مافی چەکداری

♦ سلیمان عبدی

2014-04-21

ساڵی 2012 ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی پەلاماری یەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی ئەدا بە بیانوی زیادەڕەوی سەر زەوی گشتی ، جەماوەری گەڕەکەکە وێڕای یەک، چەک بەکار دێنن و بەرپەرچی پەلاماری شارەوانی ئەدەنەوە و بەرگری لە خۆیان ئەکەن. میدیا کوردیەکان بە گشتی ئەمەیان بە ناکارامەیی دەسەڵات و لاوازی کۆمەڵگای مەدەنی و بوونی کەلتوری زەبر و زەنگ ناو برد بەڵام بە پێچەوانە پێم وایە ئەمە ئەبوایە وەک ئاماژەیەک بۆ مافی پاراستنی ئاسایشی تاکەکانی کۆمەڵگا و مەترسیەکانی دەسەڵات بۆ سەر ئازادی تاک پێناسە بکرایە. ئێستە چەند پرسیار لای من دروست دەبێ کە کێ مافی پاراستنی ئاسایشی تاکی لە ئەستۆیە؟ ئایا ئەم مافە ئەگوازرێتەوە بۆ ئۆرگان یا ڕێکخراویەک و لە تاک ئەسەندرێتەوە؟ ئایا کەسێک بۆی هەیە ئەم مافە قۆرخ کات؟
هانس هێرمان هوپ (Hans Hermann Hoppe) دەوڵەت وەک گەورەترین ئۆرگانی قۆرخکاری بە تایبەت لە بواری پاراستنی ئاسایش دا لە قەڵەم ئەدات و ئەم مافە بە تاکە مافی سەرەکی خۆی لەقەڵەم ئەدات. لەم ساڵانەی دوایی لە وڵاتی ئەمریکا ئەم بابەتە زۆر جێی باس بوو بە تایبەت دوای تەقەی ناو قوتابخانەکان و کوژرانی قوتابیەکان بەڵام میژوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاماژەیە بە بوونی چەک وەک مافێکی سەرەکی تاک بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خۆی تەنانەت پتر لە مافی ڕاپرسی. من پێم وایە تا ڕادەیەک مێژوی کوردستانیش ئەم ڕاستیەی تیدایە و بە تایبەت نەبوونی دەوڵەتی خۆماڵی و دژایەتی دەوڵەت ، چەکی وەک ئامرازێک نەک تەنها بۆ پاراستنی ئاسایش بەڵکو بۆ سەلماندنی خواستەکانیش پێناسە کردوە. ئێستە بە بوونی نیمچە دەوڵەت یان تەنانەت دەوڵەتێکی کوردی ئایا ئەم مافە ئەبێ لە تاک زەوت کرێ؟ ئایا بوونی دێمۆکراسیەت شەرعیەت ئەدا بە قۆرخکاری دەوڵەت؟
گۆساتو دێ مولیناری(Gustave de Molinari) بەلژیکی لە دایک بوی ساڵی 1912 دابین کردنی ئاسایش بە ئەرکی کەرتی تایبەت لە قەڵەم ئەدات و تەنانەت تەنیا کەرتی تایبەتە کە ڕێگری لە قۆرخکاری ئەگرێت و تاک وەک بڕیاردەر توانایی هەڵبژاردنی لێ زەوت ناکرێت و بە بەستنی گرێبەست بۆ پاراستنی ئاسایش ، ئەو مافە لە تاک بۆ کۆمپانیای بەرهەم هێنەر ناگوازرێتەوە بەڵکو تەنیا ڕیکەوتنێکە تا ئەوکاتەی کە دوو لایەن ڕەزامەندیان لە سەر بێت. بەڵام لە شێوازی دەوڵەتی دا تەنیا دەوڵەت تاکە بەرهەم هێنەری ئاسایشە و تەنانەت مافی بەکار هێنانی چەک لە تاک ئەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت یان زۆر بە شێوەی سنووردار ئەم مافە بە هەندێک کەسی تایبەت ئەدرێت. تاک هیچ مافێک و هیچ بژاردەیەکی لە بەردەم نیە. ئێستە لەم شێوازە دەرئەنجامەکان چ دەبێ ؟ ئایا ئاسایش پارێزراوتر ئەبێت؟ ئایا ئازادیەکان بۆ تاک دەستە بەر دەکرێن؟ تەنیا سرنجێکی ورد بۆ سەر دەوڵەتانی قۆرخکار و دەرئەنجامی بێ چەک کردنی تاک بە ئاسانی دەری ئەخات کە دەرئەنجامەکانی زەوت کردنی ئەم مافە چن. لەم ساڵانەی دوایی لە وڵاتانی عەڕەبی دەوڵەت چەکی نەک بۆ بەرگری لە ئاسایشی خەڵکەکەی بەڵکو بۆ کوشتنیان بە کار هێنا. ئەو باجەی لە خەڵک وەردەگیرا و دەدرا بە سیلاح لە کۆتایی دا بۆ سەرکوتکردنیان و کوشتن و بەند کردنیان بەکار هات و ئەمە بە تەواوی گشت دەوڵەتێک ئەگرێتەوە. بۆیە بەرهەمهێنانی ئاسایش ئەرکی تاکە و تەنیا تاکە کە ئەتوانێ مافی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی لە ڕێگەی گرێبەستەوە بداتە کۆمپانیایەک نەک بۆ سڕینەوەی ئەو مافە لە سەر خۆی بەڵکو بۆ زیاد کردنی سنورەکانی ئاسایش و تەنانەت هەرکات دوو لایەن ویستیان ئەتوانن پێداچونەوە لەسەر ڕێکەتەکە بکەن، بۆیە تەنیا لە شێوازی کەرتی تایبەت دایە کە ئازادی تاک بۆ هەڵبژاردن لە نێوان چەن بژاردە یان تەنانەت لە ئەستۆ گرتنی ئاسایش لە لایەن تاکەوە پارێزراو دەبێت و بگرە بە بۆنەی بوونی سیستەمی بازاڕ ، کێبڕکێیەک بۆ بردنە سەرێی ئاستی ئاسایشی تاک وەک خزمەت گوزاری کۆمپانیاکان بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین کڕیار و باشترین نرخ پێک دێت کە لە ئاکام دا ئەتوانێت لە سەر باری دەرونی تاکیش کاریگەری ئەرێنی بێت و هەروەتر مافی تاک لە هەمان کاتیش دا پاریزراو بێت.
زۆر کەس شێوازی خراپ بە کار هێنانی چەک بە ئاماژەیەک بۆ شەرعیەت دان بە پێشگری لە کڕین و فرۆشتنی چەک دەناسێنن، من پێم ئەم جۆرە لێکدانەوەیە نەک تەنیا بۆ چەک بەڵکو تەنانەت بۆ ماشین (سەیارە) و چەقۆی چێشتخانەش دەتوانرێ بەکار بێت. ژمارەی کوژراوان بە لێدانی سەیارە چەن کەسن لە ساڵ دا؟ تەنانەت ئەگەر من ویستی کوشتنی کەسێکم بێت ئەتوانم ڕێگای تر بدۆزمەوە وەک ژەهرخوارد کردن ، لێدان بە سەیارە یان بە چەقۆ یان زۆر ڕێگای تر. بەڵام ئەوەی بە لای منەوە گرینگە ئەوەیە  کە کارکردەکانی جۆراوجۆری کاڵایەک ناتوانرێ وەک ئەدیلە بۆ زەوت کردنی مافی بەدەست هێنانی بەکار بگیردرێت، هەروەتر بڕیاری زۆرینەیەک ناتوانێ شەرعیەت بە سڕینەوەی مافێک لەسەر تاک یان کەمینە بکات. واتە لێدانی سەیارە وەک کارکردێکی تری سەیارە ناتوانرێت ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی مافی کڕین و فرٶشتنی سەیارە لە تاک بستێنین. یان بڕیاری زۆرینە بۆ دەنگ دان بە نەهێشتنی چەک لەلای تاکەکانی کۆمەڵگا یان کڕین و فرۆشتنی نابێتە فەرز بۆ من کە ئەم بڕیارە قەبوڵ بکەم. لەوانەیە ئەو زۆرینە ئەم بڕیارە لەو کاتە دیاری کراوە دا لە سەر خۆیان فەرز کەن بەڵام خواستی ئەوان ناتوانێ شەرعیەت بدات بە زەوت کردنی مافی تاک یان کەمینەیەک.
من با زیادکردنێکی ترم بێت ، بۆ جێگر کردنی مافی چەک داری یان هەر مافێکی تر پێم وانیە پێویست بە دانپێدانانی پەڕلەمان یان هیچ ئۆرگانیکی گشتی بێت چون ئەمانە مافی سروشتین و یاسادار کردنی پەڕلەمانی، نە شەرعیەتی ئەداتێ نە لێ ئەستێنێتەوە. بۆیە من پێم وایە تاک بۆی هەیە خۆی مافەکانی خۆی بە بێ پرسی دەسەڵات و دەسگاکانی دەوڵەت دەستە بەر کات بەڵام لەگەڵ ئەوەی تاک خۆی بە قوەت تر ئەکات لە هەمان کات دا ئەبێت کار بکات بۆ لاواز کردنی بەرامبەرەکەی واتە دەوڵەت لە ڕێگەی کەم کردنی باج و دواتر نەدانی باج ، کەم کردنەوەی کاریگەریەکانی سیستەمی دەنگ دان و بە قوەت کردنی کەرتی تایبەت بە بچووک کردنەوەی کەرتی گشتی.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.