دیسکۆرسی ڕوناکبیری و عەقڵییەتی سوسیالیستی

♦ سلیمان عبدی

2014-02-13

ئێمە لە ڕۆژهەڵات، کاتێک لە سەر ڕوناکبیری ئەدوێین ئەبێ لە دوو ڕوانگەوە ڵێی بڕوانیین یەکەمیان لەسەردەستەواژەکەیە و دواتر لە سەر باری مێژووی و کۆمەڵناسیەکەیەتی. من پێم وایە وشەی ڕووناکبیر لە بەرامبەر Intellectual ناتوانێ تەواوکەری ماناکە بێت. ئەم دەستەو واژە لە وشە فارسیەکە واتە ڕوشنفکر وەرگیراوە کە لەوانەیە ئەوڵ بار لە لایەن میرزا ئاقا خانی کرمانی یەکەم جار وشەی منور العقل و دواتر منور الفکر بە کار برابێت کە لە ئاکام دا وشەی ڕوشنفکر بە کار هات و لە سەردەمی خوڵقانی ڕۆژنامەوانی لە کۆماری مەهاباد لە 1944 زایینی ئەم وشەیە دەقاودەق هاتە ناو زمانی کوردی و داوتریش بە ڕوناکبیر وەرگێڕدرا. وەرگێڕانەکە نەک هەر لە کوردی دا بەڵکو لە فارسیش دا بە هەڵە وەرگێڕدراوە وشەی ڕووناک لە دژی تاریکی بە کار ئەبردرێت و ئەمەش وای ئەگەینێت کە ڕوناکبیری خۆی دژایەتی لە گەڵ تاریکیە واتە هێمایەکی ئایینی بە ئەرکی ڕووناکبیر ئەدات کە بە پێچەوانە وا نەبوە و یا ئەگەر ڕووناک بە مانای ڕوون کردنەوە بێت و بەم جۆرە ڕووناکبیر واتە کەسێک کە بابەتەکان ڕوون ئەکاتەوە یان خاوەنی هزر و ئەندێشەی ڕوونە کە ئەمەش بە پێچەوانە ڕوناکبیر هەوڵی داوە زمانێکی فەلسەفی و وەهمی بە کاربگرێت و وەک پیێر بۆردیۆ[1] ئاماژەی پێکردوە زمانی زانکۆ خۆی لە زمانی کۆمەڵگا جیا ئەکاتەوە و بگرە کەسی ئاکادێمیک خۆی حەولی بەکار بردنی زمانی جیا لە کۆمەڵگا ئەدات تا بەم جۆرە جیاوازی خۆی وەک شۆناسێک پێناسە بکات. تەنانەت توماس سۆوێل[2] لە کتێبەکەی واتە ڕوناکبیر و کۆمەڵگا دا ئەڵێت ڕوناکبیران زۆر بە وەهمەوە ئەدوێن و زۆر جار کە بڕیارەکانیشیان بە هەڵە و ناڕاست دەردەچێت هەر ڕەخنە وەرناگرن و پێداگری لە سەر هەڵەکانیان دەکەن بۆ نمونە پۆل ئێلریش[3] وەک ژینگە پارێزێک پێی وابوو کە لە ساڵی 1970 جێهان ئەچێتە قەیرانی خۆراک و سەدەها ملیۆن کەس لەم ساڵەدا لە برسیەتیا ئەمرن کە چی ئەمە ڕوی نەدا و ئێلڕیشیش پێی لە هەڵەی خۆی نەنا و زۆر نمونەی تریش . ئەم هەڵەیە ماناشناسیە بۆ وەرگێڕانەکە لە ڕاستیدا لە فارسیەوە هاتوەتە کە لە سەردەمی شۆڕشی مەشروتە ئەم دەستەواژەیە بۆ وشەی فەڕەنسی Intellectual elle بە کار برا و لە فارسیش دا هەمان کێشە بەدی دەکرێت واتە ڕوشن یان لە دژی تاریک دێت یان بە مانای ڕوشن کردن کە بە هەر دوو مانا هەڵەیە. بەڵام لە واقیع دا وشەکە ئاماژەیە بە خاوەنداری هزر و ئەندێشەوە و باس لە ڕوون بوون یا دژایەتی لە گەڵ تاریکی ناکات بۆیە وشەی بیردۆز بۆ کوردی و ئەندیشە ورز بۆ فارسی زۆر بە ماناتر و دەقاودەق بوو. هەرچەند مێژوی وشەکە لە زمانی فەڕنسی و ئنگلیسی دا زۆر کۆن نیە و تەنانەت بە مانای ڕوناکبیریش بەکار نەبراوە بەڵکوو ئەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی 19 بوو کە ئەم بار بە ماناکانی ، نوێخوازی و شیکاری بەکار هات ، تەنانەت لە زمانی ئنگلیسی دا ئینتێلێکتوال بۆ کەسانی ڕادیکاڵ و دژی نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان بەکار ئەبرا، بۆیە لە زمانی فەڕەنسی و ئنگلیسیش دا ئەم وشەیە نوییە و وەرگێڕانەکەشی بۆ سەر زامنەکانی فارسی ، عەرەبی و کوردی زۆر بە باشی نەکراوە و هێمایەکی ئایینی و قودسی خراوەتە پاڵ وشەکەوە.

