سوسیالیزمی میدیایی لە دەستە واژەکان دا

♦ سلیمان عبدی

2014-07-13

ئەمڕۆ بەشێکی سیاسەت و ڕای گشتی لە ژێر کاریگەری میدیا دایە و بەدوا داچوون بۆ ئەم بابەتەش بە هۆی ناوەڕۆکی گوتارەکان و دەستەواژەکانی میدیای جیهانی و ناوچەییە لە سەر بابەتە جیاوازەکان بە تایبەتی ئەو دەستە میدیایانەی کە دەوڵەت یا حکومەتەکان بەرپرسیاری سەرەکین لە بەڕێوەبردنی. من بە کورتی دەچمە سەر ئەو دەستە واژانەی بەکار دەهێنرێن و ئایدۆلۆژیای سیاسی تایبەت لە پشتیانەوەیە ئەوەش ئاماژە بۆ لاینگری تایبەتی ئەم چەشنە میدیایانەیە بۆ سوسیالیزم و عەقڵیەتی گشتی دژ بە ئازادی تاک و مافی تاکە کەسی:

بەرژەوەندی گشتی: ئەم دەستە واژەیە بۆ زۆر لە ئێمە ئاشنایە ، کۆ کردنەوەی وشەی بەرژەوەندی و گشتی بە یەکەوە ئەبێ سەرچاوەیەکی مێژویی چەن سەد ساڵەی بێت واتە بۆ سەرەتاکانی دامەزرانی دەوڵەت نەتەوە دەگەڕێتەوە. بەڵام یەکەم کەس کە دەستە واژەی بەرژەوەندی نەتەوەیی وەک بەرژەوەندی گشتی و وەک ئامرازێک بۆ سیاسەت کردن بە کار برد هانس . جی . مۆرگانتا[1] بوو و لەم لێدوانە دا و ئێستاش لە لایەن زۆر لە سیاسیەکان دەوڵەت وەک تاکە خاوەن و دیاریکەری بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی تاکە سەرچاوەی ریاڵ پۆلێتیکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا. هەڵەی سەرەکی لێرەدا شوبهاندنی دەوڵەتە بە مرۆڤ بە جۆرێک کە وەک کەسایەتی خاوەن هەست و لێدوان و عەقڵییەت و مافی موڵکداریەتیە. بەڵام بەرژەوەندی ئاماژەیە بۆ ئامانجەکان و هەڵسەنگاندنیان لە لایەن تاکەکانەوە. بەرژەوەندی گشتی واتە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا ئەبێ یەک ئامانجیان بێت و دەوڵەت یان حکومەت تەنیا دیاریکەری ئەم ئامانجەیە! هۆکاری زۆر یەک لە کێشە کان و شەڕ و دوژمن کاری و ستەمکاری ئەم سەردەمە تەنیا بۆ بەکار هێنانی ئەم دەستە واژەیە لە لایەن دەوڵەتانەوە دەگەڕێتەوە. لە فەلسەفەی ئازادی خوازی تەنیا تاکەکان مافی ئەوەیان هەیە ئامانجەکانیان دیاری کەن و بە پێی لێکدانەوەی خۆیان شێواز و چۆنیەتی دەستە بەر کردنی هەڵبژێرن بەڵام بەرژەوەندی گشتی وەک ئامرازێکی دەسەڵات نە تەنیا ئەم مافە لە تاک ئەستێنێت بەڵکو مافی تایبەتی تاک وەک دژایەتی لە گەڵ کۆمەڵگا پێناسە دەکات و بە بەرژەوەندی خواز یان خۆ پەرەستی لە قەڵەمی ئەدات و لە ئەنجام دا دەوڵەت چەکی نەرمی خۆی واتە یاسا بۆ بەربەست کردنی بەرژەوەندیەکانی تاک بەکار دێنێت، بەم جۆرە شێوازەکانی هاوردە کردن و هەناردە کردنی کاڵا ، هات و چۆ کردن بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات ، دەست پێکردنی ئیش و کار و تەنانەت شێوازی ئیش کردن و بگرە زۆر شتی تر بە یاسایی دەکات واتە بە پێی لێکدانەوەی خۆی کۆنتڕۆلی ئەکات و دیاری ئەکات. ئەمەش تەنیا بە بیانوی بەرژەوەندی گشتی ئەکرێت و تاک تەنیا وەک ئامرازێک بۆ خزمەت بەم بەرژەوەندیە گشتیە لە قەڵەم ئەدرێت. بۆیە ئازادی خوازان ڕێگایەکی زۆر سەخت و درێژیان لە بەرە بۆ دەستە بەر کردنی مافەکانی تاک و کورت کردنی دەستی دەوڵەت و یاسا دەوڵەتیەکان لەم مافانە.

