سۆفستاییەکاندا هەبوو.
ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕیبازە ببێتە گاڵتەجاڕی بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕست، هەر بەوجۆرەش مایەوە تا گەیشتە دەست مێژوو نووسانی بیری نوێ و هاوچەرخ کە تاڕادەیەک پلەوپایەکەی خۆیان پێدایەوە. ئەوەش کە زیاتر یارمەتی ئەو شێواندنەی دا سۆفستاییەکانی دوایی، واتا سەردەمی ئەفلاتون بوون، کە ببوونە کەسانێکی زۆربڵێ و چاک و خراپیان ئەوت و هەموو بایەخێکیان دابووە پارە و سامان کۆکردنەوە، سا بەهەر ڕێگایەک بوایە، بەمەش وەک تەنکاوێکی ئایدیایان لێهاتو و هەمووکەس ئەیتوانی لە بواریان بداو بپەڕێتەوە ـ واتا لەبەردەم دژبەرەکانیانا توانای هیچ بەرگرییەکان نەمابوو ـ
لێرەدا ئەوەی گرنگ بێ لە رێبازی سۆفستاییەکاندا باسی ئەکەین. سۆفستایی لە زمانی یۆنانیدا واتا ماۆستا، یان ئەو پیاوەی کە زانا و دانەیە و خەڵکی تر فێرئەکا.  ئەوەی گرنگبێ لێرەدا ئەوەیە کە لەگەڵ هاتنی سۆفستاییەکان ئیتر دانایی و زانایی پێوەندیان بە خواوەندەکانەوە نەماو، خەڵکی چاوەڕێی دەستی ئەوانیان نەئەکرد، بەڵکو لە ئاسمانەوە هێنرانە سەر زەوی و پێودانی خەڵک، واتا مرۆڤ سەنگی مەحەک بوو بۆ ڕاستی و ناڕاستی هەموو زانیارییەک، بە مەش شۆڕشێکی گەورەیان لە مەیدانی تێڕوانینی ڕۆشنبیریدا بەرپاکرد و ئاوات و ئایدایا و بەهایەکی کۆمەڵایەتی نوێیان خوڵقاند.

ئایا ئەم دانایییە چی ئەگەیەنێ؟
ئەم داناییە زانستە، زانستی قایلکردن بەوەی کە پێوست و باش و ڕاست و بە سوودە، هونەری ئەو قسەکردن و دایالێکتیکەیە کە زاڵ بوون و سەپاندنی ڕاو بەرژەوەندی خاوەنەکەی مسۆگەر ئەکات.  هەموو کەسێکیش ئەتوانێ ئەم دانایی و هونەرە بەدەست بێنێ و ، هەموو خەڵکی هەژار و دەوڵەمەندی ئەسینای دیموکراسیش پێوسیتیان پێیەتی.  بەمەش توانای قسکردن بووە زانستی زانستەکان و دەرگای بۆ مامۆستایانی نوێ خستە سەرپشت، لە ڕاستیشا ئەم داناییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەکردنی بیری لۆژیک و باسی وتە و ماناگەیاندنەکەی و جۆرەکانی کێشە لۆجیکیەکان و هەروا لە دانانی بنچینە و مەرجەکانی سەلماندندا هەبوو.
ڕای ڕاست لای سۆفستاییەکان ئەو ڕایەیە کە بسەلمێنرێ و خەڵکی پێقایلبکرێ.  سەلەماندنیش لەرێبازەکەیاندا واتا قایلکردن.  کەواتە سۆفستاییەکان بایەخێکی ئەوتۆیان بە سرووشت نەداوەو لە چوارچێوەی بیری یۆنانی پێشوو تێپەڕین و پشتیان بە ڕیگایەکی شۆرشگێرانە بەست، چونکە لە بابەتە ڕووتەکان (Abstract) دوورکەوتنەوە و لەگەڵ ئەمانیشدا ئەو پێویستیە کردەوەییانە هاتنە کایەوە کە بۆئاخاوتن لەبەردەم کۆمەڵ و دادگا میللییەکاندا پێویست بوون.  هەروەها ئەبوو گیانێکی ڕەخنەگرانە بەبەرخەڵکدا بکرێ کە وایان لێبکات لە هەموو شتێک بە گومانبن، بەڵام گومانێکی درووستکەر نەک ڕوخێنەر، هەرشتێک گەر نەسەلمێنرایە ڕەت ئەکرایەوە، زۆر ڕقیشیان لە نەریتە کۆنە ئەرستۆکراسییەکان ئەبووەوە، ئەو شتانەشیان ڕەت ئەکردەوە کە پێیان ئەوتن (ڕاستی لەسەر سرووشتەوە) یان لە ئاسا بەدەر(خارق). ڕایان وابوو کە یاساکان واقیعێکی مرۆڤانەن و پێویستە بە پێی بارودۆخ بگۆرێن، وایان دانا کە وتارو هونەری ئاخاوتن باشترین ڕێگان بۆ دەربڕینی ڕاستییە کۆمەڵایەتیەکان.  بەم جۆرە دەستیان بە فێرکردنی ئاخاوتنکرد، بەتایبەتی لە ماڵە دەوڵەمەندەکانی ئەسینادا وەک ماڵی(کالیاس و کالیکیس)، هەندێ جاریش لە شوێنە گشتیاکاندا وانەکانیان ئەوتەوە و کرێی چوونە ژوورەوە و گوێگرتنیان لە خەڵکی وەرئەگرت، هەوەها لەو کاتانەشدا کە خەڵکی تیادا کۆئەبوونەوە ـ سا ئیتر بەهەر هۆیەکەوە بوایە ـ ئەمان بە هەلیان ئەزانی و هونەرەکەیان تێدا ئەخستە روو، ئەم هەڵوێستانەی سۆفستاییەکان لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیدا بوونە بەڵگە و پالپشت بۆ ڕایەکانی هیراکلیتس، چونکە ئەمان بە سەلماندنی ڕایەکانیان پشتیان بە ڕایەکانی هیرکلیتس ئەبەست، لەگەڵ ئەمەش هەندێ جار پەنایان ئەبردە بەر بیرۆڕایەکانی پارامەنیدس.  کەواتە بابزانین ئەو وتارە چۆنە کە باسی شتێک و هاوکات باسی دژەکەشی ئەکات و پێشی ئەوترێ زانستی زانستەکان یان باشترین دەربڕی ڕاستی؟
سۆفستاییەکان لە گوتەکانی هیراکلیتسەوە سەبارەت بە گۆڕان و سەیرورە و ململانێ دەستیان پێکرد، ڕاستی لای ئەمانیش بریتییە لە یەکێتی دژە ململانێکەرەکان؛ هەموو شتێک هەیە و نییە، زانستی ڕاستییش ئەوەیە کە ئەم ڕاستییە دژ بەیەکە دەرئەبڕێ، چونکە مرۆڤ ئەتوانێ شتێک بڵێ و هاوکاتیش دژەکەی بڵێ، بەمەش ئەتوانێ بە تەواوی دژەکەی دەربڕێ.