بەڵام بۆچی ڕوناکبیری و ڕوناکبیر لە دیسکۆرسی دژ بە بازاڕ وەستاوە؟ واتە بۆ سوسیالیستن؟

لودویگ ڤۆن میزس[4] لە کتیبی عەقڵییەتی دژە سەرمایەداری بە باشی ئاماژە بە هۆکارەکانی دژایەتی کاپیتالیزم ئەکات و هەروەتر ڕۆبرت نۆزیک لە بابەتێک دا لە ژێر ناوی: بۆ ڕوناکبیران دژی بازاڕن؟ بە باشی ئاماژەیان داوە کە زۆر هۆکاری جۆراوجۆر هەن چ سایکۆلۆژیک و چ کۆمەڵایەتی کە ئەبنە هۆکاری سەرەکی دژایەتی ڕوناکبیر.

ڕوناکبیر کە خوێندەواری زانکۆیە لە پشت چاویلکەی عەداڵەتەوە لە کۆمەڵگا ئەڕوانێ یان بە ڕاست لە جۆرێک حەسادەتەوە! ڕوناکبیر وەک خوێندەوارێک خۆی خاوەنی هزر و بیرێکی قووڵ ئەبینێت و مێژویەکی پڕ لە شانازیشی لە قوتابخانەوە لە پشتە بەڵام کە دێتە بازاڕەوە نابەرابەری وەک جۆرێک ناعەداڵەتی لە هەموو شوێنەکان دا ئەبینێت بۆیە ئەبێ یان خزمەت بە ئۆرگانە حکومیەکان بکات یان چاوەڕوانی کۆمپانیە ئەهلیەکان بێت لە حاڵێک دا کە ئەبینێت زۆر کەسانی نەخوێندەوار لە بازاڕدا توانیویانە پێگە و پارەی زۆر باش وە دەست خەن و ئەمەش بە ناعەداڵەتی ئەزانن و بازاڕ وەک شوێنی خوڵقانی ئەم ناعەداڵەتی پێناسە دەکەن. بۆیە تاکە شتێک کە ڕوناکبیر بە چارەسەری کێشەکەی دەزانێ پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی فراوانی دژ بە بازاڕە و تاقە دەسەڵاتی دژە بازاڕیش دەوڵەتە و ڕوناکبیران حەوڵیان داوە لایەنگری دەوڵەتی بەهێز و بە قووەت بن تا بە جۆرێک هەم بازاڕ کۆنتڕۆڵ کەن هەم پاڵپشتێکیش بۆخۆیان بدۆزنەوە بۆیە لە ڕاستی دا دەوڵەت دەتوانێ تاکە پاڵپشتی سەرەکی ڕوناکبیران بێت. ئەوان داواکاری بە دەوڵەتی کردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتین و ئەگەر پاڵپشتی دەوڵەتی سوسیالیستیش نەکەن بە دڵنیایەوە داواکاری دامەزراندنی دەوڵەتی ڕیفاهن[5].

