پاڕادۆکسه‌کانی مارکس

♦ سلیمان عبدی

2013-01-21

ده‌بێ ئه‌م ڕاستییه‌ بڵه‌ین که‌ مارکس نه‌یتوانی له‌وه‌ تێ بگا که‌ نه‌ چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و نه‌ ته‌نانه‌ت هێزی وه‌به‌رهێنان ناتوانێ له‌ خۆی دا له‌ ژیانی ڕۆژانه، ئه‌کته‌ر بێ و ته‌نیا تاکه‌کانن که‌ ئه‌م ئه‌رکه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌. مارکس ئه‌م ئه‌رکه‌ی بۆ پێگه‌ی ئه‌م ئه‌کته‌رانه‌ (تاکانه)‌ وه‌رگێڕابوو و له‌ ئاکام دا نه‌ ته‌نیا باسێکی له‌ تاک نه‌کرد به‌ڵکو به‌ بڕوای ئه‌و که‌سایه‌تی و بۆچوونه‌کانی تاک له‌ لایه‌ن پێگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌‌ چینایه‌تیه‌کانیه‌وه‌ داده‌ڕێژرێت. له‌ تیوری مارکس دا بۆچوونه‌کانی تاک ئایدیۆلۆژیکه‌ و  ‌ده‌سته‌واژه‌ی هۆشیاری چه‌وت  بۆ پێناسه‌ کردنی به‌کار دێنێ. به‌ بڕوای مارکس بۆچوونه‌کانی ئابووری زانه‌ بوڕژواکان له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چینی بوڕژوایه‌ و هه‌ر به‌ بۆنه‌ی ئه‌م لایه‌نگریه‌وه‌ ئایدۆلۆژیکن‌ به‌ڵام مارکس خۆی له‌ مانیفێستی کۆمۆنیست دا مه‌به‌ستی تیوری خۆی خزمه‌تێک به‌ په‌ره‌ پێدانی ده‌سکه‌وته‌کانی چینی کرێکار(پرۆڵتار) له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دات و حه‌وله‌کانی وه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه‌ بۆ ناساندنی کۆتاییه‌کانی ته‌مه‌نی سه‌رمایه‌داری ده‌ناسێنێت و هه‌ر به‌م پێیه‌ تیوریه‌که‌ی خۆشی هه‌ر ئه‌چێته‌وه‌ ژێر پێناسه‌ی ئایدۆلۆژیک. (هه‌ڵبه‌ت ئه‌بێ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بکه‌ین که‌ به‌ بڕوای مارکس ئایدۆلۆژییه‌کان واته‌ بۆچوونی ناڕاست و چه‌وت و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر که‌ نه‌توانی به‌ شێوه‌ی زانستیانه‌ هه‌ڵیسه‌نگێنێت)
هه‌ر وه‌ک لۆدویگ ڤۆن میزێس ئاماژه‌ی پێ داوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌ی مارکس به‌ ڕاست وه‌رگرین که‌ مه‌به‌ست له‌ فه‌لسه‌فه‌ ئه‌‌بێ ئامانجێکی پڕاکتیکی بێت(گۆڕانی دونیا نه‌ ته‌عبیر کردن و پێناسه‌ کردنی) و وه‌ک پڕاگماتیکه‌کان باسیان کردووه‌‌ که‌ ڕاستی و حه‌قیقه‌ت هه‌مان ئه‌و شتانه‌ن وا کاران،‌ که‌ واته‌ پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێی بۆچوونه‌ ماڕکسیستییه‌کان تیوری بوڕژواکان که‌ له‌ ئاکامی ئه‌زمونی پڕاگماتیانه‌ پێک هاتووه‌، ئایدۆلۆژیک و ناڕاست بێت چۆن ئه‌م تیوریه‌ ناڕاستانه‌ توانییه‌تی تا ئه‌م ئاسته‌ کارا بێت و ئه‌م کاراییه‌ ئاوا درێژخایه‌ن بێت. یان ئه‌گه‌ر وه‌ک ماڕکس ئاماژه‌ی پێداوه‌ تیۆری بوڕژواکان چه‌وت و ناڕاسته‌ و ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌م تیوریه‌ ته‌نیا په‌سه‌ند کردن و پاڵپشتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌کانه‌، ده‌ی که‌واته‌ ئه‌م تیوریه‌ چ زه‌رووره‌تێکی ئه‌بێت؟ یانی هیچ پێویستێک به‌ بوونی تیوری بۆ کار کردنی ئه‌م سیستمه‌ نابێت و سه‌رمایه‌داریش پێویستی به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکار نییه‌. هه‌روا له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ تێگه‌یاندنی کرێکاران (پڕۆڵتاره‌کان) له‌ مه‌به‌ستی سه‌رمایه‌داران ناتوانێت هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشیان به‌رێت چونکه‌ له‌ ئاکام دا ئه‌م سیسته‌مه‌ واته‌ سه‌رمایه‌داری به‌م پێیه‌ ئه‌بێ خۆی کۆتایی به‌ خۆی بێنێت. بۆیه‌ وه‌ک میزس ئاماژه‌ی پێ داوه‌ تیوری مارکس خۆ ڕه‌دکه‌ره‌وه‌یه ‌. من له‌ کۆتایی دا پێم باشه‌ پرسیاره‌که‌ی ڕووتبارد دووپات که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر به‌ بڕوای مارکس و ماڕکسیسته‌کان بیر و بۆچوونه‌کانی مرۆڤ له‌ لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌کانه‌وه‌ دابین ئه‌کرێت جێی پرسیاره‌ که‌ مارکس و ئینگێلس چۆن توانیویا‌نه‌ ئه‌م ڕچه‌ بشکێنن؟ وه‌ک ده‌زانین مارکس کوڕی پارێزه‌رێکی خاوه‌ن پاره‌ بووه‌ و هاوسه‌ره‌که‌شی کچی بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناوداری پرووس بووه‌ و برای هاوسه‌ره‌که‌ی وه‌زیری ناوخۆی ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی پرووس بووه‌. هه‌روا ئینگێلس کوڕی خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌ک بووه‌ و خۆشی هه‌روا خاوه‌ن کارخانه‌ بووه‌ و له‌ بوڕژواکان بووه. ‌

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.