گۆڕان و سەیرورە وا لە ڕاستی ئەکەن کە ڕێژەیی و گۆڕاوبێ، لە ژێر کاریگەری تاکە کەساندابێ و بە گوێرەی ئەوانەش کە سەیری ئەکەن جیاوازبێ.  بەمەش زانیاری سیفەتە هەمەکی و جێگیر و مەوزوعییەکەی ون ئەکا.  چونکە تەنیا سیفەتی دیاریکراوی شتەکان ئەوەیە کە لە دژێکەوە ئەگۆڕێن بۆ دژێکی تر.  هیچ شتێک وەکو ئەوە نییە کە ئەیبینین، بەڵکو وای لێدێت(Becomes)، دژەکانیش هەمیشە و بەردەوام پێکەوە هەن.  بەتەنیا هەستکردنیش دەرک بەم دژایەتی و لێکجیاوازییە ئەکا.  ئەم دەرککردنەش بەگوێری جیاوازی خەڵک و تێڕوانینیان ئەگۆڕی.
پرۆتاگۆراس هەر لە زووەوە ڕەخنەی لە گوتەکانی ئیلیاییەکان گرت و وای دانا کە مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە(پێوەری هەموو شتێکە بەو سیفەتەی کە هەیە و پێوەری نەبوونیشە(اللاوجود) بەو سیفەتەی کە نییە).  زانیاریش بریتییە لە پێوەندی نێوان زانیار و زانراو(العارف وە والمعروف) نێوان خود و بابەت، جیهانی بەرهەستیش بابەتی زانینە، خۆ ئەگەر هەستکارەکانمان پشتگوێ خست ئەوا ناتوانین لە بارەی هیچ شتێکەوە زانیاری بەدەست بێنین، جا لەبەرئەوە ئیلیایییەکان هیچ شتێک نازانن.
هەرشتێک بەهۆی هەستکارەکانەوە دەرکی پێ نەکەین واتا نییە و هیچ لەبارەیەوە نازانین، هەر لەسەرئەوەشە پڕۆتاگۆراس هیچ لە بارەی خواوەندەکانەوە نازانێ و بڕواشی بە بوونیان نییە.
لەبەرئەوەی مرۆڤ و جیهانەکەی دەوروبەری ملکەچی گۆڕانن، ئەوا پێویستە هەموو زانیارییەکایش ڕێژەیی بێ.  هەروەها هەمان شت لە کاتی جیاوازداو بە شێوەی جیاواز بۆ ئەوکەسە دەرئەکەوێ کە ئەیبینێ، ئەمە لەگەڵ ئەوەشا کە بینینی هەمان شت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.  ئەم ڕێژەییەش بە ڕای پڕۆتاگۆراس ڕەها  نییە، چونکە زمان کەیارمەتی ئاڵۆگۆڕکردنی زانیارییەکانیان ئەدا، باشترین بەڵگەیە بۆ بوونی هاوبەشێکی فراوان لە نێواماندا، کەواتە زانیاری بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، هەر لێرەشەوە وشەی دایالێکتیکی یان دایەلۆگ دێت کە چارەسەری دژایەتییەکانمان بۆ ئەکات.  بەم جۆرە وتار کە بەڕاستی دژایەتییەکانی ڕاستی دەرئەبڕێ لەگەڵ هاتنی سۆفستاییەکاندا بووە زانستی زانستەکان، دواییش ئەفلاتون تیری ڕەخنەی  تێگرت و بەشتێکی ڕووکەش و بەتاڵی لە هەموو دانییەک دانا.  چونکە بەڕای ئەم هەر فەیلەسوف ئەو داناییەی هەیە. بەم جۆرە بەهۆی سۆفستاییەکانەوە هیچ ڕێگایەک لەبەردەم مافی ڕەها و دادی ڕەهادا نەمایەوە، جگە لەوانەی کە بۆ خەڵکی بە سوودن، بەمەش کۆڵەکەی هەموو شتێک کەوتە لەرزەو ڕاوبۆچوونە چەسپاو و کۆنەکان گۆڕانیان بەسەرهات و کەوتنە جووڵە، هەوەها ئەو ئەفسانەو بیروڕایانەی کە هۆی دەسەڵاتداری بوون ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان ون کردو ئەو بایەخەی جارانیان نەما، تەنیا ئەوەندەیان بەدەستەوە مابوو چاوەڕێی ئەفلاتۆن بکەن تا سەرلەنوێ دەسەڵات و ڕۆڵەکەی پیشوویان بۆ بگێڕێتەوە.  هەموو ئەمانەش گۆڕانێکی زۆریان بەسەر تێڕوانینی خەڵکی بۆ بەها ئاکارییەکان هێنا.
