شه‌ڕ وه‌ک له‌مپه‌رێک بۆ ئازادی

♦ سلیمان عبدی

2013-03-09

ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن زۆر یه‌ک له‌ ئابوری زانان و کۆمه‌ڵناسانه‌وه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تیه‌کانی شه‌ڕ کراوه،‌ به‌ڵام وه‌ک ده‌زانین مێژوو زۆر جار به‌ هه‌ند وه‌رناگیرێت و مرۆڤه‌کان و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌کرێنه‌ ئامرازی خواستی ده‌سه‌ڵات داران. هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی 20 دا زیاتر له‌ سه‌د ملیۆن که‌س له‌ شه‌ڕه‌کانی جیهانی یه‌که‌م و دووهه‌م کوژراون و ته‌کنه‌لۆجیای شه‌ڕیش رۆژ له‌ گه‌ڵ رۆژ پێشکه‌وتن به‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌بینێت. ده‌سه‌ڵات داران و ده‌وڵه‌ت به‌ گشتی ساڵانه‌ به‌شێکی زۆر پاره‌ بۆ کڕینی ئامێری شه‌ڕ ته‌رخان ئه‌کات و ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌و بیانویه‌ که‌ سه‌قامگیری وڵات و ئاسایشی شارۆمه‌ندان بپارێزن. وه‌ک ده‌زانین و له‌م دواییانه‌ دیمان‌ ئه‌م ئامێرانه‌ ته‌نانه‌ت بۆ سه‌رکوت کردنی شارۆمه‌ندانی ناو خۆی وڵاتیش به‌کار دێت و سوریا و لیبی و بگره‌ میسر و ئه‌رده‌ن به‌ باشی ئاماژه‌ن بۆ ئه‌م ڕاستییه‌ هه‌روا ئه‌گه‌ر مێژوی زۆر یه‌ک له‌ گه‌لان بخوێنینه‌وه‌ له‌ مێژوش دا ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌ر دووپات بووه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌زموونی تاڵی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌مان له‌ پشته‌ و هه‌روا ئه‌توانین ئاماژه‌ به‌ مێژوی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی جووله‌که‌کان بکه‌ین له‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵات داری نازی دا که‌ خۆی له‌ ئاشویتس دا ئه‌بینێته‌وه‌. ده‌وڵه‌ت بۆ ئاسان کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات داری خۆی و هه‌روا بۆ بته‌و کردنی بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌ڵبه‌ت زۆر جار پێویستی به‌ شه‌ڕه‌ و شه‌ڕ وه‌ک کارکردێکی ئه‌رێنی بۆ ده‌وڵه‌ت به‌ ئه‌ژمار دێت بۆیه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ داتاشینی مێژوی هاوبه‌شی گه‌ل و به‌هێز کردنی نیشتمان په‌روه‌ری، زۆر به‌ ئاسانی ئه‌توانێ بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی په‌ره‌ پێ بدا  و حه‌ول بۆ پڕ چه‌ک کردنی خۆی وه‌ک حه‌ول بۆ ئه‌من و ئاسایشی نیشتمان پێناسه‌ بکات‌. بۆیه‌ به‌شێک له‌ وڵاتانی جیهان حه‌ولی وه‌ده‌س خستنی چه‌کی ناوه‌کی ئه‌ده‌ن و بوونی ئه‌م چه‌که‌ وه‌ک هۆکارێک بۆ دوور کردنه‌وه‌ی شه‌ڕفرۆشی ناحه‌زه‌‌ ده‌ره‌کیه‌کان له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن بۆیه‌ که‌سانێک وه‌ک کۆنت واڵتز پێیان وایه‌ بوونی ئه‌م چه‌که‌ ئه‌توانێ وه‌ک پێشگری له‌ شه‌ڕی ناوه‌کی کاریگه‌ر بێت به‌ڵام سکات . دی . ساگان  له‌م بۆچوونه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرێ و ئاماژه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورت خایه‌نی ئۆڕگانه‌ نیزامیه‌کان و شێوه‌ی هه‌ڵسو که‌وتی توندی چه‌کدارانه‌یان ئه‌کات که‌ به‌ بوونی چه‌کی ناوه‌کی له‌ ده‌س ئه‌م ئۆرگانانه‌ ناتوانین هیواداربین ئه‌م که‌سانه‌ چه‌کی ناوه‌کی وه‌ک پێشگیری له‌ شه‌ڕ به‌ کاری بێنن. هه‌ڵبه‌ت کێشه‌ ته‌نیا له‌ کڕینی چه‌ک و ئامێره‌ مودیرنه‌کانی شه‌ڕ نییه‌ ئه‌گه‌ر به‌ کورتی چاوێک به‌ سه‌ر مێژوی شه‌ڕ دا بخشکێنین ئه‌بینین که‌ ده‌سه‌ڵات داران و ده‌وڵه‌ت به‌ گشتی، شه‌ڕ وه‌ک ئامرازێک بۆ پتر کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ئازادییه‌ تاکه‌ که‌سییه‌کان به‌ کار دێنن، به‌ هۆی بوونی شه‌ڕه‌وه‌ زۆر یه‌ک له‌ بۆچوونه‌ جیاوازه‌کان به‌ تێکده‌رانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌درێن و ئه‌خرێنه‌ قاپی نه‌یارانه‌وه.