حکومەتی هەرێم و هەڵەی کوشەندەی ئابووری

♦ سلیمان عبدی

2016-01-29

بەداخەوە ئێستە کە ئەم بابەتە دەنووسم دڵنیام کە حکومەت بڕیاری خۆی بۆ هەنگاو نان بەرەو خۆکشتنی ئابووری داوە. بەشێک لەم کێشەیە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەم بابەتە کە حکومەت لە جیاتی پشت ئەستوور بوون بە شارەزایانی ئابووری ، پشتی بەستوە بە لێژنەی تایبەتی پەڕلەمان و وەزارییەکان و دەرئەنجامی دەرکەوتەکانی ئەم لێژنانەش یان سیاسین یان بە دوورن لە لە زانستی نوێی ئابووری. بەشێک لە بڕیاری چاکسازی حکومەت ئاماژە دەکا بە پێداچوونەوە بە داهاتە گومرکییەکان و ئەمەش ڕێک بە پێچەوانەی پڕەنسیپە ئابووریەکانە. لە سیستەمی ئابووری ئازاد دا پڕۆژە ئابووریەکان بەرەو کەم کردنەوەی داهاتی گومرکی هەنگاو ئەنێت بەڵام بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت کە بەشی سەرەکی داهاتی حکومەت پێک دێنێت ئێستە پڕۆژەی زیاد کردنی داهاتی گومرکی لە ئارادایە کە زۆر بە داخەوە ئەبێتە هۆی لەناو بردنی ڕەکابەریەتی نرخەکان لە بازاڕ و لەناوچوونی مافی هاووڵاتی بۆ کڕینی باشترین و هەرزانترین بەرهەم. زیاد کردنی باج لەسەر بەرهەمە دەرەکیەکان واتای ئەوەیە کە ئەو بەرهەمەی کە بە هەرزانتر ئەکرێ وەدەست هاووڵاتی کەوێت تەنیا بۆ پشتیوانی لە بەرژەوەندی چەند کەسێک لەسەری گران کرێت. هەڵبەت ئەمە تەنیا بەوەوە ناوەستێت و ئەبێتە هۆی دەست وەردانی زۆرتری حکومەت لە ئیش و کاری بازاڕ. پێشتر پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئانترۆپرۆنەر یان وەبەرهێنەر کێیە؟ ئەو کەسەی کە داهات و سەرمایەی خۆی بخاتە گەڕ و بۆ وەبەرهێنان، مەترسی لەناوچوونی سەرمایەکەی قەبووڵ کات واتە وەبەرهێنەر.. ئیتر ئەوەی کە کەسێک بیهەوەی بە وەرگرتنی پارە لە حکومەت و بە بێ منەت و لەسەر پارەی لایەنی تر کاری وەبەر هێنان بکات لەگەڵ ئەم پێوەرە ناگونجێت. ئایا وەبەرهێنەر بۆی نییە بەشێک لە سەرمایەی پێویست بۆ پڕۆژەکەی قەرز کات؟ بەڵی بە دڵنیایی بەڵام ئەوە بەو مانایە کە سوودی ئەو پارەی وەری دەگرێت ئەبێ بیداتە پارەدەر واتە بانکەکان کە پارەی خۆیان ئەخەنە مەترسی لە ناوچوونەوە بۆیە ئەوانیش ڕێ و شوێنی پێویست ئەگرنە بەر و ئەمەش زۆر پێویستە بۆ دڵنیایی هەردوولا، واتە بانکەکان ڕێک وەک وەبەرهێنەر ئەرکی سەرەکی ئەم وەگەڕ خستنەیان لە ئەستۆیە بەڵام ئەوانیش پێویستە لە پارەوەرگر و گەڕانەوەی پارەکەیان لە کاتی دیاری کراو دڵنیا بنەوە. ئێران بۆ پاڵپشتی لە پیشەسازی سەیارەی ناوخۆ ساڵەهای ساڵە سیاسەتی گومرکی پەیڕەو دەکات و دەرئەنجامەکە بووەتە لەناوچوونی مافی کڕیار بۆ خاوەنداری سەیارەی گونجاو و لەناوچونی پارەی کڕیار بۆ تەرخان کردنی بۆ سەیارەی کوالێتی نزم تەنیا بەو بیانوەی کە بەرهەمی خۆماڵی بکڕێت و ئەوەش تەنانەت نەبوەتە هۆی باش بوونی کوالێتی بەرهەمەکان. واتە کاتێک بەرهەمهێنەر دڵنیایە سیاسەتی گومرکی پاڵپشتیەتی زۆر گرنگی بەوە نادات کوالێتی یان نرخی بەرهەمەکە لە بەرژەوەندی کڕیار بگۆڕێت و ئەمەش ئەبێتە هۆی هەڵاوسان و داکشان بە یەکەوە. بەڵام لە نێتوۆڕکی جیهانی دا ئابوری پێشکەوتو وەبەرهێنانەکەی نەک لەسەر پڕەنسیپی ناسیۆنالیستی بەڵکو کوالێتی بەرز و هەرزانە. بەدڵنیایەوە دەبی خەرجیەکان کەم کرێتەوە و کەرتی تایبەت وەگەڕ خرێت بەڵام مەرج نیە کەرتی تایبەت بەس خۆماڵی بێت بە لەناو بردنی باج ئەکرێت بەهەشتێک بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بخۆلقێندرێت و حکومەتیش لەم بوارەدا تەنیا ئەوەی لەسەرە باج بەرەو نوقتەی سفر بەرێت. هیوادارم سیاسەتی گومرکی پێداچوونەوەی بەرەو کەم کردنەوە بێت نەک زیاد کردن و ڕکەبەرایەتی بازاڕ وەک مافی کڕیار و هاووڵاتی بپارێزرێت هەرچەند زۆر ڕەشبینم و پێم وایە بڕیارەکە دراوە.

 

بیروڕا

Bad Behavior has blocked 808 access attempts in the last 7 days.