ململانێ دادپەروەرییە و جەنگ و دووبەرەکیش دوو پاڵە (factor)ی سەرەکین کە حوکمی خەڵکی ئەکەن، هێزیش سەرچاوەو بەڵگەی هەموو شتیکە.  ئەگەر بێهێزەکان دەوڵەت پێکبێنن ئەوا دژایەتییەکی گەورە لە نێوان سرووشت و ئەو یاسایانەدا هەیە کە بۆ ئەمان و سەرکوتکردنی بەهێزەکان دانراون.  بەڵام سرووشت خێرخوازە و پێویستە گوێ لە دەنگی بگرین.  بەمەش هەموو ئەو یاسایانەی بێهێزەکان دایان نابوون و هەموو ئەو بەیانەی لە بارەی دادپەروەری و زۆرداری و چاکەکاری هێنابوویاننە کایەوە خرانە لاوە و بێ دەنگکران.
هەندێک لە سۆفستاییەکانیش ڕاو بۆچوونەکانی پارمەنیدس لەبارەی (بوون) ەوە بوونە بەڵگەیان و بەسەر ئەپستمۆلۆژیادا سەپاندیانن، وەکو:  بوون نەبوون ڕەتدەکاتەوە و نەزانینیش زانین ڕەتدەکاتەوە، بەمەش ئەوەیان ڕەتکردەوە کە هیچ ناوەندێک لە نێوان زانین و نەزانیندا هەبێت، ڕایان وابوو کە هیچ زانیارییەکی نوێ نییە، چونکە ناتوانین نەباسی ئەوە بکەین کە ئەیزانین و نەئەوەش کە نایزانین، ئەوەی ئەیزانین باسی ناکەین چونکە ئەیزانین، ئەوەش کە نایزانین هەر باسی ناکەین چونکە نایزانین چۆن و چی پێویستە لەباریەوە بووترێ.  ئەم هەڵویستە و هەرسێ مەسەلەکەی تریش کە گۆڕگیاس باسیان دەکا، (هیچ شتێک نییە، خۆ ئەگەر هەشبێ ناتوانین دەرکی پێبکەین، ئەگەر دەرکیشی پێبکەین ناتوانین بیگەیەنینە کەسانی تر و دەریبڕین).  ئەمانەش هەمووی بوونە هۆی سەرهەڵدانی قوتابخانەی گومانکاران (Scepticism)، کە لەگەڵ ئەمانیشدا مەسەلەی گومان لە پێناوی گوماندا هاتە کایەوە، زانیارییان ڕەت ئەکردەوە و ڕێبازی(نازانم)(Agnoticism) یان هێنایە کایەوە.
ئەمەیە ڕێبازی سۆفستاییەکان کە لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی پێنجەمی(پ.ز)و نیوەی دووەمی سەدەی چواردەمدا لە ئەسینای دیموکراسیدا ڕۆڵ و ڕەواجێکی زۆری پەیداکرد.  ئەمەش بەهۆی بەزانستکردنی دانایی و ڕەتکردنەوەی پیرۆزی یاساکان و خواوەندێتی ئەم یاسایانەوە و نەهێشتنی مۆنۆپۆڵکردنی ڕۆشنبیری و چەسپاندنی چەمکێکی نوێ بۆ سەرکردایەتی کە لەسەر زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی مێژوویی ئەوتۆ وەستابێ، حاکم بەرامبەر گەل لێپرسراوبێ ، هەروەها بە نکۆڵیی کردنیان لە بوونی هیچ ماف و خێرێکی ڕەها. بەمەش ڕێبازی سۆفستاییەکان توانی تا ڕادەیەک پێویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی ئەو سەردەمە دابین بکات.
بەڵام ئەرستۆکراسسیەتی ڕوخاو کە هەمیشە هەوڵی ئەدا هەلومەرجێکی وا بەدەستبێنێ کە نەمری و تواناکەی جارانی بگێڕێتەوە، توانی داخی دڵی خۆی بە دیموکراسیەت و ئایدیۆلۆژیەکی بڕژێت، ئالێرەشدا ئەفلاتون هاتە سەرشانۆ کە بە تواناترین و سورترین کەسێک بوو داکۆکی لەم ئەرستۆکراسییە ئەکرد و بۆ ئەم مەبەستەش هەرپشتی بە دایەلۆگ و ئاخاوتن بەست بۆ بەرپەرچدانەوەی بنچینە ئاکاری و زانیاری و سیاسییەکانی سۆفستاییەکان، بە جۆرێک کە دوای ئەم دیموکراسیەتە حوکمی دادپەروەی بێتەدی.  ئەمەش بە ڕای ئەفلاتون نایەتەدی ئەگەر ئەرستۆکراسیەت نەگەڕێتەوە و فەرمانڕەوایی نەگرێتە دەست.

هەڵسانگاندنێکی گشتی
دوای لێکۆڵینەوەی بیری فەلسەفی یۆنان بەر لە ئەفلاتون ئەگەینە ئەم ئەنجامانە:
یەکەم/   بیری یۆنان ڕێبازێکی ئاینیی دیارکراو و بەزۆر سەپێنراو نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەقڵانی بوو، ئامانجێکی هۆشیارانەش بەڕێوەی ئەبرد، ئەو ئامانجەش ڕەتکردنەوەی سەرسرووشت (Supernatural) بوو؛ لەبەرئەوە ئەتوانرێ بە قۆناغێکی گرنگی سەرڕێی زانست دابنرێت، هەرچەندە زانیارییەکی تەواو زانستیشی پێک نەهێنابوو.
دووەم/   ئەم ئەقلانییەتە هاوکاتی گۆڕانکارییە دیموکراسیەکان بوو، پێوەندییەکی دایالێکتیکی لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا هەبوو، هاوکات هەردووکیان پاڵپشتی یەکتر بوون، ئایدیۆلۆژی کۆنی ئەرستۆکراسی لێپرسراویی دەسکەوتە زۆرەکان و کڵۆڵی و داماوییە کۆمەڵایەتیەکانی خستبووە ئەستۆی خواوەندەکانەوە و وای دائەنا کە ئاکار(Ethics) و یاساکان سەرچاوەیەکی ئاسمانیان هەیە، بەڵام دیموکراسیەت بە تایبەتی لەسەردەمی چآکسازیەکانی (سۆلۆن)دا لێپرسراوی خۆش و ناخۆشی ژیانی خستە ئەستۆی خەڵکی و ڕایگەیاند کە هەموو شتە چاک و خراپەکان نە سرووشتین و نە سەر سرووشتیین، بەڵکو کۆمەڵایەتین.