بازاڕی بەڕەڵا: بە داخەوە لە میداکانی ناوەوەی کوردستان ئەم دەستە واژەیە ئەمڕۆ باو بووە کە بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ ناشارەزایی میدیاکار و پێشکەشکاران و بەشێکیشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەجیندای سیاسی کە لە پشت ئەم دەستەواژانەوەیە. پرسیارێک کە دێتە پێش ئەوەیە کە ئەگەر بازاڕی بەڕەڵا خراپە بازاڕی باش چییە؟ واتە بازاڕی نابەڕەڵا کە میدیا لاوازەکانی کوردی بۆی ئەدوێن؟ بە ڕاشکاوانە بیڵەین ئەم ئەجیندایەی شەڕی بۆ دەکرێ تەنیا سوسیالیزمە واتە بەڕەڵا کردنی دەوڵەت بۆ گیانی بازاڕ. بازاڕ واتە کۆمەڵێکی زۆر هەمەڕەنگ لە خواست و دەرخستەکانی کۆمەڵگا و ئازادی بازاڕیش خۆ تەنیا ئاماژەیە بۆ مافی تاکەکان کە هەریەک لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە لە بازاڕ ئەڕوانێت بۆیە بازاڕی ئازاد پێناسەی مافی ئەو تاکانەیە کە حەول ئەدەن بۆ دەستە بەر کردنی ئامانجەکانیان بە کەمترین تێچوونەوە هەڵس و کەوت بکەن. بازاڕی نائازاد کە ئاماژەیە بە دەست وەردانی دەوڵەت لەم پڕۆسەیە نەک تەنیا ئەم مافە لە تاکە کان زەوت ئەکات بەڵکو ئامانجەکان و لێدوانەکانی تاکە ئازادەکانی بازاڕ تێک دەدات و بە پێی خواستی دەوڵەت دایئەڕێژێتەوە و دەرئەنجامیش داڕمانی ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی تێچووی ئامانجە دەستەبەر کراوەکانە. دەوڵەت بە بەربەست دانان لە بەر دەم خواستەکان و دەرخستەکانی بازاڕ پڕۆسەی هاتوچووی داتا و زانیاریەکانی بازاڕ ئەخاتە فیلتەری یاسای دەوڵەتیەوە کە ئەمەش کۆتایی بە ئازادی و خۆژیانەوەی بازاڕ دێنێت.

گرانفرۆشی: وشەی گرانفرۆش لە دیالۆگی ڕۆژانە دا بەکار دێت و بە پێی هەڵسەنگاندنی تاکەکانی کۆمەڵگاش هەڵس و کەوتی لەگەڵ دەکرێت و پێم وانیە ئەمە کێشە بێت بەڵام کاتێک میدیاکان و بەتایبەت میدیا دەوڵەتیەکان دێنە ئەم بوارە و لێدوان دەرئەکەن تەنیا یەک دەرئەنجامی لێ ئەکەوێتەوە ئەویش بەڕەڵا کردنی دەوڵەتە بۆ دەست وەردان لە بازاڕ بە کۆنتڕۆڵ کردنی نرخی شتومەک. ئاستی نرخ بە پێی ڕەزامەندی کڕیار و فرۆشیار لە بازاڕی ئازاد دا و بە ڕەچاو گرتنی سوودی دوو لایەن دادەندرێت و دەستوەردانی دەوڵەت لەم نێوانەدە بە سوودی لایەنێک بیانویەکی سیاسیە تەنیا بۆ ئامانجی هەڵبژاردن یا بۆ شەرعییەت دان بە دەوڵەت و یان بۆ پاراستنی سوودی مافیا دەوڵەتیەکان کە لەو بوارەدا بازرگانی دەکەن. بە دڵنیایەوە هیچ فرۆشیارێک نایهەوێت زیان بکات و بە پیی خواستەکانی بازاڕ و کڕیارەکانی حەول بۆ دابین کردنی خواستەکان و دەستە بەر کردنی سوودی زیادتر ئەدات. کڕیارەکانیش حەول ئەدەن بە کەمترین نرخ خواستەکانیان دەستەبەر کەن و ئەم ململانەیە لە ئاستێک دا بە تەوافۆق دەگا کە ئەو ئاستە ئاستی نرخی ڕاستەقینەی بازاڕە. هەروەتر ئەبێت ئەوەش زیاد کەین کە پێگەی کڕیار و فرۆشیار لە بازاڕ دا پێگەیەکی گەڕۆک و نەوەستاوە واتە هەر کڕیارێک لە شوێنی خۆی فرۆشیارێکە و بە پێچەوانەش ، بۆیە بیانوی لایەنگری لە لایەنێک (مافی کڕیار) تەنیا وشەی بەتاڵە. هەڵبەت ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت تەنیا بۆ ئاماژە ئەتوانم بڵێم نرخی کاڵاکان بە پێی ئاستی سەرمایەی تێچوو یان کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنان(وەک مارکس ئاماژەی پێدەکات) ناخەمڵێندرێت بەڵکوو ئەمە پێوانەیەکی سۆبژێکتیو و زەینیە کە پێکهاتن و تەوافوقی نێوان کڕیاڕ و فرۆشیار ئەم ئاستە دیاری دەکات. وێنە تابلۆیەکی لیۆناردۆ داوینچی لەوانەیە لە باری کات یان نرخی تێچوو شتێکی وانەبێ بەڵام نرخەکەی زۆر بەرزە و لە مێشکی زۆر کەس دا ناگونجێ و بگرە زۆر کەسیش ئامادە نییە ئەم پارەیەی بۆ سەرف کات بەڵام کەسانێک هەن وەک کۆلێکسیۆنەرەکان کە ئارەزووی سەرف کردنی تەنانەت پارەیەکی زۆرتر لەو نرخە خەیاڵیەیان هەیە تەنیا بۆ ئەوەی خاوەنداری ئەو وێنەیە بن. یان جلێکی زۆر ئاسایی کە ئەتوانی بە 200 دۆلار بیکڕی تەنیا لە بەرە ئەوەی لە لایەن مادۆناوە یان ئەکتەرێکی سینەماوە پۆشراوە ئێستە بە واژوویەکی ئەو لە سەر جلەکەی خۆی پتر لە 10000 دۆلار ئەفرۆشرێت و ئەمەش بە خواست و ڕەزامەندی تەواوی کڕیارەوە دەکرێت بۆیە دەست وەردانی لایەنی سێیەم (دەوڵەت) لەم نێوانەدا تەنیا ئەبێتە هۆی ئالۆزی و داڕمانی بازاڕ.

