هەڵاوسان و داکشان Inflation and Recession

♦ سلیمان عبدی

2014-08-18

ئێستە لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتێکی خۆماڵین و هەستی نەتەوایەتی پێش خۆمان لە سەر بڕیارەکانمان کاریگەرە بۆیە پێناسە کردنی هەڵاوسان و داکشانی ئابووری وەک زەرورەتێک بۆ هەڵسەنگاندنی دەوڵەت لێرەدا باس دەکرێت و لەم تەوەرەدا خۆم لە ژێر کاریگەریەکانی مورای روتبارد دەزانم.
هەڵاوسان لای زۆرمان ئاماژەیە بە بەرز بونەوەی نرخی کاڵا و شتومەکەکان بە گشتی بۆیە زۆرمان و بگرە زۆر یەک لە ئابووری زانان پێمان وایە ئەم هەڵسان و داکشانە لە سیستەمی بازاڕدا زۆر ئاساییە و هەر ڕوو ئەدات بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە وانییە و کێشە لە دراوی کاغەزی دایە. بەرامبەری دراو وەک ئامرازی ئاڵوگۆڕی شتومەک و کاڵاکانی بازاڕ لە لایەک و کاڵای بەرهەم هاتوو لە کۆمەڵگا هاوتەریب نییە واتە بەرهەمهێنانی دراو زۆر زیاتر لە کاڵای بازاڕە هەر ئەوەش هۆکاری ناهاوسەنگی و کەم بەها بوونی دراوی کاغەزی لە درێژایی مێژووی دایە. هەڵبەت مێژووی دراو و بانکەکان هەڵەکانمان بۆ دەرئەخات لە سەرتاکانی سەدەی 16 بانکەکان نەک تەنیا ئاڵتون و زیو مشتەریەکانیان هەڵئەگرت بەڵکو ئیمکانێک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی دراوی لە نێوان شارەکان. ئەوان بە پێی میزانیە و ئاستی ئاڵتون و سلوەری ئەمانەت گرتوو و بە بەراوردی خواستی داهاتووی خاوەنەکانیان قەرزیان ئەدا بە خوازیاران و سوودی خۆیان دەبرد ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ لە چاپ دانی دراو لە لایەن ئەم بانکانە وەک بەڵێنی بانکی خاوەن پارە بۆ تەئمین کردنی بەهای پارە بە ئاڵتون بۆیە خاوەن بانکەکان گەر هەڵەیان کردبایە ئەمە بە مانای زەرەرمەند بوون و بگرە لە دەسچوونی سامان و ئیش و کاریان بوو بۆیە ئاستی بەرپرسیاریەتی زۆر بەرز بوو بەڵام ئەمە لە داهاتوو دەیتوانی ئاماژە بێ بۆ توانایی خوازیارانی قەرز و خاوەن ئاڵتونەکان بۆ هەڵبژاردن لە نێوان بانکەکان دا وەک مافێک بەڵام ئەمە لە لایەن حکومەتەوە قۆرخ کراو و بە دامەزراندنی بانکی ناوەندی تەنیا حاکم بۆی هەبوو دراوی کاغەزی لە چاپ دات. ئەم قۆرخ کاریە حکومەتیە دەستی دەوڵەتانی لە ڕێژەی لە چاپ دانی پارە ئاواڵە کرد واتە کەمی داهاتەکانی باج یان بگرە خواست بۆ تەئمینی خەرجیەکانی دەوڵەت بە لە چاپ دانی پارە چارە دەکرا و ئەمەش باڵانسی نێوان ئامرازی ئاڵوگۆڕی کاڵا واتە پارە و سەر جەم بەرهەمەکانی بازاڕی تێکدا. واتە ئەم قۆرخکاریە بووە هۆی چاپی پارە نەک لە سەر ئەساسی خواستی بازاڕ بەڵکو لە سەر حەز و خواستی دەوڵەت کە هیچ بەرپرسیاریەتێکی ئۆتۆی نەبوو بەڵکو کێشەکانی تەنیا بە لە چاپ دانی بەردەوامی پارە چارە دەکرد.