ئیتر یۆنانییە ئازادەکان سەرچاوەی ترسەکەیان زانی و هەستیانکرد ئەتوانن بەسەریا زاڵبن و جێپێی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بکەنەوە.
لەم بارو دۆخەشدا شتێکی ئاساییە کە ئەقڵانیەت لە بیری یۆناندا گەشە بکات و لەسەر دەستی چینێکی بێکار و دوور لە هەموو ئیشێکی دەستی و پیشەییەوە پەرەبسێنێ.  بەڵام ئەم گەشەکردنەش هاوکات کۆسپەکانی ڕێی خۆی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو، ئەمەش بەهۆی دوورکەوتنەوەی لە تاقیکرندەوە و ئەزموون و، تەسککردنەوەی سنووری ئەم گەشەکردنە لە ئاستێکی ڕووت(abstract)دا، بە جۆرێک کە بیری یۆنان لە هەندێک قوتاغیدا دووربوو لە واقیعەوە ونامۆبوو پێی  ـ سەرنجی پارمەنیدس بدە ـ
سێیەم/   بە نەمانی شازادەکان جیاوازی ڕەچەڵەک (Ethnic) نەماو، جیاوازی و یەکێتیەکی نوێ شوێنیان گرتەوە، کە بازرگانی و بەرهەمهێنانی شمەکی لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویانن، بە جۆرێک کە هەموو هاونیشتمانە ئازادەکان بە شێوەیەکی بنچینەیی یەکسان بوون؛ هەمووکەس ئەیتوانی خاوەن شمەک بێ و بیگۆڕێتەوە.  بەڵام بێگومان ئەم ئاڵوگۆڕکارییەش هەر ئەبێ جیاوازی درووستکا، ئەویش بەهۆی جیاوازی سامانی خەڵکییەوە، بزووتنەوەی شمەکیش (The goods) هۆی سەرەکیی ئەم جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتیەیە.
ئەمەش هەمووی لەبیری یۆناندا ڕەنگی دایەوە، کە بەدوای سەرچاوەیەکدا ئەگەڕا بەهۆی بزووتنەوەیەوە هەموو شتەکان و هەموو جیهانەکان درووست ببن.  هەروەک دیمان سەرچاوەی هەموو شتەکان لای تالیس ئاوە و لای ئەناکسێمەندەریس ئەپیرۆن و لای فیساگۆراسیش ژمارەیەو … هتد.  جیاوازی شتەکانیش نەک بەهۆی  ئەوەوەیە کە بنچینەی جیاوازیان هەیە، بەڵکو بەهۆی بزووتنەوەی یەکەم بنچینەوەیە کە هەموو شتەکانی لێ درووست بوون و ئەچنەوە سەر، بەتەواوی وەک تالیس ئەڵێ (هەمووشتەکان بەزێڕ و زێڕیش بە هەموو شتەکان ئەگۆڕدرایەوە)).
لە ڕاستیدا بزووتنەوەی پارە بنچینەی هۆشیاریی یۆنانیەکان بوو لەبارەی درووست بوون و لەناوچوون و دانانی تیۆرییە سرووشتییەکانیانەوە.  هەرچەندە پێوەندیی کۆمەڵایەتیەکانیش بوون کە یۆنانیەکانیان فێری ڕووتکای کرد و تێڕوانینێکی تری بۆ جیهان پێبەخشین، کە پرۆسێسێکی سرووشتیە و بە گوێرەی ئەو یاسایانە ئەبزوێتەوە کە دوورن لە ویستی خەڵکەوە، ئەم پێوەندییەش لە بنچینەدا ململانێی دژەکان بوو لای زۆربەی بیرمەندە یۆنانییەکان.
چوارەم/   هەروەک سەرنجمان دا زۆربەی بیرمەندەکان (ئایۆنیا)یی بوون، یان بەڕەچەڵەک سەربەئایۆنیا بوون، ئەویش لەبەرئەوەی ئەم شارە لەوکاتەدا شارێکی بازرگانی زۆر پێشکەوتوو بوو، بەڵام ئەسینا نەیتوانی بەشداری ئەم مەیدانە فیکرییە بکات، تا نەبووە کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و بازرگانی پێشکەوتوو.
لێرەشەوە ئەمانەوێ بڵێین ئەو تیۆرە فەلسەفیانەی باسمانکرد بەرهەمی ئەوچینە بازرگانە بوون کە ڕژێمی دیوکراسیی کۆیلایەتی لە مێژوودا دامەزران.
پێنجەم/   ئەو هێڵە گشتییەی پەرەسەندنی بیری یۆنانی لەسەر ئەڕوا، لە دایالێکتیکەوە پەرە ئەگرێ و لەگەڵ هیراکلیتس دا ئەگاتە لووتکەی ئەم دایەلێکتیکە، بەڵام بەهاتنی پارامەنیدس بەرەو میتافیزیکا لا ئەداو،  ئیتر ئەبێتە بیرێکی ڕووتی ڕەها و نازەمانیی ، بە جۆرێک ئەم هۆشیارییە چەواشەییە ئەگاتە قۆناغێک، نکۆڵیی لەو بزووتنەوەو گۆڕانە ئەکا کە  بەپێی هوشیاری پێشتر شتێکی بەڵگە نەویست بوون. لەم ڕێڕەوەشدا جیهان خۆی ڕێکئەخاو ماتریالی و ناماتریالی لێک جیاناکرێنەوە و دەوری خواوەند نامێنێ، ئەگەر باسیشی بکرێ ئەوا وەک هەموو شتەکانی تر شتێکی سرووشتییە.  بەڵام لەگەڵ فیساگۆریەکاند تۆوی ئایدیالیزم چەکەرەی کرد، چونکە ئەمانە وایان دانا کە ژمارە سەرچاوەی هەموو شتێکە، دوای ئەوانیش لای ئەنبادۆکلیس کە ڕەگەزەکان بە بزووتنەوەیەکی خۆیی (ژاتی) نابزوێنەوە، ئینجا ئەناکساگۆراس کە ڕای وابوو نۆس(یان ئەقڵ) یەکەم بزووتنەوە لە بووندا دێنێتەدی.  لە دواییشدا ئەگەینە پارمەنیدس کە ئیتر ئەبێتە بیرێکی ڕووت و نە زۆرێتی و نەگۆڕان ئەمێنێ، بەڵکو تەنیا یەکێتی  و جێگیری هەیە و هیچیتر.
