لیبڕالیسم وه‌ک پێشڕه‌وی دێمۆکڕاسی

2012-12-24

سلیمان عبدی

 

کاتێک وشه‌ی دێمۆکراسی به‌کار ده‌برێت دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له‌ ئارا دایه‌، یان مه‌به‌ست به‌ مانای وشه‌ناسی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌یه‌ که‌ له‌ ڕێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و ڕای گشتی به‌ ده‌ست دێت ، یان مه‌به‌ست له‌ مانا گشتییه‌که‌ی واته‌ ئازادییه‌. وه‌ک ده‌زانین دێمۆکڕاسی ته‌نانه‌ت له‌ مانای ده‌نگی زۆرینه‌ش له‌ کۆمه‌ڵگای مودێڕن ده‌سکه‌وتێکی نوێیه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ مودیله‌ تازه‌کانی دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌ به‌ ڵام هه‌ر له‌م مانایه‌ش دا له‌ زۆربه‌ی وڵاتای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دێمۆکراسی وه‌ک خه‌ونێکی لێ هاتووه‌ که‌ وه‌ده‌ست خستنی زۆر سه‌خته‌. زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵات دارانی ئه‌م وڵاتانه‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوت که‌رن و هه‌ڵبژاردنیش ته‌نیا لاسایی کردنه‌وه‌یه‌که‌ و فێڵ و درۆی زۆر لێ ئه‌کرێت و خه‌ڵکیشی زۆر دڵسارد کردوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت دێمۆکراسی زۆر ده‌سکه‌وتێکی سه‌یر نییه‌ و بگره‌ له‌ دێمۆکرسی به‌ مانای ده‌نگی زۆرینه‌ ، مافی که‌مینه‌کان و تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ڕه‌چاو ناگیرێت. که‌ واته‌ کێشه‌ هه‌ر دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی دێمۆکراتیک نییه‌، به‌ڵکو ئه‌بێ حه‌ول بدرێت له‌م سیسته‌مه‌ دا مافی تاک و که‌مینه‌کان بپارێزرێت. با من نموونه‌یه‌ک تان بۆ باس بکه‌م ، با سه‌یری هه‌ڵبژاردنه‌کانی میسر بکه‌ین، وه‌ک ده‌زانین هه‌ر زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ که‌مترین فێڵه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ ئیسلامییه‌کان و یاسای ئیسلامی دا به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دا به‌ پێی به‌راورده‌کان ته‌نیا 30 له‌ سه‌دی گه‌لانی میسر ده‌نگیان دا و له‌م ناوه‌ش دا پتر له‌ 40 له‌ سه‌دی ده‌نگ ده‌ران ده‌نگی نه‌رێنیان به‌ ئیسلامییه‌ کان داوه‌. ئه‌مه‌ مانی چییه‌؟ واته‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ لای 70 له‌ سه‌دی خه‌ڵکی میسر ده‌نگی بۆ نه‌دراوه‌ و له‌ ناو ئه‌وانه‌ش وا ده‌نگیان داوه‌ زیاتر له‌ 40 له‌ سه‌دی ده‌نگ ده‌ران ئه‌م یاسایه‌یان لا په‌سه‌ند نییه‌. له‌ وڵاتێک به‌ ئه‌زموونی دێمۆکراسی کۆنه‌وه‌ له‌ وانه‌یه‌ کێشه‌ زۆر نه‌بێت هه‌رچه‌ند له‌وێش دا هه‌ر جۆرێک ناشه‌رعی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه‌ به‌ڵام لانی که‌م له‌وێ ده‌سه‌ڵات زۆر ده‌س ناخاته‌ ناو ژیانی تاکه‌وه‌، به‌ڵام له‌ میسر ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ی یاریی سیاسی به‌ ناو دێمۆکراسییه‌ وه‌ک مافێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌درێت و ئه‌مه‌شه‌ که‌ ئه‌بێته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک و له‌وانه‌یه‌ گۆشه‌گیری و نائومێدی خه‌ڵک له‌ ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ له‌ دوا ڕۆژی سوریه‌ش له‌وانه‌یه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ له‌وێش ئیسلامییه‌کان زۆر به‌ کراوه‌یی باسی ده‌نگ دان ئه‌که‌ن و ئه‌مه‌ش مانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد و شێعه‌ و مه‌سیحییه‌کان به‌ ئاشکرایی دۆڕاون ده‌ی ئه‌مه‌ هه‌ر دێمۆکراسییه مه‌گه‌ر ئێوه‌ داوای هه‌ڵبژاردنی ئازاد ناکه‌ن‌؟! ئه‌گه‌ر چی هه‌ر چه‌شنه‌ ده‌سه‌ڵاتێک ناشه‌رعی پێوه‌یه‌ به‌ڵام بته‌و کردنی بنه‌ماکانی لیبڕالیزم ئه‌توانێت له‌ کێشه‌کانی دێمۆکراسی که‌م کاته‌وه‌ به‌ مانایه‌کی تر لیبڕالیزم واته‌ که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌ست وه‌ردانی ده‌سه‌ڵات له‌ ژیانی تاک دا و بره‌و دان به‌ که‌رتی تایبه‌ت و مافی موڵکداریه‌تی. ئه‌مه‌ش واته‌ له‌ یاری سیاسی دیمۆکراتیک دا زۆرینه‌ ناتوانێت مافی تاکه‌کان و که‌مینه‌کان ڕه‌چاو نه‌گرێت. له‌ ئاوه‌ها مودێلێک دا نیگه‌رانی که‌مینه‌ بۆ په‌راوێز که‌وتنی له‌ یاری سیاسی که‌م ئه‌بێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ته‌نیا ساحه‌ی گه‌مه‌ی هێز نییه‌. لیبڕالیزم وه‌ک تیئۆری مه‌به‌ستی که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت و بته‌و کردنی مافی تاک له‌ ناو کۆمه‌ڵگایه‌، له‌م تیئورییه‌ دا تاک مافی هه‌ڵس و که‌وتی ئازادی هه‌یه‌ و حکومه‌ت ناتوانێت ئازادییه‌کانی تاک سنووردار کات به‌ڵکو ئه‌رکی سه‌ره‌کی حکومه‌ت و یاسا، پاراستنی سه‌روه‌ری تاک و دان پێ دانان به‌ خواسته‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌. له‌ سیسته‌مێکی ئاوه‌ها دا له‌ وانه‌یه‌ کێشه‌ی خه‌ڵک زۆر ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ کێ سواری کورسی سیاسه‌ت ئه‌بێت چون سیاسه‌ت مه‌دار ناتوانێ ده‌ست درێژی بکاته‌ سه‌ر مڵک و ئازادییه‌کانی تاک ، بۆیه‌ له‌م سیسته‌مه‌ دا حکومه‌ت واته‌ حکومه‌تی بچووک به‌ مانی سنوور دار و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی زۆر ئازاد و به‌ توانایه‌ و ته‌نانه‌ت که‌مینه‌ مافی سیاسی خۆی هه‌یه‌ بۆ داوا کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی جیاواز له‌ مودیلی فێدڕاڵی یان په‌رڵه‌مانی دا. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناتوانێت زۆر کێشه‌ بۆ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی درووست کات و له‌م مانایه‌ دایه‌ که‌ لیبڕالیزم نه‌ک هه‌ر ئه‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌ی دێمۆکڕاسی به‌ڵکو لیبڕالیزم پێشڕه‌وی دیمۆکراسییه‌ له‌ مانا ئازدییه‌ که‌ی دا.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.