بنەماکانی دیسکۆرسی ڕوناکبیری جۆرێک ئارەزوی بەرابەری تێدایە بۆیە نابەرابەری ناو کۆمەڵگا کە لە نابەرابەری تواناکانی مرۆڤەوە سەرچاوە ئەگرێت خۆی یەکێک لەو ئامانجانەیە کە ڕوناکبیران بە هیوان بیسڕنەوە بەڵام لە ڕاستیدا دەرئەنجامەکەی تەنیا دامەزراندنی دەوڵەتێکی باجگری زەبەلاحی سەرکوتکەرە کە مرۆڤەکان تەنیا لە ترس دا بەرابەر ئەکات. دیسکۆڕسی ڕوناکبیری هەروەها داواکاری گەڕانەوە بۆ قودسیەتی بەها سەرەکیەکانی مرۆڤایەتیە و پێی وایە سیستەمی بازاڕ بە پێچەوانە تەنیا پارەی کردوەتە ئەرزش و بەهای مرۆڤەکان! هەڵبەت لەمەدا ڕوناکبیری لە جۆرێک پاڕادۆکسا گیری کردوە چونکە لە لایەکەوە خۆی لە مێژوویەکی ئۆمانیستیەوە هەڵگرساوە کە دژ بە ئایین بووە لە لایەکی ترەوە خوازیاری پاراستنی ئەرزشی زاتی شتەکانە کە پێی وایە قودسیەتی ئەسەر یان سمبولەکانن کە ئەمەش خۆی بنەمایەکی ئایینی هەیە بۆیە مارکسیستە فڕانکفۆڕتیەکان وەک واڵتر بنیامین[6] و تیۆدۆر ئادۆرنۆ[7] بە ڕاشکاوانە باس لە پتانسیێلی ئایین ئەکەن بۆ ڕزگاری مرۆڤ. بەڵام وەک میزس ئاماژەی پێ کردوە بازاڕ و ئازادی ئابووری تواناکانی مرۆڤی زیاتر کردوە و بگرە هونەریش توانایی باشتری وە دەست خستوە لە گشت بوارەکان دا. بەڵام لە وانەیە گلەیی ئەوان لە وە بێ کە بۆ دەبێ تابلۆکەی داوینچی کۆپی کرێت و هەر کەس بتوانی لە ژورەکەی خۆی هەڵی واسێت؟!(واتە قودسیەتی ئەسەرە هونەریەکە وەک یەکەم ئەسەر بەم جۆرە ئەشکێت) بەڵام کۆپی تەبلۆیەک کە لە لایەن کەسێکی نەخوێندەوارەوە لە ژورەکەی دا هەڵدەواسرێت بە مانای تێک ڕمانی مانای هونەر نیە بگرە ئەمە شانازیە بۆ تواناکانی بازاڕ کە توانیبێتی کەسانی کەم دەرامەد بگەینێت بەو ئاستەی کە بۆ حەزی خۆشیان بێت تەبلۆیەک یان پەیکەرێکی هونەری بە نرخێکی زۆر کەم بکڕن و لە ماڵەوە هەڵی واسن هەرچەند ڕوناکبیر لەوانیە ئەمە بە لاسایی کردنەوەی چینایەتی پێناسە بکات(واتە چینی خوارەوە لاسایی ستایلی ژیانی چینی سەرەوە بکات) بەڵام بازاڕ بە پێچەوانەی ڕوناکبیر بڕیار لە سەر هەستی مرۆڤەکان نادات بەڵکو خواستەکان لە پێناوی وەدەست خستنی سود وەڵام ئەداتەوە. بازاڕیش خۆی بە سیستەمی خواست و دەرخست[8] ئیش ئەکات کە لە لایەن ملیۆنەها ئەکتەرەوە بە بێ عەقڵیەتێکی سێنترال دەسوڕێتەوە کە لەوانەیە هەندێجار زۆریان لە هەڵە بن و توشی شکست بن بەڵام دەرئەنجامەکە هەرچیەک بێت بەرپرسیاریەتیەکە لە ئەستۆی ئەکتەرەکانە و چارە سپاردنی بازاڕ بە دەست دەوڵەتەوە نییە چونکە بەرپرسیاریەتی ئەرکی تاکەکان بە هیچ شێوەیەک ناگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت یا هەر سیستەمێکی گشتی.

