ژینگه‌ و بازاڕ

♦ سلیمان عبدی

2013-02-05

سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌ وته‌ زۆر کوتراوه‌ و زۆر بابه‌تیش نوسراوه‌ ، له‌ کۆمه‌ڵناسی دا لێدوانه‌کان زیاتر له‌ ژێر کاریگه‌ری مارکسیسم دان و بابه‌ته‌کان‌ زیاتر ڕه‌خنه‌ له‌ کاپیتالیسم و کاریگه‌ری سه‌رمایه‌داری بۆ له‌ ناوبردنی ژینگه‌ ئه‌گرن. مارکسیسته‌ کان باس له‌ دابه‌ش بوونی میتابولیک ئه‌که‌ن واته‌ به‌ بڕوای ئه‌وان لۆژیکی کاپیتالیسم ئه‌بێته‌ هۆی لێک دابڕانی ژینگه‌ و کۆمه‌ڵگاوه‌ و ژینگه‌ ئه‌بێته‌ ئامانجی که‌ڵه‌که‌ کردنی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن سه‌رمایه‌ و ژینگه‌ له‌ پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنانی ئاسایی خۆی دوور ئه‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ شیوه‌یه‌ک لێکدانه‌وه‌ی خۆی له‌ سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌خلاقی ئایدۆلۆژیک داناوه‌ که‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌ به‌ گشتی ته‌نیا پاره‌ کۆکردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ و بۆ به‌ دی هێنانی ئه‌م ئامانجه‌ش  ته‌نیا ڕێگای خاوه‌ن سه‌رمایه‌کان  زه‌وت کردنی زۆرتر و کاروه‌کێشانی زیاتره‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خاوه‌ن سه‌رمایه‌ که‌ لێره‌دا وه‌ک خاوه‌ن موڵکێکی کشت و کاڵی پێناسه‌ی که‌ین، بۆ وه‌به‌ر هێنانی زۆرتر و وه‌ده‌س خستنی داهاتی زیاتر ، ئه‌بێ حه‌ولی ئه‌وه‌ به‌دات که‌ زه‌وی و مڵکه‌که‌ی به‌ باشی بپارێزیت نه‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ناوی به‌رێت چون ته‌نیا به‌م شێوه‌ ئاکاره‌ له‌ ئاکام دا خۆی له‌ ناو ئه‌بات. به‌ڵام با ئاماژه‌ به‌ موڵکداریه‌تی گشتی بۆ زه‌وی و کشت و کاڵ بکه‌ین و بۆ ئه‌مه‌ش ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌مان زه‌حمه‌ته‌ مێژوو بخوێنینه‌وه‌ و بڕوانینه‌ مێژوی سۆڤییه‌ت و شێوه‌ی کار کردنی که‌لخوز و سه‌لخوزه‌ کان که‌ وه‌ک سیسته‌مێکی هه‌ره‌وه‌زی ده‌وڵه‌تی ئه‌رکی دابه‌شکردنی زه‌وی و دان و داهاته‌کانیان له‌ ناو جوتیاره‌کان له‌ ئه‌ستۆ بوو ، به‌ باشی ئه‌زانین که‌ ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی هه‌ژاری و نه‌هامه‌تی جوتیاره‌کان و هه‌ڵاتنیان بۆ شاره‌کان و باشه‌ بزانین یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌ دا که‌ زۆرترین وه‌به‌رهێنانی کشت و کاڵی مێژووی خۆی تۆمار ئه‌کرد به‌ هۆی سیاسه‌ته‌کانی ستالینه‌وه‌ له‌ ئوکڕاین وه‌ک به‌شێک له‌ یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت پتر له‌ دوو ملیون که‌س له‌ برسیه‌تی و هه‌ژاری گیانیان له‌ ده‌ست دا و هه‌روه‌ها گشتی کردنی و ده‌ست وه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له‌ ئابووری دا بوو به‌ هۆی په‌ره‌ سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ بێگاری کردن بۆ ده‌وڵه‌ت. هه‌ڵبه‌ت که‌سانێک وه‌ک جیمز لاولاک حه‌ولیان دا به‌ هێنانه‌ کایه‌ی تیوری گایا ‌ باس له‌ پێوه‌ست بوونی مرۆڤ و ژینگه‌ بکه‌ن به‌جۆرێک که‌ گه‌رم داهاتنی زه‌وی و وێشکه‌ ساڵی و که‌م کردنی ئاوی‌ ژێر زه‌وی بۆ تۆڵه‌ی ژینگه‌ له‌ مرۆڤ و ناپاکیه‌کانی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به‌ ژینگه‌ ته‌عبیر ده‌کرێ ، بۆچوونی لاولاک لای زۆر له‌ ژینگه‌ پارێزان تا ئێستاش به‌هه‌ند وه‌رگێراوه‌ و ئه‌توانین ئاماژه‌ به‌ کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م بۆچوونه‌ ئایینیه‌ له‌ سه‌ر سینه‌ما بکه‌ین بۆ نموونه‌ فیلمی “ه‌و ڕۆژی که‌ زه‌وی وێستا” له‌ به‌رهه‌م هێنانی سکات درێک یان فیلمی “ئاواتار” له‌ به‌رهه‌م هێنانی جیمز کامێرۆن. به‌ڵام ناتوانین خۆمان له‌م ڕاستیه‌ بدزینه‌وه‌ که‌ به‌ دانانی ئایین و مه‌زهه‌بێکی نوێ بۆ پاراستنی ژینگه‌ ته‌نیا ئایینێکمان به‌ ئایینه‌کانی دوونیا زیاد کردووه‌ و زۆر که‌سیش هه‌ن که‌ زۆر به‌ ئاسانی ئه‌م بۆچوونانه‌ به‌ وه‌هم و خوڕافه‌ی مرۆڤ به‌ ئه‌ژمار دێنن. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ چاره‌ چیه‌؟ وه‌ک ئه‌زانین ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌کان ئه‌یکه‌ن به‌ هۆی پێداویستی بازاڕه‌وه‌ی و بازاڕیش به‌شێکی فرۆشیاره‌ و به‌شێکی کڕیاره‌ واته‌ کاتێک کڕیاره‌کان کڕینی ئامیری نه‌وتی له‌ کڕینی ئامێری خۆره‌تاوی به‌سوودتر ئه‌بینن به‌رهه‌م هێنه‌ر حه‌ولی وه‌دی هێنانی خواسته‌کانی ئه‌دات واته‌ ناپاکی ژینگه‌ به‌ هۆی خواستی کڕیاره‌وه‌یه‌ و ئه‌مه‌ به‌ هۆی بێ ویژدانی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه‌ نییه‌. هه‌روا له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئاکاری به‌رهه‌م هێنه‌ر به‌داخه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌کان به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ ئه‌ڕۆن که‌ به‌رهه‌م هێنه‌ر ته‌نیا حه‌ولی که‌م کردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌کانی ئه‌دات تا به‌رهه‌می هه‌رزانتر بخاته‌ بازاڕه‌وه‌ و کاڵاکانی له‌ به‌رهه‌م هێنه‌رانی تر هه‌رزان تر بفرۆشی، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ کۆنه‌ له‌ تێکسته‌ مارکسیستیه‌ کان دا ئه‌دیترێ و به‌ ئاشکرا مانۆڕی له‌سه‌ر ئه‌درێ، به‌ڵام گه‌ر وا بوایه‌ بۆ نموونه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ری سه‌یاره‌ی لامبۆرگینی یان فراری یان پۆڕشه‌ که‌ گرانترین و پڕ خه‌رجترین سه‌یاره‌ ئه‌هێننه‌ بازاڕه‌وه‌ ئه‌بوایه‌ هه‌رگیز کڕیاریان نه‌بوایه‌. هه‌روه‌تر ئه‌بێ ئه‌م ڕاستیه‌ بزانین