شەشەم/   لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەگەزەکانی ئایدیالیزم لەم بیرەدا، پرسیارێکی تر هاتە کایەوە، ئەویش ئەوەیە: چۆن ئەزانین؟ یان چۆن تێئەگەین؟
ئیتر ئەلێرەوە دوالیزم(الپنائیە) دەرکەوت، جیهانێکی هەستی و جیهانێکی ئەقڵی، ڕاستیینەیەکی ڕووکەش و ڕاستیینەکی ناوەوە، نەفس و لەش، کاری میشک و کاری بازوو، لەگەڵ گەشەکردنی میتافیزیکای پارمەنیدس دا ئیتر دەسکەوتەکانی هەستکارەکان بەتەواوی خرانە لاوەو، ئەمەش لە پێناوی بەرژەوەندی ڕاستیینەیەکی ئەقڵی دوور لە هەستکارەکانەوە.  بەڵام مامۆستا ئەسیناییەکان (سۆفستاییەکان) بەرپەرچی ئەم گوتەیەی پارمەنیدسیان دایەوە و ڕایانگەیاند کە هەستەکارەکان سەرچاوەی هەموو زانینێکمانن و پارمەنیدیس کە ئەم ڕاستییە ڕەت ئەکاتەوە ئەوە هیچ نازنێ.  ئیتر ئەم دەمەتەقێیە سەبارەت هەستکارو ئەقڵ بەهاتنی ئەفلاتون بووە بنچینەی گەشەکردنی ئەپستمۆلۆژیا. وەک دەرکەوت سەرەتای سەرهەڵدانی ئەپستمۆلۆژیا سەرەتایەکی ئایدیالیزمی بوو، گەشەکردنیشی هەر ئایدیالیزمی ئەبێ هەر وەک لەمەودوا لەبەشی تایبەت بە ئەفلاتوون باسی دەکەین. *
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
•     تا ئێرە بەشی یان بەرگی یەکەمی کتیبەکەیە کە باسی فەلسەفەی یۆنانە بەر لە ئەفلاتون.  بەڵام بەرگی دووەمیان تایبەتە بە فەلسەفەی ئەفلاتونیزم، هیوادارین لەدەرفەتێکی تردا دەرکەوێ…

بەشی یانزە
یۆنانیەکان و زانست

ئەگەر بیری ڕووت (abstract) لە سەردەستی یۆنانییەکان و لە چاخی دیموکراسی مێژووییاندا لە دایک بووبێ، ئەوا بێگومان گەشەکردنی هەندێک لە زانستەکانیش هاوکاتی ئەم بیرە بوون.  یۆنانییەکان دەستپێشخەرییەکی زۆریان لە دۆزینەوە و دامەزراندنی هەندێک لەم زانستانە و ڕیکخستنی پێڕەوی هەندێکی تریاندا هەبووە.
ڕاستە کە شارستانێتی یۆنانییەکان سوودێکی زۆری لە شارستانێتیەکانی تر و هاوبەشیکردنیان لە مەیدانی زنستدا وەرگرتووە؛ بەڵام گەشەکردنی ئابووریش ڕۆڵی گەورەی خۆی لەم مەیدانەدا گێڕاوە، ئەویش بەهۆی ئەو سامانە زۆرەوە کە بە دەستی هێناوە و ئەو پێوەندییە توندوتۆڵەی بە شارستانێتییەکانی ترەوە پەیدای کردووە،؛ بە تایبەتیش شارستانێتییەکانی ڕۆژهەڵات کە کەرەستەی سەرەتایی زانستەکانیان کۆکردبوەوە.  ئەو نوێکرندوە ڕاستییەش کە یۆنانیەکان بە دەستیان هینا زیاتر لەوەدا دەرئەکەوێ کە توانایەکی لۆژیکییان خستە کارو ئەم زانیاریانەیان ڕیکخست و کردیاننە زانستێکی ڕووت (( ئەمە لە کاتێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتدا لە سنووری تاقیکردنەوە و ئەزموون تێنەپەڕییوون، هەروەک تالیس زانستی ئەندازەی داهێنا و وەک ئەڵێن فیساگۆرسیس تەکانێکی بۆ پێشەوە پیدا، ئەگەر خۆشی دامەزرێنەری نەبووبی، کە هاوکات زانستی ژمارەشی هێنایە ئارواە))17
یۆنانیەکان زانستی ماتماتیک و نۆشدراییان ” پزیشکی” داهێناو  زانستی تێبینی و تاقیکردنەوەیان هینایە گۆڕی و بنچینەکانی زانستی نۆشدارییان ڕیکخست.  هەرەەها زانستە سرووشتییەکانیان یان ڕاستر بڵێێین مێژووی سرووشتیان دامەزراند و لە لایەکی تریشەوە بەشداریەکی گەورەیان لە ڕیکخستن و دامەزراندنی پێڕەوێکی زانستی بۆ نووسینەوەی مێژوو کرد، فێری ئەستێرەناسی بوون و تەکنیکێکی زۆریان لەو شآرستانییانە وەرگرت کە تێکەڵاویان ئەبوون و پەرەشیان بەو تەکنیکەدا.