بەرپرسیایەتی نەتەویی: وەک لە بەرژەوەندی گشتی ئاماژەم پێ دا ئەم دەستە واژەیەش بە تایبەت لە میدیا کوردیەکان وەک دەستە واژەیەکی کۆلیکتیویستی لە دەرەوەی تاک خوێندنەوە بۆ بەرپرسیاریەتی دەکات و لەوانەیە خواستەکانی تاک وەک دژبەر بۆ خواستەکانی نەتەوە لە قەڵەم دات یان بەرپرسیاریەتیەکی بەدەر لە خواستی تاک بخاتە ئەستۆی تاکەوە کە ئەمەش لە بنەماکانی ئازادی خوازی بە دوورە. من باش تێدەگەم کە کورد وەک زۆرینەیەک زۆر یەک لە مافەکانی پێشێل کراوە بەڵام دووپات کردنەوەی مێژوو و قۆرخ کردنی ئازادیەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوە هەلی ئازادی خوازی زۆر دوا ئەخات بۆیە تەنیا هیوادارم ئەم پەتای ناسیۆنالیزمە زیانەکانی کەمتر بێت.

کۆمەڵگای بێ خاوەن: ئەم دەستە واژەیە زیاتر لە میدیا فارسیەکان بە تایبەتی بۆ ڕەخنە لە ئازادیەکان بە کاردەبردرێت. لەم دەستە واژەیە دا کۆمەڵگا و وڵات وەک موڵکی دەوڵەت پێناسە دەکرێت ، بەو پێیە لادان لە سنوورە دیاری کراوەکان لە لای یاساوە یان هەڵسوکەوتی ئازادانەی تاک بە بێ ڕەچاو گرتنی یاسای دەوڵەتی ئاماژەن بۆ ئەم دەستە واژەیە . خاوەنداریەتی لە فەلسەفەی ئازادیخوازانە دا بە تایبەت لە لایەن هانس هێڕمان هۆپ[2] بە مانای ئازادییە واتە کەسێک کە مافی خاوەنداریەتی لێ زەوت کراوە بەشێک لە ئازادییەکانی زەوت کراوە ، واتە خاوەنداریەتی دەوڵەتی لە سەر ئەساسی پێناسەیەک بۆ خاوەنداریەتی دائەڕێژرێت کە ماناکەی تەنیا ئەوەیە کە خاوەنداریەتی مافی تاقمێکە و بەس. ئەگەر من مافی خاوەنداریەتیم بێت کە وایە منم کە شێوازی سەرف کردن یان بە کار بردنی مڵکی خۆم ئەکەم بەڵام خاوەنداریەتی دەوڵەت لەسەرەوی کۆمەڵگا چ مانایەکی ئەبێت ئەگەر باوەڕمان بە مافی تاک بۆ خاوەنداریەتی هەبێت؟! ئەوە چ خاوەنداریەکە کە من بۆم نەبێ بە خواستی خۆم بازرگانی بە مڵکی خۆم بکەم ؟ ئەوە چ خاوەنداریەکە کە کەسێک لە دەرەوە مڵکی من سنورەکان و شێوازی بازرگانی بە مڵکی من دیاری بکات؟ بۆیە کۆمەڵگای بێ خاوەن تەنیا شوبهاندنی کۆمەڵگایە بە خێزانی سونەتی کە باوک لە سەرەوە خواستەکان و ئامانجەکانی دیاری دەکرد.

دوژمنانی ئازادی تەنیا بە میدیاکانەوە نابەسرێنەوە ئەوان لە هەموو حەولێک بۆ لاواز کردنی ئازادی و سنوردار کردنی دەست بەردار نابن بۆیە بەرەنگار بوونەوەیان نە تەنیا پێویستی بە هۆشیارییە بەڵکو پتر لە هەموو شتێک باوەڕ بە ئاشتی و ئازادی دەوێت.

[1] Hans Morgenthau

[2] Hans Hermann Hoppe

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 219 access attempts in the last 7 days.