که‌ به‌رهه‌م هێنه‌ر بۆ ڕازی ڕاگرتنی کڕیاره‌کانی حه‌ولی ئه‌وه‌ ئه‌دات که‌ باشترین کاڵایان پێ بفرۆشێ نه‌ هه‌رزانترین کاڵا. هه‌ڵبه‌ت وه‌ک ئاماژه‌مان پێ دا سینه‌ما توانیویه‌تی تا ئاستێک کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا دانێت و باشه‌ بزانین سینه‌ماش خۆی ده‌سکردی ده‌وڵه‌ت نییه‌ سینه‌ماش گه‌وره‌ترین به‌رهه‌می سه‌رمایه‌دارییه‌ و به ‌سینه‌ما کڕیار هه‌ستی به‌ به‌رپرسی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌وه‌ کردوه‌ به‌جۆرێک که‌ کڕیاره‌کان ژینگه‌ش به‌ به‌شێک له‌ موڵکی خۆیان له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن و به‌ش به‌ حاڵی خۆیان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌که‌ن. به‌ڵام ‌ من پێم وایه‌ ئه‌زموونی که‌رتی تایبه‌ت به‌ باشی ئه‌توانی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بێت بۆ نموونه‌ له‌ ئوستڕالیا که‌رتی تایبه‌ت و خاوه‌ن موڵکه‌کان توانیویانه‌ به‌شێک له‌ ئاژه‌ڵه‌کان وه‌ک کانگرۆ له‌ مه‌ترسی له‌ ناوچوون ڕزگار که‌ن هه‌ر وا له‌ ئرووپا ئه‌رکی پاراستنی به‌شێک له‌ پارکه‌ گشتیه‌کان دراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی که‌رتی تایبه‌ت چوون مه‌ترسی له‌ناوچونیان له‌ سه‌ر بوو. ئه‌وه‌ به‌و مانا نییه‌ که‌ له‌ به‌شی تایبه‌ت دا هه‌رگیز هه‌ڵه‌ ڕوو نه‌دات به‌ڵام ئه‌م به‌شه‌ زۆر باشتر ئه‌توانی هه‌ڵه‌کانی ڕاسته‌وه‌ کات و به‌رپرسیارانه‌تر هه‌ڵس و که‌وت کات چون له‌ ئاکام دا مه‌ترسی له‌ناوچوونی داهات و ژیانی خۆی له‌ ئارا دایه‌ به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌کان ئه‌توانن کێشه‌که‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تانی دوا و پێش خۆیان و خۆ له‌ به‌رپرسیاریه‌تی بدزنه‌وه‌.

 
  1. Hiwa says:

    کاک سوله‌یمان هه‌ر سه‌ر که‌وتو بیت وه‌لی پێم وا نییه‌ ژته‌جروبه‌ی بازاری ئازاد بۆ کوردستان به‌ سود بیت هه‌روه‌ک ده‌ازنن له‌ کوردستان گه‌نده‌ڵی تا چ ڕاده‌یه‌که‌ و بگره‌ به‌ ئازادتر کردنی به‌شی خسوسی ئیتر به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ر به‌ ته‌واوی له‌ به‌ین ئه‌چێت من پێم وایه‌ بۆچونه‌کانی مارکس تا ئاستێک ڕاسسته‌ به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر سه‌رمایه‌دار و دژایه‌تی بۆ کونتڕؤڵ کردنی داهاته‌که‌ی بۆیه‌ یه‌کێکی بێ لایه‌ن وه‌ک ده‌وڵه‌ت ئه‌بێ کونترۆلی سه‌رمایه‌دار بکات هه‌رچه‌ند قه‌بوڵمه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت نابێت له‌ لای حێزب یان گروپێکه‌وه‌ قۆرخ کرێ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت حاشا هه‌لنه‌گره‌

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 819 access attempts in the last 7 days.