وەک لەمەوبەر باسمانکرد (تالیس) پێشبینی ئەو خۆرگیرانەی کرد کە لە 25ی ئایاری (585 پ.ز)دا ڕووی دا، هەروەها سەرپەرشتیی هەڵکەندنی ئەو جۆگەیەشیکرد کە بۆ وشکردنی ئاوەڕۆی یەکێک لە ڕووبارەکان پێویست بوو.  ئەندازیارانی (سامۆس)یش شۆستەیەکیان لەسەر دەریا بۆ فروانبوونی بەندەری دورگەکە درووستکرد کە بەرزییەکەی(36)م و درێژەییەکی(360م)بوو، کەناڵێکیشیان بۆ ڕاکێشانی ئاو هەڵکەند کە درێژییکەی هەزار مەتر بوو.18
لە ئەندازەی بیناسازیدا کە زیاتر پێوەندی بە پەرستگاکانەوە هەبوو، یۆنانییەکان توانیان حسابی پێوانی دوورترین و وردترین لایەن و ڕەگەزەکانی پەرستگا بکەن، بەجۆرێک کە پێکەوەگونجاوی و هاوتایی کارەکانیان سەرنجی مرۆڤی ڕائەکێشا.
لە دوادوای سەدەی شەشەمی(پ.ز)وە هەموو شتێک لە پەرستگاکانی یۆناندا بە پێودانێکی زۆر وورد بەڕێوە ئەجوو، ئەمەش ئەندازیارێکی شارەزاو بە توانا لە زانستی ژمارەدا سەرپەرشتیی ئەکرد.(20)
لەمەیدانی نیگارکێشانیشا توانیان بلیمەتی و شارەزاییەکی تەواو بنوێنن، بە تایبەتیش لە ماوەی نێوان نیوەی دووەمی سەدەی شەشەم و نیوەی یەکەمی سەدەی پێنجەمی(پ.ز)دا بەرهەمەکانیان هەتا بڵێی نایاب و دڵگیر بوو. ((کاتێ کە پەیکەرسازانی یۆنانی لەش و ڕۆحی((کۆرۆس))ی رووتیان درووستکرد و (کۆرا)ش کە بە دەستی پەیکەرسازانی دوای ئەوان ڕووتکرایەوە، نوێکاریەکیان لە تەکنیکە کۆنەکاندا نەکرد بەڵکو ئەوانیش هەوەک فەیلەسوف و زانایان چوونە ژیر ڕکیفی ئەو نمونە باڵایانەوە کە خەڵکی لە دەرکیان پێ نەکردبوو))/ (20)
هەروها پێشەسازی سیرامیکیش پەرسەندنێکی زۆری بە خۆیەوە دی و کارە گڵینەکانی کۆنترۆسیەکان لە سەرەتای سەدەی حەوتەوە تا ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی(پ.زن) بە تەواوی باڵیان بەسەر بازاڕەکانی کەنار دەریای ناەوڕاستدا کیشابوو، بە تایبەتیش بازڕە ئیتالیاییەکان.  کەواتە بەشداریکردنی یۆنانییەکان لە زانست و هونەرو تەکنیکدا بایەخێکی گەورەیان هەیە. بەمەبەستی دیاریکردنی بایەخی ئەم بەشداریکردنە ئێمە لێرەدا تەنیا باسی زانستی نۆشداری و پێڕەوەکەی و هەروەها چۆنیەتی نووسینی مێژوو یان پێڕەوی مێژوویی (The historical method) لای یۆنانیەکان ئەکەین.
بێگومان لە زانستی نۆشداریدا ” پزیشکی ” دەرئەکەوێ کە لەسەدەی شەشەمی (پ.ز)دا گەلێک سەرکەوتنی بەدەستهێناو، هەر لەم مەیدانەشدا ململانێی نێوان زانست و فەلسەفە دەرکەوت. 22
لەوەوبەر لە یۆنان و لە دەرەوەی یۆناندا گەلێک نەخۆشی هەبوون کە بەشتێکی غەیبی دائەنران، بەڵام لە دوادوای سەدەی پێنجەمەوە (ئەبیکرات) هات و گاڵتەی بەم جۆرە بۆچوونانە کرد.  ئەم نۆشدارە زانایە ڕایگەیاند ئەو نەخۆشیانەی پێیان ئەڵێن غەیبی، غەیبی نیین و هەموویان هۆی سرووشتیان هەیە؛ بەڵام نەزانینی خەڵکی و دەستەوستانیان لەبەردەم ئەم نەخۆشیانەدا وایلێکردوون کە سیفاتی لەم جۆرە بدەنە پاڵیان. سەرچاوەی ئەم ناوانەش جۆرە کەسانێکی وەک سیحرباز و جادوگەرەکانن کە ئەیانەوێ بە زانیارییە ژەهراوییەکانیان خەڵکی بخەڵەتێنن و کاریان تێبکەن.
نۆشدارە یۆنانیەکان بە تەواوی سەرنجی ئەوەیان دابوو کە پیویستە مرۆڤ خۆی لە خواردنی هەندێک خواردەمەنی بپارێزێت، هەروەها ئەم نوژدارانە نیشانەی نەخۆشییەکانیان تۆمار ئەکردو فایلی تایبەتیان بۆ حاڵەتە جۆراوجۆرەکان تەرخان کردبوو؛ (ئەلکیمۆن) ی کرۆتۆنی گەیشتە ئەوەی کە مێشک مەڵبەندی هۆشیارییە و مرۆڤیش بەوە لە ئاژەڵ جیا ئەبێتەوە کە جگە لە هۆشیاریی هەستی هۆشیاری تێگەیشتنیشی هەیە، ئەمەش لەم گوتەیەیدا دەرئەکەوێ کە ئەڵێ: (مرۆڤ بەوە لە ئاژەڵ جیا ئەکرێتەوە کە تێئەگا، بەڵام هەموو ئاژەڵەکانی تر تەنیا هەست ئەکەن بێ ئەوەی تێبگەن).