کێل کیلی لە کتێبەکەی دا ئاماژە بە میزانی لە چاپ دانی دۆلار لە لایەن فیدرال ڕیزێرو واتە بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکات کە لە 1950 تا 2010 گەیشتوەتە 9000 بیلیۆن دۆلار و بەهای دۆلاریش هەر بەو پێیە لە دابەزینێکی بەرفراوان دابووە بۆ کەمتر لە یەک دەیەمی بەهای خۆی لە 1920 دا. ئاستی بەرز بونەوەی ئیندێکسی کڕیار لەم ساڵانە دا هەر لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەیشتوەتە 200% ئەمانەش بە گشتی ئاماژەن بۆ لە دەسچوونی بەهای دۆلار بەرامبەر بە کاڵاکانی بازاڕ تەنیا بەو هۆیە کە تەنیا دەوڵەت بۆی بووە بە حەزی خۆی و بە بێ بەرپرسیاریەتی پارە چاپ کات(Kel Kelly ، The Case for Legalizing Capitalism . Mises Institute ، 2010 ، PP 117-126)  واتە هۆکاری سەرەکی هەڵاوسانی بازاڕ دەوڵەتە و وەک مورای ڕوتبارد ئاماژەی پێداوە کۆتایی هێنان بە خەرجیەکانی دەوڵەت وەک هۆکاری خواست بۆ لە چاپ دانی پارە و نەمانی باج و بەربەست دانان لە بەر دەم بانکی ناوەندی ئەتوانێت ڕێگا چارە بێت.
داکشانی ئابوری ئاماژەیە بە زۆری بەرهەمەکان و کەمی خواست لەسەریان هەر بەم بۆنەوە ڕێژەی بێکاری بەرز دەبێتەوە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پچڕانی پێوەندی نێوان خواست(Demand) و دەرخست (Supply) لە بازاڕدا. هەڵبەت قوتابیەکانی کینز سەرچاوەی ئەم کێشەیە لە خوازیاران دا ئەبینن بۆیە دەست وەردانی لایەنی سێیەم وەک لایەنی سەرەکی بە چارەسەر لە قەڵەم ئەدەن. بە بڕوای ئەوان دەوڵەت دەتوانێ ئامانجەکان دیاری بکا یان لانی کەم بە دانی هەندێک وروژێنەری ئابوری بە شێوەی گشتی خواستەکان ئۆرگانیزە کات و بازاڕ لە قەیران ڕزگار کات هەڵبەت شیکاگۆیەکان وەرچەرخانێکیان لەم تێڕوانینە کرد وەک ئەوەی بە بەراوردی ئەوان ئەم کێشەیە لە دەوڵەت سەرچاوە دەگرێ و هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەت لە بواری پارە دەگەڕێننەوە، دەوڵەت بە سیاسەتی وێکهێنانی ئابوری (لەوانەیە بۆ کونتڕۆڵی هەڵاوسان) پارەی کەم دەخاتە بازاڕەوە و ئەمەش دەرئەنجامەکەی داکشانە. لەم ڕوانگەوە دەوڵەت بەردەوام لە سەر هێڵی چارەسەری هەڵاوسان و داکشان دایە و بازاڕ بەردەوام پێویستی بە ڕاست کردنەوەیە!؟
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت وەک قوتابیەکانی میزیس و بە تایبەتی ڕوتبارد ئاماژەی پێ ئەدەن کێشەکە بە تەواوی بە هۆی دەوڵەتەوەیە. دەوڵەت بەردەوام بە دەستوەردان لە بازاڕ بە بیانوە جۆراوجۆرەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەبێتە بەربەست لەسەر ئیش و کاری ئازادی بازاڕ. سیستەمی یاسایی دەوڵەت بە چەسپاندنی یاساکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری ، دیاری کردنی کەمترین ئاستی حەقدەست ، نرخی چەسپاو و .. لە لایەک و سیستەمی ماڵی و ڕێکخراوە داراییەکانی دەوڵەت بە دیاری کردنی سیاسەتی بانکەکان لە ژێر بەرنامەکانی بانکی ناوەندی وەک ڕێژەی قەرزەکان و ئاستی قازانجی بانکە کان و لە چاپ دانی پارە و وەرگرتنی باج و میزانی خەرج و داهاتی حکومەت و دامەزراندنەکان بە گشتی هێڵەکانی ئابوری کەڵان دیاری ئەکەن. ئەم تێڕوانینە لە سەر ئەساسی چاکسازی سەرەوخوار دامەزراوە واتە ئابوری کەڵان ڕەوشت و بنەمای وردیلە ئابوری دیاری ئەکات بەڵام بە تواوی دەوڵەت بەم یاسا و دامەزراوانەیەوە ئەبێتە هۆی قۆرخکاری و هەروەتر لێک شێواوی داتاکانی بازاڕ.