بەڵام ئەمە خۆی جێی پرسیارە کە ڕوناکبیران بۆ زیاتر پەلاماری کاپیاتلیسم ئەدەن؟ لە حاڵێکا کە لە سیستەمی ئازادی بازاڕ دایە کە ئەوان مەجالی ڕەخنە گرتنیان ئەبێت تەنانەت ئەوان توانایی لە چاپ دان و فرۆشتنی نوسراوەکانیان دەبێت و چی تر پێویست ناکات خزمەت گوزاری ئاغا و پاشا بن ، پەیکەر تاشێک بابەتە هونەریەکەی لە بازاڕا ئەفرۆشێت و پەرە بە کارەکەی ئەدات ئەمە لە دەسکەوتەکانی بە نرخی بازاڕە.. ئایا ئەمە پێوانە کردنی هونەر بە پارەیە؟ ئایا ئەمە پوکانەوەی مانای هونەرە کە هونەرمەند لە ڕیی هونەرەکەیەوە بژیت و پارە وەدەست خات؟ ئایا ئەمە بە جۆرێک دروشمی کەسانی دۆڕاو نیە کە گلەیی لە بازاڕ و ناعەداڵەتی بازاڕ ئەکەن؟

مرۆڤ هەر بە شێوەی سروشتی مەسرەف ئەکات و ناتوانین ئەم سروشتی مەسرەفی بونەی لێ بسڕینەوە و پێم وا ئەمە خۆی هەلێک بووە بۆ گەشەی کەلتور و شۆناسی کۆمەڵایەتی و بگرە تاکە کانیش. هەڵبەت لەوانەیە هەندێک کەس زۆر خولیای مەسرەف و مەسرەف کردن بن بەڵام تەنانەت ناتوانین ئەوان بە کەسانی هەڵخەڵەتێندراو لە لایەن سەرمایەدار لە قەڵەم دەین چون بڕیاڕی کڕین و مەسرەف کردن بڕیاڕێکی تاکە کەسیە و ناتوانین لە جێ ئەوان بڕیار بدەین.

ڕوناکبیران لە تێڕوانینیان بۆ سەر بازاڕ و زانستی ئابووری زۆر دوچاری هەڵە بوون و وەک توماس سوێیل ئاماژەی پێداوە تەنانەت زانست ڕیزبەندی ئەکەن و تەنیا زانستی خۆیان بە ڕزگاری کەر ئەبینن. دەکرێ ئاماژە بە ڕیزبەندی زانست لە لایەن هابێر ماسەوە[9] بکەین کە تەنیا زانستی ڕەخنەگرانە بە زانستی ڕزگاری کەر پێناسە دەکات کە ئەم زانستەش تەنیا لای ڕوناکبیران دەست ئەکەوێت بەڵام ئەمە خۆی جێی پرسیارە کە ڕزگاری چییە؟ بزوتنەوەی داگیرکردنی واڵستریت[10] ببوە هیوای زۆریەک لە مارکسیستەکان و سلاوی ژیژەک[11] وەک ڕوناکبیرێک زۆر بە متمانەوە بەشداری تێدا کرد و پێی وابوو تازە ئەمە کۆتایی سەرمایەداریە و بارەها لە میدیاکانەوە بانگەشەی بۆ خۆپێشاندان کرد بەڵام لە شارێکی چەند ملیۆنی تەنیا توانی چەند سەد کەسێک کۆکاتەوە ئەمەش دەبێ ببێتە هۆی پێداچوونەوە و تێڕوانین بۆ سەر دیسکۆرسی ڕوناکبیری، ئێستە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە خواست بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و گواستنەوەی بەرپرسیارەتی تاک بۆ دەوڵەت کەی کۆتایی پێ دێت؟ ئایا شکستەکانی پڕۆژەی دەوڵەتی کردنی بەرپرسیاریەتی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە ئروپا هیچ ئەزمونێکی بە خوێندکارانی زانکۆ و سیاسیەکان و ڕوناکبیران بەخشیوە؟


[1] Piere Bourdeu

[2]  Thomas Sowell

 [3] Paul Ehrlich

 [4] ludwig von mises

[5] Welfare state

[6] Walter Benjamin

[7] T. Adorno

[8] Demand & Supply

[9] Jurgen Habermas

[10] Occupy the Wallstreet

[11] slavoj zizek

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.