ئەم بۆچوونەش لە خۆیدا بەشداریەکی گەورەیە لە مەیدانی زانیاری زانستیدا، (ئەلکیرۆن) بەڕابەری زانستی نۆشداری لەیۆنانی کۆندا ئەژمیردرێ. هەروەها لە قوتابخانە نۆشدارییەکەی کرۆتۆندا گەلێک نۆشداری تری گەوە و بە ناوبانگ دەرچوون وەک (دیمۆسیدێس) کە زۆر لە شارەکانی یۆنان هەوڵیان ئەدا بەلای خۆیانا ڕیکێشن. (دیمۆسیدیس) نۆشداری تایبەتی داریوش بوو. دوای ئەلکیمۆن مەڵبەندی لێکۆڵینەوە نۆشداریییەکان گوازرایەوە بۆ(کۆس. (ئەبیکرات) شاکارێکی مەزنی بەرهەمهێنا ، ئەم نۆشدارە هەنگاوەکانی ئەلکمۆنی پەرەپێدا و ئەوەی دەرخست کە پیویستە لە لێکۆلێنەوە نۆشدارییکاندا چوار وەرزەکە و ئاو و هەوا و کەش و خواردەمەنی ڕەچاوبکرێت.
ئەوەی ڕاستبێ ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی لەم بوارەدا دران ئەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کۆلۆنیالیی یۆنانی، چونکە ئەوانەی ئەیانەوێ شوێنێک ئاوەدان بکەنەوە پێوستیان بەوەیە لەکاتی ئاوەدانکردەوەی ئەو شوێنەدا ئەم مەسەلانە و گەلێکی تریش ڕەچاوبکەن.  ئەوەی شایانی باسیشە کۆنترین قوتابخانە نۆشدارییەکانی یۆنان لە شوێنە ئاوەدانکراوە سەرەکیەکاندا بوون.  لێرەدا ئەبێ ئەوەش بڵێێین هەر هەمان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بوو ک بووە هۆی سەرهەڵدانی زانستی نۆشداری و فەلسەفەش؛ بەڵام ئەبینین ئەم دوانە لەسەدەی پێنجەمی(پ.ز)وە ئەکەونە ململانێ لەگەڵ یەکتردا. باسکردنی نۆشداریی کۆن ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ـ ئەبیکرات ـ خۆ ئەگەر نەڵێین ڕاستەوخۆ بۆ ئەبیکرات خۆی ـ نووسینیشی بە مەبەستی بەرگری کردن لەو تیۆرە نۆشدارییە بووە کە لەسەر تێبینی و تاقیکردنەوە دامەزراوە، ئەمەش دژی دەستێخستنی فەیلەسوفەکانە کە هەولێان داوە لە ڕێی ڕوونکردنەوەی باوەڕی و(عقیدە) پێشینەی غەیبییەوە چارەسەری نەخۆشی بکەن.
ئەبیکرات گاڵتەی بەو کەسان کردووە کە ویستویانە لەبۆچوونی شەخسی و خەیاڵاویەوە لە حاڵەتە جۆراو جۆرەکانی نەخۆشیەکان بگەن.  مەترسی ئەم دەستێوەردانەش ئەگەڕێتەوە بۆ مەترسیی ئەو بارودۆخەی کە کارە نۆشدارییەکانی تیا ئەنجام ئەدرێ، چونکە ژیانی نەخۆشەکە لە تەرازووی مان و نەماندایە و ئەم بۆچوونە تایبەتیانەش هیچ سوودێک ناگەیەنن. هەروەک ئەبیکرات ئەڵێ:( هەندێک لە نۆشدارو فەیلەسوفەکان ئەڵێن تێگەیشتنی نۆشداری پێویستی بەوەیە کە بزانین مرۆڤ چییە ! ئەمەش مەسەلەیەکی فەلسەفییە….. بەڵام بەڕای من نووسینەکانی ئەم نۆشدارو فەیلەسوفانە لەم بارەیەوە چەن پەیوەندی بە هونەرەکانی ترەوە هەیە ئەوەندەش بە نۆشدارییەوە، هەروەها زانستی نۆشداری تەنیا سەرچاوەیەکە بتوانێ لەم بوارەدا لێتوێژینەوەیەکی تەواومان بداتێ، بە مەرجێک بە شێوەکەی ڕاست لە نۆشداری بگەیین. ئەم تێگەیشتنە ڕاستەش هەر لەو سنوورەدا ئەمێنێتەوە کە ئایا مرۆڤ چییە و هۆیەکانی پەرەسەندی چین و …هتد.
ئاشکرایە ئەم جۆرە باسانە پڕن لە بۆچوونی زانستی. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم نۆشدارانە زۆر بەرهەڵستی دەستێوەردانی فەیلەسوفەکانیان کرد، بەڵام هەر نەیانتوانی زیاتر پەرە بەم زانستەبدەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شوێنی خۆیان ونکردو وردە وردە سنووریان تەسکبوەوە.  چونکە نۆشدار لەم جۆرە کۆمەڵانەدا کە جیاوازی کاری بیری و بازووی تێدا باوبێ مرۆڤێکی بەرز نابێ، بەڵکو پیشەگەرێکە وەک هەموو پیشەگەرەکانی تر، پیشەگەرییش کارێکی بێزراوە  لای خەڵکی و کاری مرۆڤی ئازاد نییە، چونکە مرۆڤی ئازاد ئەبێ هەر کاری بیریی ڕووت بەڕێوەبەرێ.
جگە لەم هۆیانەش پەرەسەندی زانستی نۆشداریی بە ئاستی هیزە بەرهەمهێنەکان و ئامێر و تەکنیکی بەتواناوە بەستراوە کە یارمەتی پێشکەوتنی ئەم زانستە ئەدا.  لاوازی ئەم شتانەش یەکێکە لە کەم وکوڕییەکانی کۆمەڵی کۆیلایەتی کۆن.  بەڵام ئەبێ ئەوەش بڵێین کە نۆشداری زیاتر لە هەموو زانستەکانی تر خۆی لەبەردەم ئەم کەموکوڕیانەدا ڕاگرت، چونکە پەیوندی بە چینە دەوڵەمەندەکانەوە هەبوو.
لە مەیدانی میژووشدا(هیکاتە)ی خەڵکی (میلە) دەرکەوت کە ئەم بنەمایەی هێنایە گۆڕێ:( ئەوەی ئەینووسم لەبەرئەوەیە بە ڕاستی ئەزانم. هەر بۆیەش بۆم دەرئەکەوێ کە هەموو سەرگوزشتە جۆراو جۆرەکانی یۆنانییەکانی جێی گاڵتەجاریین)22
جا ئەگەر چی توانای هیکاتە ناگاتە توانای هاونیشتمانە زانا و فەیلەسوفەکانی خۆی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسەکانی ئەم کە پشتیان بە ڕەخنە ئەبەست وەک ئەوانەی ئەوان کە ئەیانگوت پشت بە ئەقڵ ئەبەستێ، هەرچۆنێک بێ ڕێیان لەبەردەم ئەواندا کردەوە کە لەدوای (هیکاتە)وە هاتن.