دەوڵەت وەک لایەنی سێهەم و لە بەرژەوەندی لایەنێک پێوەندی خواست و دەرخست لە بازاڕدا ئەپچڕێنێت و ئەمەش بە بیانوی بەرژەوەندی گشتی یان ئامانجە ستراتژیکە نەتەویەکان دەکرێت. وەک میزیس لە بابەتی پڕاکسیۆلۆژی ئاماژەی پێ داوە تەنیا تاکە کە ئەتوانێ خاوەنی کردە بێت بۆیە دەستوەردانی دەوڵەت لە پێوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار دژ بە بنەماکانی پڕاکسیۆلۆژیە. دەوڵەت بەم سیاسەتانە و بەم دامەزراوانەی هۆکاری سەرەکی هەڵاوسان و داکشان و بگرە هاوکات بونی داکشان و هەڵاوسانی (داکشانی هەڵاوساو Stagflation) بازاڕە و کورت کردنەوەی دەستی دەوڵەت لە بازاڕ واتە بەرەوڕوو بونەوەی مافیا سیاسیەکان کە مانەوەیان بە داهێنانی کێشە و چارەکردنیەتی.
دەوڵەت بە دانانی یاسای دیاری کردنی کەمترین ئاستی حەقدەست خواستی کرێکار و خاوەنکار بۆ تەوافوق و پێکهاتن ڕەچاو ناکات و وەک لایەنی سەرەکی و دیاریکەری ئاستی تەوافوق، لێکدانەوەی دوو لایەن نادیدە دەگرێت. خاوەنکار بۆ ئەنجامی خواستەکەی لەوانەیە پتر لەوەی مەبەستیەتی پارە سەرف کات و کرێکار لەوانەیە بۆ کار کردن بە کەمتر لە ئاستی دیاری کراو ئامادەی ئیش کردن بێت و بە هۆی بەرزی نرخی دیاری کراو کارەکەی لە دەست ئەچێت بۆیە بە دیاری کردنی ئەم ئاستە وەک یاسایێک لە پێناو عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەم دوو خواستەی لایەنی کرێکار و خاوەن کار ڕەچاو ناگیرێت و ئەمەش بەدوور لە عەقڵیەتی ئازادی تاک لە کۆمەڵگادایە و هەر ئەمەش هۆکاری بەرز بوونی ئاستی بێکاریە. هەروەها بەخشینی قەرزی بێ جێ و بێ بنەما یەکێکی تر لە هەڵە کوشەندەکانی دەوڵەتە کە جۆرێکە لە دەستوەردانی ماڵی لە بازاڕ کە دەوڵەت لە ڕێگەی بانکی ناوەندیەوە و جەخت خستنە سەر بانکە بچووکەکان ئەم سیاسەتە وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتی خۆی بەکار دێنی و دەرئەنجامەکەشی بەرهەمهێنانی پتر لە توانای بەرهەمهێنەرە قەرزارەکان و خواستی کەم لەسەر بەرهەمەکانە و ئەمەش واتای داکشان و شکست هێنانی قەرزارەکانە و نمونەش بۆ ئەمە سیاسەتەکانی ساڵەکانی کۆتایی دەوڵەتی کلینتۆنە کە بە گوشار خستنە سەر بانکەکان بۆ قەرزی خانوبەرە ، بڕێکی زۆر پارەیان خستە بازاڕەوە و کەسانێکی زۆر لە ڕێگەی ئاسانکاری بانکی ناوەندیەوە توانیان ببنە خاوەن پارەیەک کە توانایی دانەوەیان نەبوو و ئەمەش لە دواییەکان دا بووە هۆی ئەو داڕمانە ئابوریەی کە نەک تەنیا ئەمریکا بەڵکوو دونیای گرتەوە.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 819 access attempts in the last 7 days.