‌ هه‌روا ده‌وڵه‌ت بۆ ته‌رخان کردنی بوجه‌ی شه‌ڕ پێویستی به‌ زیاد کردنی باج و زیاد کردنی چه‌کداره‌کانیه‌تی بۆ سه‌نگه‌ره‌کانی شه‌ڕ. بۆیه‌ زۆر جار ساڵه‌کانی شه‌ڕ به‌ ساڵه‌کانی نه‌بوونی بێکاری به‌ ئه‌ژمار دێت ، به‌ڵام ئه‌توانین وه‌ک ئاماژه‌ بڵه‌ین ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ده‌یتوانی بۆ نموونه‌ له‌ کاری کشت و کاڵی ئیش بکات ئێسته‌ به‌ هۆی شه‌ڕه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌ و زه‌وی کشت و کاڵیش به‌ هۆی که‌م بوونی کرێکاره‌وه‌ یان ناکێڵدرێت یان نرخی ڕۆژانه‌ی کرێکاران به‌ هه‌ی که‌م بوونی کرێکاره‌وه‌ زیاد ده‌کات و خاوه‌ن زه‌وی بۆ جوبرانی خه‌رجییه‌کانی ده‌بێ داهاته‌که‌ی به‌ گرانتر بخاته‌ بازاڕه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ که‌مترین کاریگه‌ری نه‌رێنی شه‌ڕه‌، هه‌روا ئه‌بێ ئاماژه‌ به‌ که‌م ئه‌ندامان و بریندارانی دوای شه‌ڕ بکه‌ین که‌ به‌ بۆنه‌ی کێشه‌ی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئه‌بێ تا دوا ساته‌کانی ژیانیان چاوییان له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بێت و ده‌وڵه‌تیش بۆ به‌خێو کردنی ئه‌م قوربانیانه‌ ته‌نیا ئه‌توانێ باج له‌سه‌ر هاووڵاتیان زیاد کات و یان به‌ پتر کردنی خواست له‌سه‌ر سامانی گشتی کێشه‌کانی که‌م کاته‌وه‌ که‌ هه‌ڵبه‌ت وه‌ک ده‌زانین ده‌وڵه‌تی مودیرن ئه‌مڕۆکه‌ به‌ قۆرخ کردنی چاپی پوڵ ڕێگای تریشی بۆ کێشه‌ی خه‌رجیه‌کانی خۆی دیوه‌ته‌وه‌ و زۆر جار به‌ له‌چاپ دانی پوڵ بۆ کێشه‌کانی خۆی بوه‌ته‌ هۆێ هه‌ڵاوسانی ئابووری و تێکدانی بازاڕ.
ئێدوین کانان  له‌ سه‌ر کاریگه‌ری نه‌رێنی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م بۆ سه‌ر ئابووری به‌ریتانیا ئاماژه‌ ده‌کات که‌ به‌شێکی زۆر له‌ کرێکاران بۆ سه‌نگه‌ره‌کانی شه‌ڕ گوازرانه‌وه‌ و زۆر له‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی بازاڕ بۆ سه‌ر کاڵای ئاشتی(مه‌به‌ست ئه‌و کاڵایانه‌ که‌ بۆ شه‌ڕ به‌ کار نایه‌ن به‌ڵکو به‌ هۆی پێداویستی بازاڕ خواستیان له‌سه‌ره‌ نه‌ک به‌ هۆی خواستی ده‌وڵه‌ت بۆ شه‌ڕ) به‌ هۆی نه‌بوونی کرێکار و گرانی شتومه‌کی بازاڕ وه‌دوا ئه‌خران . واته‌ شه‌ڕ خواستی چه‌وت و ناڕاست ئه‌خاته‌ سه‌ر بازاڕ و له‌ ئاکام دا خواستی ئاسایی بازاڕ پاش گوێ ئه‌خرێت.
بۆیه‌ ته‌نیا به‌ که‌م کردنه‌وه‌ی هه‌ر چی زۆرتری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و لێ پێچینه‌وه‌ له‌ سه‌ر خه‌رجیه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ که‌ ئه‌کرێ پێش له‌م نه‌هامه‌تیانه‌ بگیرێت و که‌رتی تایبه‌ت به‌ وه‌ ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌من و ئاسایش و هه‌روا سیسته‌می په‌روه‌رده‌ ئه‌توانێ له‌ په‌لاماردانی ده‌وڵه‌ت بۆ له‌ناو بردنی ئازادییه‌ تاکه‌ که‌سییه‌کان و به‌کار گرتنی تاک بۆ ئامانجه‌کانی، پێشگیری بکات.

 
  1. آرمان says:

    زور به جيه ماموستا گيان ئيستاش له ئيران پاش ماوه ي شه ر هه ر ئه ركه ن بو سه ر خه لك و بگره بو سه ر ئه م ده سه لاته سه قه ته ش

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.