بەڕاستی یۆنان قەرزاری سەردەمی کلاسیکییە بەوەی کە لێرەدا وردە وردە گەیشتە ئەوەی لە ئامانج و ئەرک و بنەما فیکری و پێڕەوەکەی  خۆی بگا.  میژوو لەسەردمی یۆنانیەکاندا زیاتر لە هەموو چالاکییە فیکرییکانی تر لە سیستەمە زانستیەکانەوە نزیک بوو.
لەم سەردەمەدا دوو مێژوونووسی گەورەی تر دەرکەوتن ئەوانیش، یەکەمیان(هێرۆدۆتس) بوو کە (شیشرۆن) ناوی ناوە (باوکی مێژوو)؛ دووەمیشیان(نۆسیدید)ە کە بنچینەکانی پێڕەوی ڕەخنەگرانەی داڕشت و بە وردیش لە مێژوەکەیدا پەیڕەوی کرد.  هەروەها زیرەکانە پێوەندی نێوان هۆکار و ئەنجامەکانی دۆزیەوە و بە جۆرێکیش زانستی مێژووی ناساند کە وەک تاقیگەیەک بێ بۆ تاقیکردنەوەی نوێ و تازەداهاتوو، هاوکاتیش وەک کۆمەڵە دەرس و بەڵگەیەک بێ بەدەست پیاوە سیاسی و بیرمەندەکانەوە.
با بزانین ئەم میژوو نووسە چۆن لەم پارچەیەدا پێڕەوە مێژووییەکەی دەرئەبڕێ؟
((……. بەڵام سەبارەت بە رووداوەکان من ڕام وایە ڕاست نیە ئەگەر لە کەسێکی تری وەرگرم کە بۆم ئەگێڕێتەوە، یان بە گوێرەی بۆچوونی شەخسی خۆم بیاننووسم، بەڵکو ئەبێ خۆم بیانبنیم یان زۆر بەوردی لە هەموولایەنێکی بکۆڵمەوە ئەگەرهاتو لە ڕێی کەسانی ترەوە گەیشتنە دەستم))
لەمەشەوە بە تەواوی ئەوە دەرئەکەوێ کە یۆنانیەکان چ بەشداریەکی فروانیان چ لەسەر ئاستی فەلسەفە بێ یان زانست پێشکەش بە شارستانێتی مۆرڤایەتی کردووە، بە جۆرێک کە وای لێکردوون بۆ ماوەی چەند سەدەیەک مامۆستای هەموو جیهان بن.

پەراوێزەکان
1/ تڕریخ الحچارات العام ـ المجلد الاول ـ تڕلیف : اندریە ایمار و جانین اوبوایە؛ بڕشراف موریس کروزیە.
ترجمە و فرید.م. دانمر و فواد.ج. ابوریا من ـ منشورات عویدات ـ بیروت ١٩٦٤ ل ٢٨١
2/  هەمان سەرچاوە.لا ٢٨٣
3/ دستور الاپینین ـ ارسگو ـ تعریب : الاب بربارە / اللجنە الدولیە لترجمە الروائع ـ بیروت ١٩٦٧ : لا ٩ ـ ١٠
4/ زاراوەی کۆلۆنیالی (استعمار) لێرەدا بەمان ڕەسەنەکەی وشکە بەکار هاتووە، واتا ئەوەی شوێنێک ئاوەدان ئەکاتەوە.
5/  تاریخ الحچارات ـ المجلد الاوڵ ـ ڵ ٢٨٥ ـ ٢٨٦
6/ هەمان سەرچاوە لا ٢٨٨
7/ دستور الاپنین لا ١٨ ـ ١٩
8/ هەمان سەرچاوە بەشەکانی: ٥، ٦، ٧، ٨
9/  ئەو چاکسازیانەی باسمانکردن تەنیا یۆنانیە ئازادەکانی ئەگرتەوە، بەڵام کۆیلە هەمیشە هەر کۆیل بووە و لە سایەی هیچ سیستەم و سەردەمێکیاندا هیچ مافێکی نەبووە ـ ئەگەرچی زۆربەی زۆری خەڵکیش بوون.
10 /  لێرەدا وشەی (مس و ئاسن) لەو دابەشکرنەی ئەفلاتونەوە وەرگیراوە کە کۆمەڵی بۆسێ چین دابەشکردبوو؛
A/  چینی زێر کە زانا و فەیلەسوف و سیسەتوانەکان بوون و هەر کاری فیکرییان ئەکرد. B/ چینی(مس) کە سەرباز و چەکدارەکانی ئەگرتەوە، C/ چینی (ئاسن) کە جەماوەری گەل بوون، پیشەگەرەکان بوون.  ” کۆیلەکان لە دەرەوەی ئەم دابەشکردنە بوون ”
11/  لێرەدا زاراوەی قوتابخانە بە مانای ئەو پێڕەوە و بۆچوون و ڕێبازە بەکارهاتووە کە فەیلەسوفێکی یان زانایەک پەیڕەوی ئەکا. نەک بە واتای شوێنی خویندن.
12/  Thomson – GeorgeØ les Premiers Philosophes E.S. Paris 1973 G.281
13/  هەمان سەرچاوە
14/ هەمان سەرچاوە ل ٣٠٠ ـ ٣٠١
15/  تڕریخ الحچارات لاعام ـ المجلد الاول ـ ٣٠٠ ـ ٣٠١
16/  هەمان سەرچاوە لا ٣٠٠ ـ ٣٠١
17/  هەمان سەرچاوە لا ٣٠٢ ـ ٣٠٣
18/  Thomson – George –les premiers philosophes g 323 -330
19/  هەمان سەرچاوە.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.